پیتی  ن
کۆنیشانەی نائارامی پاش رووداو
کۆنیشانەی نائارامی پاش رووداو

Post Trauma Stress Syndrom
ئا/ د. زاهیر سوران

زۆر لە مێژە باسی کۆنیشانەی نائارامی دوای (پاش) رووداوکراوە ، تەنانەت لە ئینجیل دا لە مەڕ نەخۆشییەکە نوسراوە . پاش جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم نەخۆشییەکە بە battle fatigue syndrome و da Costas syndrome نێوبراوە . نزیکەی لە ٣٠%  ئەو سەربازە ئەمێریکایانەی  کە بەشداری جەنگی ڤێتنامیان کردبوو تووشی ئەم جۆرە نەخۆشییە دەروونییە بوون . ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە چەندان توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی تێرو تەسەل لە مەڕ نەخۆشییەکە ، نیشانەکانی و دەستنیشانکردن و چارەسەر کردنیش بکرێت و زانیاری زێدەتر لەمەڕ نەخۆشییەکەوە بڵاوبکرێتەوە . ئەوەی راستی بێت ئەم نەخۆشییە تەنیا تووشی ئەو کەسانە نابێت کە بەشداری جەنگیان کردووە بگرە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی دنیا بە ھۆی چەندان ھەلومەرجی نالەباری وەک سەرنگوم کردن یان زیندە بەچاڵکردن ، گرتن ، ئەشکەنجەدان ، دوورخستنەوە یان شاڵاوی پاکتاوی رەگەزییەوە یان لە ھەلومەرجی تایبەتی رووداوێکدا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن .

بە پێی ھەندێک پسپۆر رووداوە دڵتەزێنە جیاجیاکانی ژیانی مرۆ ، دنیا و پێشێلکردنی مافی مرۆڤیش رۆڵی خۆیان لە دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەدا ھەیە .

گەر راستیتان دەوێت زۆربەی زۆری دانیشتوانی کوردستان پاش ئەو ھەموو رووداوە دڵتەزێنە دەروونی وجەستەییانەی ساڵانی ژێردەستەیی وا کاری تێ کردووە کەم یان زۆر ھەندێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەیان لێ دەبکەوێت وەلێ زۆر کەس پێیان نەنگییە تانانەت سەردانی پزیشکی دەروونی بکەن و کەمێک لەو پەستانە دەەوونییەی کە بۆتە ھۆی نائارامی یان پاش زیندانیکردن ، بەندی ، راونان ، دوورخستنەوە ، دەرکردن لە کار و ماڵ و گوند ، راگواستنی زۆرەملی ، کۆچڕەو ، شار یان نیشتمان بە جێھێشتن کەم بکەنەوە و ژیانێکی ئاسایی بەسەربەرن . لە زۆربەی زۆری بارەکاندا مرۆڤی کورد کەمتەرخەمی ، نەنگی و قسەی ئەم و ئەو زیانی گەورەی بە تەندروستی و بگرە جەستەی گەیاندوە و بگرە تا ئەمرۆش تەمێ نەبووە و رۆژانە ئەو وشەو زاراوانە کاریگەری خۆیان ھەس و کەم یان زۆر کارەکانی رۆژانەی لێ تێدەکەن !!

ساڵی ١٩٨٠ رێکخراوی American Psychiatric Association کتێبێکی لە مەڕ نەخۆشییە دەروونیەکان بە نێوی Manual of Mental Disorders بڵاوکردەوە و لە کتێبەکەدا بە تێروتەسەلی لە مەڕ کۆنیشانەکە نووسراوە .

توێژیارانی ئەمێریکا لە Children s Hospital of Philadelpha  ئەنجامی توێژینەوەیەکیان لە دوا ژمارەی ساڵی ٢٠٠٥ ی گۆڤاری Clinical Oncology  بڵاوکردەوە ، لەو توێژینەوەیەدا راشکاوانە دەبێژن کە ئەو منداڵانەی تووشی شێرپەنجە بوون پاش ماوەیەک دایکوباوکی زۆربەیان تووشی نائارامی دوای رووداو بوون (٦) . 

ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ئەو کەسانەی کە خۆشەویستەکانیان نەخۆشییەکیان ھەیە وەک شێرپەنجە مەترسی زۆری ئەوەیان لێدەکرێت بە ھۆی سۆزوخۆشەویستی یانەوە تووشی ئەم بارە دەروونییە نالەبارە ببن .

ھەندێک نەخۆش نایانەوێت باری دەروونیان ئاڵۆزببێت و نەتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن وەلێ دەبێژن کە دەرکەوتنی نیشانەن بە خواستی خۆیان نییە لەبەر ئەوەیە سەردانی پزیشکی پسپۆر پێویستە .

جۆرەکانی نەخۆشییەکە:

١- کوتوپڕ ، لەم بارەدا کەمتر لە ٣ مانگ نەخۆش ئەم نیشانانەی خوارەوەی ھەیە .

٢- تولانی ، لەم بارەدا زێدەتر لە ٣ مانگ نەخۆش ئەم نیشانانەی خوارەوەی ھەیە .

نیشانەکان 

بە بۆچوونی ھەندێک توێژیار بەلایەنی کەمەوە ٢ نیشانەی خوارەوە پێویستە بۆ دەستنیشانکردن :

١- لە رادەبەدەر ئاگاداربوون یان دەرکەوتنی بەرتەکی ناچاوەڕوانکراو بە ھەژێنەرێکی دەرەوە . واتە ھەژێنەرێکی دەرەوە وای کردووە کە مرۆ بەرتەکێک دروست بکات یان لە رادەبەدەر ئاگاداربێت .

٢- خەو زڕاندن (مرۆ دەخەوێت وەلێ پاش ماوەیەکی کورت بە ئاگادەبێت و ئیتر ناتوانێت بخەوێتەوە) .

٣- ھەستکردن بە قەرزاری کە کەسانی دی مردن ، ئەم ماوە و دەژی یان ھەستکردن کە پێویست بوو ئەم بژی و نەمرێت .

٤- تێکچوونی بیر و بیرکردنەوە یان ناڕەحەتی لە کۆکردنەوەی بیرەوەریەکان .

٥- ھەوڵدان تا ئەو بیرەوەرییە ناخۆشانەی رووداوەکەی بۆ نەیەتەوە .

٦- دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک کە پەیوەندی بە رووداوەکەوە ھەیە یان وەک رووداوەکە وایە .

لەم بارەدا جەستەی نەخۆش تەواوە وەلێ ئەو نیشانە دەروونیانەی سەرەوەی تیادا دەر دەکەوێت . ھەندێک جار لاوەکی مرۆ نیشانەی دەروونی و بگرە خەمۆکی ، ترس ، پەنابردنە بەر ئەلکھۆل ، جگەرە کێشان ،و ماددە بێھۆشکەراکان و نەخۆشی دی دەردەکەوێت .

دەستنیشانکردن

ئەوەی شایانی باسە بە پێی Manual of Mental Disorders ی ئەمێریکاییەکان دەستنیشانکردنی کۆنیشانەکەیان لە ٥ خاڵی A-E دا کۆکردۆتەوە کە ئەمانەن:

A – کەوتنە بەر یان خستنەبەر رووداوێک یان ھەلومەرجێکی دژواری کورت یان درێژ کە مەترسی ھەبێت بۆ سەر ژیانی مرۆ یان رووداوێکی سروشتی کە ببێتە ھۆی ترس و نائارامییەکی زۆر بۆ مرۆ .

B- پێویستە گیروگرفت لە بیرھاتنەوەی نەخۆشدا ھەبێت وەک گەرانەوە بۆ ھەلومەرجەکانی پێشتر .

وەک مرۆ زۆر شتی وەک خۆی دێتەوە یاد، خەوبینین بەو ھەلومەرجەی کە بە راستی روویداوە یان بەسەرھاتە ناخۆشەکانی نەخۆش .

C- پێویستە نەخۆش نیشانی بدات کە بە راستی خوازیارە و نایەوێت رووداوەکە یان رووداوەکانی وەبیربێتەوە .

D- پێویستە ھەندێک لەم بارانە ھەبێت :

- لە دەستدان یان نەمانی توانای وەبیرھاتنەوە (کەمێک یان ھەمووی)  .

- دەرکەوتنی نیشانەی دەروونی کە پێش رووداوەکە لە نەخۆشدا نەبووە .

- گیروگرفتی خەوتن .

- ھەستداری یان رق و کینە لە دڵدا .

- نەمان یان لە دەستدانی توانای بیرکردنەوە .

- دەروونی نەخۆش زۆر ناسکەو بە ئاستەم زوویر دەبێت .

E – پێویستە لە رۆژی رووداوەکەوە نەخۆش لە ماوەی ٦ مانگاندا خاڵەکانی B, C, D پڕبکاتەوە .

جۆری ئەو رووداوانەی لە پشتی نەخۆشیەکەوەن

- توندوتیژی جەستەیی، ئەو رووداوانەی ژیان دەخەنە مەترسییەوە ، لێدان یان پەلاماردانی ئافرەت ، دزی ، مرۆ رفاندن  ، مامەڵەی خراپی دایکوباوک لە تەک منداڵەکانیاندا و ھەڕەشەکردنی کوشتن .

- ھێرشی تێرۆریستی ، ھێرشی خۆکوژی .

- فەلاقەکردن ، ئازاردان و ئەشکەنجەدانی مرۆ .

- ھەموو ھەلومەرجێکی جەنگ .

- رووداوی سەختی ئۆتۆمۆبیل ، فڕۆکە ، ماتۆڕ ، شەمەندەفەر و پاس .

- رووداوی نێو نەخۆشخانە ، نەشتەرگەری ، ئازاری توند و کوتوپڕ ، وەرگرتنی ئەنجامی تێستی نەخۆشی وەک ئەیدز یان شێرپەنجە .

- رووداوی سرووشتی (بومەلەرزە ، لافاو ، بەفربارینی زۆر ..تاد)

- شایەتی دان بە درۆ دژی کەسانی دی .

- چەندان ھەلومەرجی ناخۆش و نالەبارو سەخت کە ناتوانرێت لە بیری مرۆ بچێتە دەرەوە .

پسپۆرانی دەروونی دەبێژن تا رووداوەکە توند ترو درێژخایەن بێت ئەوا مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زێد دەکات و لەوانەیە نیشانەکانیش توندتربن .

پێشبینیکردن

لە بارە کوتوپڕەکەدا رێڕەوی نەخۆشییەکە لە ژێر چارەسەردا باش دەبێت . ئەو کەسانەی کە تازە تووشی نەخۆشییەکە بوون لە ماوەی ساڵێکدا لە ٣٠% یان چاک دەبنەوە ، وەلێ زێدەتر لە ٣٠% یان تووشی باری تولانی نەخۆشییەکە دەبن .

چارەسەرکردن

- ئەوەی شایانی باسە لە ٥٠% ی بارەکاندا دەرمانی دژە خەمۆکی (SSRI)  بە سوودە بۆ نەخۆش .

باشتر وایە دەرمانی Benzodiazepiner نەدرێت بە نەخۆش .

- دڵدانەوە وھێوەرکردنەوەی نەخۆش لە لایەن شارەزای دەروونی و چارەسەرکەرەوە زۆر بە سوودە .

- ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی نائارامی دەروونی وەک وەرزش و پیاسەکردن زۆر بە سوودن .

- فێرکردنی نەخۆش چۆن دەتوانێت لە کاتی رووداوێکدا رووبەڕووی بیروبۆچوونەکانی خۆی ببێتەوە و ھاوکات چۆنیەتی بەکارھێنانی فەنکشنەکانی بیر تا بەسەربیروبۆچونەکاندا سەربکەوێت .

سەرچاوەکان


1. Diagnostic and statistical manual of mental disorders. 4 th ed. American Psychiatric Association, diagnostic, kriterier enligt DSM-IV .Washington DC, APA. Svensk översättning: Sverige.1995.

2.Torgny Persson, Ångestsjukdomar, Internetmedicin.se Göteberg 2004.

3.Lennart Wetterberg, Psykiatri i fickformat, Stockholm, 1993.

4.kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005.

5. www.netdoctors.se ©

6.www.dagensmedicin.se © 051213


1276 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
27/09/2015
زیاتر...
1