پیتی  خ
خۆکوشتن
خۆکوشتن
Suicid
د. زاھیر سوران
پسپۆڕی نەخۆشییە در‌مەکان و گشتییەکان ، سڵێمانی .


ئەوەی شایانی باسە ژیان و مردن دوو بابەتی زۆر گرنگ و ئاڵۆزن کە تا ئەمڕۆ زانستی پزیشکی بە ھەموو بەشەکانییەوە نەیتوانیوە پەی بە نھێنییەکانیان بەرێت لەبەرئەوەی ھەریەکەیان تایبەتمەندییەکی خۆی ھەیە و زۆر لەوی دی جوداترە . مردن رووداوێک یان  دیاردەیەکی ناخۆشە کاتێک مرۆ کۆرپەیەکی ، خۆشەویستێک ، کەسوکار ، باوک و دایک لە دەست دەدات و دەمرن وەلێ دەبێت ئەو راستییە لە یاد نەچێت کە رۆژێک دێت ھەموو مرۆڤێک بمرێت . ھەرچەندە زۆر زەحمەتە باس لە مردن بکەین بەڵام کاتێک باس دێتە سەرخۆکوشتن واتە مرۆ لە ھەلومەرجێکی تایبەتیدا دەستی دەچێتەخۆی و خۆی دەکوژێت ئەوا تراجیدیایەکی گەورەیە بۆ مرۆڤەکە ، ھاوکات دایکوباوک وکەسوکارو منداڵەکانی(گەر ھەیبێت) . لە ھەندێک ھەلومەرجی تایبەتیدا وەک لە کاتی شەڕدا دەبینرێت ھەندێک پێشمەرگە نەیان ویستوە دوژمن وەک دیل بیانگرێت و سووکایەتییان پێبکات دوا فیشەکی ھەڵکرتووە تا خۆی پێ بکوژێت و بە زیندوویی نەکەوێتە دەستی دوژمن .

وەلێ لە ھەندێ باری دەروونی ناسک و لە پڕێکدا و لە چەند خولەکێکدا ھەموو دنیا دەروخێت بەسەر مرۆداو مرۆ ژیانی خۆی لە دەست دەدات .

یەکەم قۆناخی خورپەکە دەبێتە ھۆی پەککەوتن و ئیفلیج بوونی ژیان و ھێدی ھێدی مرۆ بەرەو مردن دەبات . راستییەک ھەیە کە زۆرجاران مرۆی زیندوو بە زەحمەت لێی تێدەگات و مرۆ سەری سوڕدەمێنێت کاتێک دەبیستین کە یەکێک خۆی کوشت . لەو کاتەدا ھەموو پرسیارێکی ئەوە دەکەن کە ئایا چۆن دەستی چووە خۆی ؟؟

لە کوردەواریدا وەک باوە و شێوازێکی زۆر جیاوازە لە دنیادا زۆرجار کچان و ژنان دەستیان دەچێتە خۆیان و بە خۆسووتاندن ھەوڵ دەدەن خۆیان بکوژن . ھەندێک جار گەر فریای ئەو ئافرەتە بکەوین و لەمردنیش رزگار بکرێت بەڵام لەوانەیە برینی سووتاوییەکە ئەوەندە سەخت بێت و پێستی نەخۆش تێک بدات یان ناشیرینی بکات و ببێتە ھۆی نەخۆشی یان گرێی دەروونی خراپ بۆ ئەو مرۆڤە .

ئێمەی مرۆ بە قسە لە یەکتر تێدەگەین و پێویستە بە ھێمنی و لەسەرخۆ دوور لە ھەڕەشە لە یەکتر نزیک ببینەوە ، دڵنەوایی یەکتری بدەینەوە و ھاریکاری یەکتری بکەین تا تووشی خورپەکە نەبین .

 ھەندێک پسپۆر خۆکوشتن وەک گیروگرفتێکی کۆمەڵایەتی – پزیشکی دەدەنە قەڵەم .  ھەرچەندە رێژەی ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ یەکێکی دی جیاوازە ، بۆ نمونە لە سوێددا ساڵانە نزیکەی ١٣٠٠-١٤٠٠ کەس خۆیان دەکوژن و رێژەکە لە نێوان پیاو ژنیشدا جیاوازە . ھەرچەندە بە پێی ئاین وەک لە ئیسلامدا باس دەکرێت ئەو کەسەی خۆی دەکوژێت کافرە . وەلێ ئەمەش نەبۆتە رێگر لە مرۆ و بگرە لە ژێر چەندان پەستانی دەروونی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت بۆ نمونە ئەو ئافرەتانەی لای خۆمان کە خۆیان دەسووتێنن .

لە ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی و دادی سلێمانی کە لە مانگی مارس ی ساڵی ٢٠٠٦ دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی پێدەکات کە تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٥ دا نزیکەی ٧٢٥ ئافرەتی شاری سلێمانی و دەوروبەری خۆیان سووتاندووە و ١٧٢ یان مردووەن . 

ھاوکات تەنیا لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ دا ١٠٦  ئافرەتی دی خۆیان سووتاندووە و ٢٨ یان مردوون .

ساڵانە لە روسیادا نزیکەی ٦٠ ھەزار مرۆ خۆیان دەکوژن تەمەنیان لە نێوان ٤٥-٥٥ ساڵاندایە وەلێ لیتوانیا بە پلەی یەکەم دێت .

ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ، ئئایووری ، خێزان ، جودابوونەوە ، تەنیایی ، ئامادەبوونی جەستەیی و دەروونی بۆ ئەنجامدانی کارەکە (٧) . ھەرچەندە ئێمە لێرەدا ناچینە ناو ھۆ و ھۆکارەکانی ئەم تراجیدایەی ئافرەتانەوە وەلێ ھۆی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆێندەواری ، ناکامڵبوونی ئافرەت بۆ شووکردن و کێشە کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگای کوردەواری .

دیاردەیەکی دی خۆکوژی کە لەم ساڵانەی دوواییدا دەرکەوتووە بریتییە لە ئەو کەسانەی بە ھۆی ھێرشی خۆکوژییەوە دەبنە ھۆی مردن یان کوشتی خۆیان و کەسانی دی بێتاوان . ھەندێک دەروونزان دەبێژن رێژەی خۆکوشتن لە سەروو تەمەنی ٦٥ ساڵانەوە زێدەترە وەک لە تەمەنەکانی دی وەلێ لە لای ئێمە زێدەتر لە نێوا لاواندا زێدەترە وەک لە بەساڵاچووان . ئەنجامی توێژینەوەو ئامارە جیاوازەکان سەلماندوویانە کە لە ٥٠% ئەوانەی خۆیان دەکوژن دەروونی نەخۆشن .

جۆرەکان

- دەرمانخواردن (مرۆ برێکی زۆر دەرمان بەتایبەتی حەب قووت دەدات بە مەبەستی کۆتایی ھێنان بە ژیانی) .

- فیشەک (گوللە)، ھەندێک جار مرۆ گوللەیەک دەنێت بە سەری خۆیەوە و خۆی دەکوژێت .

- پەت ھەڵخستن ، ھەندێک جاری دی مرۆ پەتێک دەخاتە ملی خۆیی و لە سەر کورسییەک رادەوستێت و خۆی ھەڵدەدات و ئەوسا پەتەکە لە ملی توند دەبێت مرۆ بە خندکاندن دەمرێت .

- خۆسووتاندن (زێدەتر لە نێو ئافرەتانی کورددا باوە) .

- خنکاندن ، ھەندێک جاری دی مرۆ لە پردێکەوە خۆی ھەڵدەداتە نێو رووبارێکەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانی خۆی بھێنێت .

- ھەندێک نەخۆش بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئازارو ناڕەحەتییەکانیان بێنن داوادەکەن دەرزییەکیان لێدەن یان کەمامەی ئۆکسجینەکەیان لێبکەنەوە بۆ ئەوەی بمرن .

-  بڕینی خوێنبەری مەچەک بەچەقۆ یان بە گوێزان ..تاد.

- دەستخستنە نێو تەزووی ئەلەکتریکەوە .

- ھەوڵی تێرۆریستی خۆکوژی (خۆ تەقاندنەوە) .

ھۆزانی

ئەوەی شایانی باسە ھۆ و ھۆکاری خۆکوشتن زۆر زۆر ئاڵۆزەو زۆرجاریش دەروون ناس و پزیشکی دەروونیش سەری لێدەرناکات . ھەندێک پسپۆر خۆکوشتن وەک ھاوارێک بە دوای یارمەتیدا ناودەبەن . ھەندێک جاری دی وەک راکردن لە واقیعەکە ناودەبرێت . ھەندێک جاری دی بۆ ئەوەی لەو ژیانەی تیایدا دەژی رزگاری ببێت . ژمارەیەک زۆری نەخۆشی بە ھۆی نەخۆشی خەمۆکییەوە دەستیان لە خۆیان دەچێت و خۆیان دەکوژن . ھەندێک مرۆ لە شەرما و پاش سووکایەتی پێکردن لە ژێر نێوی ئابڕووبوو چوونەوە وا تێدەگەن کە ژیانیان بێ مانایە و مردن زۆرباشترە لەو پەستانەی کاری کردۆتە سەر دەروونی مرۆ و خۆیان دەکوژن .

ھۆکارەکان

ھۆکارەکانی خۆکوشتن زۆرن وەلێ ھەندێک پسپۆری ئەم بوارە بەم جۆرەی خوارەوە ئاماژەی پێدەکەن :

- نائومێدی لە ژیندا .

- توڕەیی و ھەڵەشەیی .

- ھەست ناسکی .

- خوگرتن بە دەرمان ، مەی ، ماددە بێھۆشکەرەکان ...تاد .

- گیروگرفتی نووستن .

- ئازاری درێژخایەن .

- خەمۆکی .

- لەشساخی نەخۆش .

- نەخۆشی جەستەیی درێژخایەن (شێرپەنجە ، ئەیدز ...تاد) .

- نەخۆشی دەروونی تولانی .

- پێشتر ھەوڵدان بۆ خۆکوشتن .

- جوودابوونەوەی ژن و مێرد .

- ھێرشکردن یان پەلاماردانی ئافرەت .

 - گیروگرفتی کۆمەڵایەتی .

- گیروگرفتی ئابووری .

ئامۆژگاری

- بۆ ئەوەی ھەوڵێکی خۆکوشتن پوچەڵبکەیتەوە پێویستە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ لە گەڵ ئەو کەسەدا بکرێت کە نیازی ھەیە خۆی بکوژیت و ھەوڵ بدرێت خاوبکرێتەوە .

- گەر مەترسی ئەوە ھەبوو کە نەخۆش یان ئەو مرۆڤە نیازی ھەیە زیان بە خۆی و کەسانی دی یان ژیانی کەسانی تریش دەگەیەنن یان دەیخاتە مەترسییەوە پێویستە پزیشکی دەروونی ئاگاداربکرێتەوە .

- پێویستە گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لە گەڵ ئەو کەسەدا بکرێت و گەر پێویست بوو ئەوا دەبێت ببرێتە نەخۆشخانە .

- گەر لە نەخۆشخانە نەخۆش ئارام نەبووەوە ئەوا پێویستە لە نەخۆشەکانی دی جودابکرێتەوە و لە خوێنھێنەرەوە دەرمانی ھێوەرکەرەوەی پێ بدرێت .

چارەسەرکردن

زۆرجاران چارەسەرکردن زۆر ناڕەحەتەو بگرە ناتوانرێت مرۆ لە مردن رزگاربکرێت . ھەندێک جار گەر زوو ئاگاداربکرێین بە ھۆی نەخۆش خۆیەوە یان برادەرەکانییەوە ئەوا لەوانەیە مرۆ بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاگوزاری و لە مردن رزگاربکرێت . وەلێ پاشتر پێویستە دەروونزان یان چارەسەرکەرانی بەشی دەروونی بە گلدانەوە لە نەخۆشخانەی نەخۆشییە دەروونیەکانداو ھێمنکردنەوە ، گوێگرتن لە نەخۆش خەموگیروگرفتەکانی بڕەوێننەوە و پاشترھەفتانە جارێک یان دووجاران ببینرێت و ھاوکات دەرمانی ھێوەرکەرەوەکانی پێ بدرێت .

سەرچاوەکان

١- ھەفتەنامەی میدیا ، ھەولێر ، ل .  ٢ ، ژ ٢٢٣ ی ساڵی ٢٠٠٦ .

 Lennart Wetterberg, psykiatri i fickformat, karolinska Institut, Stockolm 1993.

 Diagnostic and statistical manual of mental disorders. 4 th ed. American Psychiatric Association, diagnostic, kriterier enligt DSM-IV . Washington DC, APA Svensk översättning .Sverige.1995.

www.praktikmedicin.se ©

 Kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005.

www.dagensmedicin.se ©

www.netdoctors.se ©

www.peyamner.com ©


1263 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/09/2015
زیاتر...
1