پیتی  س
سەدەف (کاژۆکی)
نەخۆشی سەدەف Psoriasis
(کاژۆکی) یان پولەکە ماسیشی پێدەڵێن یەکێکە لەو نەخۆشیانەی بێ جیاوازی تەمەن تووشی کەسەکان دەبێت و نەخۆشییەکی درێژ خایەنی پێستە کە هەوکردنێک ڕوودەدات لە چینی سەرەوەی پێست ( لە سێ چین پێکهاتووە پێست)، ئەم نەخۆشییە ماوەیەک زۆر بەچری لێمان دیاری دەدات و هەندێک ماوە دیارنامێنێت.  بۆماوەییش یەکێکە لەھۆکارە سەرەکیەکانی ئەو نەخۆشیە. لەگەڵ ئەوەی کە بۆماوەی هۆیەکە لە هۆ سەرەکییەکان بەڵام بۆ ئەوەی ئەم نەخۆشییەمان لێدیاری بدات ئەوا پێویستی بە پاڵنەرێک هەیە کە نەخۆشییەکە بۆ یەکەمجار لێمان دیاری بدات بۆنمونە هەوکردن بە بەکتریایەک، داو دەرمان یان شڵەژانی دەرونی.

نەخۆشی سەدەف نەخۆشییەکی باوەو لە ٣%ی خەڵکی تووشی دەبن چ پیاو یان خانمان وەک یەک ئەگەری تووشبوونیان هەیە و درێژ خایەنەو لەو کەسانەدا زۆرتر دەردەکەوێت کە پێستیان سپییە، ئەو نەخۆشییە لەھەموو تەمەنێکدا روودەدات، بەڵام زیاتر لەتەمەنی (١٥ – ٤٠) ساڵیدا دەردەکەوێت، ئەگەر بێتو لەتەمەنی خوار ١٥ساڵی واتە لەمنداڵیدا رووبدات کەواتە نەخۆشییەکە توند ترو خراپترە، لەھەمانکاتدا بۆماوەیش یەکێکە لەھۆکارە سەرەکیەکانی نەخۆشی سەدەف (کاژۆکی)
چەندین ھۆکار ھەیە بۆ چڕتربوونی نەخۆشیەکە لەوانە (بەرکەوتنی زەبر، بریندار بوونی پێست، ئەو ژینگەیەی تێیداین، بەکارھێنانی دەرمان، گۆڕانی ھۆڕمۆنات، کەمی کالسیۆم) ئەمانە ھۆکاری زیادبوونو توندبوونی نەخۆشی سەدەفن ، بەکارھێنانی دەرمانی دژە مەلاریاو دەرمانی پەستانی خوێن دەبێتەھۆی توندبوونی نەخۆشییەکە، ھەروەھا ھەندێک حەب یان دەرزی ھەن دەبنەھۆی زیاتربوونی نەخۆشی سەدەف. لەبیرمان نەچێت کە خواردنەوەی کحول و جگەرە کێشان زیانی خراپیان هەیە لەسەر ئەم نەخۆشییە
ھۆکارەکانی زیاد بوونی نەخۆشی سەدەف دەگەڕێتەوە بۆ (فشاری دەروونی نەخۆشیەکەو وروژاندنی نەخۆشیەکەو ھەندێک خواردنی وەک باینجانو پەتاتەو گۆشتی سوورو ھێلکە، ئەمانە وادەکەن ئەم نەخۆشیە گەشە بکات، باشترین جۆری خواردنیش بۆ ئەو نەخۆشییە ماسییە بەتایبەت (ماسی سەلەمۆن).

نیشانەکانی:
وەک پەڵەی سووری بچووک دەردەکەون و لەسەرەتاوە بەکاژی زیویی وشک داپۆشراون، وردە وردە پەڵە سوورە بچووکەکان دەکشێنو یەک دەگرنو گەورە دەبن ، نەخۆشی سەدەف زۆرتر لەم بەشانەی جەستەدا دەردەکەوێت وەک لەسەر پێستی سەرو ئەنیشکو ئەژنۆو ناو سکو دەوری ناوک و بێخی سەر و ناو قژ، زۆر لەسەرخۆ دروست دەبن کە ئەمە جۆرە باوەکەیەتی. 

تێبینی/
ئەم نەخۆشییە ناگوازرێتەوە بە دەست لێدانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ

جۆرەکانی نەخۆشی سەدەف
نەخۆشی سەدەف چەند جۆرێکی تریشی ھەیە ئەوانیش (دڵۆپەیی) کە ئەمجۆرە بەشێوەی دڵۆپە بارانەو ورد وردنو لەسەر ھەموو لەش دەردەچێتو دروست دەبێت، لەمنداڵو گەنجدا زۆرترەو بەھۆی ھەوکردنی ئالووە کانەوە روودەدات، ئەمشێوەیەش لەسەدەف بەکتووپڕی دەردەکەوێت.
یەکێکی تر لەجۆرەکانی سەدەف سەدەفی (شوێنی دایی)یە ئەمجۆرە لەمنداڵی ساوادا لەتەمەنی (٢-٨) مانگیدا روودەداتو بە وەرگرتنی چارەسەر چاک دەبێت، بەڵام ئەمانە لەگەورەییدا جۆرێکی تر لەسەدەفیان تووش دەبێت.
(سەدەفی جومگەی)یش جۆرێکی ترە لەسەدەفو لەسەر جومگەکان دروست دەبێت کە ئازارو ھەوکردنی جومگەی لەگەڵدایە.

چارەسەر
چارەسەری بنبڕی نییە بەڵکو تەنها نیشانەکانی کەم دەکرێتەوە.
بۆ ئەوکەسانەی کە نەخۆشییەکەیان لە ئاستی کەم تا مامناوەند تووندە ئەوا مانەوە لە گەرماودا یان باستۆ (ژوری هەڵمی) زۆر کات تاڕادەیەکی باش نایهێڵێت.
ئەو کرێمانەی کە ئەم ماددانەی تێدایە یاریدەدەرێکی باشن تاوەک و ئەو پێستە مردووانە لابەرن بۆ نمونە Salicylic Acid, Carbamide.
بۆ ئەوکەسانەی کە نەخۆشییەکەیان مامناوەند بۆ تووندە ئەوا دەبێت بە بەردەوام ئەو کرێمانە بەکاربهێنێت کە دکتۆری پسپۆڕ بۆی دەنوسێت.
هەندێک وڵات چارەسەری ئەم نەخۆشییە دەکات بە تیشکی ڕووناکی. هەندێک جار بە گۆڕینی ئاو و هەوا ( لە وڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی دی) ئەوا نیشانەکانی بە ڕادەییەکی زۆر کەم کردۆتەوە.
چارەسەر بە حەب وەک Methotrexate، Acitretin، Ciclosporin یان بە دەرزی وەک Etanercept هتد...

ئامادەکردنی
دەرمانساز/ زرنگ سالار

سەرچاوە
www.1177.se
3495 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
20/01/2016
زیاتر...
12