پیتی  ش
ئازاری شان
زانا احمد قادر
(ئازاری شان )

جومگەی شان کەلەخاڵی بەیەکگەیشتنی ھەردوو ئێسکی باڵ و دەفەی شان پێکھاتووە، ئەو جومگەیەیە
کەلەدۆخێکی تەندروستدا ‌بەراورد بەجومگەکانی دیکەی جەستە، بوار بەزۆرترین جوڵە دەدات لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە.
دیارە مرۆڤ لەو تایبەتمەندییەی جومگەی شان کەتوانای جوڵەیەی زۆری بەشان و باڵی پێدەدات، لەژیانی ڕۆژانەدا زۆر سودمەندە، ئەگەرچی بەھۆی ھەمان تایبەتمەندییەوە ھەندێکجار دووچاری چەندین جۆر لەکێشەو ئازار دەبێتەوە.
پسپۆڕانی ئەو بوارە ھەمیشە جەخت لەو ڕاستییە دەکەنەوە کە جومگەی شان لەڕووی پێکھاتەییەوە جومگەیەکی زۆر ئاڵۆزەو چارەسەرکردنی لەکاتی ناتەندروستبونیدا ھەروا سانا نییەو زۆرجار ھەمەلایەنو درێژخایەنە.
ئاڵۆزی جومگەی شان پەیوەستە بەتوانای زۆری ئەو جومگەیەوە بۆ جوڵاندنی شان و باڵ بەھەموو لایەکداو گەورەیی قەبارەی کەللەی ئێسکی باڵ بەراورد بەو بەشەی دیکەی جومگەی شان، کەلەبەشێکی دەفەی شان پێکھاتووەو لەڕێی چەندین ماسولکەو بەستەرەوە ئەو کەللەیە لەسەری ڕاگیراوە.
ھۆکارەکانی ئازاری شان:
١. چەمانەوەی پشت لەکاتی دانیشتندا بەرەو پێشەوە بۆ ماوەی درێژخایەن. دیارە کاکردنی زۆر بەئامێری کۆمپیتەر لەدانیشتندا ھۆکارێکی گەورەی ئەو جۆرە کێشەیەیە.
٢. لەدەستدانی توندوتۆڵی جومگەی شان بەھۆی لاوازبونی ماسولکەکانی شانەوە، بەتایبەتی گورزەماسولکەی Rotator Cuff کەلەچوار ماسولکەی بەشی دواوەی شان پێکھاتووە.
٣. ھەندێکجار بونی ئازار لەشانی چەپدا دەشێ پەیوەندی بەگەدەوە ھەبێت، یان شانی ڕاست پەیوەندی بەجگەرەوە ھەبێت
٤. بەھۆی بونی کێشە لەملدا، بەتایبەتی کێشەی داخزانی دیسکی نێوان بڕبڕەکانی مل ( انزلاق ) ، دروستبونی پەستان لەسەر دەمارەکانی مل و بەگیروەستانی جومگەی نێوان بڕبڕەکانی سنگ و مل.
٥. ماندوکردنی لەتوانای جومگەو ماسولکەکانی شان زیاتر بەتایبەتی بۆ ماوەی درێژخایەن، دەبێتەھۆی بەئازاربونی شان و باڵ.
٦. کەمبونەوەی توانای جوڵە، ئاوسایی، بونی گەرمی و ئازار لەجومگەی شاندا لەوجۆرە نیشانانەن کەئاماژە بەھەوکردنی جومگەکە دەدەن. نزیکبونەوەی ھەردوو ئێسکی جومگەی شان لەیەکتریو بەوھۆیەوە تەسکبونەوە لەجومگەکەدا ( Impingement ) ھۆکارێکە بۆ برینداربونی ھەندێک ماسولکەی وەک Supraspinatus ھەروەھا Biceps Brachial و کیسی ( Bursa ) ناو جومگەکەو پاشان داخورانی ڕوپۆشی کڕکڕاگەیی ناو جومگەکە ( ێوفان ).
٧. دروستبونی کلس و ئێسکی زیادە لەپێکھاتەی کریستاڵی کالیسێوم(Tendinitis Calcarea)لەجومگەی شان و ماسولکەکانی دەوروبەریدا بەئازارەو مەودای جوڵەی کەمدەکاتەوە. لەدەستدانی توندوتۆڵی، لاوازی ماسولکەکان و داخورانی کڕکڕاگە لەھۆکارە سەرەکییەکانی دروستبونی کلس و ئێسکی زیادەن لەو جومگەیەدا.
٨. ڕوماتیزم یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کەجومگەی شان و زۆرینەی جومگەکان دووچاری دەبن، دەبێتەھۆی گەرمی، کەمبونەوەی بەرچاوی جوڵەو ئازاری درێژخایەن لەشاندا.
٩. Frozen shoulder یەکێکە لەنەخۆشییە بڵاوەکانی جومگەی شان، زۆر بەئازارەو توانای جوڵەی جومگەی شان تەواو سنوردار دەکات. خودی ناوی نەخۆشییەکە واتای بەستنی شان ھاوشێوەی سەھۆڵ دەگەیەنێت، دیارە لەو سۆنگەیەوە بەوجۆرە ناوزەند کراوە کەشان تەواو سستو کەمجوڵە دەکات.
شایەنی باسە ھۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە نەزانراوەو لەڕێی ھەوکردنەوە دەبێتەھۆی پێکالکاندنی پەردەی ڕوپۆشی جومگەکەو سنوردارکردنی جوڵە. 
زانایان پێیانوایە نەخۆشی شەکرەو پێکان و نەشتەرگەری لەشاندا لەھۆکارەکانی دروستبونی ئەو 
جۆرە نەخۆشییەن. سەرەتای ئەم نەخۆشییە بەئازاری شەوانە دەستپێدەکات، پاشان پاش چەند مانگێک یان چەند ھەفتەیەک ئازار کەمدەبێتەوەو جوڵە بەتایبەتی لەخولانەوەو بەرزکردنەوەی لاتەنیشتدا تەواو سنوردار دەبێت، لەقۆناغی کۆتاییدا پاش چەند مانگێک زۆرجار نەخۆشییەکە بەتەواوی بنەبڕدەبێت.
١٠. ھەندێکجار لەناکاو دروستبونی ئازار لەشان و قۆڵی چەپدا بەبێ بونی ھیچ ھۆکارێکی دەرەکی یان میکانیکی ، بەتایبەتی لە سەرو تەمەنی ٥٠ ساڵیداو ھاوکات لەگەڵ ھەناسەسواریو بونی پەستان لەنزیکی دڵدا پێویستە گومان لەجەڵتەی دڵ لای پزیشک دروستبکاتو پشکنینی تایبەتی بۆ نەخۆش بکات

خۆپاراستن و چارەسەری ئازاری شان:
١. دیارە بونی ئازار بۆ چەند ڕۆژێک زۆر کێشە نییە، بەڵام درێژخایەنی بۆ ماوەی دوو ھەفتە زیاتر
پێویستە لەلایەن پزیشک و کەسانی پسپۆڕەوە ‌پشکنین و چارەسەربکرێت. بێگومان دەستنیشانکردن پێویستە بنەمایەک بێت بۆ ھەڵبژاردنی شێوازی چارەسەر.
٢. سەرەتا بۆ ماوەیەکی کاتی پشودان و وەرگرتنی دەرمانی ئازارشکێن، لەھەمان کاتدا چارەسەری فیزیایی، گەرمی، شێلان، چارەسەری کارەبایی...ھتد زۆر بەسودن.
٣. وەرزشی بەردەوامو پیڕەوکردنی نەریتێکی ژیانی ڕۆژانەی تەندروست، کەدانیشتن و کارپێکردنی شان و باڵ بەشێوەیەکی تەندروستو حەوانەوەی پێویستی تێداڕەچاوکرابێت جۆرێکە لەخۆپاراستن.
٤ ھەندێکجار بەئازاربونی شان بەھۆی ھەوکردنی جومگە یان کیسی Bursa دەکرێت لەڕێی ١-٢ دەرزی کۆرتیزۆن بۆ ناو جوگە چارەسەربکرێت.
2723 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/10/2015
زیاتر...
1