پیتی  و
واسواسی
Obsessive compulsive disorder
د. ئەفرام محمد حسن /پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان

واسواسی بریتیە لەسەرھەڵدانی حاڵەتێکی دەروونی کەھەمان بیر، بۆچوون، وێنە، چەند بارە دەبێتەوە لەمێشکی تاکداو دڵنیایە لەوەی لەناخی خۆیدا سەرھەڵدەدات نەک لەدەرەوە  بەسەریدا بسەپێنرێ، ھەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دەدات بەڵام زۆرجار بێھودەیەو ناچاردەبێت شوێن ئەو بیرو بۆچوونانە بکەوێت و کاتێکی زۆری خۆی بەو بابەتانەوە دەکوژێت. گەر شوێن ئەو بیرانە نەکەوێت ھەست بە نائارامی دەکات و وازی لێناھێنن دووبارەو چەندبارە دەبێتەوە. گەر شوێن ئەو بیرانە بکەوێت بۆ ماوەیەکی کاتی تاڕادەیەک ھەست بە ئارامی دەکات، بەڵام کاتێکی زۆری لێدەگرێت و بەردەوام بابەتی بێماناتر و سەیرتر بەمێشکیدا دێت.

بۆ نموونە، تاک بەردەوام بە بیریدا دێت کەقسەی ناشیرین یان ڕەفتارێکی نەشیاو یان کوفر بکات بەبێ ھیچ ھۆیەکی دیار،  یان بەبیریدا دێت زیان بەدەوروبەر بگەیەنێ یا دووبارەکردنەوەی ژماردنی ژمارەکان بەشێوەیەکی دیاری کراو،  ھەندێ جار ئەم بارە لەسنووری بیرکردنەوە تێپەردەبێت و دەچێتە بواری کردارەوە،‌ وەکو دووبارەو چەند بارە دەست شتن ھەندێ جار تاک ماوەی چەند کاژێرێ بەم کارەوە خەریک دەبێ، سەرەڕای ئەوەی دەزانێ دەستی پاکە یان ئەم کارەی زیادەڕۆیی تێدایە. چەند بارەکردنەوەی قامەت بەستن لەنوێژدا، شەوان چەند جارێ دەست دەدات لە دەرگای ژوورەکە بۆ دڵنیا بوون لەداخستنی سەرەڕای ئەوەی دەزانێ کەدەرگاکە داخراوە. رێکخستنی کەلوپەلەکانی بەشێوەیەکی زۆر وورد و بەدیقەت کەتەنھا لای تاکی وەسواس مانای ھەیە و لای کەسانی دەوروبەری بەنائاسایی ناو دەبرێت.

ھەندێ جار پەیوەندی نێوان ئەو بیرانەو ئەو ڕەفتارەی دەیکات بەڕوونی دیارە وەکو ئەوەی گومانی ئەوەی ھەیە شتەکان پیسن بۆیە بەردەوام دەستی دەشوات یان دەست نادات لەشتەکانەوە تاکو پیس نەبێت، یان گومانی لەباوەڕی خۆی ھەیە بۆیە چەندەھا جار شایەتمان دووبارە دەکاتەوە و قورئان دەخوێنێ و بەردەوام نوێژ دەکات تاکو ئیمانی سەلامەت بێ ، لەھەندێ حاڵەتی تردا ئەم پەیوەندیە روون نیە وەکو ئەوەی تاک ھەڵدەستێ بەلەبەرکردنی پۆشاکەکانی بەشێوەیەکی  دیاری کراو و دەبێ چەند ڕەفتارێک بکات پێش لەبەرکردنی پۆشاکەکەی کەھیچ پەیوەندیەک نیە لەنێوان ئەو ڕەفتارانە و خۆگۆرین.

ئەم حاڵەتە نزیکەی لە(‌٠.٥ % – ٢%) ی خەڵکی تووشی دەبن و رێژەی توشبوونی نێرو مێ تاڕادەیەک یەکسانە،‌ (٧٠%) حاڵەتەکان پێش تەمەنی ٢٥ ساڵی ڕوودەدەن و ‌ (١٥%)  دوای تەمەنی ٣٥ ساڵی.

-

ھۆکاری ئەم حاڵەتە:

١- بۆماوە: بەڵام نەک بەو مانایەی گەر باوان ئەم حاڵەتەیان ھەبوو  منداڵەکانیان تووش دەبن بەڵکو لەو تێروانینەوە کەئەگەری توشبوون زیاد دەکات بۆ ٣%-٧%.

لەدوانەی یەک ھێلکەدا ڕێژەکە ٥٠% – ٨٠% و دووانەی دوو ھێلکە ‌ ٢٥%.

٢- پەروەردەکرن:  پەروەدەکردنی منداڵ لەسەر شێوازێکی تایبەت، بەتایبەتی لەلایەن دایکی وەسواسەوە وادەکات ئەگەری توشبوون زیاتر بێت.

٣- دابەزینی ئاستی سیرۆتۆنین لەمێشکدا دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ئەم حاڵەتە بۆیە لە چارەسەردا پشت بەو مژادانە دەبەسترێ کەئاستی ئەم مادەیە لە مێشکدا زیاد دەکەن.

زۆر گرنگە بۆ پزیشک کە ئەم حاڵەتە لە تەنگژەی دڵەراوکێی گشتی و خەمۆکێ و سکیزۆفرینیا جیابکاتەوە سەرەڕای دڵنیابوون لە نەبوونی نەخۆشی جەستەیی .

-

چارەسەر:

١- ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ھەر نەخۆشییەک کەھاوشان بێت لەگەڵیدا وەکو خەمۆکی.

٢- ڕوونکردنەوەی ھۆکار و نیشانەکانی نەخۆشیەکە بۆ تاک وخێزانەکەی کە ئەم حاڵەتە جێی ترس نیە و چارەسەر دەبێت.

٣- بەکارھێنانی دەرمانی دژە دڵەراوکێ بۆ ماوەیەکی کورت گەر پێویستی کرد، لەژێر فشاری نەخۆش یان کەسو کاری نەخۆش بۆ ماوەی زیاتر لەپێویست بەکار نەھێنرێ چونکە دەبێتە ھۆی ئالودەبوون.

٤- پەیرەوی کردنی ڕاھێنانەکانی خۆ خاوکردنەوە و تێفروسماندن بەخود تاکو زاڵبیت بەسەر ئەو بیرانەدا.

٥- پەیڕەو کردنی ڕێنماییەکانی چارەسازی دەروونی و پزیشکی دەروونی کەدەدرێت بە تاک لەکاتی دانیشتنەکانی چارەسەری دەروونیدا.

٦- بەکارھێنانی دەرمانەکان بەبڕی پێویست و بۆ ماوەی دیاریکراو کە لەلایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێت بەکاربھێنرێت، لەزۆربەی حاڵەتەکاندا ١٦ – ٢٤ ھەفتەیە،‌ گەر پێویستی کرد بۆ ماوەیەکی درێژتریش بەکاردەھێنرێت چونکە نابێتە ھۆی ئالوودەبوون.

٧- گرنگترین دەرمان کەبەکاردەھێنرێت، دەرمانەکانی دژەخەمۆکی بەتایبەتی ئەو گروپەیان کەتایبەتمەندە بەکەمکردنەوەی گەڕاندنەوەی مادەی سیرۆتۆنین بۆ دەمارەخانەکان بەمەش ئاستی سیرۆتۆنین بەرزدەبێتەوە. نموونەی ئەم گروپەش وەک فلوکستین و سێرترالین و پارۆکستین و سیتالۆپرام….. ھتد.

-

ئایندەی تاک:

دوو لەسێی حاڵەتەکان لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا چاک دەبنەوە بەبەکارھێنانی دەرمانی پێویست، ئەوانی تر (یەک لە سێ) حاڵەتەکانیان چاک دەبێ بەڵام ناوبەناو نیشانەکانیان سەرھەڵدەداتەوە و پێویستیان بەرێنمایی و چارەسەری درێژ خایەن دەبێت.

لە ٢٠%-٣٠% بە تەواوی چاک دەبنەوە.

٤٠%-٥٠% چاکبونەوەیەکی مامناوەند.

٢٠%-٤٠% دەبێتە حاڵەتێکی درێژخایەن.

ئەو ھۆکارانەی ئایندەی تاک خراپ دەکەن:

١- بوونی وەسواسی کرداری.

٢- لە تەمەنێکی کەمەوە،‌ لەمنداڵیەوە یان لە سەرەتایی ھەرزەکاریەوە دەست پێبکات.

٣- ماوەیەکی زۆر بخایەنێت.

٤- ھاوشان بێت لەگەڵ خەمۆکی.

٥- وەسواسیە کرداریەکەی بازاڕی بێت واتە پەیوەندی نەبێت بە جۆری وەسواسیە فکریەکەوە.

٦- بوونی وەھم یان بەرز نرخاندنی ئایدیا.

٧- پەشێوی کەسێتی وەکو کەسێتی وەسواسی یان سکیزۆتایپەڵا.

-

پەیامەکان بۆ تاک و خێزان:

١- بەھیچ جۆرێک پێویست ناکات بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە سەردانی کەسانی نەشارەزا بکرێت کەناوی خۆیان ناوە مەلاو شێخ چونکە ئەمە کاری ئەوان نیەو زۆربەی جار لەبری چاک کردنەوە حاڵەتەکە خراپتر دەکەن بەھۆی ئەو شێوازە نامرۆڤانەیەی بەکاری دێنن لەچارەسەردا کە نەئایینی پیرۆزی ئیسلام و نەزانستی پزیشکی و نەیاسای وڵات ڕێگەی بەم کارەیان داوە.

٢- ئەم حاڵەتە نەنگی نیە و نابێتە ھۆی لە دەستدانی ھۆشمەندی.

٣- ئەم حاڵەتە چارەسەری ھەیە و دەتوانرێت لەڕێی دەرمان و دانیشتنی دەروونیەوە چارەسەر بکرێت.

٤- تاکو زووتر سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەری چاکبوونت زۆرترو باشترە.

٥- گەر تاکێکی خێزانەکەت ئەم بارەی ھەبوو دەبێت خۆت بەدوور بگری لە توانج لێدان و قسەی ناشیرین، چونکە بەم کارەت بارەکە خراپتر دەکەیت نەک باشتر، بەم کارەت وا دەکەیت ئەو کەسە زیاتر نارەحەت بێت.

٦- ھەوڵ مەدە فشار بخەیتە سەر تاک بۆ زوو چاک بوونەوە چونکە ئەوەی ئەو ھەستی پێدەکات تۆ ناتوانی بەئاسانی لێی تێبگەیت، ھەوڵ بدە ھاورێی بیت نەک فشارێکی زیاتر.

تێبینی/ وەرگیراوە لە ماڵپەڕەی derunnasy.
2188 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1