پیتی  خ
خەمۆکی

خەمۆکی
Depression
ئا/ د. زاھیر سوران

ئەوەی شایانی باسە ھەر یەک لە ئێمە کەم یان زۆر بەرتەکی جیاوازی  لەمەڕ ھەست ، خەمباری ، دڵخۆشی و رووداوەکاندا ھەیە . دەربڕینی ھەست و نەستی مرۆ لە رووخسارو زۆرجاران جوڵاندنی لەشدا دەبینرێنەوە ئەمەش گرنگی توانای کۆمەڵایەتی مرۆ دەردەخات .

مێژوو
ھیپۆکرات ی گرێکی لە ساڵانی ٤٦٠-٣٧٧ پ ز دا لە مەڕ خەمۆکی و نیشانەکانی دا نووسیوە .  ئەو وای دادەنا کە خەمۆکی ئەنجامی ناھاوسەنگی شلەی نێو لەشە .
 لە ساڵانی ١٩٠٠ دا توێژیاران کەوتنە توێژینەوە لە مەڕ کەسایەتی مرۆ ، ئەوکاتە (سیگموند فرۆید) قوتابخانەیەکی لە مەڕ مۆدێلی توێژینەوەی دینامیکی دەروون دانا .
لە ساڵی ١٩٦٠ دا لە مەڕ نیشانەکانی خەمۆکی منداڵ واتە (خەمۆکی داپۆشراو) نووسرا .
لە ساڵی ١٩٨٣ دا توانرا باشترو و تێروتەسەلتر لەمەڕ خەمۆکی منداڵ و ھەرزەکارەوە گفتوگۆ بکرێت .

پێناسە
خەمۆکی ، بریتییە لە بارێکی دەروونی ئاڵۆز بە ھۆی نزمبوونەوەی دەرکردنی (سێرۆتۆنین ، دۆپامین و نۆرئەدرێنالین) لە لایەن کۆئەندامی ناوەندی دەمارەوە .
یان
بریتییە لە گۆڕانکارییەکی تولانی لە گەڵ نزمبوونەوە لە ھەست و نەستی نەخۆشدا .
 گەلێک توێژیار ئەو مۆلێکیولانەی سەرەوە دەبنە ھۆی دەرکەوتنی بارودۆخێکی دەروونی تایبەت لە کۆمەڵێک نیشانەدا دەردەکەون . ھەندێکی دی دەبێژن بریتییە لە کۆمەڵێک بیر، خواست ، ناخواستن ، نائارامی دەروونی ، خێرایی و پەلە پەل لە نەخۆشدا دەردەکەون . رێژەی مەترسی تووشبون بە خەمۆکی جیاوازە لە مێینە دا لە ٤٠% دایە و لە نێرینەدا دەگاتە ٢٠% دا. بەڵام خۆشبەختانە بە ھۆی کاریگەری دەرمانی دژەخەمۆکی و پێشکەوتنی شێوەکانی چارەسەرکردنی دەروونییەوە توانراوە رێژەی ھەوڵدانی خوکوژی یان خۆکوشتن زۆر کەم بکرێتەوە . بۆنمونە لە وڵاتێکی وەک سوێددا ساڵانە لە ٢٠٠٠ نەخۆشەوە کە ھەوڵیانداوە خۆیان بکوژن  گەیشتۆتە ١٧٠٠ نەخۆش . بە پێی توێژینەوە جوداکان ئەو رێژە و ژمارانەی سەرەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دی دەگۆڕێت . نابێت ئەو راستییەشمان لە یاد بچێت کە ژمارەیەکی زۆری کوردی نێوەوە و دەرەوەی کوردستان گیرۆدەی خەمۆکین وەلێ تا ئەمڕۆ ژمارەیان نازانرێت .
 ھاوکات لە گەڵ زێد بوونی تەمەندا مەترسی خەمۆکی زێدەتر دەبێت و ئەم جۆرەش ناسراوە بە خەمۆکی بەتەمەن واتە لە بەساڵاچوودا دەردەکەوێت و زۆر پسپۆر دەبێژن رێژەی تووشبوان بەم شێوەیەیە (٩) .
- لە ١٥% ی ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو ٦٥ ساڵانەوەیە .
- لە ٣٠% ی ئەوانەی لە کلینیکی پیران یان ماڵی بەساڵاچوواندا دەژیت .
- لە ٤٤% ی ئەوانەی لە نەخۆشخانەی بەساڵاچواندا دەژین .
- لە ٣٠-٤٠% ی ئەوانەی پیرن و تووشی خڵەقاوی بوون .
- لە ٤٠% ی  ئەوانەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن .
- لە ٨٠% یان زێدەتری ئەو کەسانەی تووشی لەرزۆک (پارکینسۆن) بوون .
لە توێژینەوەکانی ساڵی ٢٠٠٥ دا روون بۆتەوە کە ئەو کەسانەی تووشی خەمۆکی دەبن زێدەتر و زووتریش لە کەسانی دی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن

ھۆزانی

ھەمووان دەزانین ژمارەیەکی فرە ھۆکار و ھۆ ھەن کە رۆڵیان لە دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکیدا ھەیە وەلێ گرنگترینیان بریتین لە :
١- ھۆکارە بایۆلۆژییەکان
چەند جۆرێک تەزوو یان ھێما گەیەنەر لە مێشکدا ھەیە و گرنگترینیان بریتین لە (سێرۆتۆنین ، دۆپامین و نۆرئەدرێنالین) ئەم تەزوو گەیەنەرانە کار دەکەنە سەر چەند فەنکشنێکی لەشی مرۆ لەوانە خەو ، ئیشتیھا و بیر . گەر ھاوسەنگی ئەو تەزوو گەیەنەرانە تێک بچێت ئەوا ئەو فەنکشانە تێکدەچن و ئەوسا نیشانەکانی نەھۆشی خەمۆکی دەردەکەون .

دەمارە تەزووگەیەنەرەکان :
A- سێرۆتۆنین  واتە  hydroxitryptamin   ٥،
سێرۆتۆنین مۆلێکیولێکی گچکەیە وەک کۆنتڕۆڵکەری قەبارەی ھەستی مرۆ رۆڵ دەبینێت کاردەکاتە سەر ئاگا ی مرۆ، وەک ھێمنکەرەوە کاردەکا . فەنکشنەکانی سێرۆتۆنین دەبێتە ھۆی گۆرانکاری لە کەسایەتی خەمۆکی داردا ، گەر رێژەکە باش بێت ئەوا مرۆ ھێمن و دڵخۆشە ، گەر رێژەکە نزم بێت ئەوا دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی ترس ، بێزەوقی ، ماندوویەتی ، خەولێھاتن و تووڕەیی . لە مرۆی ئاساییدا ، لە ٩٠% ی رێژەی سێرۆتۆنینەکان لە ماسولکەی گەدە و ریخۆڵەکاندا بەکاردەھێنرێت .
لە توێژینەوەیەکی سوێدی ساڵی ٢٠٠٥ دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی پێدەکات کە ناتەواوی لە پرۆتینێکدا دەبێتە ھۆی خراپبوونی فەنکشنەکانی سیستەمی سیرۆتۆنین کە پەیوەندییەکی بەھێزی بە خەمۆکییەوە ھەیە (١٠) . توێژیاران لەو باوەڕەدان ئەنجامی توێژینەوەکەیان رێگاخۆش بکات تا چارەسەرێکی باشتری نەخۆشی خەمۆکی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی زێدەتر سوود بە نەخۆش بگەیەنرێت .

B- دۆپامین  Dopamin ،
بریتیین لە مۆلێکیولی خۆشی، ھێماگەیەنەری نێوان دەمارەخانەکانی مێشک و شلەی نێوپتکەدەمارنن . مێشک ئەم مۆلێکیولانە دەردەدات بۆ ئەوەی مرۆ لە ژیاندا دڵخۆش و بە ئاگابێت .
کاتێک مرۆ برسی دە بێت ھەوڵدەدات نان یان خۆراک بخوات . کاتێک سەرمای بێت ھەوڵدەدات خۆی گەرم بکاتەوە . مرۆ لەشی بەخۆراک و خواردنەوە پڕدەکات و لە رێگای پیسای و میزەوە لەش بەتاڵ دەکاتەوە ، لەبەرئەوەی زۆربەی زۆری پێویستییەکانی لەشی مرۆ لەسەر ئەم مۆلێکیولانە بەندە . دۆپامین لە لایەن خانەکانی نێو مێشکەوە دەردەکرێن ، بە رێژەیەکی خەست لە نێو لیمفەگرێ بنچینەییەکاندا ھەس و لە کۆنترۆڵکردنی جوڵاندنی ماسولکەکانی لەشدا زۆر گرنگن . ئەمانیش ٣ گروپن :
١- یەکەم ، جوڵەی لەش بەڕێوە دەبەن .
٢- دووەم ، کاردەکەنە سەر Hypophis .
٣- سێھەم ، کاتێک تەنێکی بێگانە کاردەکاتە سەر لەش ئەمانەن کە بەرتەکی لەش دەردەبڕن .

C- نۆرئەدرێنالین Noradrenalin  ،
ئەم مۆلێکیولانە کەم یان زۆر کاردەکەنە سەر ئاگای مرۆ ، نائارامی ، حەز ، ھەست و بیر کردنەوەی مرۆ . ناھاوسەنگی ئەم مۆلێکولانە دەبێتە ھۆی دەرکەوتنی نیشانەی دەروونی جیاواز .

٢- ھۆکارە بۆماوەییەکان
ئەم ھۆکارانەش لە یەکێکەوە بۆ یەکێی دی جیاوازن . توێژیارانی سوێد لە ٢٠٠٥ دا رایانگەیاند کە زۆرجاران نەخۆشی خەمۆکی لە جینەکانی نەخۆشدایە . توێژیاران چەند جینێکیان دۆزیوەتەوە کە لە شیزۆفڕێن و خەمۆکدایە ئەمەش ئەو راستییەی روون کردۆتەوە کە نەخۆشییەکە لە ھەندێک خێزاندا زێدەتر دەردەوێت وەک لە ھەندێکی دی دا. بە پێی توێژیاران ئەم ئەنجامە وا دەکات کە چارەسەری نەخۆشییەکە ئاسانتر ببێت .

٣- نەخۆشی
- نەخۆشییەکانی دڵ ، کەمبوونەوەی ڤیتامین B١٢ و کەمبوونەوەی دەردانی ھۆرمۆنی تایرۆید .
- دەرمان ، چارەسەرکردن بە کۆرتیزۆن ، ئەلفا و بێتا خەفەکەرەکان رۆڵی خۆیان ھەیە .
- پەیوەندی نێوان خۆراک نەخواردن و خەمۆکی.

٤- رووداو
مردن یان لەدەستدانی خۆشەویست ، جودابوونەوەی ژن و مێرد ، لە ١٠-١٥% ژنی زەیستان لە ٢ ھەفتەی یەکەمدا تووشی خەمۆکی دەبن ، تەنیا نیوەیان پێویستییان بە چارەسەرکردنە .

٥- ھۆی دەروونی
نائارامی ، کەمخەوتن ، گیروگرفتی ئابووری ، کاریگەری  نێگەتیفی سەرکار ، ترس لە قەڵەباڵخی دەبێتە ھۆی زێدبوونی تووشبون بە خەمۆکی ، سەرلێشێواندن و رووخاندنی مرۆ .

٦- وەرز
 زۆرجاران لە وەرزی پایز و زستاندا مرۆی بە تەمەن زێدتر تووشی خەمۆکی دەبێت وھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆکەمبوونەوەی تیشکی خۆر  . لە ھەندێک وڵاتدا زێدخواردنەوەی ئەلکھۆل ،خووگرتن بە دەرمانەوە ھۆکاری ترن و لە دەرکەوتنی خەمۆکیدا رۆڵیان ھەیە .

نیشانەکان
ئەوەی شایانی باسە بەپێی سەرچاوەی ژمارە (١) گرنگترین نیشانەکانی خەمۆکی بریتیین لە :
١- گوێنەدان یان بایەخنەدان بە چالاکییەکانی رۆژانە ، کەمتەرخەمی لە ژیانی رۆژانەدا (خەمبار، بێزەوق ، دەڵێی پاپۆرەکەی نوقم بووە ، دڵناخۆش.... تاد) .
٢- نزمبوونەوەی ئیشتیھای خۆراکخواردن .
٣- نزمبوونەوەی کێشی لەش یان بە پێچەوانەوە .
٤- کەمبوونەوە یان زێد خەوتن (نەخۆش نایەوێت رۆژ ببێتەوە و لەخەو ھەڵبسێت) .
٥- نزمبوونەوەی خولق یان زەوقی زایەندی ، نائارامی ژیانی رۆژانە .
٦- کەمبوونەوەی وزە و ماندووێتی رۆژانە .
٧- ئازاری لەش ، (ناروون و نادیار) قەبەکردن یان گەورەکردنی نەخۆشییەکان .
٨- لەسەرخۆبیرکردنەوە ، کەمبوونەوەی توانای بیرکردنەوە ونەتوانینی بڕیاردان لە کاتی پێویستدا .
٩- مەرگ بە ئاواتخواستن ، بیر لەخۆکوشتن کردنەوە .
١٠- بیربڵاوی ، ھەستکردن بە تاوانباری (ئەوە خەتای من بوو ، بەھۆی منەوە وای لێھات ... تاد) .

دەستنیشانکردن

بە پێی ھەمان سەرچاوە (١) بەلایەنی کەمەوە چوار نیشانەی سەرەوە دەستنیشان خەمۆکی دەکەن .
پێشبینیکردن
لەوانەیە لە ژێرکاریگەری دەرماندا ماوەیەک نیشانەکان بڕەوێنەوە یان نەخۆش چاک ببێتەوە .
زۆربەی زۆری خەمۆکیدارەکان یەک جار یان چەند جارێک نیشانەکانیان لێ دەردەکەوێتەوە . لەوانەیە نەخۆشییەکە ببێتە ھۆی خووگرتن بە دەرمان ، مادە بێھۆشکەرەکان ، ئەلکھول . یان لەوانەیە نەخۆش ببێتە مرۆیەکی شەڕکەر و بگرە تاوانیش ئەنجام بدات .

چارەسەرکردن
لە زۆربەی زۆری بارەکاندا پسپۆری نەخۆشییە دەروونییەکان ، ھاریکاریکردنی چارەسەرکەرەکان و گوێگرتن لە نەخۆش دەبێتە ھۆی دەستنیشانکردن .
چارەسەرکردن بە (Cognitive-Behavioral Therapy, CBT) .
ئەوەی شایانی باسە CBT یەکێکە لە گرنگترین جۆرەکانی چارەسەرکردنی دەروونی ئەمڕۆ لە دنیادا لەبەرئەوەی لەم چەند ساڵانەی دوواییدا سوودێکی باشی گەیاندووە بەو کەسانەی تووشی خەمۆکی، ترس ، شیزۆفرێنیا ، ئازار یان گیروگرفتی پەیوەندی کردنیان ھەبووە . پاشتر جۆرێک چارەسەرکردنی گفتوگۆ بەرێوە دەبرێت ، ھاوکات دەرمانی دژی خەمۆکی بۆ نەخۆش دیاری دەکرێت بە مەبەستی رەوینەوەی نیشانەکان .

زاراوە :
تەزوو - ھێما-Signal     گەیەنەر- پەیامنێر - Messenger

سەرچاوەکان

1  Diagnostic and statistical manual of mental disorders. 4 th ed. American Psychiatric Association, diagnostic, kriterier enligt DSM-IV .Washington DC, APA. Svensk översättning: Sverige.1995 .

2. Praktisk medicin, three doctors förlag. Depression. Sverige.2004; 412-415 .

3. Regionalt vård program, depressionssjukdomar. inkl mano-depressiv sjukdom, Stockholms läns landstingen. Sverige.2003 .

4. Kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005 .

5. Lennart Wetterberg. Psykiatri i fickformat, Stockholm 1993 .

6. Ingvar Karlsson, Bilden av depression, pfizer. Sverige, 2000 .

7. www.serotonin.se © 051010

8. www.transmittoren.se © 051110

9. C.G.Gottfries, Depressioner hos äldre, symtom, diagnos och behandling. Sverige 1999

2149 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
17/09/2015
زیاتر...
1