پیتی  پ
پیتاندنی نێو شووشە
د . زاھیر سوران

پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان و گشتییەکان

بەرێوەبەری سەنتەری پزیشکیی نوێ ، سلێمانی

پیتاندنی نێو شووشە

پیتاندنی نێوشووشە (نێو بلووری) بریتییە لەوکرداری پیتاندنە دەستکردەی لە دەرەوەی لەشدا ئەنجام دەدرێت .

منداڵنەبوون یەکێکە لەو گیروگرفتانەی کە دووچاری ھەندێک خێزان دەبێت و لەوانەیە ببێتە ھۆی درامایەکی نێوخێزانێک یان چەند خێزانێک (لە کاتی ژن بە ژنی کوردەوایدا تراجیدیاکە زۆر ئاڵۆز دەبێت و ئەوسا شیرازەی ھەردوو خێزانەکە دەپچڕێت )  .زۆرجاران ژن و پیاو بەھۆی سۆزی ناسکیانەوە یەکتری تاوانبار دەکەن کە ئەوی تریان ھۆی ئەو منداڵ نەبوونەیە . زۆرجاران بۆ ئەوەی خێزانێک منداڵێکی ببێت پەنا بۆ چەندین رێگای زانستی و نازانستی دەبەن ، زۆرجاریش خەرجییەکی زۆر لە دەست دەدرێت بێئەوەی ئامانجەکە بێتە دی . منداڵنەبوون تەنیا گیروگرفتی کۆمەڵگای کوردەواری نییە و بگرە لە ھەموو دنیادا دیاردەکە کەم یان زۆر ھەیە . بۆنمونە لە سوێددا نزیکەی نیوملێون مرۆ منداڵیان نییە و نزیکەی لە ١٠--١٥% یان بە ناچاری ھانا بۆ پزیشک دەبەن و یەکێک لەو رێگا سەرکەوتووانەش بۆ ئاووس بوون بریتییە لە پیتاندنی نێو شووشە .

کەی ئەم رێگایە دەگیرێتەبەر :                

ئەوی راستی بێت ئەم رێگایە لە زۆربەی زۆری نەخۆشخانەکانی منداڵبوونی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەنجام دەدرێت ، تەنانەت ژمارەیەک خێزانی کوردی دانیشتووی ئەوروپاش بەم رێگایە منداڵیان بووە و ئەمرۆش خۆشبەختانە ژیان بەسەردەبەن . پاش چەند ھەوڵێکی بێ ئەنجام و لێکۆڵینەوە لە تێستەکانی ھۆرمۆنی ژن ومێرددا ئەوسا پزیشک ھەردووکیان ئاگاداردەکات گەر بە رێگای پیتاندنی نێو شووشە دەتوانن منداڵ دروست بکەن یان نا ؟

گرنگترین بنەماکانی لێکۆڵینەوەکانی منداڵنەبوون:

- ئەو نەخۆشییانە چین کە پێشتر تووشی ژن ومێرد بوون ، نەشتەرگەریەکان ...تاد.

- تێستکردنی ھۆرمۆنی نێوخوێن .

- تێستکردنی رێژەی سپێرم .

- سۆنۆگرافیکردنی منداڵدان ، ھێلکەدان و کەناڵەکانی ھێلکەدان .

- کۆنتڕۆڵکردنی ھێلکەدانەکان .

  تێستی کڵامیدیا (ھۆیەکی سەرەکی نەزۆکییە ) .

- پێویستە ژن و پیاو تێستی ڤایرۆسی HIV و زەردوویی یان بۆ بکرێت .

- ئەنجامدان و لێکۆڵینەوەی ئەو تێستانەی سەرەوە دەبێتە ھۆی دووبارەکردنەوەی تێستەکان یان دەبێت دەست بکرێت بە چارەسەرکردن .

- لەوانەیە پێویست بکات دووربینە نەشتەرگەری Laparoscopy   بۆ ژنەکە بکرێت .

 گرنگترین قۆناخەکانی ئەم جۆرە پیتاندنە :

سەرەتا بە ھۆی دەرمانەوە ھۆرمۆنیLH, FSH    ھێلکەدانەکانی ژن دەھەژێنرێت تا ئەو کیسە پڕشلانەی نێو ھێلکەدانەکان (folicol) کە یەک ھێلکەخانەی تیادایە گەورە دەبن . لەم چارەسەرکردنەدا تەنیامەبەست لە ژمارەی ھێلکەکان نییە، لەوان گرنگتر جۆری کیسە ھێلکەکانی ئەو ھێلکەخانانەیە کە پاشتر بە میکرۆ نەشتەرگەری دەر دەھێنرێت . بە لایەنی کەمەوە ماوەی چارەسەرکردن (ھەژاندنی ھۆرمۆنی)، ١٠ رۆژان دەخایەنێت و پاشتر بە سۆنەر کیسە ھێلکەکان دەپشکنرێت بۆئەوەی بزانرێت ئایا تەواو گەورەبوون یان نا ؟؟ پاشان لەبارترین رۆژ بۆ دەرھێنانی دیاری دەکرێت . 

دوو رۆژان پێش ھێلکە دەرھێنان، ئێوارەیەک، دەرزییەکی hCG  دەدرێت لە ژنەکە تا گەیوی کیسە ھێلکەکان کۆتاییان پێ بھێنرێت . پێویستە پاش دەرزی ناوبراو لە ٣٩-٤٠ کاژێردا ھێلکەیەک دەربھێنرێت . ھەمان رۆژ بە گەدەی ناشتا، ژنەکە دەچێتە نەخۆشخانە بۆ کۆکردنەوەی ھێلکە ، لەم رۆژەدا ھێلکە و سپێرمی پیاو وەردەگیرێت تا پیتاندنی دەرەوەی منداڵدان ئەنجام بدرێت . ئەوەی جێی سەرنجە لەم رۆژەدا زۆربەی ژنان زۆر نائارامن و لە ژێر پەستانێکی بیرکردنەوەی دەروونیدان ، لەبەرئەوە پێویستە بە دەرمان و گفتووگۆ ئارام بکرێتەوە .

کاتێکی زۆرکەم پێش ھێلکە دەرھێنانەکە پزیشک بە دەرزییەک منداڵدانی ژنەکە سڕ دەکات (پێویستە ئازارشکێنێکی باش بەکاربھێنرێت) لە ھەندێک کلینیکدا ھەردوو ھێورکەرەوە و ئازارشکێن تێکەڵ دەکرێت و دەدرێت لە ژنەکە . پاشتر بە یارمەتی سۆنەرێک لە گوڵینکەوە بە دەرزییەکی زۆر باریک ھێلکەدانێک (راست یان چەپ) دەپێکرێت و لەوێوە ھەندێک ھێلکە دەردەھێنرێت (دەمژرێت) ، بۆ ئەوەی بخرێتە ژێر میکرۆسکۆپەوەو بە وردی سەیری دەکرێت . گەر راستەوخۆ ھێلکەخانە نەدۆزرایەوە ئەوا دەبێت کیسە ھێلکەیەک دەربھێنرێت و بشۆردرێتەوە بۆ ئەوەی ھێلکەخانەی ناوەوە بدۆزرێتەوە . کاتێک ھێلکەخانە دۆزرایەوە ئەوسا دەخرێتە نێو شووشەیەکی گچکەی شێوە قاپەوە و دەخرێتە نێوپلەی گەرمی راگرێکەوە (incubator) . ھەر ھەمان رۆژ بەڵام لە لایەکی ترەوە تۆماوی پیاوەکەش وەردەگیرێت ، سپێرمەکە دەشۆردرێتەوە و ئامادەدەکرێت ، باشترین سپێرم ھەڵدەبژێرین تا لە گەڵ ھێلکەخانە ئامادەکراوەکەدا بپیتێنرێن .

گەر توانای ھێلکە پیتاندن کەم بوو ئەوا دەتوانرێت دەرزییەکی پڕتۆماو لە ھێلکەکە بدەین واتە تەکنیکی میکرۆدەرزی  (intracytoplasmatic spermie  injection-ICSI)   بەکاربھێنرێت . ئەم جۆرە تەکنیکە کاتێک دەخرێتە کار کە سپێرمی پیاوەکە خراپ بجولێتەوە و نەتوانێت خۆی بترنجێنێتە نێو توێکڵی ھێلکەخانەوە . بە یارمەتی مژەرێکی(Pippet)  ی زۆرباریکەوە سپێرمێک دەمژرێت و دەکرێتە نێو ھێلکەخانەکەوە . ئەوی راستی بێت ئەم تەکنیکە لە تاقیگایەکی تایبەتی دا دەکرێت کە ھەمان رۆژ ھێلکە کۆکردنەوەی تیادا ئەنجام دەدرێت .

رۆژێک پاش کۆکردنەوەی ھێلکە ، پزیشک دەزانێت ئایا ھێلکەکە پیتاوە یان نا ؟ ئەگەر ھێلکەکە پیتابوو ئەوا دەتوانرێت ھێلکە پیتاوەکە بچێنرێت و پاشتر یەک یان دوو ئاولەمە (embryon)  بەرھەم بھێنرێت .

گەر ژمارەیەک ئاولەمە ھەبێت بەمەرجێک بۆ بەکارھێنان بشێت ئەوا ئەوانە لە بەفرگردا دەبەسترێن وھەڵدەگیرێن و دواتر لەکاتی پێویستدا دەتوانرێت بەکاربھێنرێت . پاشتر لە رێگای بۆریەکی نایلۆنی زۆرباریکەوە ئەو ھێلکە پیتێنراوانە دەکرێتە نێو منداڵدانی ژنەکەوە . ئەم کارە بێ ئازارە و تەنیا چەند خولەکێک دەخایەنێت پاشتر ژنەکە دەتوانێت بڕواتەوە بۆ ماڵەوە . ئەوی راستی بێت ئەو ھۆیانەی کە ناھێڵێت پیاو منداڵی ببێت لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دی جیاوازە .لەوانەیە رێژەی تۆماوی دروستکراوی پیاو تەواو بێت بەڵام لە نێوان گونەکان و کەناڵی سپێرمدا رێگر ھەبێت و نەھێڵێت سپێرمەکە بێتە دەرەوە .

لەوانەیە ھۆی دی وەک : دەمار یان پتکە دەمار زیانی پێگەیشتبێت ، یان پێشوەخت تووشی (سۆ) ھەوکردن یان تووشی گیروگرفتێک بووبێت کە لە دایکبوونەوە لە گەڵیدابێت . گەر پیاو تۆماوی نەیەتە دەرەوە ئەوا پاش سڕکردن بە ھۆی نەشتەرگەرییەکەوە لە رێگای دەرزییەکەوە لە گونەکانەوە یان گلاندی سەر گونەکانەوە سپێرم دەردەھێنرێت (دەمژرێت) ئەو بڕە تۆماوە دەتوانرێت کارەکە ئەنجام بدرێت . ھەرکاتێک تێستی سکپڕی بۆ ژن کراو پۆزەتیف بوو ئەوا پێویستە ١٨ رۆژان پاش ئەو تێستە بە سۆنۆگرافی دەستنیشانی سکپڕیەکە بکرێت و ھاوکات دەرزی یان خەپلەی ھۆرمۆن دەدرێت بە دووگیان تا زێدەتر پاڵپشتی راگرتنی سکپڕیەکە بکات .پاش ئەم کارانە ئەوسا پزیشکی پسپۆر ھەردووکیان بە پلانێک ئاگادار دەکاتەوە بۆئەوەی لە کاتی دیاری کراو یان پێویستدا سەردانی پزیشک و نەخۆشخانەی منداڵبوون بکەن . ھەرچەندە زۆر جار ھەموو کرداری پیتاندن و ماوەی ٩ مانگی سکپڕیش بە ئاسایی و بێ گیروگرفت بەرێوە دەچێت وەلێ لەوانەیە (رووی داوە) لە دوا ساتدا منداڵەکە بە مردوویی لە دایک ببێت .

کورتکراوەکان

(hCG= Human Chorionic Gonadotropin)

(LH= Luteiniseringes Hormon)

(ICSI= Intracytoplasmatic spermieinjection)

(FSH= follicl estimulerant hormon)

سەرچاوەکان

١.   Ofrivillig barnlöshet, en skrift om orsaker och behandling. Organon AB .Sverige.

٢.   Claes Gottlieb, Bo Von Schoultz. Öppenvårds gynekologi. Liber. Sverige. ١٩٩٩.

٣.   Folks rapport, Assisterad befruktning. Medicinskt program arbete. SLL.٢٠٠٣.
3046 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
04/10/2015
زیاتر...
1