پیتی  س
سەرانسێ
د . زاھیر سوران ، پسپۆڕی نەخۆشییە در‌مەکان و گشتییەکان .
بەڕێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی .


سەرانسێ
 
پێناسە :
سەرانسێ (شەقیقە) بریتیە لە ‌ھێرشی ژانەسەری توند ، زۆرجاران تەنیا لای سەر دەگریتەوەو مرۆڤ زۆر بێتاقەت دەکات نێوی نەخۆشییەکە لەوشەیەکی فەرەنسییەوە ھاتووە ‌، بەلام لەوانەیە وشەکە لەزاراوەی گریکی  (hemicrania)ەوە بە مانای نیوەی کاسەسەرەوە ھاتبێت .
ھیپۆکرات لەساڵانی ٤٠٠  ی پ ز دەربارەی پێشوەخت ھەستکردنی سەرئێشە دواوە . ئەوەی دروست بێت ، ئێمەش وەک ھەموو کۆمەڵگاکانی دی ژمارەیەکی زۆرمان بەدەست سەرانسێ وە دەناڵینن ، بەڵام لەبەر نەبوونی ئاماری زانستیانە تا ئەمرۆ ریژەی توشبوان نازانریت . ئەوەی شایانی باسە نزیکەی سەد جۆر سەرئێشە ھەیە ‌، شێوە ‌، توندی ، ماوە ‌و ھۆی جۆرەکانی جیاوازە ‌، لەوانەیە سەرانسێ ببێتە ھۆی دەرکەوتنی نیشانەی دەماری ، زۆرجاران سەرانسێ تووشی خانمان دەبێت.  لەکوردەواریدا زێدەتر زاراوە عارەبییەکەی (شەقیقە) بۆ بەکاردەھێنرێت.  بەگشتی زۆرجاران نیشانەکانی سەرانسێ پیش تەمەنی چل ساڵان دەردەکەویت . ھەندێک جار ھەر لەتەمەنی حەوت ساڵانەوە دەردەکەویت ، ھەندێک ھەرزەکار لە کاتی باڵقبووندا (بەتایبەتی کچان) لێیان دەردەکەوێت ، ھەندێک پسپۆر دەبیژن کە لە دە خانمدا دووانیان سەرانسێ یان ھەیە ‌و لە دە پیاودا یەکیکیان سەرانسێ یان ھەیە.

ھۆزانی
ھەرچەندەژمارەیەکی زۆر تویژینەوە دەربارەی سەرانسێ کراوە ، بەڵام تا ئەمرۆ بەباشی ھۆکەی نازانریت ، وەلی ئاماژە بۆ بۆماوە (‪genetic) لە دایک یان باوک یان ھەردووکیانەوە دەکریت.
لە ٧٥% ی بارەکاندا دایکوباوکی نەخۆش ھەمان لا ژانەسەریان ھەیە یان ھەبووە.
لە ٤٥% یان تەنیا دایک یان باوکی نەخۆش ھەمان لا ژانەسەریان ھەیە یان ھەبووە.
 
ھۆکاری دەرکەوتنی سەرانسێ
نائارامی           ٧٦%
بێنویژی           ٤٥%   
برسییەتی         ٥٠%
ئەلکھول           ٤٢%    
ئاووھەوا          ٣٤% 
روناکی بەھیز     ٢٩%
بۆن               ٢٣%
خواردنی تایبەتی ١٦%
شوکلات          ١٥%  
پەنیر             ١٢%
بەھارات          ٥%
نیوەی ترش     ٢%
سود لەلاپەرە ٧١ی سەرچاوەی ژمارە ٣ وەرگیراوە

ھەندێک پسپۆری دی دەبیژن ھۆکاری تریش وەک خورشت ، خەو(زۆر خەوتن یان کەم خەوتن) زۆر دەرمان خواردنیش رۆلی خۆیان لەدەرکەوتنی سەرانسێ دا ھەیە. 

جۆرەکانی:
ئەوەی شایانی باسە رێکخراوی سەرئێشەی جیھانی سەرانسێ ی کردووە بە ٢ بەشی سەرەکییەوە کە ئەمانەن:
سەرانسێی ھەستپێ کراو (Aura)، سەرانسێ بە‪یان لەگەڵیدایە.
لەم جۆرەدا ریژەی توشبووان لەنێوان پازدە تا ھەژدە لە سەدایە ، پێش دەرکەوتنی نیشانەکان مرۆڤ پێشوەخت ھەست دەکات کە نیوەژانە سەرەکەی بەرێوەیە یان نیشانەکانی دەردەکەون.
سەرانسێی ھەستپێ نەکراو ، سەرانسێ بەبێ ‪(aura) .
لەم جۆرەدا رێژەی توشبووان دەگاتە ‌ ٨٠%دا، نەخۆش راستەوخۆ لایەکی سەری ژان دەکات  ھیچ ھەسپێکردنێکی پێشوەختانەی لەگھڵدا نییە.

چۆنییەتی پەیدابوونی سەرانسێ
ئەوەی شایانی باسە تیوریییەک ھەیە کە دەبیژیت:  سەرانسێی لەپەراویزی بۆریە خوێنەکانی مێشک و پەردەپۆشی مێشکەوە دیت ، ھەندێکی دی دەبیژن لە ‌نێو مێشکی سەرانسێداردا پێکھاتوویەک ھەیە کۆنترۆلی بۆریە خوێنەکان وتەزووی دەمارەکان دەکەن ، نێونراوە بە سەرانسی دروستکەر ، ھاوکات فاکتۆری نائارامی دەروونی ، کەمخەوی ، برسییەتی رۆلی خۆیان لە دەرکەوتنی ئازارەکەدا ھەیە.
ھەرکاتیێک (سەرانسێ دروستکەر) کەوتە کار ئەوسا دەمارەکان تەزووی ئازار دەنێرن بۆ بۆریەکانی خوێن.
ھاوکات کۆتایی دەمارەکان ماددەیەکی زەرد و پێپتیدە دەمارییەکان دەردەدەن کە دەبنە ھۆی واڵابوونی بۆرییەکانی خوین ئەوسا ژانەکە زێد دەکات.
نەخۆش ھەست دەکات کە ژانە سەرەکە شێوەی لێدە ‌(پل) دایە ، لەکاتی جموجۆڵدا ئازارەکە زێد دەکات. لە
کاتی ھێرشی ژانەسەرەکاندا ئازارەکە زید دەکات ، تەزووەکان روو لەمەڵبەندی رشانەوەی نێو مێشک دەکەن سەرەتا مرۆڤ ھەست بەھێڵنج دان دەکات و پاشتر دەرشێتەوە.

شێوە کلینیکیەکانی سەرانسێ

شێوەی ئاسایی، ژانەسەرەکە دەداتە لایەکی سەروو ناوچەوان،  تا سەر برۆ دیت، مرۆ ھەست ناکات ئازارەکەی پەیدا دەبێت ، نیشانەکانی ئەم جۆرە بریتین لە:
ئازارەکە نزیکەی ٤ تا ٧٤ کاژیر دەخایەنێت.
بەدەگمەن ھەردوولای سەر دەگرێتەوە.
نەخۆش حەز لەدەنگ ناکات ، ھاوکات لە بیستنی دەنگ دەترسیت.
نەخۆش حەز لەروناکی گلۆپ یان تیشکی بەھیز ناکات ، مرۆڤ لەرووناکی دەترسیت.
سپی ھەلگەراندنی سەر روومەت.
ھیلنجدان و رشانەوەشی لەگەلدایە ، پێویستە دەرمانی دژی ھیلنجدان و رشانەوە بدریت بە ‌نەخۆش.
شێوەی کلاسیکی ، ژانە سەرەکە دەداتە لایەکی سەروو ناوچەوان  تا سەر برۆدیت ، ھاوکات ئازاریکی توند دەداتە ھەردوو چاوەکان ، مرۆڤ ھەست دەکات ئازارەکەی پەیدا دەبێت، نیشانەکانی ئەم جۆرە بریتین لە:
ئازارەکە نزیکی جوار تا ھەفتاو دوو کاژیر دەخایەنیت.
روناکی شێوە ھەورەتریشقە وا لەنەخۆش دەکات توانای بینینی نەمینیت.
نەخۆش حەز لەدەنگ ناکات ، مرۆ لەبیستنی دەنگ دەترسیت.
نەخۆش حەز لەروناکی گلۆپ یان تیشکی بەھیز ناکات ، مرۆڤ لەرووناکی دەترسیت.
سپی ھەلگەرانی سەر روومەت.
ھێلنجدان زۆرجار رشانەوەشی لە گەڵدایە ، پێویستە دەرمانی دژی ھیلنجدان و رشانەوە بدرێت بەنەخۆش
لەکاتی جولاندندا ژانە سەرەکە زید دەکات.
شێوەی گرژبوونەوە، لەم جۆرەدا ژانەسەرەکە لەشێوەی کلاودایە و ھەموو تەپلی سەر تاسەر برۆ دەگریتەوە ‌، ئازارەکە لەسەر نائارامی و خەفەت بەندە ‌، نیشانەکانی ئەم جۆرە بریتین لە:
ئازارەکە نزیکی ٣٠ خولەک تا ٧ رۆژ دەخایەنێت .
لەجۆرە دریژخایەنەکاندا ھەموو رۆژەکە دەخایەنێت .
وەرس بوون لەروناکی ، بیستن مامناوەندییە ‌.
ژانەسەر مامناوەندییە و لە ‌شێوەی کلاویکی پەستاندایە ‌.
لەکاتی جوڵاندا ئازارەکە ناگۆردریت .
شێوەی ھۆرتۆن  ‪(hortons)
ئەوەی شایانی باسە ھەر لەسالی ١٨٢٢ وەو پاشتر لەسالی ١٨٣٤ەوە باسی ئەم جۆرە ژانەسەرە لەئارادا بووە، لەسالی ١٩٣٩ دا ‪hortons ‪B T بەتێرو تەسەلی باسی ئەم جۆرەی کردو پاشتر ژانە سەرەکە نیوی ناوبراوی وەرگرت.  نەخۆشییەکە زێدتر تووشی نێرینە دەبێت لەتەمەنی ٢٠-٣٠ سالیداو لەتەمەنی ٦٥ سالیدا نامێنیت. زۆرجاران پاش خواردنەوەی ئەلکھول یان وەرگرتنی ماددە بێھۆشکەرەکان ، حەبی نیترۆگلیسیرین ھێرشی ژانە سەرەکە دەردەکەویت ، ھێرشەکان رۆژ نا رۆژیک دووبارە دەبنەوە.

نیشانەکانی ئەم جۆرە بریتین لە:
لایەکی سپینەی چاوی مرۆ سور ھەڵ دەگەڕێت ، زۆرجاران پێڵوی سەرەوەی چاوی مرۆ نەخۆش بەرز نابێتەوە (پێڵو کەوتوو) نیشانەکانی زۆر گرنگی ئەم شێوە کلینیکییە بریتیە لە بچوکبوونەوەی بیلبیلەی چاوی نەخۆش.  لەماوەی ٣ مانگدا ھێرشەکانی ھەفتە نا ھەفتەیەک دەردەکەون.
زۆرجاران ھێرشی ژانەسەرەکە شەوانەیە ‌، زۆرجاریش لەھەمان کاتدا دەردەکەوێتەوە.
ئازارەکە تەنیا ئەولایەی سەردەگرێتەوە.
زۆرجاران لووت گیران ، دلۆپە ئاو بەلووتدا ھاتنە خوارەوەشی لەگەڵدایە.
ئارەقکردنەوەی ناوچەوان و روخساریش دەبینرێت.
پەنمانی پێڵوی چاوی نەخۆش.
لەوانەیە ئازارەکە بگاتە، چەناگە، لووت، کاکیلەکان و ددانەکانیش. 

پێشبینیکردن

بەگشتی باشە لەکاتی پێویستدا ئازارشکێن لەشێوەی دەرزیدا دەدرێت بە ‌نەخۆش،  پاشتر لەریگای دەمەوە ئازارشکێن لەکاتی پێویستدا دەدرێت بەنەخۆش.
دەستنیشانکردن
شێوە ‌و جۆری ژانەسەرەکە زۆر یاریدەدەری دەستنیشانکردن دەدات ، ھەندێکجار دایک ، باوک یان دایک و باوکی نەخۆش ھەمان جۆر ژانەسەریان ھەبووە.

چارەسەرکردنی بە دەرمان

زۆر پێویستە نەخۆش ئاگاداری ئەم خالانەی خوارەوە بێت:
پشودان و نەجوڵان زۆر بەسوودە ‌.
ھەوڵ بدە چالاکی وەرزشی و چالاکی دی ئەنجام مەدە.
حەواندنەوە ‌و راکشان لەژوریکی تاریکدا زۆر پێویستە.
نوستن جۆرێکی دی چارەسەرکردنە زۆر بەسوودە.
ھەوڵ بدە لەروناکی بەھێز، دەنگی بڵند یان بڵندگۆ نزیک مەبەرەوە.
ھەوڵ بدە لەگەرمی دوور بکەوەرەوە پارچەیەک بەفر یان سەھۆڵ لەنایلۆنێک بپێچە ‌و بیخەرە سەر ناوچەوان یان ئەم لاولای سەرەوە.  ئیمرۆ ژمارەیەکی زۆر ئازارشکێن لەبەردەستدا ھەیەو دەتوانیت بەکاریان بھێنیت.  ئەم دەرمانانە لەشێوەی حەب ، کەپسولدا پاراسیتامۆڵ ، دیکلۆفێناک ، ئەسپرین ، ڤۆلتارین و ‪Imigran- Sumatriopan.. تاد ئەنجامی باشیان لە ‌دامرکاندنەوەی لاژانەسەرەکاندا ھەبووە.
ئەوەی شایانی باسە ‪Imigran- Sumatriopan لەشێوەی خەپلە، دەرزی، شاف، سپرای کونەلووتدا.. تادی ھەیە، ئیمڕۆ حەبێکی باش دروستکراوە کە لەسەر زمان دەتوێتەوەو تا کار نەکاتە سەر نیوپۆشی گەدە ‌و ریخۆڵە و برین لەسەر ئەو ناوپۆشانە دروست نەکات .  ھەندێک کەس بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سوودیان لە چارەسەرکردن بە ‌دەرزی واتە ‪Acupuncture کردووە.
ھەندێکی دی پەنایان بۆ چارەسەرکردنی شوێنی بە پەنجە ‪Acupuncture لە شێوەی پەستان خستنە سەر چەند خالیک یان شوێنیکی تایبەتدا بردووە ‌، بۆ ماوەیەک لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازبووە ، لاژانە سەرەکەیان دامرکاوەتەوە.
 
زاراوە
پەراویز ـ دەور ـ لێوار.
لێدەر ـ پل ، وەک پرتەی دڵ وایەو نەخۆش زوو ھەستی پێ دەکات.
خەپلە ـ حەب.
بۆماوە ـ ‪genetic
پێش وەخت ھەستپێکردن ـ ‪aura

سەرچاوە:

1. LarsLind, Mats-Ola Mattsson, Thomas Olsson, Urban Safwenberg, Liber i Akut Medicin, Sverige 2001.

2. John Edmeads, Översätning av öl. Elisabet waldenlind. vilken huvudvärk. handbok i diagnostik och behandling av Huvudvärk. Glaxo. Sverige 1991.

3. Carl Dahlöf, JanErik Harebo, Jan Carlsson, Huvudvärk. GlaxoSmitgKline. Sverige 2001.

4. Joseph B Martin; Headack, Principles of Internal Medicin 12th ed. Vol 1. USA. 1991; 108-115.

5. Anne M. Wolland, Babill Stary-Pedersen, Migrän och annan huvudvärk, liber. Sverige 2004.

6. www. NetDoctor. se

7. Läkemedelverket. www.mpa.se

8.www.GlaxoSmithKline.s

 


2580 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
13/12/2015
زیاتر...
12