پیتی  پ
پەنکریاس ( Pankreas )
پەنکریاس ( Pankreas )
زانا احمد قادر

یەکێکە لەئەندامە ڕژێنەرە گرنگەکانی جەستە، لەئاستی بڕبڕەی دووەمی بەشی خوارەوەی پشتدا دەکەوێتە پشتی گەدەوە ، لەبەشی ڕاستەوە لەلایەن ڕیخۆڵەدوانزەگرێوە و لەچەپەوە لەلایەن سپڵەوە دەورەدراوە.
لەڕێی ئەو ئەنزیم و ھۆرمۆنانەی دروستی دەکات، ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لەپڕۆسەی ھەرس و ڕاگرتنی ڕێژەی شەکر لەخوێندا. 
لەناو پەنکریاسدا نزیکەی ٢٠ جۆر ئەنزیمی ھەرس دروستدەکرێن، کەگرنگترینیان ئەنزیمەکانی:

- ئەنزیمی Alfa Amylase بۆ شیکردنەوەی شەکر ( کاربۆھیدرات ).
- ئەنزیمی Lipase بۆ شیکردنەوەی چەوری. 
- ئەنزیمی Trypsing بۆ شیکردنەوەی پڕۆتین.
لەپاڵ ھۆرمۆنی Somatostatin دا ھۆرمۆنەکانی Insulin و Glucagon ئەو دوو ھۆرمۆنەی پەنکریاسن، کەڕێژەی شەکر لەخوێندا ڕادەگرن.
ھەرکاتێک ژەمێک خۆراک بەگەدەی مرۆڤ بگات، بەمەبەستی کەرتوپەرتکردنو کارلێکردن لەڕێی ڕژێنەرەکانی گەدەوە، بۆ ماوەیەک لەگەدەدا دەمێنێتەوەو پاشان گەدە بەجێدەھێڵێتو دەگاتە ڕیخۆڵەدوانزەگرێ، لەوبەشەی ڕیخۆڵەدا پەنکریاس ئەنزیمەکانی دەڕژێنێت بەسەر ئەو خۆراکەداو جۆرێک لەکارەکانی پەنکریاس کە Exokrin ی پێدەڵێن بەمەبەستی کەرتوپەرتکردنی خۆراک دەستپێدەکات، ھاوکات جۆری Endokrin کەپەیوەستە بەڕژاندنی ھۆرمۆنەکان ڕاستەوخۆ بۆ ناو خوێن دەستپێدەکاتو بەوجۆرە پەنکریاس ھەوڵدەدات لەڕێی ھۆرمۆنی Insulin ەوە بەزوترین کات ڕێژەی شەکر لەخوێندا دا‌بەزێنێتو بەھاوکاری مادەی مەگنیسیۆم بیگەیەنێت بەتێکڕای خانەکانی جەستە.
بەپێچەوانەی ھۆرمۆنی Insulin ەوە ھۆرمۆنی Glucagon ‌لەکاتی نزمبونەوەی ئاستی شەکر ( Glucose ) لەخوێندا بەمەبەستی بەرزکردنەوەی شەکر بۆ ئاستی پێویست دەردەدرێت.
بەوپێیەی بەرزبونەوەی ئاستی شەکر بۆ ماوەی درێژخایەن لەخوێندا زیان بەمولولەخوێنەکان دەگەیەنێتو نەخۆشی شەکرەی لێدەکەوێتەوە، ھەروەھا نزمبونەوەی بۆ خوار ٣٠ mg/dl زیان بەمێشک دەگەیەنێت، تەندروستڕاگرتنی پەنکریاس بۆ جەستەی مرۆڤ زۆر گرنگە. ‌

نیشانەکانی لاوازبونی پەنکریاس:

بەھۆی نەریتی خۆراک و ژیانی ڕۆژانەوە پەنکریاس زۆرجار توشی لاوازی دەبێت و مرۆڤ بەتایبەتی دوای ژەمێک خۆراکی قورسو چەور دووچاری ھەڵئاوسانی سک و باداری زۆر، دڵتێکەڵھاتن و ڕشانەوە، ئازاری سک چەند کاژمێرێک پاش نانخواردن دەبێت. 
کەمبونەوەی خواستی خواردن، ھەستیاربون بەچەندین جۆر خۆراک، بەھۆی لەدەستدانی توانای ھەرسکردنی چەوری وسکچون و فڕێدانی چەوری لەگەڵ پاشەڕۆدا کێشی مرۆڤ لەناکاو دابەزینی خۆنەویستانەی زۆر بەخۆوەدەبینێت..ھتد ھەندێک لەنیشانەکانی لاوازبونی پەنکریاس و تێکچونی سیستەمی Exokrin و ئەنزیمەکانییەتی.
تێکچونی سیستەمی Endokrin بەھۆی ئەو لاوازییەوە ناجێگیری ڕێژەی شەکر لەخوێنداو کەمدەردانی ھۆرمۆنی Insulin و بەوھۆیەوە ‌نەخۆشی شەکرەی لێدەکەوێتەوە.
کەمی دەردانی ھۆرمۆنی Glucagon لەکاتی دابەزینی بەرچاوی شەکر لەخوێندا، نیشانەکانی وەک لەرزین، بورانەوە، ئارەقکردنەوەو ساردبونەوەی لەشی لێدەکەوێتە، لەکاتێکی لەوجۆرەدا پێویستە شەکری ترێ بەنەخۆش بدرێت.

ھۆکارەکانی لاوازبونی پەنکریاس:
زۆرخۆری و بەدخۆری، نەخۆشی شەکرە، ھەوکردنی پەنکریاس، زۆرخواردنەوەی ئەلکحول، بونی بەردی زراو، زۆربەکارھێنانی ھۆرمۆنی Estrogen، شێرپەنجەی پەنکریاس، پێشتر ئەنجامدانی نەشتەرگەری لەپەنکریاسدا.
خۆپاراستن لەلاوازی و نەخۆشی پەنکریاس:
١. بەکارھێنانی خۆراکی فرێش و دورکەوتنەوە لەخۆراکی ئامادەکراو و خۆراکی ناو قوتوو.
٢. خۆبەدورگرتن لە ئەلکحول، چەوری، زۆرخواردنی شەکرو کاربۆھێدرات و ئیشی ھەویرو ئەو خۆراکانەی باداری دروستدەکەن.
٣. زیادکردنی ژەمەکان بەخۆراکی کەم.
٤. بەکارھێنانی Omega ٣ بەبونی بڕێک ڕۆنی Krill تێیدا زۆر بەسودە.
٥. پەلەنەکردن لەکاتی خواردنداو زۆرجوینی خۆراک کارئاسانییە بۆ پەنکریاس.
٦. خواردنەوەی ئاو لەکاتی خواردندا ڕژێنەرەکانی پەنکریاس ڕوونتردەکاتەوەو بارگرانییە بۆ پەنکریاسێکی لاواز، ھەربۆیە کاژمێرێک پێش و پاش خواردن خۆبەدورگرتن لەئاوخواردنەوە بەسودە.
بەوپێیەی نیشانەکانی لاوازی پەنکریاس لەڕوواڵەتدا زۆر لەنیشانەکانی لاوازی و نەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە دەچن، بەداخەوە ھەندێکجار نەخۆش و پزیشک بەلاڕێدا دەچن و ئەو نیشانەی لاوازی پەنکریاس بۆ بونی کێشە لەڕیخۆڵەدا دەگێڕنەوەو بەوھۆیەوە لەکێشەکانی پەنکریاس بەئاگانابن.
1760 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/12/2015
زیاتر...
12