پیتی  س
سورێژە - سورکە
سورێژە یان سورکە

نەخۆشییەکی کتوپڕی سۆیی درمە (ڤایرۆسییە)، لە باشور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا زۆر بڵاوە، توشی کۆ ئەندامی ھەناسە دەبێت بەتایبەتی منداڵ توشی دەبێت. 

ھۆزانی
ھۆی سورێژە ڤایرۆسێکی جۆری ئاڕ ئێن ئەیە لە خێزانی پرامیکسۆ ڤایرۆس و ٦ پێکھاتووی پڕۆتینی دروستیان کردووە. لەساڵی ١٩٦٣ ـوە لە ھەموو جیھاندا کوتان دژی سورێژە بەکاردەھێنن.

ڕێگاکانی گواستنەوە
بەشێوەیەکی گشتی سورێژە خێرا بڵاو دەبێتەوە لەڕێگەی ھەناسەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە (بەرکەوتنی شلەی دەم و لوتی کەسی توشبو بە کەسێکی ئاسایی) ئەمە ڕاستەوخۆ، بەڵام ناڕاستەوخۆش دەگوازرێتەوە لەڕیگەی بەکارھێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبووەوە. ٩٠% ی ئەو کەسانەی لەگەڵ کەسی توشبودا دەژین توش دەبن ئەگەر نەکوترابن یان پێشتر توش نەبوبن. کەسی توشبو ٢-٤ ڕۆژ بەر لە دەرکەوتنی پەڵە سورەکان و ٢-٥ ڕۆژ دوای نەمانیان نەخۆشییەکە دەگوازێتەوە.

نیشانەکان
لانیکەم ٤ ڕۆژ (تا) کە لەوانەیە بگاتە ٤٠ نمرەی سیلیزی، ئاو لە لوت ھاتن، سوربونەوەی چاو، بێھێزی. لیمفا گرێکانی لامل بن ھەنگڵ و پشت مل و ئەملاو لای سنگ لەکاتی دەستخستنە سەریان ھەست بەئازاریان دەکرێت. ئاو بە لووت و چاودا دێتە خوارێ و لەوانەشە پێلوەکانی چاوی ھەڵدەئاوسێ . پاشان ووردە ووردە سووربوونەوە دەبینرێت لە ناوپۆشی لووت و دەم و مەڵاشوو و پووک ھەروەھا وشکە کۆکەشی دەبێت. دوای چەند ڕۆژێک لە تا، پەڵەی بەرزەوەبوی سور لەسەر پێست دەردەکەوون، کە لە دەم و چاوەوە دەست پێدەکەن و دواتر ھەمو لەش دەگرنەوە و پێدەچێ خورانیان لەگەڵدا بێت.

نیشانەی Koplik
بریتییە لە کۆمەڵێک پێکھاتووی شێوە خاڵی و سوور و سپی بریقەداری ناسک لە ناو زاری نەخۆش دێت کە بۆ دەستنیشانکردنی سورێژە زۆر گرنگن.
ھەندێک جار ئەم نیشانانەشی ھەیە وەک: ڕشانەوە ، سک چوون، لەبەشی چەپی ژێر جگەر دا ھەست بە ئازار دەکات وەک ئازاری ڕیخۆڵە کوێرە.

ئاڵۆزکارییەکان:
ھەوکردنی بۆرییەکانی ھەوا و سییەکان، ھەوکردنی گوێی ناوەڕاست،ھەوکردنی پەردەکانی دەماخ، ھەوکردنی توندی شانەکانی چاو، سۆی ناو دەم، لە ساوادا توشی فێ لێھاتن دەکات، 
لە ووڵاتە پێشکەوتوەکاندا ٣ لە ھەزاری توشبوان دەمرن، بەڵام لەو وڵاتانەی ڕێژەی بەدخۆراکی بەرزە و ھوشیاری تەندروستی لاوازە ڕێژەی مردن پێدەچێ بگاتە ٢٨% و لە توشبوانی ئایدزیشدا ڕێژەی مردن ٣٠%ە.
دەستنیشانکردن:
ڕونکردنەوەی نیشانەکان پزیشک دەگەیەنێتە دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە، ئەگەر گومانی ھەبو دکتۆر شیکاریی خوێن یان لیکی کەسی توشبو دەکات بەمەبەستی بەدواداگەڕانی دژەتەنی سورێژە.
زۆر گرنگە سورێژە جیابکرێتەوە لە گرانەتا، ڕەشە گرانەتا، زەردووی ڤایرۆس، ئەنفلۆنزا، مەنەنگی و مەلاریا.

خۆپاراستن
جیا کردنەوەی نەخۆش، کوتانی منداڵان لە دژی سورێژە بەرگرییان دەداتێ لە دژی نەخۆشییەکە. بەداخەوە بەھۆی ساڵانی گەمارۆی ئابوریەوە ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێراق و لەناویاندا خەڵکی کوردستان کوتانی تەواویان لەدژی سورێژە بۆ نەکراوە.

چارەسەر:
چارەسەرییەکی ئەوتۆ نییە لە دژی ڤایرۆسە توشکەرەکە. بەڵام ئازار شکێنەکان و تا دابەزێنەرەکان دەدرێت بە مەبەستی دابەزاندنی تا و بەگوێرەی ئاڵۆزکارییەکانی حاڵەتەکە لە ھەر توشبویەکدا ڕێوشوێنی جیاواز دەگرینە بەر.

سەرچاوە
درێژەی بابەت دەتوانن لە پەرتوکی بەڕێز د. زاھیر سوران بخوێننەوە
نەخۆشییە درمەکان، چاپی دووەم ٢٠٠٦، لاپەڕەی ٢٢٨ بەشی دەهەم
د . زاھیر سوران ، پسپۆڕی نەخۆشییە در‌مەکان و گشتییەکان .
بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی 
3773 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/12/2015
زیاتر...
12