پیتی  م
سووربونەوەی میزەڕۆکان
بریتییە لە سووربونەوەی میزەڕۆکانی نێوان گورچیلەو میزەڵدان و هاوکات نێوان میزەڵدان و کونی میزکردن. هەندێک جار ئەم میزەڕۆیانە (سەرەوە و خوارەوە) توشی بەکتریای کلامیدیا دەبن کە نەخۆشییەکی درمی زایەندییە. شایەنی باسە ئەم سووربونەوانە زیاتر توشی مێینە دەبن وەک لە نێرینە بەڵام هەموو تەمەنێک و ڕەگەزێک دەگرێتەوە. لەکاتی کەمتەرخەمیکردن لەچارەسەرکردنەکەی زیانی گەورە بە خانمان دەگەیەنێت.
شایەنی باسە پێویستە مرۆڤ هاوسەنگییەک ڕابگرێت بۆ وەرگرتن و کردنەدەرەوەی ئاو بۆ لەش. هەر لاسەنگیەک دەبێتە ناهەموارییەک بۆ کەسەکە.

وەرگرتنی ئاو
خواردنەوەی ١.٥ لیتر
خۆراک ٦٠٠ ملیلیتر
زیندەپاڵ (مێتابۆلیسم) ٢٠٠ میلیلیتر

کردنەدەرەوەی ئاو (لەدەستدان)
ئارەق کردنەوە ١٠٠ملیلیتر
پیساییکردن ١٠٠ملیلیتر
هەناسەدانەوە ٣٥٠ملیلیتر
نزیکەی ٣٥٠ ملیلیتر بەڕێگای دی

لە مێینەدا 

هۆزانی
لە ٪٨٠ی سووربونەوەکان لە لای خانمان دەگەڕێتەوە بۆ بەکتریاکانی ئێ کۆلی و ستافیلۆکۆکەس ساپرۆفیتیکۆس کە لە هاوین و پایزدا دەردەکەوێت.

نیشانەکان
کزانەوە لەکاتی میزکردن دا
زۆری ژمارەی میزکردن (میزە چوڕکێ)
ژانکردنی بەر موسوڵدان
هەندێک جار پلەیگەرمی لەش لە ژێر ٣٧ پلەوەیە
زۆرجار پشتیەشەشی لەگەڵدایە

پشکنینی میز
شیتەڵکردنی یەکەم میز واتە میزی بەیانیان باشترین میزە بۆ شیتەڵکاری لە تاقیگەکاندا، هەندێک جار پێویست دەکات چاندی بۆ بکرێت.

لەم حاڵەتانەدا پێویستە میز چاندنی بۆ بکرێت
گەر ڕێژەی نتریت لەمیزدا ٠ (سفر) بێت
گەر ئافرەت چەند جارێک تووشی سووربوونەوە بێت
گەر خانم دووگیان بێت و ئەو نیشانانەی سەرەوەی هەبێت

تێبینی 
ئەگەر خانمان مانگانە یان بە دوو مانگ جارێک تووشی سووربوونەوە هات ئەوا دەبێت وە پێویستیشە سەردانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان بکات.

لە نێرینەدا
لە نێرینەدا بارەکە جیاوازە و لەوانەیە سووربوونەوەکە بەهۆی بەکتریاوە یان نەخۆشییە درمییە زایندییەکانەوە بێت وەک کلامیدیا یان تریهۆمۆناس. هەندێک جار سووربوونەوەکە لە کەسانی بەتەمەندا ئاڵۆزدەبێت کاتێک پرۆستات دەگرێتەوە. 

هۆزانی
لە ٪٥٠ بۆ ٦٠ ی بارەکان دا بەکتریای ئێشریای کۆلاییەو بەکتریای کلیبسێلا و ئینتێرۆکۆکەس دەبنە هۆی سووربوونەوەکە.

نیشانەکان
کزانەوە و سووربوونەوەی کەناڵی میز
هەتنەخوارەوەی شلەیەکی لینج لە کونی میزەوە لەگەڵ ژانێکی زۆر
زۆری ژمارەی میزکردن (میزە چوڕکێ)

تاقیگا
شیتەڵکردنی یەکەم میز واتە میزی بەیانیان باشترین میزە بۆ شیتەڵکاری لە تاقیگەکاندا، گەر شیکاری میزەکە نیتریتی تیانەبوو پێویست دەکات چاندی بۆ بکرێت.
لە پیاودا پێویستە تێستی کلامیدیا و سووزەنکی بۆ بکرێت.

چارەسەر
گەر لەپاش ئەنجامی تاقیگە هۆیەکە بەکتریابوو ئەوا دژە بەکتریات بۆ دەنووسرێت. ماوەی بەکارهێنانی دژە بەکتریاکان لە جۆرێک بەکتریاوە بۆ بەکتریایەکی دی یان دژواری نەخۆشییەکە لە نێوان ٣ بۆ ١٠ ڕۆژ وە لە پیاواندا دەبێت ماوەی بەکارهێنانەکە زیاتر بێت بەهۆی ئەوەی کە ڕێڕەوی میزی درێژترە.
گەر ئەو کەسانەی مانگانە یان بە دوو مانگ جارێک تووشی بەکتریاکان بوو ئەوا دەبێت دکتۆری تایبەت دژە بەکتریای درێژخایەنی بۆ بنوسێت تاوەک و بەرگری بکات لە دووبارە گەڕانەوەی دژوارییەکە بۆ نەخۆش.

سەرچاوە
درێژەی بابەت دەتوانن لە پەرتوکی بەڕێز د. زاھیر سوران بخوێننەوە
نەخۆشییە درمەکان، چاپی دووەم ٢٠٠٦، لاپەڕەی ١٠٧ بەشی چوارەم
د . زاھیر سوران ، پسپۆڕی نەخۆشییە در‌مەکان و گشتییەکان .
بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی 

1986 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/01/2016
زیاتر...
12