پیتی  ش
شیزۆفرینیا
شیزۆفرینیا

د. کەریم شەریف قەرەچەتانی
شیزۆفرینیا لە ترسناکترین نەخۆشییە ژیرییەکانە (الامراچ العقلیە), لەبەرئەوەی لەلایەک تاوەکو ئێستا ھۆکارەکانی نەزانراوە, لەلایەکی تریشەوە بە زۆری تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە لەوپەڕی لاوی و قۆناغی بەرھەم ھێنان و چالاکیدان. شیزۆفرینیا زاراوەیەکی پزیشکی دەروونییە و لە ھەردوو ووشەی (شیزۆ) بەمانای دابەش بوون وە (فرینیا) بەمانای ژیری (عقل) پێکھاتووە, واتە مانای دابەش بوونی ژیری مرۆڤە.
بەڵام دابەش بوونی ژیری مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو مرۆڤەی تووشی شیزۆفرینیا بوو, ئیتر دەبێت بە چەند کەسێک و لەکەسایەتیەک زیاتری دەبێت, وەک زۆرجار گوێ بیستی جووتە کەسایەتی یان فرە کەسایەتی (معتدد الشخێیە) دەبین, بەڵکو مەبەست لەوەیە کە پڕۆسیسەکانی ژیری ئەو نەخۆشانە ناتوانن بەکار و فەرمانی ئاسایی خۆیان ھەڵبستن و تووشی لێکترازان و تێکچوون دەبن. ھەر لەبەرئەوەشە کە شیزۆفرینیا بە شێرپەنجەی ژیری دادەنرێت.
شیزۆفرینیا وەک زاراوە یەکەم جار لە لایەن زانایەکەوە کە ناوی (بلویلر) بوو بەکارھێنرا. (بلویلر) لەو باوەڕەدا بوو کە نەخۆشی شیزۆفرینیا لە چەند حاڵەتێکدا خۆی دەبینێتەوە و وەک نەخۆشییە ژیری و دەروونیەکانی تر یەک خاڵەتی نییە و چوار نیشانەی سەرەکی بۆ ناسینەوە و دیاریکردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا دەستنیشان کرد, کە بریتین لە :-
١- تێک چوون و لێکترازانی پرۆسیسی بیرکردنەوە و پچڕاندنی پەیوەندی نێوان بەشەکانی.
٢- خۆیەتی, واتە گۆشەگیری و خۆ خواردنەوە و سووڕانەوە بە چوار دەوری خوددا و دوورە پەرێزی و دوورکەوتنەوە لە کەسانی چواردەوور و کۆڕ و کۆبوونەوە و نقووم بوون لە جیھانی خەو و خەیاڵ و زێدە خەو و ھەڵاوس و ئەوھام.
٣- تێکچوونی باری سۆز و ھەڵچوونی و گۆڕینی مەزاج و تووش بوون بە حاڵەتی (ھەردەمەی لەسەر ھەوایەک).
٤- جووت ھەستی (پنائیە الشعور), واتە نەخۆش دوو ھەست و بۆچوونی جیاواز و دژیەکی بەرانبەر یەک بابەت یان یەک کەسی دیاری کراو لەلا دروست دەبێت.
شیزۆفرینیا یەکێکە لە نەخۆشییە عەقڵیەکان و ھەندێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا تووشی دەبن, کە جاری واھەیە (کە زۆر کەمە) بە یەکجار و کتوپڕ نیشانەکانی دەردەکەوێت و دوای ماوەیەک ئیتر بۆ ھەتا ھەتایە دەرناکەونەوە, بەڵام لەلای زۆربەی کەس کە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئەوا بە زۆری دووبارە دەبێتەوە و تا چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بەردەوام وەک نەخۆشی شەکرە و پاڵەپەستۆی خوێن دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.
ئەگەری ئەوە ھەیە کە ھەموو کەس تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت, واتە تایبەت نییە بە تەمەن و چین و توێژ و نەتەوەیەک, بەڵام بەزۆری لە قۆناغی ھەرزەکاری بەدواوە مرۆڤ تووشیان دەبێت و نیشانەکانی دەردەکەوێت, بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە منداڵ تووشی نابێت, بەڵکو منداڵیش تووشی شیزۆفرینیا دەبێت بەڵام زۆر بەکەمی ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن, کە ئەگەری ئەوە ھەیە لە سەدا یەکی (١%) ھەموو کۆمەڵگایەک تووشی ئەم نەخۆشییە ببن.
دەبێت ھەموومان ئەو ڕاستییە بزانین کە شیزۆفرینیا مانای فرە کەسێتی یان جووت کەسێتی ناگرێتەوە, بەڵکو ئەوە ھەڵەیە و لە ئەنجامی ڕاگەیاندن و درامای ھەڵە و نازانستییەوە وا بڵاوکراوەتەوە کە ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن, ئەوا دەبن بە دوو کەسێتی و ھەرجارەی بە جۆرێک ڕەفتار دەکەن, بەڵکو ھەریەک کەسێتی دەبێت, بەڵام پەیوەندی نێوان بەشەکانی کەسێتی (عەقڵی و ھەڵچوونی و کۆمەڵایەتی و جەستەیی) تێکدەچێت.

-

نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا:-
١- تێکچوونی پڕۆسەی بیرکردنەوە:-
کەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا توانای بیرکردنەوەی مەنتیقی زۆر لاواز دەبێت و بیر و باوەڕی سەیر و سەمەرە و ھەڵە و نادروستی لەلا دروست دەبێت, بۆ نموونە دەڵێت (کەسانێک لە بۆشایی و ئاسمان کۆنترۆڵی ھەڵس و کەوت و بیرکردنەوەی من دەکەن و من ھیچ دەسەڵاتێکم نییە, کەسانی تر بیر و بۆچوونەکانی من دەدزن و دەزانن من چۆن بیردەکەمەوە, ھەندێک کەس دەیانەوێت وەک ئەوان بیربکەمەوە و بیر و بۆچوونی خۆیانیان لە مێشکمدا چاندووە, خێزان و کەس و کارم موئامەرەم لێدەکەن و دەیانەوێت دەرمان خواردووم بکەن …ھتد). بەشێوەیەکی گشتی ئەم تێکچوونەی پڕۆسەی بیرکردنەوە بە زۆر شێواز دەردەکەوێت کە گرنگترینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:-
ڕ- نەبوون یان کەمی پەیوەندی لە نێوان بیروبۆچوونەکان:-
لە گرنگترین نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا ئەوەیە کە کەسی نەخۆش ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر سەقاڵی یەک جۆر بیرکردنەوە بێت بەڵکو ھەر دوای ماوەیەکی کەم بۆ بابەتێکی تر بازدەدات, سەرەڕای ئەوەش پەیوەندی زمانەوانی لە نێوان ڕستە و قسەکانیدا نییە و کەسی بەرانبەر ناتوانێت لە قسەکانی تێبگات یان بزانێت باسی چی دەکات, چونکە ڕستەی یەکەم تەواو ناکات دەڕوات بۆ ڕستەیەکی تر. ھەندێک جار بە ڕستەشەوە ناوەستێت و دادەبەزێتە خوارەوە بۆ ئاستی ووشەکان و پەیوەندی لەنێوان ووشەیەک و ووشەیەکی تری ھەمان ڕستەدا نامێنێت, کە بەمەش زۆربەی قسەکانی بریتی دەبێت لە ڕیزکردنی چەندەھا ووشە کە ھیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نییە و ھیچ مانایەک نادەن بە دەستەوە.
ب- ناتوانێت بە ئاسانی و لە کاتی خۆیدا بەرانبەر تێبگەیەنێت و مەبەستی خۆی دیاری بکات, بەڵکو بە پێچەوانەوە ھەر بە چواردەوری ناوەڕۆک و مانای ڕاسەقینەی باسەکەدا دێت و دەچێت و سەرقاڵی وردەکاری و ئەملا و ئەولا دەبێت و ناتوانێت بگاتە مەبەستی سەرەکی و کرۆکی بابەتەکەی.
ج- ناتوانێت لە بابەت و دیاردەکان تێبگات و سەرچاوەی کێشە و گرفتەکان دیاری بکات:-
واتە تەنھا لە ڕواڵەت و دیوی دەرەوەی شتەکان تێدەگات و ناتوانێت لە مانای ڕاستەقینەی دیاردەکان تێبگات, بۆ نموونە کاتێک باسی پەندێکی کوردی وەک (ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە) ی بۆ دەکەیت و پێی دەڵێیت مەبەستی ئەم پەندە چییە؟ ئەوا دەڵێت مەبەستی ئەوەیە (ئەگەر ناتوانیت گوڵ بیت دڕکیش مەبە) واتە تەنھا وەرگێڕانی ئۆتۆماتیکی بۆ پەندەکە دەکات و لە مانای ڕاستەقینە و ناوەڕۆکی ئەو پەندە تێناگات.
د- وەستانی بیرکردنەوە:-
ھەندێکجار نەخۆش بیردەکاتەوە و قسەدەکات, بەڵام دوای ماوەیەکی کەم یەکسەر لە بیرکردنەوە و قسەکردن دەوەستێت و وەک ئەوەی مێشکی جام بێت و ھیچ بیر و بۆچوونێکی تێدا نەمێنێت و ھەموویان سڕدرابنەوە, دوای ماوەیەک لە وەستان دووبارە دەست دەکاتەوە بە بیرکردنەوە و قسەکردن, بەڵام بابەتێکی تر کە ھیچ پەیوەندی بە بابەتەکەی پێشوویەوە نییە.
ە- فشار و تێکچوونی بیر و بۆچوونەکان:-
ھەندێک لە نەخۆشەکان گلەیی و گازاندەی ئەوە دەکەن کە مێشکیان پڕبووە لە بیر و بۆچوون و وەک داوی جاڵجاڵۆکە بەناو یەکتریدا چوون و خەریکە مێشکی دەتەقێ, سەرەڕای ئەوەش تووشی کۆمەڵێک شڵەژانی بیر و بۆچوونی دەبێت لە ئەوانە (نەخۆش گلەیی ئەوە دەکات کە کەسانێک ھەن دەیانەوێ بیر و بۆچوونەکانی بدزن و ئەوی لێبێبەش بکەن, یان ھەندێک لە بیر و بۆچوونەکانی ھی ئەو نین و ھێزێکی دەرەکی بە زۆر کردوویەتیە ناو مێشکییەوە, یان بیر و بۆچوونەکانی دزراون و لە ڕێگای ڕادوێ و تەلەفیزۆنەکانەوە بڵاوکراونەتەوە, بۆیە ھەموو خەڵکی ئەزانن ئەو بە نیازی چییە و چۆن بیردەکاتەوە).
و- بیر و باوەڕی وەھمی و نادروست و ناواقیعی:-
بریتییە لە ئەو بیر و باوەڕە ھەڵە و نامەنتیقیانەی کە نەخۆش بڕوای تەواوی پێیانە و بە ھیچ شێوەیەک وازیان لێناھێنێ و ھیچ ھێزێک لە دونیادا نییە لە مێشکی بیان ھێنێتە دەرەوە. بۆ نموونە نەخۆش ئەو بڕوایەی لەلا دروست بووە کە بەردەوام کەسانێک ھەن بە دوای ئەوەوەن و چاودێری دەکەن و بەردەوام کەمینی بۆ دادەنێن, یان ئەو لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزێکی دەرەکیدایە و تەنھا ئەو ھێزە ئەندامەکانی لەشی ئەو دەجوڵێنێ و ئەم ھیچ دەسەڵاتێکی نییە, یان ئەو مەسیح و ئیمامی مەھدیە و بۆ ئەوە ھاتووە کە مرۆڤایەتی ڕزگار بکات و تەنھا ئەو دەتوانێت ھێزی شەڕ لەناو ببات, یان گومان لە ھاوسەرەکەی داکات و گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ناپاکی لەگەڵ دەکات, بۆیە بەردەوام چاودێری دەکات و لە نزیکەوە ئاگاداری دەبێت, یان بڕوای وایە کە کەس و کاری ڕقیان لێیەتی و دەیانەوێت ژەھر بکەنە ناو خواردنەکەیەوە و دەرمان خواردی بکەن.
٢- شڵەژانی لایەنی سۆز و عاتیفە و شعور:-
لەلایەنی سۆز و عاتیفەشەوە وەک کەسی ئاسایی مامەڵە ناکات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیشی لاواز دەبێت و ناتوانێت بەشداری خۆشی و ناخۆشییەکانی کەسانی نزیکی بکات, بۆ نموونە زۆر بە سادە و سارد و سڕی باسی مردنی دایکی یان باوکی یان منداڵێکی ئازیزی دەکات وەک ئەوەی نەیناسێت و بێگانە بێت. سەرەڕای ئەوەش ھەڵس و کەوت و ڕەفتاری لەگەڵ ڕووداوەکان و گۆڕانکاریەکانی چواردەوری ناگونجێت, بۆ نموونە کاتێک ھەواڵێکی ناخۆش و دەڵتەزێن دەبیستێت ئەوا پێدەکەنێت, لە کاتێکدا لە ئەنجامی بیستنی ھەواڵی خۆش دەست دەکات بە گریان.
٣- تێکچوونی پڕۆسەی درکپێکردن:-
کەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا گوێبیستی ھەندێک دەنگ دەبێت کە کەسانی تر نایبیستن, یان ھەندێک شت دەبینێ کە ئەوانەی تەنیشتی نایبینن و لە واقیعدا ھیچ بوونێکیان نییە, بەڵکو تەنھا لە مێشک و دڵ و دەروونی ئەودا ھەیە, واتە تووشی ھەڵوەسە دەبێت و بە ئاشکراو بە دەنگی بەرز قسە دەکات و ھەڵس و کەوتی جۆرا و جۆر دەکات وەک ئەوەی لەگەڵ یەکێک قسە بکات یان گوێبیستی دەنگێکی ڕاستەقینە ببێت و ھەڕەشەی لێبکەن یان تاوانباری بکەن یان فەرمانی شتێکی پێبکەن.
ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھاوسەنگی پێکھاتەی کیمیایی ھەندێک بەشی مێشک تێکدەچێت و کار و چالاکییەکانی وەک پێویست کارناکات و بە ھەڵە ھەندێک شت لێکدەداتەوە, سەرەڕای ئەوەش بەبێ ئەوەی وروژێنەری واقیعی و ڕاستەقینە ھەبێت ئەوا ئەو تێکچوونی ھاوسەنگییە دەبێتە ھۆی وروژاندنی ئەو خانانەی کە بەرپرسی بیستن و بینینن و ئەو ھەڵوەسەی بیستن و بینینە دروست دەکەن.
٤- ڕەفتار و ھەڵس و کەوت:-
کەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا ھەندێک ڕەفتاری سەیر و نامۆ و سەرنج ڕاکێش دەکات, بۆ نموونە بە شێوەیەکی سەیر دادەنیشێ یان چەندەھا جووڵەی سەیر بە دەم و چاوی دەکات یان بە دەست و قاچی جووڵەی نائاسایی دەکات کە ھیچ مانایەکیان نییە, یان بۆ ماوەیەکی زۆر وەک بەرد و تەختە گیانی ڕەق دەبێت و ھیچ جووڵەیەک ناکات و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەیەک شوێن ڕادەوەستێت.
نیشانە نێگەتیڤەکان:-
لەلای کەس تووشبوو بە شیزۆفرینیا ھەندێک نیشانەی نێگەتیڤ دەردەکەوێت, بۆ نموونە گۆشەگیر دەبێت و حەز بە تێکەڵاوی کەسانی تر ناکات یان کەمتەرخەمی دەکات و گرنگی بە جل و بەرگ و پاک و خاوێنی خۆی نادات و حەز و ئارەزوو و گوڕ و تینی جارانی بۆ کارکردن و خوێندن نامێنێت و تووشی تەمبەڵی و سارد و سڕی دەبێت.
چۆنێتی دەست نیشانکردنی کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا:-
پزیشک و دەروونزانەکان کۆمەڵێک نیشانە و مەرجیان بۆ دەست نیشانکردنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا داناوە و کاتێک نیوەی یان زۆربەی ئەو نیشانانە لەلای ھەر کەسێک ھەبێت ئەوا ئەگەری ئەوەی لێدەکرێت کە تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بوو بێت, لە گرنگترینیان ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- بیر و باوەڕی ھەڵە و نامەنتیقی.
٢- ھەلاوس و بیستنی دەنگ و بینینی شتی ناواقیعی.
٣- شڵەژان و تێکچوونی قسەکردنی.
٤- ڕەفتاری نا ئاسایی و گیان ڕەق بوون یان بوون بە تەختە بۆ ماوەیەکی زۆر.
٥- ھاوبەشی نەکردنی خۆشی و ناخۆشیەکانی کەسانی نزیک و لاوازبوونی ئیرادە و کەم قسەکردن.
٦- تێکچوون و لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی و کەمبوونەوەی گوڕ و تینی کارکردن و خوێندنی.
٧- نابێت ئەو نەخۆشانەی تووشی لووی (ورم) مێشک بوون یان پەرکەم و فێیان ھەیە یان بیرکۆڵن یان کەم و کورتی لە کۆئەندامی دەماری ناوەندیان ھەیە یان ئەوانەی لە ئەنجامی ئالوودەبوون و خووگرتن بە ماددەی ھۆشبەر تووشی شڵەژانی عەقڵی بوون, لەگەڵ کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا تێکەڵ بکرێن.
تێبینی:- دەبێت بە لایەنی کەمەوە نیشانە سەرەکییەکان بۆ ماوەی یەک مانگ و ئەوانی تر بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بێت. سەرەڕای ئەوەش ھەموو پشکنینە سەرەکیەکان بۆ ئەو کەسانە بکرێت تاوەکو یەکلا دەبێتەوە کە تووشی شیزۆفرینیا بوون, چونکە نەخۆشییەکی درێژخایەنە و زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەر و چاودێری بەردەوام ھەیە.
ئایا دەتوانرێت لە سەرەتای ژیان و لە تەمەنێکی بچووکدا کەسی تووشبوو دەست نیشان بکرێت؟
ئەگەر دایک و باوک ھەر لە منداڵییەوە سەرنجی ڕەفتار و ھەڵس و کەوتی منداڵەکانیان بدەن, ئەوا دەتوانن لە کاتی خۆیدا کەم و کورتییەکانیان دەست نیشان بکەن و زوو فریایان بکەون, بەڵام پشتگوێخستنی نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکان دەبێتە ھۆی دواخستنی دەست نیشانکردن و چارەسەرکردنی منداڵەکانیان ئینجا بۆ ئەوەی دایک و باوک لە ئەم کارەیاندا سەرکەوتوو بن, دەبێت بزانن نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا کامانەن, لە گرنگترین نیشانەکانیش ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- دوورکەوتنەوە لە کەسانی تر و حەزکردن بە تەنھایی و گومانکردن لە خەڵکی.
٢- پشتگوێخستنی پاک و خاوێنی و گرنگی نەدان بە جل و بەرگ و ڕواڵەتی خۆیان.
٣- بوونی وەسواسی و ڕاڕایی و عەمەلی.
٤- پێکەنینی بەبێ ھۆ و لە ناکاو.
٥- نەبوونی وریایی و بەئاگایی و لاوازی مامەڵەی دروست لەگەڵا کەسانی تر.
٦- تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نزمبوونەوەی ئاستی خوێندن و فێربوونی.
٧- ھەندێکجار باسی ھەندێک شتی نامەعقوڵی وەک (جنۆکەم بینیوە, قسەم لەگەڵا دێو و درنج کردووە).
٨- باش قسەنەکردن و بەزەحمەت تێگەیشتن لە قسەکانیان.
٩- نقوومبوون لە ئاین و زیادەڕۆیکردن تیایدا بە جۆرێکی نائاسایی.
١٠- زوو زوو ماندووبوون و حەزکردن بە خەوتن.
کاتێک دایک و باوک ھەستیان بە ئەوە کرد کە ژمارەیەکی زۆر لە ئەو نیشانانەی سەرەوە لەلای یەکێک لە منداڵەکانیان دەرکەوتووە, ئەوا دەبێت پەیوەندی بە کەسی پسپۆڕەوە بکەن و پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت, بۆ ئەوەی دڵنیابن لە ئەوەی کە منداڵەکەیان تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا نەبووە, وە ئەگەر خوانەخواستە ئەگەری تووشبوونیش ھەبوو, ئەوا دەتوانن لە کاتی خۆیدا چارەسەری بکەن و نەھێڵن لێی پیس بکات.

-

ھەندێک خورافیات و بۆچوونی ھەڵە دەربارەی نەخۆشی شیزۆفرینیا:-
١- ھەندێک کەس لە ئەو بڕوایەدان کە ئەوەی تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا ببێت ئەوا بە ھیچ شێوەیەک چاک نابێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونە ھەڵەیە و ھەندێک حاڵەتی شیزۆفرینیا چاک دەبێتەوە, بەڵام ئەوانەش کە چاک نابنەوە, مانای ئەوە نییە کە بێ ھیوا بن و دەست لە ئەژنۆ دابنیشن, بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەگەر بە پێی خشتەی دیاریکراو و لە کاتی خۆیدا چارەسەرەکانیان وەربگرن ئەوا وەک کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە و فشار و پاڵەپەستۆی خوێن و سستی و لاوازی گورچیلەکان ژیانی ئاسایی خۆیان دەژین.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کەس بە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و ئەوانی تر ناڵێت بێ ھیوا بن و چارەسەر نییە, کەچی بە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییەکی درێژخایەنی وەک شیزۆفرینیا دەڵێن ھیچ چارەسەری نییە و ئەو جۆرە نەخۆشانە بێ ھیوا و خەفەتبار دەکەن. لەبەرئەوە زۆر گرنگە کە دایک و باوک و کەس و کاری نەخۆشی شیزۆفرینیا گوێ لە ئەو قسە و قسەڵۆکانە نەگرن لەسەر ھاوکاری و یارمەتیدانی نەخۆشەکانیان بەردەوام بن و ڕۆژێک دێت بەروبوومی ئەو ماندووبوونەیان بدوورنەوە.
٢- کەسی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دوو کەسێتی جیاوازی ھەیە:-
ئەمەش بۆچوونێکی تری ھەڵەی ھەندێک کەسە و لە ئەنجامی بینینی ھەندێک فیلم و زنجیرەی تەلەفزیۆنییەوە ئەو بیر و باوەڕە ھەڵەیان لا دروست بووە, ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کەسی نەخۆش تەنھا یەک کەسێتی ھەیە و بە ھیچ شێوەیەک دوو کەسێتی جیاوازی نییە و کەسێتی بەش بەش و دوولەت نابێت, بەڵکو بیر و بۆچوون و سۆز و عاتیفە و ڕەفتاری تووشی شڵەژان و پەرتەوازەیی دەبێت نەک کەسێتی.
٣- کەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا بە ھیچ شێوەیەک ناتوانێت ئیش و کار بکات:-
ئیش و کار پەیوەندی بە ئاستی تووشبوون بە ئەو نەخۆشییە و جێگیری حاڵەتەکەوە ھەیە, واتە کاتێک نەخۆشەکە لە ئاست و پلەیەکی گونجاودا دەبێت و حاڵەتی نەخۆش جێگیرە و لەسەر وەرگرتنی چارەسەرەکانی بەردەوامە, ئەوا دەتوانێت لەسەر ئیش و کاری خۆی بەردەوام بێت, نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە ئیشەکردنی نەخۆش و چوونە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە و خەڵک زۆر گرنگە و ھۆکاری یارمەتیدەرە بۆ زوو چاک بوونەوەی نەخۆش.
٤- کەسی تووش بوو بە شیزۆفرینیا مەترسی لەسەر خودی خۆی و کەسانی تریش ھەیە:-
ئەگەر نەخۆش لە کاتی خۆیدا دەست نیشانی حاڵەتەکەی بکرێت و بە پێی ڕێنمایەکانی پزیشک داو و دەرمان و حەپ و چارەسەرەکانی وەربگرێت و کەسانی چواردەوری مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بکەن, ئەوا ئەو کاتە کەسی نەخۆش مەترسی لەسەر کەسانی چواردەوور و خودی خۆی زۆرکەم دەبێت و دەکرێت بە مامەڵەی دروست وای لێبکرێت کە ھیچ ڕەفتارێکی ھەڵە و نابەجێ نەکات.
٥-پەروەردەی ھەڵە بەرپرسە لە تووشبوون بە شیزۆفرینیا:-
لە ڕاستیدا ھیچ کات پەروەردەی ھەڵە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نابێتە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, بەڵام دەتوانین بڵێین کە لێکترازانی خێزان و شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشی و فشاری زۆر لەسەر تاک ھۆکاری یارمەتیدەرە بۆ تووشبوونی ئەو کەسانەی کە ھەر بە بۆماوە ئامادەباشیان ھەیە بۆ ئەو نەخۆشییە. واتە ئەگەر کەسێک ئامادەباشیشی ھەبێت, بەڵام ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتی گونجاو و لە باربێت ئەوا ئەگەری زۆرە کە تووشی شیزۆفرینیا نەبێت.

-

ھۆیەکانی تووشبوون بە شیزۆفرینیا:-
ھەرچەندە تاوەکو ئێستا ھۆکاری ڕاستەقینەی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا نەزانراوە, بەڵام زۆربەی زانایان لە ئەو بڕوایەدان کە شیزۆفرینیا نەخۆشییەکە تووشی مێشکی مرۆڤ دەبێت و بنەمای بایۆلۆژی خۆی ھەیە و دواتر ھۆکارە ژینگەیەکان (دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی) گەشەی پێدەکەن یان بە خەفەکراوی دەیھێڵنەوە. واتە ئەمانەی خوارەوە بە گرنگترین ھۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دادەنرێن:-
١- بۆماوە:-
بەبڕوای زۆربەی زانایان بۆماوە ڕۆڵی سەرەکی ھەیە, بەڵگەش بۆ ئەوە ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەری ئەوە ھەیە لە سەدا یەکی (١%) خەڵکی تووشی شیزۆفرینیا ببن, بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆ لە سەدا دە (١٠%) بەرز دەبێتەوە لە لای ئەو کەسانەی کە کەسێکی نزیکی پلە یەکیان (باوک و دایک و خوشک و برا) پێشتر تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت, وە ئەم ڕێژەیە بۆ لەسەدا پەنجا (٥٠%) بەرز دەبێتەوە لە لای ئەو کەسانەی کە جمک و دوانەن و یەکێکیان تووشی ئەو نەخۆشییە بووە.
٢- کیمیای مێشک:-
کاتێک کە ھاوسەنگی گوێزەرەوە دەماریەکان (النواقل العێبیە) تێکدەچێت ئەوا نیشانەکانی نەخۆشی شیزۆفرینیا لە لای ئەو کەسانە دەردەکەوێت کە ئەو ھاوسەنگییەیان تێکچووە, واتە ئەو کەسە گوێبیستی ھەندێک دەنگ دەبێت کە لە واقیعدا بوونیان نییە و کەسانی چواردەوری ئەو جۆرە کەسە ھیچ نابیستن یان ھەندێک بیر و باوەڕی ھەڵە و نامەنتیقیان لە لا دروست دەبێت. لە گرنگترین گوێزەرەوە دەماریەکانیش (دۆپامین)ە, بەڵگەش بۆ ئەوە کاتێک چارەسەری ئەو جۆرە کەسانە دەکرێت و ماددەی دۆپامین دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی ئەوا دوای ماوەیەکی کەم زۆربەی ئەو نیشانانەی سەرەوە نامێنن.
لەلایەکی تریشەوە ئاماژە بۆ کاریگەری پێکھاتەی کیمیایی سیرۆتۆنین دەکرێت و بە ھۆکارێک لە ھۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا ناو دەبرێت, بە بڕوای ھەردوو زانا (ولی و شاو) (Wollley & Shaw) تێکچوونی ھاوسەنگی ئەم ماددەیە لە مێشکدا دەبێتە ھۆی دەکەوتنی نیشانەکانی شیزۆفرینیا.
٣- کەم و کورتی لە بونیاد و پێکھاتەی مێشک:-
ھەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کاتێک پشکنینیان بۆ ھەندێک کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا کردووە دەرکەوتووە کە کەم و کورتیان لە ھەندێک بەشی مێشکیان ھەیە, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک کەسی تریش تووشی ئەو نەخۆشییە بوون بەڵام ھیچ کەم و کورتیەک لە مێشکیاندا نییە, لە لایەکی تریشەوە دەرئەنجامی ھەندێک پشکنینی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ھەمان کەم و کورتی لە ھەمان بەشی مێشک خاوەنەکانیانی تووشی نەخۆشی دەروونی تر کردووە نەک نەخۆشی شیزۆفرینیا, ئەمەش مانای ئەوەیە کە مەرج نییە ھەموو کاتێک ئەو کەم و کورتییانە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا بکات.
٤- ماددە ھۆشبەرەکان (المخدرات):-
سەرەتا زاناکان لە ئەو بڕوایەدا بوون کە ماددە ھۆشبەرەکان ھۆکاری یارمەتیدەرن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, واتە ئەو کەسانەی کە ئامادەباشی بۆماوەییان ھەیە ئەوا بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان دەبنە ھۆی خێراکردن و زوو تووشبوون بە ئەو نەخۆشییە, بەڵام دواتر دەرئەنجامی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری پزیشکی دەروونی بەریتانی لە ساڵی (٢٠٠٤) بڵاوکرایەوە, ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر ھۆکاری یارمەتیدەر نییە بەڵکو ھۆکارێکی گرنگ و سەرەکییە بۆ تووشبوون بە شیزۆفرینیا, بە تایبەتیش بەکارھێنانی ماددەی (حەشیش) لە تەمەنی ھەرزەکاریدا, لەبەرئەوە زۆر پێویستە دایک و باوک ئاگاداری ھەرزەکارەکانیان بن و لەمەترسی ئەو ژەھرە کوشندەیە بیان پارێزن.
٥- ھۆکاری ژینگەیی و دەروونی:-
دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک ھۆکاری ژینگەیی, ڕۆڵی ئاسانکار و یارمەتیدەریان ھەیە بۆ زوو دەرکەوتن و سەرھەڵدانی نەخۆشی شیزۆفرینیا لەوانە (تووشبوونی دایکی دووگیان بە ڤایرۆسی ئەنفلۆزا, تووشبوونی منداڵی ساوا بە نەخۆشی ئیلتیھابی ڤایرۆسی (ئەنفلۆزا), بە زەحمەت لە دایک بوونی منداڵ, پەروەردەی ھەڵە و فشاری دەروونی زۆر, دیکتاتۆری یەکێک لە دایک و باوک و سوکایەتی پێکردنی منداڵا …ھتد).
فرۆیدیش لەو باوەڕەدایە کە کارەسات و زەبری دەروونی سەردەمی منداڵی, مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا دەکات. بافلۆفی ڕووسیش دەڵێت بەشێکی مێشکی ئەو کەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا دەبن تووشی وەستان و لە کارکەوتنی کاتی دەبێت و ناتوانێت بە کاری ئاسایی خۆی ھەڵبستێت و وروژێنەرە ئاساییەکان دەکاتە نائاسایی و ھەڵس و کەوتی ئاسایی لێ بەرجەستە دەکات.
ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە زاناکان لەو باوەڕەدان (کە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دەروونی نالەبار کە خۆی لە ھەژاری و بێ کاری و نەخۆشی و لێک ترازاندنی شیرازەی خێزان و مردن و لە ناوچوونی کەسانی خۆشەویست و بێبەش بوونی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی و ژیان لە بارێکی ئاڵۆزدا …ھتد) ھۆکاری سەرەکین بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا.
واتە ئەم ھۆکارانەی سەرەوە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا ناکەن بەڵکو ھۆکاری یارمەتیدەرن و وا لە ئەو کەسانە دەکەن کە ئامادەباشی بۆماوەییان ھەیە زووتر تووشی ئەو نەخۆشییە ببن و نیشانەکانی دەربکەون, ئینجا ئەگەر ئەو ھۆکارانە نەبوونایە ئەوا لەوانە بوو ئەو نەخۆشییە ھەر بە خەفەکراوی و نادیاری لە دەروونی ئەو کەسانەدا بمانایەوە و ئەو کەسانە تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوونایە.

-

ئایا شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی دەگمەنە؟
لە ڕاستیدا شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی دانسقە و دەگمەن نییە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ھەر ھەبووە و ڕێژەیەکی بە لە سەدا یەک (١%) لە ھەموو کۆمەڵگاکان خەمڵێنراوە, واتە ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستانی عێراق (٥,٠٠٠,٠٠٠) پێنج ملیۆن بێت ئەوا ئەگەری ئەوە ھەیە کە (٥٠,٠٠٠) پەنجا ھەزار کەس تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا ببێت.
لەبەرئەوە بە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دەڵێین کە تۆ بە تەنھا تووشی ئەو نەخۆشییە نەبوویت بەڵکو ملیۆنەھا کەس لە ھەموو جیھان وەک تۆ تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و لە ئەنجامی خۆڕاگری و کۆڵنەدانیان ڕۆژانە چیرۆکی ھەندێکیان دەخوێنینەوە و دەبیستین کە چاک دەبنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کار و پیشەی خۆیان و ناو ماڵ و منداڵیان, واتە نابێت کەسی نەخۆش و کەس و کاریان ورە بەربدەن و وابزانن ئیتر کۆتایی ژیانە و خۆشەویست و ئازیزەکانیان چاک نابنەوە.
ئەوەی مایەی دڵخۆشییە کە ڕۆژانە و بەردەوام جۆری چارەسەر و ڕێنمایکردنی کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا لە پێشکەوتندایە و چاودێری و خزمەتگوزاری و باری دەروونی و عەقڵی و کۆمەڵایەتی ئەو کەسانە بەرەو باشبوون دەچن و ھەندێکیشیان ھەر بەیەکجاری بۆ ھەتا ھەتایە چاک دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان ھەر چەندە ڕێژەی تووشبووان بەرەو زیادبوون چووە, کە ھۆکارەکاشی ئەوەیە کە ئێستا چارەسەر و خزمەتگوزاریەکان زۆر باشتر بوون و وەک جاران ئەو نەخۆشانە پشتگوێ ناخرێن و لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و چارەسەرنەکردنەوە نامرن.
لێرەدا پرسیارێک دەکرێت, ئایا تووشبووان بە شیزۆفرینیا بەرەو کەم بوونەوە دەچێت یان بەرەو زیاد بوون؟
لە ڕاسیتدا وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە و کەسیش ناتوانێت پێشبینی ڕاست بکات و بزانێت بەیانی چۆن دەبێت, بەڵام ئەوەی مایەی گەشبینی و دڵخۆشییە و ئەگەری ئەوە ھەیە کە ڕێژەی تووشبووان بەرەو کەمی بڕوات, لەبەرئەوەی کە بەردەوام تاکەکانی کۆمەڵ زانیاری و ڕۆشنبیرییان دەربارەی ئەم نەخوشییە بەرەو زیادبوون دەچێت و ئێستا باشتر لە جاران لە تەمەن و قۆناغێکی زۆر زوودا دەستنیشانی کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا دەکرێت و چارەسەری گونجاویشیان بۆ دەدۆزرێتەوە, سەرەڕای ئەوەش ئێستا زۆر داو و دەرمان و چارەسەری نوێ دۆزراوەتەوە و ئەگەری ئەوەش ھەیە کە چارەسەر و ڕێگاچارەی زیاتریش بدۆزرێتەوە.
لەلایەکی تریشەوە توێژینەکانی بواری زانستی بۆ ھێڵەکان (جیناتەکان) دڵخۆشکەرن بە ئەوەی کەلەمەودوا دەتوانرێت لە تەمەن و قۆناغێکی زۆر بچووکدا دەست نیشانی ئەو نەخۆشییە بکرێت و ھەر زوو بە زوو چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و کەسانی تریش بپارێزرێن و نەھێڵن تووشی ئەو نەخۆشییە ببن. لە ھەمان کاتیشدا ئامارەکان مایەی دڵخۆشی نین و ئەو گەشبینیەمان کەم دەکەنەوە لەبەرئەوەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ئەو کەسانەی ماددە ھۆشبەرەکان بە تایبەتیش (حەشیشە) بەکاردەھێنن ڕوو لە زیاد بوونە, ئەمەش دەبێتە ھۆی زۆربوونی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شیزۆفرینیا, لەبەرئەوەی وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد ئەو ماددە ھۆشبەرانە ھۆکارن بۆ زوو دەرکەوتن و خێراکردنی تووشبوون بە شیزۆفرینیا.

-

جۆرەکانی شیزۆفرینیا:-
نیشانە و خاسیەتەکانی ھەموو ئەو کەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا دەبن وەک یەک نین و جیاوازی لە نێوانیان ھەیە و لە جۆر و گروپێکەوە بۆ جۆر و گروپێکی تر دەگۆڕێ, دەروونزان و پزیشکەکان شیزۆفرینیا بەسەر چەند گروپێکدا دابەش دەکەن کە ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- ھیبیفرینیا (Hebephrenia):-
ئەم جۆرە بە زۆری لە قۆناغی لاوێتیدا سەرھەڵدەدات و ڕەفتاری ئەو کەسانەی لە ئەم جۆرەن زۆر منداڵانەیە و پەنا بۆ میکانیزمی دەروونی (گەڕانەوە, نکوێ) دەبەن واتە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی منداڵی و ھەڵس و کەوتێک کە لەگەڵا تەمەنی ئەو کەسانەدا ناگونجێ, بۆ نموونە ئەو جۆرە نەخۆشانە بە ئاشکراو بە بەرچاوی خەڵکەوە خۆیان ڕووتدەکەنەوە و پەنا بۆ خووی نھێنی (دەستپەڕ) دەبەن و ھیچ شەرم و حەیایەکیان وەک کەسانی ئاسایی نییە و بە ھیچ شێوەیەک ڕەچاوی داب و نەریت و بەھا کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان ناکەن.
لەلایەکی تریشەوە زۆر خەمسارد و بێباکان و توانای خۆخستنە شوێنیان نییە و سۆز و عاتیفەیان وەک کەسانی ئاسایی نابێت, بۆ نموونە ئەگەر کەسێکی زۆر نزیکیشیان بمرێت ئەوان گوێی پێنادەن و وا ھەست دەکەن کە کەسێکی بێگانە مردووە و ئەوان نایناسن. سەرەڕای بوونی ھەڵوەس و قسە ھەڵبزڕکاندن و قسەی نابەجێ, تەنانەت ھەندێک جار کەسانی چواردەوریش لە قسەکانیان تێناگەن.
٢- بەتەختەبوون (کەتاتۆنیا) (Catatonia):-
ئەوانەی کە لە ئەم گروپەن ئەوا زۆرجار وەک تەختە ڕەق دەبن و بۆ ماوەیەکی زۆر لە یەک جێگادا ڕادەوەستن یان دادەنیشن, تەنانەت ئاگاشیان لە کەسانی چواردەوریان نامێنێ و بە ھیچ شێوەیەک ناجوڵێن, بۆ نموونە ئەگەر یەکێک یان خۆیان دەستیان بەرزبکەنەوە ئەوا دەست ناھێننە خوارەوە بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر ھەر دەستیان بۆ سەرەوە بەرز دەکەنەوە و نایگۆڕن وەک بەشێکی لەشی ئەوان نەبێت.
لەلایەکی تریشەوە کەسانی کۆمەڵایەتی پۆزەتیڤ و کارانین زۆرجار مان لە نانخواردن دەگرن یان زۆر عیناد و کەللەڕەق و شەڕخواز دەبن و قسە لەگەڵ کەس ناکەن و قسەشیان لەگەڵ بکرێت وەڵامی کەس نادەنەوە, سەرەڕای ئەوەش گرنگی بە پاک و خاوێنی خۆیان نادەن و ڕیش و سەریان ناتاشن و جلەکانیان ناگۆڕن.
٣- سادە (Simple):-
بەدەگمەن کەسانی سەر بە ئەم گروپە نیشانە سەرەکییەکان و زەحمەتەکان لە لایان دەردەکەوێت, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وردە وردە توانا و لێھاتوویەکانیان لە دەست دەدەن و وا دەردەکەون کە ئەمانە کەسانی کەم عەقڵ و بیرکۆڵن و ئاگایان لە ئەم جیھانە نییە کە ھەموومانی تێدا دەژین, واتە توانای لێک جیاکردنەوەی دیاردەکانی ژیانیان نییە و توانای پێشبینی کردن و بیرکردنەوە لە داھاتوویان زۆر لاوازە, ھەروەھا ھیچ تام و خۆشییەک لە ژیان نابینن, بۆیە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی ھەڵدەبژێرن, لە کاتێکدا ھەڵوەسە و قسە ھەڵبزڕکاندنیان زۆر کەمە.
٤- شیزۆفرینیای دەروونی (العێابی) (Pseudoneurotic):-
بە زۆری ئەم جۆرە لە قۆناغی ھەرزەکاری و لاوێتیدا سەھەڵدەدات و سەرەتا ئەم جۆرە کەسانە بە دەست ھەندێک کێشە و گرفتی دەروونی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنن و دواتر بەرەو شیزۆفرینیا دەڕوات و نیشانەکانی شیزۆفرینیا لەلایان دەردەکەوێت. لە گرنگترین نیشانەکانی ئەم جۆرە ئەوەیە کە سارد و سڕ و ھەندێک جار شەڕانی و توند و تیژ یان بێباک لە ژیان و ڕووداوەکانی, ھەروەھا زۆرجار گرنگی بە بابەتی سێکسی دەدات و زیاد لە پێویست خۆی پێوەخەریک دەکات, ئینجا ئەگەر ئەو نیشانانە بمێنێ و حاڵەتەکەش بەردەوام بێت و چارەسەرنەکرێت, ئەوا خاوەنەکەی بەرەو شیزۆفرینیای ڕاستەقینە دەبات.

-

پارانۆیا (Paranoia)
ناتوانین وەک پێویست لە شیزۆفرینیا تێبگەین, ئەگەر باسی پارانۆیا نەکرێت, کە ھەرچەندە زۆر کەم و دەگمەنە و ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی تووشی دەبن, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی خۆی ھەیە و پەیوەندیەکی بە ھێزی بە شیزۆفرینیاوە ھەیە, تەنانەت ھەندێک لە زاناکان لە ئەو بڕوایەدان کە پارانۆیا بەشێکە لە شیزۆفرینیا و نەخۆشی و حاڵەتێکی جیا نییە.

-

خاسیەت و نیشانەکانی پارانۆیا:-
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە کەم یان زۆر لەلای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵا ھەیە, لەبەرئەوەی بوونی کەمێک لە ئەو نیشانانە لەلای کەسی نۆرمەڵا و ئاسایی پێویستە, بەڵام کاتێک زۆر دەبێت و لە ڕێژەی ئاسایی خۆی دەردەچێت, ئەو کاتە دەبێت بە نەخۆشی و گرفت بۆ خاوەنەکەی دروست دەکات. ڕەگەز و نیشانەی سەرەکی حاڵەتی پارانۆیا بریتیە لە نبوونی متمانە (پقە) و بڕوا بە خەڵکی, سەرەڕای گومانکردن لە نیەت و ڕاز و نیازیان, دەتوانین بە کورتی ئاماژە بۆ گرنگترین نیشانە و خاسیەتەکانی پارانۆیا بکەین, کە ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- بەردەوام گومانی لە کەسانی چواردەوری ھەیە و متمانەیان پێناکات و بە چاوی ترس و دوودڵی سەیریان دەکات.
٢- زۆر ھەستیارە و بەردەوام لە کەمیندایە بۆ ئەوەی بچووکترین زانیاری دەربارەی ڕاز و نیازی کەسانی چواردەوری دەست بکەوێت و بە ئەو کارەش دڵخۆشی خۆی بداتەوە و گومان و دوودڵیەکانی ببێت بە ڕاستی.
٣- بەردەوام پێشبینی فرت و فێڵ و تەڵەکە بازی و شتی خراپ لە کەسانی تر دەکات, سەرەڕای ئەوەش کەسانی چواردەوری چەند دڵسۆز و ڕاستگۆ بن, ئەوا ئەم ھەر گومانیان لێدەکات.
٤- لە ئەو بڕوایەدایە کە ڕەفتار و ھەڵس و کەوت و قسەی کەسانی تر دژی ئەون.
٥- بەردەوام بە ئەو ئاڕاستەیە کاردەکات کە مانای دوای ووشەکان و مەبەستی ڕاستەقینەی ڕەفتار و ھەڵس و کەوتەکان بزانێ و بە ناخ و قوڵایی مانای شتەکاندا بچێتە خوارەوە, چونکە لە ئەو بڕوایەدایە کە ھەموو ووشەیەک دوو جۆر مانای ھەیە, یەکەمیان ڕواڵەت و دیارە ئەوی تریان شاراوە و مانادارە.
٦- ھەموو لۆمە و ڕەخنە و گلەیەکانی کەسانی تر ڕەتدەکەنەوە و ھەست بە بەرپرسیاریەتی ناکەن و لە ئەرک و چالاکییەکانی ژیانی ڕۆژنای خۆیان ڕادەکەن سەرەڕای ئەوەش بەرپرسیاریەتی سەرنەکەوتنەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی کەسانی تر.
٧- زۆربەی کات لە حاڵەتێکی گرژی و ھەڵچوونیدا دەژین و زۆر بە پرتە و بۆڵە و گلەین.
٨- زۆر حەز بە ڕواڵەت و چوونە ناو وردەکاریەکان و گەڕان بە دوای پەراوێز و لێکدانەوەی دیاردەکانی ژیان دەکات.
٩- نیشانەکانی حەسوودی و غیرە و سارد و سڕی عاتیفی لەلایان دیار و باوە.

-

جۆرەکانی پارانۆیا
پارانۆیا چەند جۆرێکی ھەیە کە بە پێی سروشت و ناوەڕۆکی وەھم و بیر و باوەڕە نادروستەکان جیاوازن, لە گرنگترین جۆرەکانیشی ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- پارانۆیای چەوساندنەوە (الاچگھادیە):-
ئەم جۆرە لە گرنگترین و دیارترین جۆرەکانی پارانۆیایە, کەسانی تووشبوو بە ئەم جۆرە مێژوویەکی دوور و درێژیان لەگەڵ گومان و دوودڵی و بێ متمانەیی بە کەسانی چواردەور ھەیە, واتە ئەم جۆرە کەسانە لە ئەو بڕوایەدان کە کەسانی تر دەیچەوسێننەوە و مافەکانی پێشێل دەکەن و پلانی لەناوبردی دادەڕێژن و زۆربەی کەس بە دوژمنی خۆی دەزانێ و جاری واش ھەیە شەڕانی و توند و تیژ دەبێت و ھێرش دەکاتە سەرکەسانی بێتاوان بە بیانووی ئەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێ ئازاری بدەن بۆیە ئەو دەست پێشخەری کردووە و پەلاماری ئەوانی داوە.
٢- پارانۆیای لووتبەرزی و خۆبە گەورەزانین (العڤمە):-
خاوەنی ئەم جۆرە خۆی زۆر بەگەورە دەزانێ و ھەندێکجار دەڵێ من نێردراوی خودام بۆ سەر زەوی یان من محمدی مەھدیم و تەنھا من دەتوانم جیھان لە خودانەناسان پاک بکەمەوە یان من گەورەترین شۆڕشگێڕم. واتە مێشکی پڕە لە ئەو جۆرە بۆ چوونانە و بەردەوام خۆی پیشان دەدات کە گەورەترین ھێز و دەسەڵاتی ھەیە و دەبێت ھەموو کەس ملکەچی ئەو بن.
٣- پارانۆیای شەھوانی و ھەوەسبازی (الشھوانیە):-
وەھم و خەیاڵی ئەم جۆرە کەسانە ئەوەیە کە وا لە کەسانی چواردەوری دەگەیەنێ ئەو خۆشەویست و سەرنج ڕاکێشە و چەندەھا کەسی ناوداری وەک ئەکتەرەکانی سینەما یان گۆرانی بێژی ناودار یان شاژن و خاوەن دەسەڵاتدارەکان خۆشیان دەوێ و بەردەوام داوای پەیوەندی لەگەڵ دەکەن, بەڵام ئەم زۆربەیان ڕەتدەکاتەوە, واتە سوارچاک و دۆنجوانی سەردەمی خۆیەتی.
٤- پارانۆیای ھاوسەرگیری:-
لە ئەم جۆرەدا ھەموو وەھم و خەو و خەیاڵی کەسی تووشبوو بە ئەم حاڵەتە دەربارەی ھاوسەرەکەیەتی, سەرەتا بە ڕەخنەگرتن و گلەیی و گازاندە لە ھاوسەرەکەی دەست پێدەکات, دواتر تەشەنە دەکات و بەرەو گومان و دوودڵی دەڕوات, تا لە کۆتایدا دەبێت بە وەھم و بیر و باوەڕێکی نەگۆڕ کە ھاوسەرەکەی ناپاکی لەگەڵ دەکات و دڵسۆزی نییە و وەک جاران خۆشی ناوێ, بەڵکو دەیەوێت پلانی لە ناوبردنی بۆ دابنێ. کە ئەم وەھم و خەیاڵ و بیر و باوەڕە نادروست و نامەنتیقیانە پاڵی پێوەدەنێ و دوور نییە ڕەفتار و ھەڵس و کەوتی نابەجێ و مەترسیدار بەرانبەر ھاوسەرەکەی بکات.

-

چۆنێتی خۆپاراستن لە شیزۆفرینیا
خۆپاراستن زۆر پێویستە بۆ ئەو خێزانانەی کە بۆماوە یەکێک یان زیاتر لە یەکێک لە بەرەباب و ئەندامانی خێزانەکانیان تووشی شیزۆفرینیا بوون, چونکە ئەگەری ئەوە ھەیە کە لە ڕێگای بۆ ماوەوە بۆ تاکەکانی تری ئەو بەرەباب و منداڵەکانیان بگوێزرێتەوە, ئینجا بۆ ئەوەی ئەگەری گواستنەوە و تووشبوونی تاکەکانی تری خێزانەکانیان کەم بکەینەوە ئەوا زۆر پێویستە خۆیان بپارێزن و ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:-
١- خۆپاراستن لە قۆناغی پێش لە دایک بوون, ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و دەبێت کەس و کاری دایکی دووگیان و ئافرەت بۆ خۆشی ئاگاداری مەترسییەکانی ئەم قۆناغە بن, بۆنموونە دەبێت ئافرەتی دووگیان خواردنی باش بخوات و نەھێڵدرێت تووشی بەدخۆراکی ببێت, ھەروەھا خۆی بپارێزێ لە نەخۆشییەکانی ئەنفلۆزا و پشکنینی پێویست بۆ خوێنەکەی بکات و نابێت (RH) مێردەکەی (+) بێت و ھی خۆشی (-), وە دەبێت بۆ ھەموو نەخۆشی و حاڵەتەکان لە کاتی خۆیدا چارەسەری پێویست وەربگرێت سەرەڕای ئەوەش دەبێت لە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا منداڵەکەی ببێت.
٢- نابێت بە ھیچ شێوەیەک لە ماددەی ھۆشبەر بە تاییەتیش حەشیشە نزیک بکەونەوە و زۆر پێویستیشە دایک و باوک ئاگاداری کوڕ و کچە ھەرزەکارەکانیان بن و ڕێنمایی پێویستیان بکەن و لە جێگا و برادەری خراپ دووریان بخەنەوە.
٣- تادەکرێت کوڕ و کچانی ئەو جۆرە خێزانانە ھاوسەرگیری لەگەڵ کەسانی تری دەرەوەی بەرەباب و خزم و کەسی خۆیان بکەن, چونکە کاتێ کوڕ و کچ خزمی یەکتری دەبن و ھاوسەرگیری دەکەن ئەوا ئەگەری تووشبوون بە شیزۆفرینیا زیاتر دەبێت, لەبەرئەوەی بۆماوە ڕۆڵی سەرەکی ھەیە لە تووشبوون بە ئەم نەخۆشییە.
٤- زۆر پێویستە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد زۆر خۆش بێت و شەڕ و ئاژاوە لە نێوانیان نەبێت, لەبەرئەوەی کەش و ھەوای خێزانی پڕ لە کێشە و گیروگرفت و دکتاتۆری و زۆرە ملێیی, ھۆکاری یارمەتیدەرە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لەلای ئەو کەسانەی ئامادەباشی بۆماوەیان ھەیە.

-

چارەسەری کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا:-
کۆمەڵێک بنەما ھەیە ڕۆڵی گرنگیان لە چارەسەرکردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا ھەیە و دەبێت پەیڕەویان بکەین, کە ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- پەیوەندی پتەوی نێوان نەخۆش و پزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی و کەس و کاری نەخۆش زۆر گرنگە و فاکتەری سەرەکییە بۆ زوو چاک بوونەوەی نەخۆش, لەبەرئەوە زۆر گرنگە کە دەبێت پزیشک یان چارەسەرکاری دەروونی و کەس و کاری نەخۆش پەیوەندی بەھێز و خۆشەویستی لەگەڵ کەسی نەخۆش دابنێن و نەخۆش لە گەڵیان ھەست بە ئارامی و ئاسایش و دڵنیایی و خۆشەویستی بکات. بەڵام ئەگەر ئەو پەیوەندییە خراپ بێت و رێزی نەخۆش نەگیرێ و لە نرخی کەم بکرێتەوە یان بە چاوی نزم سەیری بکرێت, ئەوا نەخۆشییەکەی خراپتر دەبێت و ھیچ سوود لە چارەسەرکردن وەناگرێت.
٢- دەبێت ھەر نەخۆشە و مامەڵەی تایبەت بە خۆی لەگەڵ بکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و نابێت یەک جۆر چارەسەر بۆ ھەموو نەخۆشەکان دابنرێت, لەبەرئەوەی جیاوازی تاکی لە نێوان نەخۆشەکان ھەیە و دوور نییە ھۆکار تووشبوونیشیان جیاواز بێت. لەلایەکی تریشەوە زۆر ھەڵەیە کە تەنھا یەک جۆر چارەسەر بەکاربھێنرێت, بەڵکو دەبێت ھەموو جۆرە چارەسەرەکانی وەک (داو و دەرمان و دەنکۆڵە (حەپ) و دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و ڕاھێنانی پیشەیی) بەکاربھێندرێت.
٣- نابێت ئامانجی چارەسەرکردن تەنھا ئەوە بێت کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە نەھێڵدرێت, بەڵکو دەبێت دووبارە نەخۆش بۆ ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی و پیشەیی ئامادەبکرێتەوە و بگەیەندرێتە ئاستێک کە بتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بژی و ھەست بە کەمی و بێدەسەڵاتی و کەم نرخی خۆی نەکات.
٤- دەبێت بە تەواوی پشکنینی پێویست بۆ نەخۆش بکرێت و دڵنیا بن کە تووشی شیزۆفرینیا بووە ئینجا بیر لە چارەسەر بکرێتەوە, لەبەرئەوەی نیشانەکانی شیزۆفرینیا وەک نیشانەکانی ھەندێک نەخۆشی تر وایە, ئەگینا بە ھەڵە دەست نیشان دەکرێت, ئەو کاتەش چارەسەر ھیچ سوودێکی نابێت, لەبەرئەوەی ئەو نەخۆشی شیزۆفرینیای نییە و ئەو چارەسەرەش بۆ ئەو نەخۆشییەی ئەو گونجاو نییە.
٥- پێویستە کاتی گونجاو بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی کەسی نەخۆش بۆ ناو کۆمەڵگا و سەر کار و پیشەکەی دیاری بکرێت, واتە نابێت دوای چارەسەر بە ماوەیەکی زۆر کەم بۆ سەر کارەکەی بگەڕێندرێتەوە لەبەرئەوەی ھێشتا بەتەواوی چاک نەبۆتەوە و ئەگەری ئەوە ھەیە کە بە بچووکترین شت ھەرەس بھێنێ و زوو ماندوو ببێت و بەرگەی فشار و ھیلاکی کارەکەی نەگرێت, لەلایەکی تریشەوە نابێت دوای ماوەیەکی زۆر لە چارەسەر ئینجا بۆ سەر کار و پیشەکەی بگەڕێندرێتەوە چونکە ئەو ماوە زۆرە وای لێدەکات کە بڕوای بە خۆی نەمێنێ و بە چاوی گومان سەیری خۆی بکات و متمانەی بە تواناکانی نەمێنێ, لەبەرئەوە دەبێت کاتەکە نەزۆر بێت و نەکەم.
٦- ئەوەی زۆر گرنگە دەبێت نەخۆشی تووشبوو بە شیزۆفرینیا لەسەر وەرگرتن و بەکارھێنانی دەنکۆڵە(حەپ) و دەرمانەکانی بەردەوام بێت بە پێی رێنمایی و ئامۆژگاریەکانی پزیشکی تایبەت و لە خۆیەوە وازیان لێنەھێنێ, لەبەرئەوە ڕازی کردنی نەخۆش و ھاندانی بۆ بەردەوام بوون لەسەر بەکارھێنانی دەنکۆڵە (حەپ) و دەرمانەکانی زۆر گرنگە.
٧- چارەسەرکردن و چاکبوونەوەی نەخۆش بەبێ ھاوکاری و یارمەتی خێزان نابێت, لەبەرئەوە زۆر پێویستە کە دایک و باوک و خوشک و برا ڕۆڵی گرنگیان ھەبێت و بەپێی ڕێنمایەکانی پزیشکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ کەسی نەخۆش بکەن و بە چاوی سووک سەیری نەکەن و تیر و توانجی تێنەگرن, بە پێچوانەوە زۆر گرنگە زانیاری پێویستیان دەربارەی ئەم نەخۆشییە و نیشانەکانی و ھۆکار و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ھەبێت, بۆ ئەوەی ئەمانیش لە پاڵا پزیشک و چارەسەرکاری دەروونی ڕۆڵی پۆزەتیڤیان ھەبێت و فاکتەرێک بن بۆ زوو چاک بوونەوەی ڕۆڵە و خوشک و براکانیان. ڕۆڵی خێزان لە ئەم خاڵانەی لای خوارەوەدا گرنگ و پێویستە:-
ڕ- زانیاری پێویست کۆبکەنەوە دەربارەی ئەم نەخۆشییە و چۆنێتی خۆپاراستن و یارمەتیدانی نەخۆش و چۆنێتی مامەڵەکردن لە تەکیا لە کاتی تووڕەبوون و وەرنەگرتنی چارەسەر و حەپ و دەرمان یان لە ئەو کاتانەی ڕەفتار و ھەڵس و کەوتی نابەجێ دەکات.
ب- ڕەخساندنی کەش و ھەوای گونجاو و دروست لە ناو خێزان و دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشی, سەرەڕای ئەوەش دەبێت ڕێزی نەخۆشەکەیان بگرن و ئەگەر ڕەفتار و ھەڵس و کەوتێکی نادروستی کرد لێی قبوڵ بکەن, لەبەرئەوەی نەخۆشە و زۆرجار بە بێ ویستی خۆی ڕەفتار و ھەڵس و کەوتی نائاسایی دەکات.
لەلایەکی تریشەوە زۆر پێویستە بە پێی خشتەیەک, ئەندامانی خێزان کار و چالاکییەکان و چۆنێتی یارمەتیدانی نەخۆشەکەیان دابەش بکەن, بۆ نموونە یەکێکیان تەنھا بەرپرس بێت لە پێدانی حەپ و دەرمان و وەرگرتنی چارەسەرەکانی, یەکێکی تریان پێویستە لە خواردن یان پاک و خاوێنی یان چوونە دەرەوە لەگەڵی بەرپرس بێت, چونکە نابێت تەنھا دایک یان باوک ھەر خەریکی ئەو کەسە نەخۆشە بێت و فشارێکی زۆری لەسەر بێت و دواجار لە پەل و پۆ بکەوێت و نەتوانێت وەک پێویست خزمەتی بکات.
٨- خواردنی باشی پڕ لە ڤیتامین و پڕۆتین و ڕەگەزەکانی تری خۆراک زۆر گرنگە واتە دەبێت لە پاڵ چارەسەرەکانی تر گرنگی تەواو بە جۆری خواردنی نەخۆش بدرێت بۆ ئەوەی تووشی بەدخۆراکی نەبێت و زووتر چاک ببێتەوە.

تێبینی/
بەخۆشحاڵییەوە وەرگیراوە لە ماڵپەڕەی derunnasy
4227 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1