پیتی  ت
ترس (تۆقین)
ترس (تۆقین)
Phobi
ئا/ د. زاهیر سوران

ئەوەی راستی بێت کەس نییە لە دنیادا رۆژێک لە رۆژان ، ساتێک یان لە ھەلومەرجێکدا نەترسابێت و نادڵیایی باڵی بەسەر ھەستیدا نەکێشابێت .

ترس واتە نادڵنیایی ، مەبەست لە بارەیەکە کە مرۆ لە خۆی دڵنیا نییە لەبەرئەوەی وا گومان دەکات کە تووشی رووداوێک دەبێت یان شتێک روودەدات .

ترس Phobi بەرتەکێکی سروشتی یە وەک وەڵامێک دژی مەترسییەک دەردەکەوێت . لە کاتی ترسدا کۆئەندامی ناوەندی دەماری ئۆتۆنۆم (سەربەخۆ) دەکەوێتە کارو ئەویشە ئەو ھەلومەرجە دروست دەکات کە بەسەر مرۆڤدا دێت و لەوانەیە مرۆ وا بتۆقێت و لە ترساندا میز رانەگرێت و خۆی تەڕ بکات .

بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ھۆی نەخوێندەواری ، دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی و زانستی خێزانەوە دایکوباوک یان کەسوکاری منداڵ بە بێ مانایانە و نازانستیانە زارۆک دەترسێنن ، جاری وا ھەیە منداڵ گەورەش دەبێت ئەو ترسە ھەر لە دەروونیدا دەمێنێتەوەو نایەتە دەرەوە ، ھەندێک جاریش وەک مۆتەکە تا مردن بە سەرملی مرۆڤەوەیە ، بە جۆرێک ساڵانێکی زۆر لە تەمەنی مرۆڤێک دەڕوات بێئەوەی ئەو کەسە راستییەکەش بزانێت .

یان

ترس یان تۆقین ، بریتییە لە ھەستێک کە رێگە لە ئەنجامدانی کارێک دەگرێت.

نزیکەی لە٧-١٥% دانیشتوان جۆرێک ترسیان ھەیە یان جارێک لە ژیانیاندا ترساون (تۆقێنراون) ، یان دەترسن . زۆرجاران لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە منداڵ لە ئاژەڵ دەترسێت ،  لە ٢٢ ساڵیدا تووشی ترس لە سواربوونی فرۆکە دەبێت .

لە ٥٥-٧٥% ی دانیشتوان لە خوێن ، دەرزی ، برینداری رووداو دەترسن .

ھەرچەندە لە زۆربەی زۆری بارەکاندا ھیچ روونادات بەڵام مرۆ ھەر دڵنیا نییە ، ھەندێک جاری دی مرۆ ناتوانێت خۆی لەو ترسە رزگار بکات کە کەوتۆتە دەروونییەوە . گەر بارە دەروونییەکە بەردەوام بێت و بێ چارەسەرکردن بمێنێتەوە ئەوا لەوانەیە مرۆ نائومێد بکات و ئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە .

ھۆزانی

ئەوەی راستی بێت تا ئەمرۆ ھۆی ترس نازانرێت .

ھۆکاری بۆماوە ، ھۆکاری ژینکە ، کاریگەری گەورە لە سەر منداڵ ، شەرمنی (جیاوازە لە ترسی کۆمەڵایەتی) .

شەرمنی پێش ترسی کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت .

ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ١٠-٢٠ ساڵ پاش دەرکەوتنی نیشانەکانیان بە شوێن یارمەتیدا دەگەڕێن بە تایبەتی لە نەخۆشخانەی گەڕەکەکاندا .

زۆرجاران نەخۆش بە ھۆی نائارامی ، خەمۆکی ..تاد دەگاتە نەخۆشخانە وەلێ لە راستیدا نەخۆش گیروگرفتی ترسی ھەیە و چەند تیۆرییەک لەم بارەیەوە ھەیە .

جۆرەکانی ترس زۆرن بەڵام گرنگترینیان بریتیین لە :

١- ترسی کۆمەڵایەتی

پسپۆرانی دەروونی لە ساڵی ١٩٨٠ ەوە ترسی کۆمەڵایەتی وەک  نەخۆشییەکی دەروونی دەدەنە قەڵەم .

جۆرەکانی

- ترسی کۆمەڵایەتی جوداکراوە ، ترس لە ھەندێک ھەلومەرج بە تایبەتی لە کۆمەڵێک مرۆ .

- ترسی کۆمەڵایەتی گشتی ، ترس لە ژمارەیەکی زۆر ھەلومەرجی کۆمەڵایەتی .

رێژەی ئەم جۆرە ترسە لە نێوان ٢-١٩% دایە . لەم بارەدا مرۆ ناوێرێت روو لە قەڵەباڵخی بکات واتە لە یەک – دوو کەس زیاتر ببینێت ئەوا پەلوپۆی نامێنێت و دەکەوێتە لەرزین و رووخساری سوور دەبێتەوە لێدانی دڵی زێد دەکات .

 زۆرجاران لە ئەزرەتدا مرۆ پەنجەکان یان دەستەکانی ھەڵئەگڵۆفێت یان لەپی دەستی مرۆ ئارەقە دەکاتەوە و ناتوانێ کۆنتڕۆڵی ھەست و نەستی بکات .

٢- ترسی تایبەتی

لەم ھەلەمەرجەدا مرۆ لە ئاژەڵ ، ھەڵسوکەوت دەترسێت بۆ نمونە :

- ترس لە مار ، دوپشک ، جاڵجاڵۆکە ، مشک .

- ترس لە بەرزی ، فرۆکە ، چیا ، باڵەخانەی بەرز ، باڵندە  ، زەردەزیڕە و پێشکە .

- ترس لە سروشت ، ئاو ، رەشەبا ، باران ، ھەورەتریشقە ، ھەورە گرمە ، ئاگر و بومەلەرزە .

- ترس لە پرد ، شوێنی تەسک ، پیسایی ، نوسین ، زەنگی تەلەفۆن و پۆست .

- ترس لە دەرزی لێدان ، خوێن ، نەخۆشخانە و پزیشک .

نیشانەکان

نیشانە دەروونیەکان

ترس ، دوودڵی ، گرژبوون ، بێخەوی یان نەخۆش خەوی لێ ناکەوێت .

نیشانەی ئەندامییەکان

دەرکەوتنی بەرتەکێکی بەھێز لە شێوەی لەرزین ، ئارەقەکردنەوەی لەپی دەستەکان ، تەپەتەپی دڵ ، ھێڵنجدان ، ھەناسە بڕکێ ، زێد لێدانی دڵ ، ژانەسەر و ژانە سک ، جاری وا ھەیە مرۆ توڕەدەبێت یان ھەڵدەچێت .

دەستنیشانکردن

لەوانەیە ترس لە شوێنێدا بێت یان لە ھەلومەرجێکی تایبەتیدا بێت و زەحمەتە نەخۆش خۆی لێ رزگاربکات یان یارمەتی بگاتێ . لە بارەکەدا نەخۆش رووبەرووی  بارودۆخی چاوەڕوان نەکراو یان ناوەختی دەبێتەوە ، وەک دەرکەوتنی نیشانەی تایبەتییەکانی بارەکە . زۆرجاران نەخۆش باسی ترسەکەی خۆی بۆ پزیشک دەکات ئەوسا سووکناییەکی دەروونی پێدادێت.

ئامۆژگاری

نووسەرو دەروونزانی ئەمریکی (Claire Weekes) دەبێژێ :

- ھەوڵبدە پەیوەندی لە گەڵ خەڵکدا بکە ، ھەوڵ بدە بەرەنگاری بارەکە ببەرەوە .

- رازی ببە کە خەڵک بینیت و گفتوگۆ و دانیشتنیان لە گەڵدا بکە .

- خۆت ھێمن و ئارام بکەرەوە .

- رێگە بدە تا کات دەڕوات ، خۆت بێ سەبر مەکە .

چارەسەرکردن

- چارەسەرکردنی دەروونی بۆ رەوینەوەی نیشانەکان .

- خولی راھێنان و مەشق پێکردن لە مەڕ راستییەکان .

- چارەسەرکردن بە دەرمان .

لە توێژینەوەیەکی سویسریدا (٧)  کە لە ژمارەی مانگی مارس ی گۆڤاری  PNAS ئەمێریکادا بڵاوکراوەتەوە توێژیاران ئاماژەی پێدەکەن کە ھۆرمۆنی نائارامی کاریگەرییەکی باشی لە مەڕ رەوینەوەی ترس ھەیە بە تایبەتی ترسی کۆمەڵایەتی وترس لە تەنافی شەیتان .

لەو توێنەوەیەدا کاتێک ٢٥ ملگم لە کۆرتیزۆن دراوە بەوکەسانەی کە ترسی کۆمەڵایەتییان ھەبووەو نێردراون لە گەڵ گروپێکدا یەگتری ببینن و گفتوگۆ بکەن و ژمارەیەکی زۆریان ترسی ئەوەیان نەماوە یان رەویوەتەوە تا لە بەردەم جەماوەردا یان کۆمەڵێک کەسدا قسەیکەن .

لە لایەکی ترەوە ئەو کەسانەی ترسیان لە تەنافی شەیتان ھەبووە ١٠ ملگم کۆرتیزۆن یان پێدراوە و ئەمانیش دانیشێنراون تاکو تەماشایی فلیمێک بکەن کە تەنافی شەیتانی تیادابووە و خۆراگری نەخۆشەکان ئاماژەی باشی کۆرتیزۆنە لەو دوو جۆرە ترسەدا .

سەرچاوە

1. Praktisk medicin, three doctors förlag. Depression. Sverige.2004; 412-415.

2. Regionalt vård program, Ångest sjukdomar, Medicinskt program arbete. Stockholms läns landstingen. Sverige.2003.

3.Bodlund O. Ångest och depression dolt problem i primärvården. Endast vart fjärde fall identifieras. Läkartidningen 1997;94:4612-8.

4. Bech P. Måtte den bli läst! SBUs rapport om depressionsbehandling kan öka vårdkvaliteten. Läkartidningen 2004;101:534-

5.kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005.

6.Diagnostic and statistical manual of mental disorders. 4 th ed. American Psychiatric Association, diagnostic, kriterier enligt DSM-IV .Washington DC, APA. Svensk översättning: Sverige.1995.

7. www.dagensmedicin, PNAS  USA. Mars 2006


3138 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
25/09/2015
زیاتر...
1