پیتی  ش
شیزۆفرینیا کەرتبوونی کەسایەتی نییە بەڵکو دابڕانە لە واقیع
شیزۆفرینیا کەرتبوونی کەسایەتی نییە بەڵکو دابڕانە لە واقیع

نوسینی: عەتا مەلا کەریم ١ 


شیزۆفرینیا ٍSchizophrenia یەکێکە لە نەخۆشییە عەقڵییە ھەرە ئاڵۆزو گرانەکان کە ھەتا ئێستا ناسرابێت. دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییە زۆر گرانەو دیاریکردنی ھۆکانی تووشبوونیشی زۆر لەوە گرانترە.
زانایان و بیردۆزان چەندەھا بۆچون و ھۆکاریان دیاریکردووە بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە، ئەم بیرۆکەو بۆچونانەش بە درێژایی مێژوو بەشێوەیەکی بنچینەیی گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە. شیزۆفرینیا چییەو بۆچی تووشی خەڵک دەبێت؟ ئایا یەک ھۆکاری ھەیە یان زنجیرەیەک ھۆ؟ ئایا ھۆکارەکانی تووشبوون بە شیزۆفرینیا جینیتیکیە، بایۆکیمیاوییە، ھەڵسوکەوتییە یان دەوروبەر؟ 
شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی سەختی مێشکە، ١% ی خەڵک تووشی ئەم نەخۆشییە* دەبن بە ڕێژەیەکی وەک یەک بۆ ژن و پیاو. ئەم نەخۆشییە زیاتر تووشی ھەژاران دەبێت تا دەوڵەمەندەکان. زانایان و پزیشکەکان بۆ ماوەیەکی دورودرێژ لەو باوەڕەدا بوون کە شیزۆفرینیا کەرتبوونی کەسایەتیە، تانانەت ناوەکەی بە زمانی عەرەبی بە   (فێام العقل)  ناسراوە کە ڕێک کەرتبوونی کەسایەتی دەگەیەنێت. بەڵام ئەمڕۆکە زانایان بۆیان دەرکەوتوە کە لەباتی کەرتبونی کەسایەتی کەرتبوونە لە جیھانی واقعی و بەم جۆرە دەتوانین بڵێین دابڕانە لە واقیع. ئەم نەخۆشییە نەخۆشییەکی درێژخایەنەو زۆر زەحمەتە بەتەواوی چارەسەربکرێت، بەڵام لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەتوانرێت بەھۆی دەرمانەوە کۆنترۆڵ بکرێت بەسەریدا. لەبەرئەوەی کە ھۆکارێکی دیاریکراو لەگۆڕێدا نەبووە بۆ شیزۆفرینیا، بەدرێژایی مێژوو چەندەھا بیروبۆچون و لێکدانەوە پێشنیارکراوە بۆ ھۆکانی شیزۆفرینیا. ئەم بیرو بۆچونانە بە ئەفسانەو جادوو دەستیانپێکردووە و گەیشتونەتە توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی مەیدانی و تاقیگەیی و تائێستاش بەردەوامە لەگەڵ پێشکەوتووترین تەکنۆلۆجیای سەدەی بیستویەکەمدا. 
ئەگەرچی شیزۆفرینیا ھەتا ئێستاش لێڵ و تەمومژاویە بەڵام نەخۆشییەکی نوێ نییە، نیشانەگەلێکی تایبەت بە شیزۆفرینیا لە سەردەمە ھەرەکۆنەکانەوە دەستنیشانکراون. بۆچونێکی باو ئەوە بووە کە ھەڵسوکەوتە نامۆکان بەھۆی دەستوەشاندنی جنۆکە یان شەیتانەوە دێنە ناو لەشی مرۆڤ و لەھەندێک کەلتوردا ووتویانە خوا غەزەبی لێگرتووە لە بەر ئەوەی خەڵک خۆیان خراپن!  
ئەو نەخۆشانەی کە تووشی شیزۆفرینیا بوون دوو جۆر نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت: نیشانە پۆزەتیفەکان و نیشانە نێگەتیفەکان. نیشانە پۆزەتیفەکان وەک ووڕێنەو ڕێشکەو پێشکەو پەشێوی لە بیرکردنەوەداو نیشانە نێگەتیفەکانیش وەک بێتاقەتی و کەمتوانایی و نەتوانینی دەربڕینی ھەستونەست و گۆشەگیری و قوڕوقەپی و قسەنەکردن، بەتایبەتی لە قۆناغە ھەرە خراپەکانیدا. 
لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا زۆر زەحمەتە یەکسەر بتوانیت نەخۆشی شیزۆفرینیا دەستنیشان بکەیت چونکە ئەو نەخۆشییە خۆی لەخۆیدا بە ھێواشی تەشەنە دەکات و کەسایەتی نەخۆشەکە لەگەڵ تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەدا ووردە ووردە گۆڕانی بەسەردا دێت. زۆر جار نەخۆشەکە بەتەواوی ئاساییە، بۆیە زەحمەتە لەو بارەدا ھیچ نەخۆشییەک دەستنیشان بکەیت. ھەندێک جاریش کە نەخۆشییەکە بەتەواوی زاڵدەبێت بەسەریداو کەسایەتی ڕاستەقینەی نەخۆشەکە لەلایەن کەسایەتییە نائاساییەکەوە بەتەواوی دەکرێت بەژێرەوە، لەوانەیە دوکتۆرەکان لێیانتێکبچێت و ئەوە بە کەسایەتی ڕاستەقینەی ئەو مرۆڤە بزانن. ] [Schizophrenia Association of Great Britain-online     
ھەندێک لە زانایان لەوباوەڕەدان کە ھۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا بۆماوەییە (جینەتیکییە)  ئەوان تاقیکردنەوەکانی خۆیان لەسەر مناڵە دوانەکان ئەنجامداو زانیاری باشیان کۆکردەوە. ڕاپۆرتی بەرپرسی نوشداری گشتی لە ئەمەریکا لەمەڕ شیزۆفرینیا ٢٠٠٢ وانیشاندەدا کە ئەگەری تووشبوون بە شیزۆفرینیا  زیاتر لە دوانە لەیەکچووەکاندا ھەیە (لە کاتێکدا ئەو نەخۆشییە لە خێزانەکەیاندا ھەبێت)، ئەم ئەگەرە لە دوانە لەیەکنەچووەکاندا کەمتر دەبێتەوەو بەم جۆرە ھەر لە دابەزیندا دبێت تا دەگاتە ڕادەی ١% لە خەڵکی ئاساییدا. 
ئەو توێژینەوانەی لەسەر خێزانەکان و دوانەکان و مناڵە ھەڵگیراوەکان ئەنجامدراون پشتگیری ئەو بۆچونە دەکەن کە ھۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەرییان ھەیە لەسەر شیزۆفرینیا. خزمە پلەیەکەکانی ئەو  کەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا بوون ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییە ١٠ قاتی خەڵکی ئاساییە. بەپێی پێشبینییەکانی ئەگەری تووشبوون، ئەم مەترسییە دەکرێت بە ٥ تا ١٠% مەترسی بەدرێژایی ژیان بۆ خزمە پلەیەکەکان ( بە مناڵ و خوشک و براشەوە) بخەمڵێنرێت. ئەمەش  مانای ئەوەیە کە بۆچونی ھۆکاری بۆماوەیی ئەگەرێکی گەورەی ھەیە.
لەگەڵئەوەشدا ئەو داتایەی کە لەبەردەستدایە واناگەیەنێت کە ھۆکاری تووشبوون بە شیزۆفرینیا بەتەواوی بۆماوەییە. خۆ ئەگەر وابوایە ئەوا دەبوو لە دوانە لەیەکچووەکاندا ١٠٠% بوایە، چونکە ئەوان ھەمان جین و ھەمان کرۆمۆسۆمیان ھەیە. ھەڵگری جینێکی بۆماوەیی لەوانەیە کەسێک بخاتە مەترسی تووشبوونەوە، بەڵام ئەوە نابێتە تەنھا ھۆکارێک. Turner دەڵێت بۆچونی ھۆکاری فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە لەسەر نەخۆشییە عەقڵییەکان وا پێشنیازدەکات کە ھۆکارە بۆماوەیەکان دەتوانن خەڵک بخەنە مەترسییەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فشارو مەینەتییەکانی ژیانی ڕۆژانەش لەوانەیە ڕۆڵی خۆیان ھەبێت. [Turner ٢٠٠٣:٧٣]
ھەروەھا ڕاپۆرتی بەرپرسی نوشداری گشتی لە ئەمەریکا لەمەڕ شیزۆفرینیاش ٢٠٠٢ ھۆکاری تری باسکردووە لەگەڵ ھۆکارە بۆماوەییەکاندا بۆ تووشبوون بە شیزۆفرینیا، بەڵام ھۆکاری سەرەکی یان بنچینەیی بۆ نەخۆشییەکە ھەر بۆماوەییە. توێژینەوە نوێکان وا پێشنیاز دەکەن کە خەڵکانێک تووشی شیزۆفرینیا دەبن کە کوڵۆڵییەکی بۆماوەییان ھەیەو بەھۆی فشارە دەوروبەری و سایکۆلۆجییەکانەوە ئەوەندەی تر لەسەریان خەستبۆتەوە، ئەمەش بە شێوازی فشارەکان بۆ ئەگەری تووشبوون ناسراوە. ئەو توێژینەوانەی لەسەر خێزانەکان ئەنجامدراوە پێشنیازی ئەوە دەکەن کە خەڵکی پلەی جیاجیایان ھەیە لە ھەڵگرتنی سیفاتە بۆماوەییەکانی شیزۆفرینیادا، لە زۆر نزمەوە بۆ زۆر بەرز. ئەوەی کە بڕیاردەرە لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسە تووشدەبێت یان تووشنابێت بە شیزۆفرینیا تاڕادەیەک بەستراوەتەوە بە ھەڵگرتنی ئەو سیفەتە بۆماوەیانەوە.      
لەگەڵئەوەشدا توێژینەوە لەم مەیدانەدا ھەر بەردەوامەوتا ئێستاش ڕوون نییە کە تاکە جینێک یان کۆمەڵە جینێک بەرپرسن لەتووشبوون بەم نەخۆشییە.  
ھاوتایی کیمیاوی لە لەشدا پێشنیازی بۆچونێکی تر دەکات بۆ ھۆکارەکانی تووشبوون بە شیزۆفرینیا. تیۆریزانە بایۆکیمیاوییەکان لەوباوەڕەدان کە ڕادەیەکی بەرزی ٢ Neurotransmitter dopamine لە مێشکدا دەبێتە ھۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە. ئەم بیرۆکەیە کاتێک گەڵاڵەبوو کە نەخۆشی ٣Parkinson    یان بە Dopamine چارەسەرکرد. ئەوان بۆیان دەرکەوت کە چارەسەری دەرمان بۆ بەرزکردنەوەی ڕادەی  Dopamine لە نەخۆشە ئیفلیجەکاندا (Parkinson) کاریگەری لاوەکی وای لێدەکەوێتەوە کە لە نیشانەکانی شیزۆفرینیا دەکەن. [Turner, ٢٠٠٣: ٧٣] 
ئەو توێژینەوانەی کە لەسەر لاشەی مردووەکان کرا دەریخست کە نەخۆشە شیزۆفرینیاکان خاوەنی ڕادەیەکی بەرزی Dopamine بوون. ھەروەھا ئەوانەی کە دەرمان و مادە سڕکەرەکان دەخۆن  وەک ئەمفیتامینەکان و کۆکاین، نیشانەی ڕێک وەک شیزۆفرینیایان تێدا دەبینرێت. لێکۆڵینەوەکانیش دەریانخستووە کە ئەو جۆرە دەرمانانە ڕادەی Dopamine بەرز دەکەنەوە.
بەڵام ئەمەش ھێشتا ھەر ناتوانێت وەڵامدەربێت بە کێشەی شیزۆفرینیا چونکە ناتوانین بیسەلمێنین کە ئایا Dopamine بووەتە ھۆی نەخۆشییەکە یان نەخۆشییەکە خۆی کاریکردۆتە سەر ڕادەی    Dopamine ؟ 
دەکرێت بوترێت کە نائاسایی بوونی مێشک لەوانەیە بەھۆی ئەو ئازار گەیشتن و ناڕەحەتیانەوە بێت کە لەکاتی لەدایکبووندا ڕوودەدەن. ] [Smith, et al., ٢٠٠٣:٥٥٣ دەڵێن: نائاسایبوونی پێکھاتەی مێشک و کارلێکە کیمیاوییەکانی ناو مێشک لەوانەیە ھۆکاریی بۆماوەیی ھەبێت، بەڵام لەوانەشە بەھۆی ئازارگەیشتنی مێشکی ئەو کەسەوە ڕووبدات کاتێک کۆرپەلەیە یان مناڵێکی بچوکە. 
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا دەبن زۆر لەوەدەچێت خاوەنی مێژوویەک بن لە ناڕەحەتی لەکاتی لەدایکبووندا ، زەرەرمەندبوونی مێشک بەر لە لەدایکبوون ، ھەوکردنی سیستەمی ناوەندی دەمار (وەک ئیفلیجی مناڵ) ، ناڕەحەتی دایکیان لە کاتی سکپڕیدا یان تووشبوون بە ئینفلۆنزا لەکاتی سکپڕیدا. [Jablensky ٢٠٠٠] 
فرۆیدو لایەنگرەکانی ھەروەک چۆن دەڕواننە دیاردە سایکۆلۆجییەکانی تر ئەئاواش سەیری شیزۆفرینیا دەکەن. فرۆید دەڵێت لە ململانێی نێوان id و ego و Superego دا ego لەلایەن   Superego یان id ەوە سەرکوتدەکرێت و ئەویش دەگەڕێتەوە بەرەو مناڵی و وەک مناڵێکی ساوا ھەڵسوکەوت دەکات، ئەو دەیەوێت خۆی بسەلمێنێت و لەو نێوانەشدا خەیاڵ و ڕاستی تێکەڵ دەبن، یان جێگۆڕکێ دەکەن.   
بەڵام بەداخەوە ھیچ بەڵگەیەکی زانستی لەبەردەستدا نییە کە پشتگیری بیروڕاکانی فرۆید بکات لەمەڕ شیزۆفرینیا. بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆربەی زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە ھەڵسوکەوتی نەخۆشی شیزۆفرینیا وەکو ھەڵسوکەوتی مناڵی نییە. [Turner, ٢٠٠٣:٧٤١] 
سایکۆلۆجیستە سلوکییەکان (Behaviourists) لەو باوەڕەدان کە شیزۆفرینیا ھەڵسوکەوتێکی خووپێوەگیراوو فێربوونە. ئەوان دەڵێن ئەو نەخۆشانەی کە ھەڵسوکەوتی شیزۆفرینیایان تێدا دەردەکەوێت ئەوە فێری بوون و خوویان پێوەگرتووە لە ڕێگای بەھێزکردن و چەسپاندنەوەی ھەڵسوکەوتەکانەوە، تەنانەت ھەندێک نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا ئەو چەسپاندنەیان لە نەخۆشی ترەوە بۆ دەگوێزرێتەوە لە ڕێگای لاسایی کردنەوە و پێکەوە ژیانەوە. بەڵام نەخۆشە شیزۆفرینیاکان ھەڵسوکەوتی جیاوازو نیشانەی جیاجیایان تێدا دەردەکەوێت، ھەر بۆیە ناتوانرێت بیروڕای ئەم سایکۆلۆجیستانە بە جێگای متمانەو وەڵامدەرەوە دابنرێت بۆ شیزۆفرینیا.   
سایکۆلۆجیستە کۆگنتیفەکان (Cognitive)   لەوباوەڕەدان کە مێشکی نەخۆشە شیزۆفرینیاکان ناتوانێت ھەموو ئەو زانیاریانە تەحەمول بکات کە لە ھەموو لایەکەوە بەسەریاندا دەبارێت و وەکو کاردانەوەیەک بۆ ئەوەش نەخۆشەکە لە جیھانی واقیعی پاشەکشە دەکات.   
بەڵام خۆ نیشانەکانی شیزۆفرینیا ھەر لە گەورەدا دەرناکەون بەڵکو لە مناڵیشدا دەردەکەون. ئەم سایکۆلۆجیستانە ناتوانن ئەوە ڕوون بکەنەوە کە بۆچی ئەو گۆڕانانە ڕوودەدەن لە گوفتارو ڕەفتاری ئەو نەخۆشانەداو ھۆکارەکانی چین. لەکاتێکدا ئەو نیشانانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێن و لە تاکە کەسێکیشدا لە کاتێکەوە بۆکاتێکی تر ھەمدیس جیاوازن. ھەندێک لە توێژەرەوان لەو باوەڕەدان کە زۆرجار کارکردە لاوەکییەکانی ھەندێک دەرمان ئەو نیشانانە دروست بکەن.
تەنانەت ھەندێک لە سایکۆلۆجیستەکان دەڵێن نەخۆشییەک لە گۆڕێدا نییە ناوی شیزۆفرینیا بێت، ئەو کەسانە خۆیان ھەڵسوکەوتیان نامۆیەو کۆنترۆڵ ناکرێت و خەڵکیش بە نەخۆش لەقاڵبیان دەدەن. [Szasz ١٩٦٢]  ئەو کەسانە بەم لەقاڵبدانە ھەڵسوکوتەکەیان ئەوەندەی تر لەلا ئاسایدەبێتەوە و بەم جۆرە و بەپێی ئەم گروپە ئەو کەسانە کۆمەڵگا چ مۆرکێکی پێوەنابن ڕێک بەوجۆرە ھەڵسوکەوت دەکەن. 
مەسەلەی مۆرکپێوەنان و لەقاڵبدانی خەڵکی کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر ھەڵسوکوت و ڕەفتاریان بەڵام بۆ نەخۆشییەکی مێشکی وەک شیزۆفرینیا ناتوانرێت بە تەنھا ھۆ بژمێررێت.
لەبەرئەوەی شیزۆفرینیا زیاتر لەنێو ھەژاراندا دەردەکەوێت تا دەوڵەمەندان، زۆر لە توێژەرەوان لەو باوەڕەدان کە فشارە دەوروبەرییەکان و تاڵاوی ژیان دەبنە ھۆی شیزۆفرینیا. ڕاپۆرتی بەرپرسی نوشداری گشتی لە ئەمەریکا لەمەڕ شیزۆفرینیا ٢٠٠٢ دەڵێت: نەک ھەر پێکھاتەی بایۆلۆجی مێشک کار دەکاتە سەر ھەڵسوکەوت و ڕەفتار، بەڵکو ھەڵسوکەوت و ڕەفتاریش کاردەکەنە سەر پێکھاتەی مێشک و گۆڕانکاری تێدا ئەنجامدەدەن. 
ئەگەرچی بنچینەیەکی زانستی نییە جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە تاڵاوەکانی ژیان دەبنە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا، بەڵام ئەوەی حاشا ھەڵنەگرە ئەوەیە کە گیروگرفت و تاڵاوەکانی ژیان دەبنە پاڵپشت و پاڵنەر بۆ  ئەوانەی کە ئامادەیی بایۆلۆجییان تیایە بۆ توشبوون بەم نەخۆشییە و زۆر جار بڕیاردەری سەرەکیشن.
بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کە ھۆکارە دەوروبەرییەکان ھەلومەرجەکە خەستدەکەنەوە بۆ ئەوانەی کە ھەڵگری جینێکی شیزۆفرینیان یان ئامادەیی بایۆلۆجی ترین تێدایە. ڕاپۆرتی پزیشکانی ئەمەریکاش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە باشکردنی ھەلومەرجی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە ماوەی درێژخایەندا کاریگەری خۆی ھەیە لەسەر بەرگرتن لە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە. 
لەلایەکی ترەوە ھەندێک لە توێژەرەوان دەڵێن دەوڵەمەندەکانیش بە ئەندازەی ھەژارەکان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، بەڵام ئەوان چونکە پارەدارن دەتوانن لایەنە لاوازەکانیان بشارنەوە. 
شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی ئەقڵییە و پێدەچێت گەلێک ھۆکاری ھەبێت و پێویستی بە کۆبوونەوەی گەلێک فاکتۆر ھەبێت لە یەک کەسدا بۆ ئەوەی نیشانەکانی تێدا دەربکەون. توێژینەوەکان لەم مەیدانەدا بەردەوامن  بەڵام ھەتا ئێستا ھۆکارێکی دیاریکراو نەدۆزراوەتەوە کە بە ھۆکاری سەرەکی و تایبەتی شیزۆفرینیا ناسرابێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زانستی نوشداری نوێ لە بواری چارەسەرو کۆنترۆڵکردنی ئەم نەخۆشییەدا ھەنگاوی باشی ناوە لە کەم کردنەوەی نیشانەکانی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەدا. 
تازەترین دەرئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان پێشنیازی ئەوەدەکات کە ھەڵگرتنی جینێک یان سیفاتێکی بۆماوەیی ھاوکات لەگەڵ بەھێزکردن و پشتگیریکرانی لەلایەن ھۆکارە دەوروبەرییەکان و تاڵاوەکانی ژیانەوە دەبنە ھۆی شیزۆفرینیا. ئاشکراشە کە خەڵکی بەڕێژەی جیاواز دەبنە ھەڵگری سیفاتە بۆماوەییەکان، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ھەردو ھۆکارەکە پێکەوە دەبنە بڕیاردەر لەسەر ئەوەی کە ئەو کەسە تووشی شیزۆفرینیا دەبێت یان نا. 

سەرچاوەکان

Bibliography

١. History of schizophrenia, E mental-health. Com [online]
Available from: http://www.emental-health.com/schiz_history.htm 
Accessed:          May ١st ‏٢٠٠٤ 
٢. Mental health: A report of the Surgeon General-Chapter ٤(online)]  
Available from:
http://www.surgeongeneral.gov/library/mentalhealth/chapter٤/sec٤.html#table٤_٦ 
Accessed:          May ٢nd ‏٢٠٠٤
 ٣. Schizophrenia Association of Great Britain, [online]
Available from: http://www.sagb.co.uk/١٠.htm 
Accessed:          May ١st ‏٢٠٠٤
٤. Smith, E.E., et al. (٢٠٠٣) Atkinson &Hilgard‌s Introduction to Psychology. ١٤th edition, Belmont: Thomson Learning, Inc. 
٥. Turner, L. (٢٠٠٣) Advanced Psychology: Atypical Behaviour. ١st edition, Oxon: Hodder & Stoughton. 
٦. US Surgeon General's Report on Schizophrenia (٢٠٠٢) [online]
 Available from: http://www.schizophrenia.com/research/surg.gen.٢٠٠٢.htm 
Accessed:          May ١st ‏٢٠٠٤


مەترسییەکانی تووشبوون بە شیزۆفرینیا

Risk of developing schizophrenia


1933 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/12/2015
زیاتر...
1