پیتی  ڤ
ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە ھۆی شێرپەنجە
د . زاھیر سوران

پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان

بەرێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی

ئەو ڤایرۆسانەی دەبنە ھۆی شێرپەنجە !!

ھەمووان ئەو راستییە باش دەزانن کە ڤایرۆسەکان بەشێکی گرنگ لە میکرۆئۆرگانیسمەکان پێک دەھێنن و کەم یان زۆر دەبنە ھۆی ھەوکردنی (کوتوپڕ یان  تولانی) ، وەلێ لەم ساڵانەی دوواییدا ئەو راستییەش سەلمێنرا کە ژمارەیەک لە ڤایرۆسەکان دەتوانن ببنە ھۆی چەندان جۆری شێرپەنجە . ھەرچەندە ڤایرۆسەکان دەتوانن بە رێگای جیاوازدا مرۆڤێکی لەش ساخ تووشی ڤایرۆسەکە بکەن ، وەلێ کاتێک ڤایرۆس دەبێتە ھۆی شێرپەنجە ئەوا ئەو جۆرە شێرپەنجەیە لە یەکێکەوە ناگوێزرێتەوە بۆ یەکێکی دی و کەس تووش ناکات بەڵام ئەوەی دەگوێزرێتەوە تەنیا خودی ڤایرۆسەکەیە . گەر بەراوردێک بکەین لە نێوان زانستی پزیشکی ٣٠ ساڵان لەمەوبەر و ئەمڕۆدا دەبینین کە پێشکەوتنێکی بەرچاو ئەنجامدراوە زۆر سوودی بە نەخۆش و پزیشکیش گەیاندووە . ئەنجامی توێژینەوەکانی ساڵانی رابردوو توانیان زێدەتر زانیاری لە مەڕ ڤایرۆسەکان بڵاوبکرێتەوە ، ئەم پێشکەوتنانەش بۆتە ھۆی دروستکردنی چەندکوتانێکی بەسوود و بەکارکە ئەمڕۆ دانیشتوان بە مەبەستی خۆپاراستن بەکاری دەھێنن .ھەرچەندە دەیان ڤایرۆس ھەن و دەبنە ھۆی چەندان نەخۆشی وەلێ ئەوەی گرنگە بە باسەکەمان ئەو ڤایرۆسانەن کە دەبنە ھۆی شێرپەنجە وخۆشبەختانە توانراوە کوتان دژی دووانیان دروست بکرێت. بەم شێوەیە توانراوە رێگە لە بڵاوبوونەوەی ھۆی شێرپەنجەکان بگیرێت ئەوسا رێژەی تووشبون بە شێرپەنجەکەم دەبێتەوە . ئەوەی راستی بێت گەلێک ئاستەم لە رێگادا ھەیە وەلێ توێژیاران لەم بارەدا دەستەو ئەژنۆ رانەوەستاون و ھێدی ھێدی ئەنجامی ساڵانی رابووردوویان ئەمڕۆ بڵاودەکەنەوە و زۆربەی زۆری پسپۆرانی ڤایرۆس و شێرپەنجە زۆرلە جاران گەش بینترن .

ڤایرۆسەکان (٦) ن وا لێرەدا باسیان دەکەین :

-١- ڤایرۆسی (Epstein-Barr virus (EBV،

ڤایرۆسێکە لە جۆری ٤ ھەمی کۆمەڵە ڤایرۆسی تامسکییەکان . دەبێتە ھۆی نەخۆشی مۆنۆنوکلیۆس ،
تایبەتە بە لاوی ١٥-٢٥ ساڵان . زۆرجاران نێوی (نەخۆشی ماچ) یشی لێنراوە .

رێگاکانی گواستنەوە

ڤایرۆسەکە راستەوخۆ لەکاتی ماچکردندا بەئاسانی لە لیکی نێودەمەوە دەگوێزرێتەوە . ھەروەھا بە رێگای خوێن چاندنی مۆخی ئێسکدا ڤایرۆسەکە دەگوێزرێتەوە . ڤایرۆسەکە دەبێتە ھۆی :

-١- لیمفۆمی خانەکانی (B-Cells lymphoma) بە رێژەی لە ١٠٠% ڤایرۆسەکە لە نێو لیمفۆمەکەدا دۆزراوەتەوە .

-٢- لیمفۆمی ھۆدکین  (Hodgkins Lymphoma) بە رێژەی لە ٤٠-٥٠% ڤایرۆسەکە لە نێو لیمفۆمەکەدا دۆزراوەتەوە .

-٣- لیمفۆمی خانەکانی (T -Cells lymphoma) بە رێژەی لە ٣٠-٤٠% ڤایرۆسەکە لە نێو لیمفۆمەکەدا دۆزراوەتەوە .

-٤- شێرپەنجەی نێولووت وگەروو(Nasopharynx Cancer)   بە رێژەی لە ١٠٠% ڤایرۆسەکە لە نێو ھەردووشێرپەنجەکەدا دۆزراوەتەوە .

-٥- شێرپەنجەی گەدە (Stomach Cancer) بە رێژەی لە ١٠% ڤایرۆسەکە لە نێو شێرپەنجەکەدا دۆزراوەتەوە .

پێویستە مرۆڤ ئاگاداری خۆی بێت نەخۆش ماچ نەکات و نەھێڵێت نەخۆشیش ماچی بکات .

کوتان
تا ئەمڕۆ کوتان دژی ڤایرۆسەکە نییە .

سەرنج : لیمفۆم جۆرێکە لە شێرپەنجە و لیمفی نێو خوێن دەگرێتەوە .

 ٢  -ڤایرۆسی پاپیلۆم مرۆیی جۆری ١٦ و ١٨

ڤایرۆسێکە بەنێوی (HPV,Human papillomavirus)، تا ئەمڕۆ ١٠٠ جۆری ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراوە .

رێگاکانی گواستنەوە

ڤایرۆسی پاپیلۆمیش رۆژانە لە زێدبوندایە بە "نەخۆشی دوا رۆژ" ناسراوە . ھۆی زۆربەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانی ئافرەتان دەگەڕێتەوە بۆ جۆری ١٦ و ١٨ ڤایرۆسی HPV  کە لە رێگای پەیوەندی زایەندییەوە تووشی مرۆ دەبێت .

رێژەی ڤایرۆسەکە لە نێو شێرپەنجەکەدا لە سەروو ٧٠% دا یە . وەلێ جۆری ٦ و ١١ دەبێتە ھۆی بالوکەی سەر کۆئەندامی زاوزێ کە بە Genital Warts ناسراوە .توێژینەوەیەکی نوێی ئینیستیتوتی کارۆلینسکەی سوێدی (١٠) کە لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٦ دا بڵاوکرایەوە ئاماژەی پێدەکات ئەو کەسانەی تووشی جۆری ١٦ ی ڤایرۆسی ناوبراو بوون و جگەرە دەکێشن ئەوا مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان ٢٧ جاران زێد دەکات .

کوتان

پاش چەندان ساڵ توێژینەوە وشەونخونی کێشان خۆشبەختانە لە مانگی سەپتەمبەری ٢٠٠٦ دا ئەوروپاییەکان

باشترین کوتان بە نێوی (Gardasil)   واتە (Grad-ah-sil)  یان پەسەند کرد کە ناھێڵێت ئافرەتان تووشی

شێرپەنجەی ملی منداڵدان بکات .

بە پێی بەرپرسانی ئەوروپا کچان و ژنانی تەمەن ٩-٢٦ ساڵان دەتوانن خۆیان بەم کوتانە (ڤاکسینە) نوێیە بکوتن کە لە ماسولکە دەدرێت و لە سەدا سەد بەرگری دژی ڤایرۆسەکە پەیدا دەکات بۆ ئەوەی دواتر تووشی نەبن . ھەندێک پسپۆری ئەم بوارە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٠٦ دا دەنگیان بەرزکردەوە و داوا لە کاربەدەستانی تەندروستی ئەوروپایی و ئەمێریکاییەکان دەکەن کە کوڕانیش وەک کچان بکوترێت و ھاوکات پێویستە ئەم کوتانە بخرێتە پرۆگرامی کوتانەکانی تەمەنی منداڵییەوە لەبەرئەوەی.

-کاتێک کوڕان تووشی ڤایرۆسەکە ببن پاشتر ئەوان کچان تووش نەکەن .

- بۆ ئەوەی ژمارەی بالوکەی سەرکۆئەندامی زاوزێ کەم ببێتەوە .

-کوتانەکە کچان و کوڕانی لاو لە شێرپەنجەی کۆم دەپارێزێت .

تەنیا لەم بارانەدا کوتانەکە بەکاردەھێنرێت :

--  شێرپەنجەی ملی منداڵدان .

--  نائاسایی یان گۆڕانکاری لە خانەکانی ملی منداڵداندا (Cervical Lesions)

  (Vaginal Lesions) -   نائاسایی یان گۆڕانکاری لە خانەکانی گوڵینکدا

 (Vulvar Lesions) - نائاسایی یان گۆڕانکاری لە خانەکانی 

-  بالوکەی سەر کۆئەندامی زاوزێ  (Genital Warts)

-کوتانەکە ھیچ بەرگرییەک ناداتە ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون

پێویستە ھەر یەکێک سێ (٣) دەرزی لە خۆی بدات ، بەم شێوەیەی خوارەوە :

رۆژی یەکەم دەرزییەکی ٠.٥ ملیلیتر دەدرێت لە ماسولکەی باڵ یان سمتی کچەکە یان ئافرەتەکە .

دوو مانگان پاش دەرزی یەکەم ، دووەم دەرزی ٠.٥ ملیلیتر دەدرێت لە ماسولکەی باڵ یان سمتی کچەکە یان لە ئافرەتەکە.

شەش مانگان پاش دەرزی یەکەم دوا دەرزی ٠.٥ ملیلیتر دەدرێت لە ماسولکەی باڵ یان سمتی کچەکە یان لە ئافرەتەکە .

تێبینی :

نابێت بە ھیچ جۆرێک ئەو کوتانە بدرێت لە خوێنھێنەر (iv) ی مرۆ .

پسپۆڕانی ڤایرۆسزانی دەبێژن کە کوتانەکە زۆر بە سوودە پێش ئەوەی کەنیشک ، کوڕ یان ژنێک تووشی جۆرە ناوبراوەکانی ڤایرۆسەکە بووبێت .

نیشانەی لاوەکی

ئازار وسووربوونەوەی شوێنەکە .

تالێھاتن . بێتاقەتی . تەنگە نەفەسیش تۆمارکراوە .

توێژینەوە

ئەنجامی نوێترین توێژینەوەی سوێدییەکان کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٦ دا (٧)  بڵاوکرایەوە ئاماژەی پێ دەکەن کە ڤایرۆسی HPV فاکتۆرێکی مەترسیدارە لە زێدبوونی ژمارەی شێرپەنجەی مەرازەکان (tonsillar cancer) . ئەنجامی وەرگرتن و پشکنینی خانەی مەرازەکانی چەندان نەخۆشی ستۆکھۆڵم لە ساڵانی ١٩٧٠-٢٠٠٢ دا دەیسەلمێنن کە ئەو کەسانەی شێرپەنجەی ناوبراویان ھەبووە لە تاقیگادا ئاماژەی پێکراوە کە جۆری ١٦ ی ڤایرۆسی HPV فاکتۆرێکی گرنگ بووە لە دەرکەوتنی نەخۆشییەکەیاندا لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەکەیان لە شێرپەنجەکەدا دۆزیوەتەوە . توێژیارانی سوێدی وای بۆ دەچن کە ھیوا زۆرە لە دواڕۆژێکی نزیکدا ھەمان کوتان بۆ شێرپەنجەی مەرازەکانیش بەکاربھێنرێت .

-٣ ڤایرۆسی زەردوویی جۆری B
ئەم ڤایرۆسە سەر بەخێزانی (Hepa DNA virus) ە ، کە ٣ جۆر ئەنتیجێنی تایبەتی ھەیە ،

ھاوکات لەشی مرۆ دژ بەم ئەنتیجینانە ٣ جۆر دژەتەن دروست دەکات . تەنیا لە ئەمێریکادا ساڵانە نزیکەی

 ٢٠٠ ھەزار کەس تووشی ئەم جۆرە زەردووییە دەبن و نەخۆشییەکە لە ھەموو دنیادا ھەس .

نزیکەی لە ٢٠-٣٠%ی دانیشتوانی ئەوروپا لە قۆناخێکی ژیانییاندا تووشی ئەم جۆرە زەردووییە دەبن .

زایەند یەکێکە لەرێگا سەرەکییەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە چونکە ڤایرۆسەکە لە سپێرم و شلەی ناو گوڵینکی تووشبودا ھەیە، ھەروەھا لە نێو نەخۆشییە زایەندییەکاندا پاش فەرەنگی و سوزەنک ئەم جۆرە زەردوویە بەپلەی سێھەم دێت . بەپێی نوێترین سەرژمێری (WHO) نزیکەی ٣٥٠ ملێۆن نەخۆش لە دنیادا ھەیە . لە کوردستاندا رێژەی تووشبوان یان ھەڵگران بەم ڤایرۆسە نازانرێت ، ھۆی ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی ئاماری تووشبوان ، دواکەوتوویی باری تەندروستی دانیشتوان و کەمی یان نەبوونی کوتانی دژی ڤایرۆسەکە .  دەتوانین بڵێین کە ھۆی فرە بڵاوبونەوەی ئەم جۆرە زامەی جگەر زایەندە ، چونکە زایەند یەکێکە لەو رێگایانەی کە ئەم ڤایرۆسەش دەگوێزێتەوە ، واتە رێگاکانی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە وڤایرۆسی HIV لە یەک دەچن .  زانستییانە سەلمێنراوە کە ئەم ڤایرۆسە بە رێژەی لە سەروو ٩٠% ەوە لە نێو شێرپەنجەی جگەردا ھەیە .

کوتان

نزیکەی ١٣ کوتان دژ بە زەردوویی جۆری B ھەیە ، ناسراوترینیان ئەمانەن :

دەرزی Engerix-B لە شێوەی دەرزیەکی یەکجاریدایە .

دەرزی H-B-Vax ئەمیش لە شێوەی ١٠ مایکرۆگرامدایە .

دەرزی HBIG لە ھەمووبارەکانی زەردووییB  دا دەدرێت لە مرۆ .

٤- ڤایرۆسی زەردوویی جۆری C

 ئەوەی شایەنی باسە ڤایرۆسەکە سەر بەخێزانی (Flavivirus) ە و نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا ھەڵگری ڤایرۆسەکەن ، نزیکەی ٤,٩ ملیۆنیان لە ئەمێریکادا دەژین و نزیکەی ١٠ ملیۆنیش لە ئەوروپای رۆژئاوادا دەژین . بلاوترین زەردووییە لە نێو ئەو کەسانەدا کە رۆژێک لە رۆژان خوێن یان فاکتۆری خەستیان وەرگرتووە ، ئەو راستیەش سەلمێنراوە ئەو کەسانەی کە چەند ساڵێک لەمەوبەر گاماگلۆبولینیان وەرگرتووە وەلێ ئەو جۆرە گاما گلۆبولینە لە جیھاندا تۆمار نەکراوە ئەوا تووشی ئەم زەردووییە بوون . لە ولاتە رۆژئاوایەکاندا نزیکەی لە ٢٠% ی ئەوانەی کە زەردوویی کوتوپیان تووش بوە تووشی ڤایرۆسی C بوون. لە ٣٠% ھەموو چاندنەکانی جگەر دەگرێتەوە بۆ سۆ بەم ڤایرۆسە . ھەوکردنەکە زێدەتر لە باشوری ئیتالیا و میسردا تۆمارکراوە ھۆی تووشبون بەم ڤایرۆسە دەگەێتەوە بۆ بەکارھێنانی دەرزی پەنگکێشان . تا ئەمرۆ ٦ جۆری genotype و ژمارەیەکیش subtype ی ڤایرۆسی C  دۆزراوەتەوە .


ئەم ڤایرۆسە دەبێتە ھۆی شێرپەنجەی جگەرو بە رێژەی لە سەروو ٩٠% ەوە لە نێو شێرپەنجەکەدا ھەیە .

کوتان

تا ئەمرۆ کوتان دژی ڤایرۆسی جۆری C  نییە .

٥- ڤایرۆسی تامیسکی جۆری ٨
ئەم ڤایرۆسە بەژمارە  ٨ ی ڤایرۆسی تامیسک ٨ (HHV-٨) human herpesvirus ناسراوە .

 ڤایرۆسێکی Gammaherpesvirus  ە لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئەیدزدارێکدا دۆزراوەتەوە .

ئەمیش زۆر زانیاری تەواوی لەسەر بڵاونەبووەتەوە چونکە تا ئەمرۆ توێژینەوە لەسەری بەردەوامە.

ئەنجامی توێژینەوەکانی ساڵی ١٩٩٧ ئاماژەی پێ دەکەن کە ڤایرۆسەکە لە نێو لیکی نێو دەمدا ھەیە

‌ و ئەمیش بە رێگای زایەندی بڵاودەبێتەوە . لە ساڵی ١٩٩٦-١٩٩٧دا دەرکەوتووە ڤایرۆسەکە تووشی مرۆڤی لەشساخی HIV پۆزەتیڤیش دەبێت .

لە فێبرواری ١٩٩٧دا لە باسێکدا نووسەر (٢) ئاماژەی پێ دەکات کە لە بیستوچوار HIV پۆزەتیفی ھۆمۆەگەزبازدا ٦ یان HHV-٨ DNA یان لەنێو سپێرمدا دۆزراوەتەوە ، ھەروەھا لە ١٥ نەخۆشی سارکۆمی کاپوسیدا ٣ یان HHV-٨ DNA یان تیادا دەستنیشانکراوە. لە ھەمان باسدا شەش HHV-٨ DNA یان لەخوێندا دۆزیوەتەوە . لەئەنجامی ئەم باسەدا گومان دەکرێت کە ڤایرۆسی ژمارە ٨ بە رێگەی زایەنددا بگوێزرێتەوە . 

ئەنجامی توێژینەوەکانی چەند توێژیارێک لە ئۆگەندا (٨)  لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بڵاوکراوەتەوە دەیسەلمێنێت کە ڤایرۆسی ناوبراو لە رێگای خوێن گواستنەوەی مرۆڤێکی لەش ساخ تووشی نەخۆشییەکە دەکات . ئەم جۆرە ڤایرۆسە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی مرۆ نابێت بەڵکو زیاتر تووشی گەورە ساڵان دەبێت . ھاوکات روونبووەتەوە کەزیاتر لە نێو ھۆمۆەگەزبازەکاندا بڵاوەء ئەوان تووشی سارکۆمای کاپۆسی دەکات. ھەروەھا بۆمان دەرکەوتووە کەسارکۆمای کاپوسی تووشی نائایدزدارانی رۆژھەڵاتی ناوین دەبێت .

٦- ڤایرۆسی (HTLV, Human T lymphotropic virus)

ئەم ڤایرۆسەش سەر بە خێزانی رێتۆڤایۆسەکانە و ٢ جۆرن  (HTLV-I) و  (HTLV-II)، جۆری یەکەمیان دەبێتە ھۆی شێرپەنجەی خوێنی خانەکانی T و لیمفۆم . وەلێ تا ئەمرۆ نازانرێت ئایا جۆری دووەم دەبێتە ھۆی شێرپەنجە یان نا ؟ . ئەوەی راستی بێت ئەم ڤایرۆسە وەک ڤایرۆسی HIV نەخۆشی ئەیدز خانەکە ناکوژێت وەلێ قەبەیان (دەئاوسێت) دەکات .

ڤایرۆسی HTLV

زانستییانە سەلمێنراوە کە ڤایرۆسەکە بە رێگای زایەند ، خوێن وەرگرتن و شیری دایکەوە دەگوێزرێتەوە و بە رێژەی لە ١٠٠% لە نێو شێرپەنجەکەدا ھەیە .

ڤایرۆسی HTLV

کوتان

تا ئەمرۆ کوتان دژی ڤایرۆسەکە  نییە .

سەرچاوەکان

- د . زاھیر سوران ، نەخۆشییە درمە زایەندییەکان ، چاپی دووەم ، ٢٠٠٦ سلێمانی .

- د . زاھیر سوران ، نەخۆشییە درمەکان ، چاپی دووەم ، ٢٠٠٦ سلێمانی 

1.Laszlo Szekely, Många frågetecken kring virusorsakad cancer, Smittskydd, nr. 4 2006 , 12, 14.

2. David j Blakborum, et al. Infections HHV-8 in a healthy north American blood donor.  Lancet 1997; 349: 309-11.

3.Leslie Collier and John Oxford: Human Virology, Chapter fifteen, Oxford University Press 1993.

4. Mark R. Et al: Detection of human herpesvirus 8 DNA in semen from HIV- infected individuals but not healthy semen doners, AIDS 1997; 11: f15-f19.

5. Iwarson-Norrby, Infektionsmedicin, epidemiologi, klinik, terapi, Sverige, 2004.

6.Gao S-J. et al: HHV-8 antibodies among American, Italians and Ugandans with and thout Kaposis Sarkoma, Nature Med. 1985; 2: 925-928.

7. Läkertidningen, Nr 40, 4 oktober 2006, volym 103.

8. N Engl J Med. 2006;355:1331-8.

9.Lancet 2006; 368:1212.

10. www.dagensmedicin.se © 061116


1804 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/10/2015
زیاتر...
1