پیتی  د
دڵەڕاوکێی گشتی
دڵەڕاوکێی گشتی (Generalized Anxiety Disorder (GAD
میران زوھدی – دەروونناس و دەروونناسی کۆمەڵایەتی – سوید

زۆر جار دەبیستین زۆر کەس دەناڵێنن بە دەست ئازاری جەستەیانەوە زۆرلەم کەسانە بەردەوام یان زۆرکات سکاڵا دەکەن لە دەست ژانەسەر و دەڵێن دەستمان لەناکاو سڕ دەبێت یان دەئاوسێتو ھەروەھا لەناکاو یان سەرما دامدەگرێت و لەرزم لێدێت یان ئارەق دەکەمەوە. یان خەویان تێکچووەو شەوانە تا درەنگ خەویان لێ ناکەوێت. دەشڵێن کە سەردانی پزیشکیان زۆر کردووە بەڵام کەس نازانێت چییانەو تا ئێستا دەناڵێم بەدەست ئەم ئازارانەوە، ئازاری سکم و ڕیخۆڵەکانیشم لەولاوە ڕاوەستێ، ئەمەندەشم حەبو دەرمان خواردووە ئێستا ھیچ شتێک کارم تێناکات. بەڵام خوێنەری خۆشەویست گەر ئەم نیشانانەت ھەبوو، دڵنیات دەکەم کە تۆ ھیچ کێشەیەکی جەستەیت نیەو پزیشک ناتوانێت دەردی تۆ چاەسەر بکات بەڵکو تۆ دەناڵێنێت بە دەست جۆرێک لە دڵەڕاوکێ کە پێی دەڵین دڵەڕاوکێی گشتی Generalized Anxiety Disorder و چارەسەری دەردی تۆ لای دەرووناسو ڕاھێنەری دەرونی و پزیشکی دەروونیە.

ھەموو کەسێک کەم یا زۆر دڵەڕاوکێی توش دەبێت، بەڵام کەسانی توشبوو بە دڵەڕاوکێی گشتی کە لێرە بەدواوە بە گاد GAD ناوی دەبەم کە کورتکراوەی ناوەکەیەتی، بەردەوام بە بێ خواستی خۆیان قەلەق دەبن بۆ ھەموو شتێک و نەتوانین بۆ واز ھێنان لەم قەلەقیە خاڵی سەرەکی و بنەڕەتی ئەم نەخۆشییەیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کەسی توشبوو ترسو دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامی ھەیە بۆ ھەموو ڕووداوەکانی ژیان، ھەر لە شتی بچوکەوە بگرە تا گەورە. بۆ نموونە خۆ قەلەق کردنو ترسو دڵەڕاوکێ بەرامبەر باری ئابووری، کێشەو ڕووداوە سروشتیەکانی وەک بومەلەرزو، لافاو، کێشەوشەڕی جیھانیو سیاسی، یان کیشەی سادەی وەک چۆن بەیانی فریا بکەوێتو بگاتە ئەو مەوعیدەی کە بەیانی ھەیەتی، خۆ قەلەق کردنو دڵەڕاوکێ بۆ داھاتوو یان ڕابردوو، یان مەکتەبو ئیشوکار. بە کوردیو بە کورتی ئەم جۆرە کەسانە کە توشی ئەم نەخۆشیە دەبن کە زۆر جار ھەموو تەمنیان دەبەنە سەری لەگەڵیدا، بێ ئەوەی کە ھەست بکەن کە نەخۆشن و وەک ئاماژەشم پێکرد سەدانی پزیشک دەکەن بۆ نەخۆشی نیشانەکانی کە باسم لێکرد، ئەم کەسانە بەردەوام لە قەلەقی و دڵەڕاوکێدا دەژین. لەم قەلەقی و ترسو دڵەڕاوکێ ڕزگاریان دەبێت شتێکی تر دەست پێدەکات. گرنگ ئەوەیە کە شتێک ھەبێت کە پێوەی قەلەقبنو سەرگەرمیان بکات گەر تەنانەت قەبزی یان سکچونی منداڵی منداڵەکەی یان خوشکی یان خوشەکەزا یان برازا یان ھەر خزمێکی بێت و ھەرگیز ناتوانن بە ئارامی ژیان بەسەربەرن.
ھەرچەندە ئەم جۆرە کەسانە بیانەوێ لەڕێگەی تەماشاکردنی تەلەفیزیۆنەوە یان پەرتووک خوێندنەوەوە یان ھەر شتێکی ترەوە خۆیان لەم قەلەقیو دڵە ڕاوکێیە بدزنەوە، بەڵام ناتوانن بەردەوام یان بۆ ساتیکی کەم زیاتر سەرنجو دیقەتیان لای ئەو شتانە بێت بەڵکو زوو خەیاڵەکانیان بێخواستی خۆیان دەیانبەنەوە سەر قەلەقیو دڵەڕاوکێیان و ئەمەش کارێکی زۆر نێگەتیڤ دەکاتە سەر کاوباری ڕۆژانەو پەیەوەندی کۆمەڵایتیو خێزانی.
ھەموو مرۆڤێک بۆ ماوەیەکی کەم توشی قەلەقی و ترسو دڵەڕاوکێ دەبێت، بەتاتیبەت کە دەست دەکات بە کارێکی تازە یان تاقیکردنەوەیەکی ھەیە….ھتد، بەڵام ئەم ترسو دڵەڕاوکییە جیاوز لە دڵەڕاوکێی گشتی GAD، کاتییە و بەکارێکی ئاسایی دادەنرێت، بەڵام کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە ترسو قەلەقیو دڵەڕاوکێکەیان بەردەوامەو زیاد لە ڕادە زێدەڕەوی دەکەن لەم ترسو دڵەڕاوکێیەیان ھەرچەندە کێشەکانیش سادەبن ئەمان ھەر بەگەورەی دەزانن و کە کێشەکان چارەسەریش بوون ئەم کەسانە ھەر ناتوانن واز لەم قەلەقیو دڵەڕاوکێیەیان بھێنن، گەر ھەر ھیچ نەبێت بۆ خۆ قەلەق کردنو ترسو دڵەڕاوکی ئەم جۆرە کەسانە خۆیان توشی ترسو دڵەڕاوکێ دەکەن لەبەر ئەوەی کە ھەست دەکەن کە قەلەقن.
پرسیارم دەربارەی ژیانی کەسێک کرد لەو کەسانەی کە چەند ساڵبوو دەیناڵاند بەدەست ئەم گرفتەوەو سەردانی دەیان پزیشکی کردبوو بۆ ئازارەکانی جەستەی بێ چارەسەر، لەوەڵامدا وتی: ھەتا بڵێی ژیانێکی پڕ ترسو دڵە ڕاوکێم بردە سەر، بۆ ھەموو شتێک قەلەق بومو دڵەڕاوکێم پێئەکەوت. ھەموو ژیانم بەم جۆرە بردەسەر و توشی ھەزار نەخۆشی بووم کەس نەیدەزانی چیمە، ھیچکام لەم ترسانەشم کە ھەم بوو بۆ داھاتوو ھەرگیز نەھاتنە دی، بەڵام نازانم ھەڵەی من بوو یان ھی پزیشکەکان کە قەت درکیان پێنەدەکرد و من ھەرگیز نەم دەوت کە بەردەوام قەلەقو ترسو دڵەڕاوکێم ھەیە کاتێک کە دەچوم بۆ لای پزیشکی بۆ ئازارەکانی جەستەم، بۆخۆی منش بەم جۆرە تەمەنم بەسەر برد…..زۆر پەشیمانم کە ھەرگیز باسی ئەو ترسو دڵەڕاوکێ ناسروشتیانەم نەدەکرد بۆ ھیچ پزیشکێک بەدەر لە ئازارەکانی کە پێوەم دەناڵاند.
ئەو کەسانەی کە توشی ئەم نەخۆشییە دەبن بۆ ئەم جۆرە نیشانانەی خوارەوە سەردانی پزیشک دەکەن:
١. نا ئارامی و ھەستکردن بە نیگەرانی.
٢. ھەستکردن بە ھیلاکییەکی زۆر.
٣. زۆر بە زووی ھەڵچونو توڕەبوون.
٤. ڕەقبوونی ماسولکەکان.
٥. تێک چوونی خەو، یان بە زوو لە خەو ھەڵستان یان درەنگ خەولێکەوتن.
٦. ئازاری سک، میزەڵدان و ڕیخۆڵکەن.
٧. گێژخواردنی لەناکاو.
٨. ژانەسەرێکی بەھێزی کوتوپڕ.
٩. ھەست کردن بە دڵ تێکەڵھاتن.
ئەم جۆرە کەسانە کەمتر بەرگەی سترێس دەگرنو لە کاروباری ڕۆژانەیاندا بۆیان سەختە فریای ھەموو ئیشوکارەکانیان بکەون لە بەر ئەوەی کە دەبێت ھەموو شتێک پێرفێکت بێت، تاکو بتوانن لە خۆیان ڕازی بن. بۆ نمونە ‌حەزیان لە میوانی ناوەخت نیە چونکە دەبێت ھەموو شتێکی ماڵەکە پێرفێکت بێت. ھەروەھا توانای سەرنجو تێڕوانینیان زۆر کەمە لەبەر ئەوەی کە بەردەوام ھەر بۆڵە بۆڵیانە لەبەر خۆیانەوەو ڕازینین لە شتەکان و ڕوداوەکان، سەرەڕای ئەمانەش بەردەوام سەرنجو دیقەتیان لای ئەو کارەساتو ڕووداوانەیە کە ئەگەری ڕوودانیان ھەیە لەداھاتوودا لە خۆیان یان لە کەسی نزیکیان ڕووبدات بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدان بۆ ئەو کارەساتە ناخۆشانەی کە ئەگەری ڕودانیان ھەیە لە خۆیان یان کەسوکاری نزیکیان وەک دایک، باوک، خوشکو برا و مێرد. زۆربەی کات دنیای ڕاست (واقیع) زۆر بە ترسناکو خەتەرناک لە قەڵەم دەدەن و خۆیانی بۆ قەلەق دەکەن. شایەنی باسە کە ئەم جۆرە کەسانەی کە ئەم کێشە دەروونییەیان ھەیە بەردەوام قسەو باسە نێگەتیڤەکانیان (سلبی) دێتەوە یاد یان ڕووداوو قسەی چواردەوریان بە نێگەتیڤ لە قەڵەم دەدەن و ھەمولایەنە باشەکان فەرامۆش دەکەنو دەیانخەنە ئەولاوە و ووزەو کاتیان زیاتر بە شتە نێگەتیڤەکانی ڕووداوەکەوە تەرخاندەکەن. لە ھەموو قسەو باسێکدا توانجو تەعلیقو شتی نێگەتیڤ دەدۆزنەوەو بۆڵە بۆڵی لەسەردەکەن و بە ھەڵە لە شتەکان حاڵی دەبن. ئەم جۆرە کەسانە ھەرگیز ناتوانن لە حاڵەتی ئێستادا بژین و تاموچێژ لەم ساتو وەختە ببینن لەبەر سەرگەرمیان بە قەلەقی بۆ ڕووداوەکانی داھاتوو کە لە خۆیان یان کەسانی نزیکیان ڕووبدات یان سەرگەرمن بە ڕووداوی ڕابردووەوە.
بەداخەوە زۆر جار کە پرسیار لەم جۆرە کەسانە دەکەیت لە کەیەوە ئەم جۆرە نیشانانە سەری ھەڵداوە لێیان ناتوانن بەبیریان بێتەوە لەبەرئەوەی ھەر لە منداڵییەوە وەک فێربونێک فێری بوون لە ڕێی پەروەردەی خێزانییەکەیانەوە بۆتە بەشێک لە کەسایەتی ئەم کەسانە کە بەردەوام بە قەلەقیو ترسو دڵەڕاوکێوە بۆ کارەساتو ڕوداوەکان بڕوانن، لەبەرئەوەی ھەر لە منداڵییەوە دایکیان یان باوکیان بۆ چارەسەرکردنی کرفتەکانی ژیانو باری ئابوری داھاتوویانو ڕووداوو کرەساتەکانی ژیان زیاتر بە قەلەقی ترسو دڵەڕاوکێوە بەرەو پێشی چوون و مامەڵەیەن لەگەڵدا کردووە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم ترسو دڵەڕاوکێیە چارەسەرناکرێت بەڵکو لە ڕێگەی تەکنیکی ھزری جیاوازەو دەتونرێت ئەم جۆرە کەسانە چارەسەری گرفتەکانیان بکەنو بەرەوڕووی کێشەکانیان ببنەوە، بەڵام دەبێت بە تەحەمول بیت چونکە ئەم چارەسەرکردنە ڕاھێنانی مێشکی دەوێت تاکو مێشک بتوانێت ئۆتۆماتیک شتە ڕاستییەکان پۆسیتیڤەکان (باشەکان) ھەڵ بژێرێت وبیریان لێبکاتەوەو خراپەکان فڕێبداتە ئەولاوە. لەھەمان کاتدا چارەسەری دەرمانیش ھەیە، بەڵام ئەگەری سەرھەڵدانەوەی زیاترەچونکە کەسی توشبوو بەم گرفتە دەبێت فێربێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشەکەیدا دەکاتو مێشکی فێردەکاتو ڕایدەھێنێت بە شتی باشە.

بەڕێزان وەک باسمان کرد ئەمە گرفتێکی یەکجار بەربڵاوەو لە زۆربەی کۆمەڵگاکانداو دەتوانم بڵیم بە پیێ ئاماری ساڵی ٢٠١١ ڕیژەیان لە نەخۆشی خەمۆکی زیاتر بووە. ھەربۆیە بە باشم زانی مادام ھەر باسمان لەم گرفتی دەرووننیە کرد کە خەڵکان سەردانی پزیشک دەکەن بۆ ئازاری شانو ملو ڕیخۆڵەو قەبزی..ھتد پاش ھەموو پشکنینێکی زانستیش ھیچ دەرناکەوێت لەبەرئەوەی کێشەی فیسیلۆژیان نیە بەڵکو دەروونیە. لەبەر ئەم ھۆیە پێم باش بوو کە ئەو پرسیارانە بنووسم کە بۆ دەستنیشانکردنی ئەم نەخۆشییە بەکار دەھێنرێت. تۆی بەڕیزیش دەتوانی خۆت یان کەسی نزیکت تەنھا بە وەڵامی بەڵێ، ھەندێ جار یان نەخێر بۆم بنێری بۆ miran.psychologist@hotmail.com پێویست ناکات ناویشت بنوسی گەر خۆت بتەوێت بە نھێنی بێت تاکو بۆت دەست نیشان بکەم کە تۆ کێشەی ئەم نەخۆشیەت ھەیە یان نزیکیت لە توشبوون بوم نەخۆشیە و ڕێنمایت بکەم، بەڵام دەبێت لایەنی کەم شەش مانگ بێت کە ئەم نیشانانەت ھەبێت.
بۆ نمونە پرسیاری یەکەم ئەڵی ھەست دەکەی کە زۆر جار شانو ملت ڕەقدەبن؟ تۆ ھە ئەوەندەت لەسەرە بنوسی پرسیاری ١. بەڵی یان نەخێر یان ھەندی جار. ھتد
ئەمانەش پرسیارەکانن، بەڵام ھەوڵبدە کە بەوپەڕی ڕستگۆییەوە وەڵام بدەیتەوە گەر دەتەوێت وەڵامێکی دروستت دەست بکەوێت.
پرسیارەکان:
١. ھەست دەکەیت کە زۆر جار شان، مل، یان شوێنێکی تری لەشت ڕەق دەبێت؟
ڕ. بەڵێ ب. جاروبار ت. نەخێر
٢. قەت ڕویداوە کە بەبۆنەی قەلەقیتەوە یان سترێسەوە توشی کێشەی یان ئازاری ناو سک بووبیت یان تووشی سکچون یان قەبزی بووبیت؟
ڕ. بەڵێ ب. جاروبار ت. نەخێر
٣. زوو زوو ھەست دەکەیت بەھیلاکی یان ھەست دەکەیت زوو ھیلاک دەبیت؟
ڕ. ھەفتەی یەک جار ب. لە ١ جار زیادتر لەھەفتەیەکدا ت. قەت
٤. ھەست دەکەیت کە کارێکی سەختە کە کۆنتڕۆڵی قەلەقێو ترسو دڵەڕاوکێکانت بکەیت بۆ ھەموو شتەکان بە جۆریک کە کاری کردبێتە سەر کارو باری ڕۆژانەت؟
ڕ. بەڵێ ب. ھەندێ جار ت. نەخێر
٥. ئایا بەلاتەوە قورسە کە سەرنجو دیقەتت بدەیتە سەرشتێک بە بێ ئەوەی کە خەیاڵەکانت بدەبەنەوە سەر دنیای خۆیان؟
ڕ. بەڵێ ب. ھەندێ جار ت. نەخێر.
٦. ھەست دەکەیت کە بەردەوام یان زۆربەی کات توڕەیتو لەشت گرژە؟
ڕ. بەڵی ب. ھەندێ جار ت. نەخێر
٧. ھەست دەکەیت کە زۆر جار ھەر لەپڕێکدا ئازاری سەرت دێت یان توشی ژانەسەرێکی کوتوپڕدەبیت بە بێ ھیچ ھۆکارێک؟
ڕ. بەڵی ب. ھەندێ جار ت. نەخێر
٨. ھەست دەکەیت کاتێک سەرەرمی کارێکی یان شتێکی بیکەیت یان سترێسی زۆر بە ئاسانی تووڕەدبیتو ھەڵدەچیت؟
ڕ. بەڵێ ب. ھەندێ جار ت. نەخێر
٩. کاتێک دەچیتە ناو جێگای خوتنەوە بۆت قورسە زوو خوت لی بکەوێت لەبەر ئەوەی کە ھەر بیر دەکەیتەوە؟
ڕ. بەڵی ب. ھەندێ جار ت. نەخێر
١٠. ھەست دەکەی کە زۆر جار ھەست بەھیلاکیەکی زۆر و بێھێزییەکی زۆر دەکەیت لەبەر ئەوەی کە کارکی ئاسایت ئەنجام داوە؟
ڕ. بەڵێ ب.ھەندێ جار ت. نەخێر
١١. ھەست دەکەیت کە زۆر جار ھەر لە پڕێکدا ئارەق دەکەیتەوە یان شەپۆلێکی گەرمی بە لەشتدا دێت؟
ڕ. بەڵێ ب. ھەندێ جار ت. نەخێر
١٢. ھەست دەکەیەت کاتیک کە قەلەق دەبیت بۆ شتێک دەڵێ پارچەیەک یان شتێک لە بۆری ھەناسەت یان قوڕگت گیراوە؟
ڕ. بەڵێ ب. ھەندی جار ت. نەخێر
١٣. ھەست دەکەی زۆر جار لە بەۆنەی قەلەقیتەوە ھەست بە ڕشانەوە یان دڵ تیکھەڵھاتن بکەیتەوە؟
ڕ. بەڵێ ب. ھەندێ جار ت. نەخێر

miran.psychologist@hotmail.com

http://miranzuhdy.blogspot.com/

derunnasy 
4828 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1