پیتی  ن
کۆنیشانەی ناچاری
کۆنیشانەی ناچاری

Obsessive Compulsive Disorder (OCD)
ئا/ د. زاهیر سوران

بریتییە لە بارێکی بایۆلۆژی دەماری ، لەم بارەدا دووبارەبوونەوەی بیری ناخۆش مرۆ ناچاردەکات کارەکان ئەنجام بدات (کەس زۆر لە نەخۆش ناکات) .

یان

کۆمەڵێک بیرو فەنتازییە کە دەبێتە ھۆی گیروگرفتی دووبارەبونەوە و ئەنجامدانی بەناچاری کارەکان . زۆرجاران مرۆ زۆر بە راستی و بێ گاڵتەکردن یان بێھەست پێکردن و بێئەوەی بییەوێت پاش ئەوەی دێتە دەرەوە لە ماڵەوە لەو دیو دەرگاکەوە دەڵێت : ئەە ئاوەکەم نەگرتۆتەوە ، گڵۆپەکان یان  گازەکەم نەکوژاندۆتەوە ...تاد . بۆ زێدەتردڵنیایی جارێکی دی دەرگای ماڵەوە دەکاتەوە و دێتەوە چوورەوەو کۆنترۆڵی ئەو شتانە دەکات کە خۆی مەبەستییەتی . لە بارە دەروونییە سەختەکاندا مرۆ چەندان جار کۆنترۆڵی دەرگاکان ، بەلوعەی دەستشۆرو گەرماو، ئەلەتریک ، تەباخی گاز ..تاد دەکات .ئەوەی شایانی باسە تەنیا لە ٢% ی دانیشتوان زێدەتر لاوان تووشی کۆنیشانانەی ناچاری دەبن ، لەم بارەدا نیشانەکان درێژخایەنن . ئەوەی راستی بێت زۆرجاران دەست شتن و خۆ شتن چەندان جار دووبارە و سێ بارەو دەبارەش دەبێتەوە . نەخۆش کەلوپەلی نێوماڵی بە رێکوپێکی دادەنێت و جلوبەرگ قەد دەکات یان ریزیان دەکات و نایەوێت کەس لێیان بکەوێت ، بیان جوڵێنێت و تێکیان بدات .

زۆرجاران نەخۆش تووشی ترس دەبێ (گەر نەخۆش دەستتەکانی چەند جارێک بە ئاووسابوون نەشۆرێت ئەوا دەترسێت تووشی نەخۆشی بە تایبەتی ئەیدز ببێت) . گەر نەخۆش ئەو کارانە ئەنجام نەدات ئەوا دەترسێت رووداوێکی دڵتەزێنی لێ بکەوێتەوە . لەو ھەلومەرجانەی سەرەوەدا نەخۆش زۆر بە ئاگایە کارەکە ئەنجام نەدات بەڵام بیرو بۆچوونی خراپ وای لێدەکەن ئەو کارانەی سەرەوە و ھی تریش ئەنجام بدات .دووبارەو سێ بارە ئەنجامدانی ئەو کارانەو کاری تریش دەبێتە ھۆش گیروگرفت لە رێگای مرۆدا لە بەرئەوەی مرۆ کاتێکی نادیار و وزەیەکی زۆری  رۆژانەی لە دەست دەچێت . ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدانی کاری رۆژانە ، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان یان پەیوەندییەکان .

ھەندێک جار نەخۆش خوو دەداتە کۆکردنەوە، وەک کۆکردنەوەی گۆڤار ، رۆژنامە ، تا دەگاتە کۆکردنەوە و فڕێ نەدانی خۆراک و خراپ بوون و بۆگەنکردنی . جاری وا ھەیە گەر یەکێک بۆ یەکەم جار سەردانی ئەو جۆرە نەخۆشانە بکات ، پاش چاخواردنەوە نەخۆش پیاڵەو کەوچک فڕێ دەدات وا دەزانێت میوانەکەی نەخۆشەو لەویشەوە ئەم تووشی نەخۆشییەکەی دەبێت . نەخۆش زۆر وردە ، لە ماڵەکەیدا ھەندێک کەلوپەلی بە رێکوپێکی داناوە ، ریزکردوە ، بە ژمارەھەڵچنراو ، زۆر پاکوخاوێن رای گرتوون ...تاد . نایەوێت و حەزناکات کەس دەستیان بۆ بەرێت یان تێکیان بدات . زۆرجاران نەخۆش حەز ناکات سەردانی کەس بکات بۆ ئەوەی کەس سەردانی نەکات نەبادا ماڵەکەی پیس بکەن و کەلوپەلەکانی تێک بدەن .

ھۆزانی

- ھۆکاری بایۆلۆژی .

- ھۆکاری کۆمەڵایەتی .

- ھۆکاری نائارامی دەروونی .

- لەوانەیە ھۆکاری بۆماوە رۆڵی ھەبێت .

- پرۆسێسی بەرگریخۆیی (ئاوتۆئیمون) پاش سۆ بە سترێپتۆکۆکەس تێبینی کراوە کە بەکتریای ناوبراو دەبێتە ھۆی پێکانی لیمفەگرێ بنچینەییەکان و پاشتر نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەردەکەوێت (١) . پاش چارەسەرکردنی سۆکە نەخۆش ھیچ نیشانەیەکی دەروونی تیادا نەماوە و چاک بۆتەوە . ھەندێکجار ئەم نیشانانە لە تەمەنی منداڵیدا دەردەکەون ، ھۆکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکاری :

- نائارامی دەروونی .

- پرۆسێسی بەرگری خۆیی .

نیشانەکان

- نەخۆش لە بازنەیەکدا گیردەخوات و ناتوانێت لێی بێتە دەرەوە وئەمەش دەبێتە ھۆی دڵەڕاوکی ، ترس و نائارامی بۆ نەخۆش ، زۆرجار بە نارەحەتی خۆی لێ رزگاردەکات .

- زۆرجاران نەخۆش چەندان جار دەستی دەشۆرێت بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی خراپ یان پیس نەبێت .

- چەندان جار کۆنتڕۆڵکردنی ئاو ، ئەلەکتریک و کەلوپەلی ناوماڵ .

- زۆرجار نەخۆش ئەوەندە دەستەکانی شتووە پێستی دەستی سوور بۆتەوە یان لەوانەیە تووشی بیرۆ بووبێت .

- زۆرجار ئەم نەخۆشانە لە کاتی خۆیان دوادەکەون و ھەرگیز لە کاتی خۆیاندا ئامادە نابن .

- زۆرجاران نەخۆش شەرم زۆر دەکات باسی ھەلسوکەوتەکان و ژیانی خۆی بکات و ئەمەش نیشانەکان خراپ دەکات .

دەستنیشانکردن

گفتوگۆ لە گەڵ نەخۆشدا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پزیشک نیشانەکانی بۆ دەربکەوێت یان بیان ناسێتەوە .

پاشتر دەروونزان و پزیشکی دەروونی باشتر دەستنیشانی نەخۆشەکە دەکەن .

چارەسەرکردن

- ھاریکاریکردن ، راھێنان ، وانە وتنەوە بە نەخۆش زۆر بەسوود بووە .

- دەرمان ، باشتر وایە نەخۆش لە پزیشکی دەروونییەوە دەرمان و رێنمایی وەربگرێت .

ئامۆژگاری

- ھەوڵبدە لەسەرخۆبەو ئەو کارانە ئەنجام مەدە ، خۆتیان لێ بدزەرەوە .

- بە خوێندنەوە مرۆ دەتوانێت خۆی لەسەر نەخۆشییەکەی رۆشنبیربکات .

- ھەوڵبدە نائارامی کەم بکەرەوە یان خۆت نائارام مەکە، لەبەرئەوەی نائارامی ھۆکارێکە بۆ خراپبوونی رێڕۆی نەخۆشییەکە . زۆر پێویستە خزمان و ھاوەڵەکان ھاریکاری نەخۆش بکەن تا ئەو کارانە کەمبکاتەوە تا وازیان لێ دەھێنێت . لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە گەر نەخۆش رێکەوتننامەکانی نێوان خۆی و پزیشک یان چارەسەرکەرانی ئەنجام بدات ئەوا لە ٤ نەخۆش ٣ یان چاک دەبێتەوە .

سەرچاوەکان

1.Kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of  Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005.

2. Murphy ML, Pichichero ME. Prospective identification and treatment of children with pediatric autoimmune neuropsychiatric disorder associated with group A streptococcal infection (PANDAS). Arch Pediatr Adolesc Med 2002;156 (4):36-61.

3. Diagnostic and statistical manual of mental disorders. 4 th ed. American Psychiatric Association, diagnostic, kriterier enligt DSM-IV . Washington DC, APA Svensk översättning .Sverige.1995.

4. Praktisk medicin, three doctors förlag. Tvångsyndrom. Sverige.2004; 418-420.

5. Regionalt vård program, Ångestsjukdomar, Stockholms läns landstingen. Sverige.2003.

6. Gail Steketep,Ph.D. Clinical Obsessive-Compulsive Disorder. Best Practices for Therapy .USA.1999.


1726 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/09/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1