پیتی  ش
شێرپەنجە
د . زاھیر سوران

پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان

بەرێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی

                                  شێرپەنجە                         

دەستپێک

شێرپەنجە ، لە نێو کوردەواییدا زێدەتر بە زاراوە عارەبییەکەی (سەرەتان) ناسراوە ، ئەو زاراوەیەیە کە دڵی ھەمووان رادەچڵەکێنێت . شێرپەنجە لە بری وشەی لاتینی (tumor) بەکاردێت  ، بریتییە لەو گۆرڕانکارییانەی بەسەر خانەکان یان شانەکانی ئەندامێکی لەشدا دێت . بە بێ جیاوازی لەوانەیە ھەموو کەسێک تووشی جۆرێک شێرپەنجە ببێت . ھەرچەندە زۆربەی زۆری ئەوانەی تووشی شێرپەنجە دەبن وا دەزانن کە بە ھۆی نەخۆشییەکەوە دەمرن وەلێ ئەمرڕۆ بە ھۆی پێشکەوتنی زانستی ، مێتۆدی نوێی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنەوە شێرپەنجە مانای مردن نییە بەڵام لەوانەیە ببێتە ھۆی مردن . ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی پزیشک پێیان رادەگەیەنێت کە تووشی شێرپەنجە بوون راستەوخۆ بەو ھەواڵە ناخۆشە نامرن . وەلێ ھەندێکیان چەندان ساڵ بە ئاسایی دەژین و لەو ساڵانەدا کە نەخۆشن  زانیارییەکی باش لە مەر نەخۆشییەکەیان فێردەبن . زۆربەیان ئەو راستییە دەزانن و تێدەگەن کە نەخۆشن و رۆژێک دێت ئەوانیش وەک کەسانی دی ژیانیان کۆتایی پێ بێت . ئەو نەخۆشانەی کە ئاگاداردەکرێنەوە بە ھۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەوە لەماوەیەکی کورتی نادیاردا گیان لە دەست دەدەن ، بۆ ئەوانە ھەواڵێکی زۆر ناخۆشە وەلێ لە گەڵ ئەوەشدا نەخۆشی وا ھەبووە زۆر ئازایانە چاوەروانی مردنی کردووە و نەترساوە . ئەنجامی توێژینەوەکان و ئامارەکان ئەو راستییە دەردەخەن کە پاش ئەوەی پزیشک مرۆ ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو کەسە شێرپەنجەیەتی زۆربەی زۆری نەخۆشەکان تێروانینیان لە ژیاندا دەگۆردرێت ، ھەوڵ دەدەن ستایلی ژیانیان بگۆرن و بایەخ بە گەلێ شت بدەن وەلێ لە زۆربەی زۆری بارەکاندا لای ئەوان پارە و سامان بایەخی نامێنێت !!

لەم ساڵانەی دوواییدا ئامارەکان ئەو راستییانە دەخەنە روو کە ژمارەی منداڵە شێرپەنجەدارەکان لە زێدبووندا وەلێ خۆشبەختانە توانراوە زۆربەی زۆریان چاک بکرێنەوە . بۆ نمونە لە سوێد لە ٤ منداڵی شێرپەنجەدار بە رێگای جیاوازی چارەسەرکردن ٣ یان چاک دەکرێنەوە . ھەرچەندە لە کوردستاندا ھۆکاری زۆر ھەس بۆ دەرکەوتنی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە وەلێ تا ئەمرۆ زانستییانە نەتوانراوە ئاماژە بە ھۆ و ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی شێرپەنجە لە کوردستاندا بکرێت . خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دوواییدا برای بەرێزم (پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە) لە ھەوڵی بێوچاندایە بۆپێگەیاندنی کۆمەڵێک پسپۆر لەم بوارە گرنگەدا و ھیوادارم ھەمووان ھاریکاری بکەن بۆ ئەوەی لە دوارۆژێکی نزیکدا بەشێک لەو کەلێنە گەورەیەی تەندروستی دانیشتوانی کوردستان پر بکاتەوە .


مێکانیسمی دروستبوونی شێرپەنجە (١)

لەشی مرۆ لە چەند کۆئەندامێک پێکھاتووە و ھەریەکێکیان لە چەندان ئەندام (ئۆرگان) دروست بوون و ئەمانیش لە چەندان ملیارد خانە پێکھاتوون . بە پێ ی شوێنەکانیان خانەکان لە لەشدا ئەرکی جیاواز ئەنجام دەدەن . کاتێک خانەیەک پیر دەبێت و دەمرێت خێرا خانەیەکی دی وەک خانە مردووەکە شوێنی دەگرێتەوە و ھەمان کاری خانە مردووەکە ئەنجام دەدات . لە ئەنجامی دابەشبوونی خانەکاندا لە نێو لەشدا خانەی نوێی سەربەخۆ دروست دەبن . وەلێ ئەوەندە خانەی نوێ  دروست دەبێت کە لەش پێویستییەتی . خانەیەکی ساخ دەزانێت کەی پێویستە دابەش ببێت ، کەی پێویستە دابەش بوونەکە رابگرێت و کەی دەمرێت بەو شێوەیە برینێک سارێژ دەبێت یان چاک دەبێتەوە

 خانه‌ی ئاسایی  (1)   خانه‌ی برراو   (1)

   خانه‌یه‌ك خه‌ریكه‌ چاكده‌بێته‌وه‌ (1)

کاتێک برینێک سارێژدەبێت ئەوسا خانە لە دابەشبوون دەکەوێت یان دەوەستێت . تێکچوونی شێوەی دابەشبوونەی ئەو خانانەی پێشووتر باسمان لێوەکرد دەبێتە ھۆی شێرپەنجە . لەم بارەدا خانەیەکی پێشووی ساخ بە ھەڵە دەست بە دابەش بوون دەکات و نازانێت کەی پێویستە ئەو دابەشبوونە دەوەستێت یان کەی دەمرێت . بێ کۆنترۆڵکردن و بێ راوەستان بەردەوام خانەکە خۆی دابەش دەکات . ژمارەیەکی لە رادە بەدەر (فرە) خانە دروست دەبێت و پاشتر دەبێتە پێکھاتوویەکی گچکە کە ناونراوە شێرپەنجە (Tumor) . ئەم شێرپەنجەیەش نەوەی نوێ مێتاستاس  (Metastas)  دروست دەکات و لە رێگای خوێنەوە دەگوێزرێتەوە . ئەوەی راستی بێت لە لێوکیمیادا شێرپەنجە دروست نابێت لەبەر ئەوەشە مێتاستاس دروست نابێت .  وەلێ لێوکیمیا دەتوانێت بە نێو لەشدا بڵاوببێتەوە و بگاتە کۆئەندامی ناوەندی دەمار (مێشک) ئەمەش دەبێتە ھۆی زێدبوونی پەستانی نێو کەللەی سەر و ھۆیەکە بۆ دەرکەوتنی ژانەسەر وھێڵنجدان .

ھۆکارو ھۆکانی نەخۆشییەکە

ئەمانە لە لایەک وەلێ چەندان ھۆکار و ھۆ ھەن کە بەشی خۆیان مەترسی تووشبوون یان دەرکەوتنی شێرپەنجە زێد دەکەن . بۆ نمونە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ دا توێژیارانی سویدی ئەنجامی توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە کە ٨٠ ھەزار کەس بەشدارییان تێدا کردبوو . لەو توێژینەوەیدا ئاماژەی پێ دەکرێت کە خواردنەوەی ھەموو جۆرەکانی ساردی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس زێد دەکات . ئەوە جگە لە چەندان گازی چەکی کیمیایی و ژاراوی دی ، ئەگزۆزی ئۆتۆمۆبیل ، جگەرەکێشان ، ڤایرۆس ، ئەنتیبایۆتیک ، پاشماوەی کیمیاوی کارگەی پێترۆکییاوی و ئەتۆمییەکان ، پیسبوونی ژینکە ، بۆماوە  ... تاد کەم یان زۆر رۆڵیان لە دەرکەوتن یان زێدبوونی شێرپەنجەدا ھەیە . ئەمانە لە لایەک لە لایەکی ترەوە چەندان ھۆکاری نەزانراو ھەس کە دەبنە ھۆی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە یان ھۆکاری یارمەتی دەرن و مەترسی دەرکەوتنی شێرپەندە زێد دەکەن . ئەنجامی زۆربەی زۆری توێژینەوەکان ئاماژەی پێدەکەن کە زۆرخواردنی میوە ، سەورە ، ماسی ، پەتاتە ، مۆز زۆربەسوودە بۆمرۆ لەبەر ئەوەی دەبێتە ھۆی زێدکردنی بەرگری لەشی مرۆ . ھاوکات کەم خواردنی گۆشتی گا ، مانگا و بەراز مەترسی تووشبون بە شێرپەنجە کەم دەکەنەوە .

لێوکۆسایت - خرۆکەی سپی

پێکھاتەیەکی گرنگی خوێنن ، ئەم خرۆکانە رۆڵی بەرگریکردنی لەشیان لە ئەستۆدایە ، وەک سەرباز بەرگری لە لەش دەکەن دژی بەکتریا ، ڤایرۆس و میکرۆئۆرگانیسمەکانی دی . ژمارەیان لە گەورە و لە منداڵدا جیاوازە . گەر بێتو نائاسایی ژمارەیان زێد ببێت ئەوا زۆری ژمارەیان رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ھەوکردن و شێرپەنجە .

(ئێریترۆسایت) خرۆکەی سوور

ئەم خرۆکانە رۆڵی گواستنەوەی ئۆکسجینی لە نێو لەشدا لە ئەستۆدایە . ژمارەیان لە گەورە و لە منداڵدا جیاوازە . کەمبوونەوەی ژمارەیان لە نێو لەشدا دەبێتە ھۆی کەمخوێنی و ئەوسا مرۆ ھەست بە ماندووبوون و شەتەکی لەش دەکات و ھاوکات نەخۆش رووخساری زەرد یان سپی ھەڵدەگەرێت .

 خەپلەکانی خوێن - ترۆمبۆسایت

رۆڵی سەرەکی ئەم خەپلانەی خوێن لە رۆڵی خۆکەسپیەکان کەمتر نییە ، ئەمان دەبنە ھۆی چاکبوونەوە یان دروستکردنەوەی خانە تێکدراوەکان (بریندارەکان) . ژمارەیان لە گەورە و لە منداڵدا جیاوازە . گەر ژمارەیان کەم ببێتەوە ئەوا دەڵێین کە مرۆ خوێنەکەی کاڵ بۆتەوە ئەوسا بە ئاسانی خوێنی بەردەبێت و ئەگەر شوێنێکی برینداببێت ئەوا بە نارەحەتی خوێنەکەی دەگیرسێتەوە .

گەر مرۆ ئەم نیشانانەی ھەبوو ئەوا پێویستە پەیوەندی بە دختۆرەوە بکرێت :

- گرێی ، بن باخەڵ ، ناوگەڵ ، گونەکان ، مەمک ، یان لامل کە بێ ئازارن و پەیوەندی بە ھەوکردنەوە نییە .

- خوێنبەربوون ، تف و بەڵغەمی خوێناوی ، میز یان پیسایی خوێناوی ، خوێنبەربوونی نێوان مەھەکی مانگانەی ئافرەتان ، خوێنبەربوونی کۆئەندامی زاوزێ ی ئافرەتی بەساڵاچوو .

- گۆرانکاری سەر پێست و خاڵ ، کاتێک گۆرانکارییەکە یان خاڵەکە نارێکوپێکە ، رەنگی دەگۆرێت ، گەورە دەبێت ، خوێنی لێ دێت یان دەخورێت ، دەرکەوتنی برینێکی ھۆنەزانراو کە چاک نابێتەوە .

- کۆکەو دەنگ نوساندن لە ٢ ھەفتەدا تەواو نابێت ، لە مرۆی بەساڵاچوودا ، ماوەیەکی درێژ گیراوە (قەبزە) یان سکی دەچێت بێ ئەوەی ھۆکەی بزانرێت .

- گیروگرفتی قووتدان کە پەیوەندی بە ھەوکردنی مەرازەکان یان گەرووەوە نییە .

- گیروگرفتی میزکردن کە پەیوەندی بە میزەرۆسۆەوە نییە ، یان ئەوەتا میزەکە پچر پچر یان کەمدەکات ، فرە میز دەکات .

- تالێھاتنی تولانی بێئەوەی ھۆکەی بزانرێت . (تالێھاتن بەشێکی ئاسایی کۆئەندامی بەرگری لەشە ).

- تێکچوونی ئیشتیھای خۆراکخواردن .

- نیشانەی ناروونی کۆئەندامی دەمار وەک ئازاری درێژخایەن ، گۆرانکاری لە کەسایەتی نەخۆشدا ، تێکچوونی ھەستی مرۆ بێ ئەوەی ھۆکەی بزانرێت .

ئەوەی شایانی باسە دەرکەوتنی نیشانەکانی شێرپەنجە ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت وەلێ خۆشبەختانە ئەمرۆ چەندان مێتۆدی جودا ھەس بۆ  چارەسەرکردنیان . بە پێی رێکخراوی تەندروستی دنیا(WHO)   ساڵانە نزیکەی ١١ ملیۆن مرۆ دەستنیشانی شێرپەنجەیان بۆ دەکرێت ـ ساڵانە نزیکەی ٧ ملیۆن کەس بە شێرپەنجە دەمرێت ، نزیکەی لە ١٢.٥% ی رێژەی مردنی دانیشتوانی جیھان دەگەرێتەوە بۆ شێرپەنجە .  ھەمان رێکخراو وا مەزەندەی دەکات کە ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ١٦ ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجە دەبێت .

بەرتەکی دەروونی شێرپەنجە

کاتێک مرۆ لە لایەن پزیشکەوە ئاگاداردەکرێتەوە کەوا تووشی نەخۆشییەکە بووە تەنانەت گەر مرۆ خۆشی بۆ ئامادە کردبێت ئەوا سەرەتا بەرتەکێکی دەروونی وەک سەرلێشێواوی و نائارامی دەروونی لا دروست دەبێت کە ھەندێک جار مەحاڵە نەخۆش کۆنترۆڵی خۆی بکات . لە زۆربەی بارەکاندا نەخۆش نێگەتیفە بەرانبەر شێرپەنجەو وای نیشان دەدات کە ئەو تووشی ئەو جۆرە نەخۆشییە نابێت . بەڵام کاتێک کە لای روون دەبێتەوە تووشی شێرپەنجە بووە ئەوسا خەمبار ، بێزەوق ، نائارام وتوورەیشی تیادا دەردەکەوێت .بە پێی پسپۆرانی ئەم بوارە باشتر وایە کە نەخۆش گوێرایەڵی ئامۆژگارییەکان و ئەو دەنگە باشانە بێت کە سووکنایی دەروونی پێ دەدەن . تەنانەت کاتێک چارەسەرکردن دەست پێدەکات ئەوسا شێرپەنجەدار دووچاری نائارامییەکی دی دەبێت ، باشتر وایە نەخۆش پەیوەندی بە پزیشک یان کارمەندانی نەخۆشخانەوە توندتربکات بە مەبەستی راوێژکاری و دڵنەوایی . زۆربەی شێرپەنجەداران ھەوڵ دەدەن بە پێی تواناو کات سوود لە خۆراک ، خۆشی ، گەران ، وەرزش و گوێ لە موزیک وەربگرن بۆ ئەوەی تەندروستییان باشتر بێت  .

ئازار لە شێرپەنجەدا

ئەوەی راستی بێت یەکێک لەو گیروگرفتە چارەسەرنەکراوانەی کە دێتە رێی پسپۆر و کارمەندانی پسپۆری شێرپەنجە بریتییە لە ئازاری شێرپەنجەدار . جاری وا ھەیە نەخۆش ئەوەندە ئازارشکێن وەردەگرێت پێویست دەکات مرۆ لە جێگەدا بمێنێتەوە و وەک مردووی لێدێت یاخود خوو بە ئازارشکێنەکانەوە دەگرێت .وەلێ لەوانەیە ژمارەیەک نەخۆش زۆر بە ھێزبن و بەرگەی ئازارەکەیان بگرن و جار جارێک بکەونە سەر پێی بگەرێن یان چەندکاژێرێک کاربکەن . ئەوەی راستی بێت زۆربەی زۆری شێرپەنجەکان کەم یان زۆر دەبنە ھۆی ئازار . زۆرجاران شێرپەنجەیەک گەورە دەبێت پەستان دەخاتە سەر دەمارێک و ئەوسا بە ئازاری دەماری نێودەبرێت .کاتێکیش شێرپەنجەکە پەستان دەخاتە سەر ئۆرگانێک ئەوا ئازاری ئۆرگانی دەردەکەوێت . وەلێ کاتێک نەخۆش ئەوەندە دەناڵێنێت بە ھۆی نیشانەکانی شێرپەنجەکەیەوا ئەوسا ئەو ئێش و ئازارە جۆرێک ئازار پەیدا دەکات کە ناسراوە بە ئازاری دەروونی . ئەوە جگە لەوەی ھەندێک نەخۆش شەرمنن و ناوێرن یان لە روویان نایەت باسی نەخۆشییەکەیان بکەن و دەروونیان ئازاریان دەدات و لەبەرئەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان سنووردار دەکەن ئەمەش دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی جۆرێک ئازاری کۆمەڵایەتی . لە ھەندێ باردا ئازاری نەخۆش بە ھیچ ئازارشکێنێک تەنانەت بە مۆرفین دانامرکێتەوە ئەوسا نێوی ئازاری نادامرکاوەی لێدەنرێت .

جۆرەکانی شێرپەنجە

- شێرپەنجەی باش ، واتە ‌ (Benign Tumor) .

- شێرپەنجەی خراپ ، واتە (Malignant Tumor)

جوداکردنەوەی شێرپەنجەکان

ئەوەی راستی بێت نزیکەی ٢٠٠ جۆر شێرپەنجە ھەیە ، لە مرۆی بە ساڵاچوودا شێرپەنجە ئاسایی یە وەلێ لەوانەیە لە ھەموو تەمەنێکدا دەربکەوێت گرنگترینیان ئەمانەن وەلێ ژمارەیەکیان تایبەتن بە باسەکەمان :

-١شێرپەنجەی ژنان

- شێرپەنجەی مەمک ، ماسولکە گرێی منداڵدان ، ھێلکەدانەکان ، منداڵدان (دەم ، مل یان پاشکۆ) ، گوڵینک ، میزەڵدان و گرێی مەمک .

-٢ شێرپەنجەی پیاوان

- پرۆستات  و گوونەکان .

-٣ شێرپەنجەی گەدە و ریخۆڵەکان

- شێرپەنجەی پەنکریاس ، جگەر ، نێوپۆشی گەدە ، ریخۆڵە ئەستورە و کۆم .

-٤ شێرپەنجەی پێست

- مالیگن میەلانۆم و شێرپەنجەی پێست .

-٥ شێرپەنجەی دی

- لێوکیمیا ، لیمفۆم ، گورچیلەکان ، مێشک ، سییەکان ، سورێنچک ، نێوپۆشی بۆری ھەناسە و مەرازەکان .

مێژوو

- نزیکەی ١٥٠٠ ساڵ  پ . م  بۆ یەکەم جار لە مەر شێرپەنجە نووسراوە .

- پاش پشکنینی پەیکەری ئێسکی مۆمیاکراوەکاندا جێ ی شێرپەنجە دیار کراوە .

- نزیکەی ١٠٠ ساڵ پاشتر باوکی پزیشکی ھیپۆکرات دەبێژێت شێرپەنجە بریتییە لە تێکچوونی ھەر ٤ شلەکانی نێولەش (رەش ، زەرداوی  زراو ، خوێن و لیک).

- ساڵی ١٦٥٨ بۆیەکەم جار توانرا خوێن گواستنەوە لە نێوان گیانلەبەراندا ئەنجام بدرێت .

- ساڵی ١٦٦٧ بۆ یەکەم جار خوێن لە مەرێکەوە گواسترایەوە بۆ مرۆڤ  .

- ساڵی ١٧٢٠ Jean Louis Petit  ئاماژەی پێکرد چۆن شێرپەنجەی مەمک بۆ گرێ لیمفەکانی بن باڵ بڵاودەبێتەوە .

- ساڵی ١٨٠٩ پزیشکی ناسراو Efraim McDowille سەرکەوتووانە بە رێگای نەشتەرگەری توانی یەکەم شێرپەنجەی ھێلکەدانەکانی ئافرەتێک  لاببات کە نزیکەی ١٠ کیلۆ بوو .

- ساڵی ١٨٩٩ھەردوو  Tage Sjögren و  Thor Stenbeck یەکەم شێرپەنجەی پێست یان لە دنیادا خستە روو .

- ساڵی ١٩٥٦ یەکەم نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئێسک ئەنجامدرا .

سەرچاوەکان


1. Cancer, cancer fonden. Stockholm 1998.

2. Malignt Lymfom. cancerfonden, Stockholm. 1999.                                                                                                                                            

3. Gun Leander, Leva med cancer. Stockholm.2003.

4. www.dagensmedicine.se © 061127.


2781 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
08/10/2015
زیاتر...
1