پیتی  م
مەنگۆلیسموس

زانا احمد قادر

 ( 21 Down Syndrom / Trisomy ) مەنگۆلیسموس

 مەنگۆلی یەکێکە لەو نەخۆشییە بڵاوانەی کەلەھەر ٧٠٠ منداڵێک لەتێکڕای جیھاندا یەک منداڵ بێ جیاوازی ناوچەییو نێونەتەوەیی دووچاری ‌دەبێت.
ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکی جینی کەھەر لەسەرەتای پیتاندنداو دابەشبونی خانەکانی کۆرپەلەدا لەکرۆمۆسۆمی ٢١ داڕوودەدات.

کرۆمۆسۆمەکان لەھەموو خانەکانی جەستەدا بونیان ھەیە و ‌تێکڕا لە ٢٣ جوت پێکھاتون.
ھەر جوتێک ‌لەو ٢٣ کرۆمۆسۆمە لە یەک کرۆمۆسۆم لەتۆوی باوک و یەک کرۆمۆسۆم لەھێلکەی دایک پێکھاتووە.
 ‌
کێشەی Down لەوھەڵەیەدایە کەلەکرۆمۆسۆمی ٢١ دا ڕوودەدات، کەلەبری جوتێک کرۆمۆسۆم ٣ دانە دروستدەبێت، واتە کرۆمۆسۆمێکی ٢١ ی زیادە دروستدەبێت لەھەر یەکێک لەخانەکانی جەستەدا.

زاراوەی مەنگۆلی کەبۆ ناسینەوەی ئەو جۆرە کەسانە بەکاردێت، کەبۆ یەکەمجار لەساڵی ١٨٦٦ دا لەلایەن پزیشکی بەریتانی Dr Langdon Down بەکارھاتووە.
شایەنی باسە زاراوەی Down Syndrom دەگەڕێتەوە بۆ ناوی ئەو پزیشکەو زاراوەی Mongolismus ھەمان پزیشک بەھۆی ئەو لێکچونەوە بەکاریھێناوە کەلەنێوان سیماو چاوی ئەو جۆرە کەسانەو خەڵکانی مەنگۆلستاندا بەدیکردووە.

لەئێستادا زاراوەی مەنگۆلی لەجیھانی تەندروستیدا بەکارناھێنرێت، بەوپێیەی ئاماژەی کەمکردنەوەو ڕاسیستی تێدابەدیدەکرێتو نوێنەرانی وڵاتی مەنگۆلستان پێشتر ناڕەزاییان لەوبارەیەوە دەربڕیوە.

کەسانی توشبو بەھەندێک لێکچونو نیشانەی تایبەتیدا دەناسرێنەوە، کەگرنگترینیان کەموکورتی لەنەشونمای ھزریدا، کورتەباڵایی، خڕی بەرچاوی سەرو دەموچاو، بەرزی گۆشەی دەرەوەی چاو ھاوشێوەی مەنگۆلەکان، نزمی گوێچکەکان، گەورەیی زمان، پانی دەست و کورتی پەنجەکان، بەڕێژەی ٤٠-٦٠٪ کێشەی دڵیان ھەیە، زۆرجار لاوازی چاو و گوێ و کێشەی ڕیخۆڵەیان ھەیە.

ئەگەرچی Trisomy ٢١ بەیەکێک لەنەخۆشییە بۆماوەییەکان ھەژماردناکرێتو بەڕێژەی ٩٥٪ لەھەڵەی کرۆمۆسۆمی ٢١ لەکاتی پیتاندنو سەرەتای دابەشبونی خانەکاندا ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەشدا بونی منداڵی لەوجۆرە لەخێزانی باوک یان دایکدا ئەگەری دوبارە دروستبونی منداڵێکی لەوجۆرە کەمێک بەرز دەکاتەوە.

 

ھۆکارەکانی دروستبونی Down Syndrom:

١. تەمەنی دایکو باوک، بەتایبەتی درێژی تەمەنی دایک پەیوەندی بەدروستبونی منداڵێکی لەوجۆرەوە
 ھەیە. لەنێو دایکانی تەمەن ٢٥ ساڵان بەڕێژەی ١٠٠٠/١ ، واتە لەھەر ھەزار منداڵێک یەک منداڵی لەوجۆرە لەدایک دەبێت‘ ٣٥ ساڵان ١٠٠٠/٣ ، ٤٠ ساڵان ١٠٠/١، لەتەمەنی ٤٨ ساڵان ٩/١٠٠ ئەگەری دروستبونی منداڵێکی Down ھەیە.
٢. ئەگەری دروستبونی منداڵی Down لەکاتی بەکارھێنانی دەرمانی دژەمنداڵبوندا لەلایەن دایکەوە زیاتر دەبێت.
٣. دروستبونی دووانە، سییانە یان زیاتر ئەگەری دروستبونی منداڵی Down کەمێک بەرزدەکاتەوە

ئەگەرچی لەئێستادا ھیچ زانیارییەک دەربارەی خۆپاراستن یان ڕێگری لەدروستبونی منداڵێکی لەوجۆرە لەبەردەستانییە، بەوپێییەی ھۆکاری سەرەکی ئەو ھەڵەیە سەرەتا لەکاتی پیتاندنو دابەشبونی خانەی جەستەی کۆرپەلەدا ڕوودەدات، بەواتایەکی دیکە ھەموو خانمێک بەڕێژەی جیاواز ئەگەری دروستکردنی منداڵێکی داونی ھەیە.

بەگشتی پسپۆڕان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کەدووگیانبون لەسەرو تەمەنی ٣٥ ساڵییەوە مەترسی زیاتری دروستبونی منداڵێکی ناتەندروستی لێدەکەوێتەوە، ھەربۆیە ڕێنمایی خانمانی سەرو تەمەنی ٣٥ ساڵ دەکرێت پێش پڕۆسەی دووگیانبون ھەروەھا لەکاتی دووگیانبوندا چەند پشکنینێکی بۆئەنجام بدرێت.
سەبارەت بەنەخۆشی Down دەکرێت لەڕێی ئەم چەند پشکنینەی خوارەوە لەکاتی دووگیانبوندا دەستنیشان بکرێت:
١. لەڕێی پشکنینی ئامێری سۆناری زۆر تایبەتییەوە لەھەفتەی ١١-١٣ دا ئەستوری پێستی پشتەملی کۆرپەلەکە لەسکی دایکدا دەپێورێت. لەدۆخێکی ئاساییدا بەھۆی کۆبونەوەی لمفەکان لەپشتەملدا ئەستورییەکەی لەسەرەتای ھەفتەی ١١ دا لە ٢ملم تێناپەڕێت، لەکۆتایی ھەفتەی ١٣ دا نابێت لە ٢٫٨ ملم زیاتربێت. لەڕاستیدا کەمجار منداڵی تەندروستیش لەوڕێژەیە لادەدات و دەگاتە سەرو ٣ ملم، بەڵام منداڵێکی داون زۆرجار لەسەرو ٥ ملم دەبێت.
٢. ئەگەر پێستی ملی کۆرپەلە بەڕێژەی بەرچاو ئەستوربێت، پێویستە بەمەبەستی زیاتر دڵنیابون پشکنین بۆ ئاوی ناو ڕەحمی دایکەکە بکرێت ( Amniozentese )، ھەرچەندە مەترسیدارەو ئەگەری لەبارچون زیاددەکات.
٣. Chorion biopsy لەدوای ھەفتەی ١١ دەکرێت، لەڕێی دەرھێنانی نمونەیەک لەوێڵاشەوە دڵنیایی نزیکی ١٠٠٪ بەردەستدەکات لەسەر Down Syndrom و زۆر نەخۆشی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕان پشکنینی ئاوی ناو ڕەحم بەباشترو کەم مەترسیدارتر دەزانن
 ٤. پشکنینی خوێن لەساڵانی ڕابوردودا زۆر پشتی پێنەدەبەسترا، بەڵام خۆشبەختانە لەساڵی ٢٠١٢ بەدواوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوەبینی.
لەئەڵمانیا لەساڵی ٢٠١٢ ەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانی ( LifeCodexx ) جۆرێک لەپشکنینی خوێن لەژێرناوی Praena Test لەدوای ھەفتەی ٩ ی دوگیانبون بەبڕی ٦٦٠ یۆرۆ ئەنجامدەدرێت کەبەدڵنیایی ٩٩٫٨٪ دەستنیشانی Down Syndrom دەکات.
کۆمپانیای ئەمەریکی Ariosa Diagnostics Inc لەساڵی ٢٠١٣ جۆرێک لەپشکنینی بەناوی
Harmony Test داھێناوە کەبەدڵنیایی ٩٩٫٧٪ Down Syndrom دەستنیشان دەکات، لە ئەڵمانیا
 بەبڕی ٤٤٩ یۆرۆ لەدوای ھەفتەی ١١ ەوە ئەنجامدەدرێت.‌

3170 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/11/2015
زیاتر...
12