پیتی  ئـ
نەخۆشی ئەیدز ( Aids )
نەخۆشی ئەیدز ( Aids )
زانا ئەحمد قادر
پسپۆری لەبواری چارەسەری فیزیک و وەرزش

لەبەرواری ١٩٨٨/١٢/١ەوە ساڵانە ١٢/١ تەرخاندەکرێت بۆ ‌ڕۆژی جیھانی نەخۆشی ئەیدز. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان ژمارەی توشبووان لەجیھاندا بەنزیکەی ٣٦ ملیۆن دەخەمڵێنرێت، ھەروەھا ساڵانە نزیکەی ٢٬١ ملیۆن لەکەسانی تازەتوشبو بەونەخۆشییە ئامارەکان تۆقێنەرترو زیاتر بەرەوھەڵکشان دەبەن. وشەی ئەیدز (Aids) کورتکراوەی ( Acquired Immune Deficiency Syndrome ) بەواتای توشبون بەنەخۆشی لاوازی بەرگری سروشتی جەستەدێت.
توشبووانی ئەم جۆرە نەخۆشییە بەھۆی ڤایرۆسی ( Humanen Immundefizienz Virus ) دوچاری لاوازی ھەمیشەیی بەرگری سروشتی جەستەیان دەبنو بەوھۆیەوە جەستەیان چیدی توانای بەرەنگاربونەوەی ھەوکردن بەبەکتریاو ڤایرۆس و... ھتد بەپێی پێویست نامێنێت و بەوھۆیەوە دوچاری چەندین نەخۆشی دیکە دەبن.
لەکاتی پشکنینی خوێن بۆ توشبووان دەرکەوتووە، کەئاستی جۆری T Helper cells لەخوێندا، کەبەشێکە لەخانەکانی سیستەمی بەرگری لەش دابەزینی گەورەی بەخۆوە بینیوەو بەو جۆرە بەرگری
سروشتی لەش دوچاری لاوازی زۆر دەبێت.
شایەنی باسە سەرەتای سەرھەڵدان و بۆ یەکەمجار دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ ھاوینی ساڵی ١٩٨١، کاتێک پزیشکانی ئەمەریکا لەدەزگای Center for Disease Control
لەکەیسی پێنج پیاوی ھاوڕەگەزبازی توشبو بەجۆرێکی دەگمەن لەنەخۆشی سییەکان ( Pneumocystispneumonie ) لەدەوروبەری شاری Los Angeles ئاگاداردەکرێنەوە.
دیارە گرنگی ئەو دیاردەیە لەوەدابو، کەمرۆڤ بەھۆی دابەزینی بەرچاوی بەرگری سروشتییەوە دوچاری ئەو جۆرە دەگمەنە لەنەخۆشی سییەکان دەبێت، ئەو ٥ نێرینەیەش ھەوڕەگەزباز بونو کرداری سێکسی لەوجۆرەیان ئەنجامدابو.
ھاوکات پسپۆڕان لەشاری New York لەڕێی دوچاربونی چەند نێرینەیەکی بەھەمان شێوە ھاوڕەگەزباز بەجۆرێکی دەگمەن لەنەخۆشی شێرپەنجەیKaposi Sarkom لەوڕاستییە دڵنیادەبن
جۆرێکی نوێ لەنەخۆشییان دەستنیشانکردبێت، کەزۆر مەترسیدارو نوێ بێت بۆ مرۆڤایەتی، ھەروەھا بەجۆرێک لەجۆرەکان لەڕێی سێکسکردنەوە بواری گواستنەوەی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بۆ بڕەخسێت.
پاشان لەساڵی ١٩٨٢ دا بەفەرمی ئەو نەخۆشییەی کەسەرەتا تەنھا وەک نەخۆشی دابەزینی بەرچاوی بەرگری سروشتی جەستە ناسرابو، بەنەخۆشی Aids ناوزەندکرا. 
دیارە سەرھەڵدانی ئەو نەخۆشییە لە ١٤ وڵاتی دیکەی جیھان لەھەمان ساڵدا، سەرەتا گومانی لای پسپۆڕانی ئەو بوارە دروستکرد، دەشێت جۆرێکی تایبەتی لەمیکرۆب ھۆکاری بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە بێت.
لەساڵی ١٩٨٢ بەدواوە توێژینەوەکان بەئاڕاستەی دۆزینەوەی ھۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی لەبرەودابون، تادواجار لەساڵی ١٩٨٣ دا لەلایەن زانای فەڕەنسی 
Luc Montagnier توانرا ڤایرۆسی HI وەک ھۆکاری سەرەکی ئەو نەخۆشییە دیاریبکرێت.
لەپاش دۆزینەوەی ھۆکاری نەخۆشییەکە توێژینەوەکان بەئاڕاستەی باشکردنی ڕێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و لەھەمان کاتدا پێدانی ھۆشیاری چۆنێتی خۆپاراستن و ڕێگری لەزیاتر تەشەنەسەندن کران بەپێشینەی پاراستنی مرۆڤایەتی لەو نەخۆشییە کوشندەیە.
دیارە ساڵانە دەستنیشانکردنی بەرواری ١٢/١ بەڕۆژی جیھانی ئەیدز پەیامی ھەمیشە بیرخستنەوەو باشکردنی شێوازی بەرەنگاربونەوەو چارەسەری لەخۆگرتووە.
نیشانەکانی توشبون:
سەرەتا پاش ماوەی ٣-٦ ھەفتە دوای توشبون نەخۆشییەکە بە ٤ قۆناغی سەرەکیدا دەڕواتو بەنیشانە سەرەتاییەکانی وەک تا، شەوانە ئارەقکردنەوە، سکچون، نائارامی و خەمۆکی، لاوازی و ھەڵئاوسانی گرێ لمفەکان دەستپێدەکات. بێگومان کەسانی توشبو زۆرجار خۆیان دەزانن ئەگەر کرداری سێکسییان لەگەڵ کەسانی دیکەدا کردبێت، کەدەشێت ھەڵگری ئەو ڤایرۆسەبن، یان ئەگەر ھەرجۆرێک بەریەککەوتنیان لەگەڵ خوێنی کەسانی دیکەدا ھەبوبێت، ئەگەرنا ئەو جۆرە نیشانە سەرەتاییانە ئەشێت لەسەرمابون یان نەخۆشی ئاسایی دیکەوە سەرچاوەیان گرتبێت.

ھۆکارەکارو ڕێگاکانی توشبون بە HIV / Aids‌ :
١. سەرەتای بڵاوبونەوەی ئەو نەخۆشییە لەڕێیی پەیوەندی سێکسی لەنێوان نێرینەی ھاوڕەگەزبازدا 
بەدیکراوە، ھەربۆیە پەیوەندییەکی لەوجۆرەو ھەموو پیوەندییەکی دەرەوەی ژن و مێردایەتی ئەگەری توشبون زیاد دەکات.
٢. کرداری سێکسی لەگەڵ توشبوواندا.
٣. گواستنەوە لەڕێی وەرگرتنی خوێنی کەسانی توشبووەوە یان بەریەککەوتنی برینێکی کراوەی جەستە
لەگەڵ خوێنی توشبووان.
٤. بەکارھێنانی شرینقە یان دەرزی پێشتر بۆ کەسێکی توشبو بەکارھاتو.
٥. کۆرپەلەی ناو ڕەحمی دایکێکی توشبو بەڕێژەی ١٥-٢٠٪ ئەگەری توشبونی ھەیە، بەڵام ئەگەر دایکی توشبو بەردەوام لەژێر چارەسەردابێتو منداڵەکە لەڕێی نەشتەرگەرییەوە لەدایکبێت، ئەگەری توشبونی ئەو منداڵە دەچێتە خوار ٢٪.
٦. ھەندێکجار لەڕێی گواستنەوەی ئەندامێکی جەستەی توشبو بەو نەخۆشییە بۆ کەسی وەرگر ئەو نەخۆشییە دەگوازرێتەوە.
ئەگەرچی تائێستا چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەو نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام پێدانی دەرمانی تایبەت بەردەستکراوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئەو نەخۆشییە.
2146 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/12/2015
زیاتر...
1