پیتی  ت
تۆقین-فۆبیا
د. کەریم شەریف قەرەچەتانی

فۆبیا ووشەیەکی یۆنانییە و زاراوەیەکی دەروونییە, بریتییە لە حاڵەتێکی تری لەڕادەبەدەر کە سەرچاوە و ھۆکارەکانی ئەوەندە ترسناک نین و پێویست بەو ھەموو ترس و تۆقینە ناکات, چونکە فۆبیا(تۆقین,رھاب) نەخۆشییەکی دەروونییە, لەبەرئەوە ھەڵس و کەوت و بیرکردنەوەی ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئاسایی نییە و زۆر گەورەی دەکەن و بەزەقی لە بیرو بۆچوون و ڕەوشتیاندا ڕەنگ دەداتەوە, فۆبیا ترۆپێک و پۆپەی ترسە و بیر و ھۆشی مرۆڤ تووشی ئیفلیجی دەکات, بەڵام ترسێکی بێ مانا و بێ بنەمای واقعی و مەنتیقیە, ئەم خاڵانەی خوارەوە ترس لە فۆبیا جیا دەکاتەوە:-
١. ترس ھەڵچوونێکی سروشتییە و لای ھەموو مرۆڤێک ھەیە و زۆر پێویستە بۆ مانەوە و پارێزگاریکردنی تاک لە گشت دیاردە و بوونەوەرە ترسناکەکانی ژیان, بەڵام فۆبیا(تۆقین) دیاردە و نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە و مرۆڤ لەو ژینگەی تیایدا دەژی تووشی دەبێت و زەرەر و زیانێکی گەورە بە کەسایەتی و خودی مرۆڤ دەگەیەنێ و لە ڕێچکەی گەشەکردنی سروشتی خۆی لای دەبات.
٢. ھۆکارەکانی دروست بوونی ترس ئاسایی و سروشتییە و مرۆڤ ڕاستەوخۆ ھەست بە ھەڕەشە و مەترسەکانیان دەکات و شایەنی ئەو مەترسییەیە, بۆ نموونە (ئاژەڵی دڕندە, ئاگر, دەنگی زۆر بەرز, نەخۆشی, ھەژاری, ھەڕەشە و شەڕ و کوشتار,..ھتد). دەبنە ھۆی دروست کردنی ترس لای زۆربەی تاکەکانی کۆمەڵ و کارێکی ئاساییە ئەگەر مرۆڤ بترسێت, بەڵام لەحاڵەتی فۆبیا مرۆڤ لەشتی وا دەترسێت کە پێویست بەو ھەموو ترس و ھەڵاتنە ناکات و بەلای زۆربەی خەڵکەکانی ترەوە ئاساییە و ئەوان لێی ناترسن بەڵام ئەو مرۆڤانەی تووشی فۆبیا دەبن زەندەق و زراویان دەچێت و لەو شتە ئاساییانە دەتۆقن وەھۆی سەرەکی تۆقینەکەشیان نازانن بە پێچەوانەی ترسەوە کە مرۆڤ ھەست بە سەرچاوەی ترسەکە دەکات.
کاتێک مرۆڤ تووشی فۆبیا دەبێت, وەک ھەموو کەسێکی ترساو تووشی کۆمەڵێک گۆڕانکاری فیسیۆلۆژی و جەستەیی دەبێت, لەوانە ( زیاد بوونی لێدانی دڵ, زەرد ھەڵگەڕان, ئارەق کردنەوە, ئازاری ھەناو, خێرابوونی ھەناسەدان, ھەندێک جاریش شۆری و زوو زوو میزکردن…ھتد) وە دڵە ڕاوکێ و ترس لەو شوێن و کەس و شتانە زۆر زیاد دەکات, تاوا لەو کەسە تۆقیوە دەکات بەپەلەو یەکسەر ئەو شوێن و کەس و شتانە بەجێ بھێڵێ و ڕابکات و دوور بکەوێتەوە, یان ھەندێک جار لە ھۆش خۆی دەچێت یان سەری گێژ دەبێت و تووشی ھێڵنج و ڕشانەوە دەبێت و تووشی ھێڵنج و ڕشانەوە دەبێت, بەڵام دوای دوورکەوتنەوەی و نەمانی سەرچاوەی تۆقینەکە, ئەو کەسە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆیی و دیاردە فسیۆلۆژی و جەستەییەکان نامێنن.
سەرچاوە و جۆرەکانی تۆقین زۆرن و لە ژمارە نایەن, لەوانە تۆقین لە (گۆڕەپانی بەرفراوان, شوێنی بەرز, تەسک, داخراو, تاریک و شەو, ئاو, خوێن, سواربوونی فڕۆکە, پەڕینەوە لە پرد, قەرەباڵغی, نەخۆشی, قوتابخانە, ھەورە تریشقە و برووسکە…ھتد) کە ئەم شت و شوێنانە بە لای زۆربەی خەڵکانەوە زۆر ئاسایین و پێویست بەو ھەموو ترس و تۆقینە ناکات, بەڵام ئەو نەخۆشانە تووشی تۆقین دەکات.
لەمێژەوە ئاماژە بۆ ئەم حاڵەتە کراوە بەڵام (فرۆید) یەکەم کەس بوو کە بەشێوەیەکی زانستییانە لێکۆڵینەوەی لە سەر ئەم نەخۆشییە کرد, ئەوە بوو لە ساڵی (١٩٠٩) یەکەم حاڵەتی تۆقینی بڵاوکردەوە کەناسراوە بە حاڵەتی (ھانسی بچکۆلە) پوختەکەی ئەوەیە ھانس منداڵێکی تەمەن (٥) پێنج ساڵان بوو, کاتێک ئەسپی دەبینی تووشی تۆقین دەبوو, خەریک بوو ڕۆحی دەربچێت, کاتێک پرسیاری ھۆی ئەو تۆقینەی لێدەکرا لە وەڵامدا دەیگوت گاز و قەپم لێدگرێت.
دوای شیتەڵ کردنەوەی دەروونی حاڵەتی (ھانس), فرۆید گەیشتە ئەو ڕاستییەی کە (ھانس) ڕق و کینەیەکی زۆری لە باوکییەتی, زۆرجاریش بیری لە ئازاردان و لێدان و دەست درێژی کردنە سەری کردۆتەوە, بەڵام لەبەرئەوەی کەم توانا و لاواز و بچکۆلە بووە و بیرکردنەوەکەی نابەجێ بووە, بۆیە ناچار وازی لەو بیرکردنەوەیە ھێناوە و ئەو ڕق و کینە و دڵە ڕاوکێیەی لە ھەستی خۆیدا خەفە و کپ کردووە و لەڕێگەی میکانیزمی دەروونییەوە (ئەسپ) وەک ھێمایەک بۆ باوکی لە جیھانی دەرەوە دیاری کردووە چونکە ترس و دڵە ڕاوکێ لە ئەسپ, کەمترە لە ترس و دڵەڕاوکێی باوکی و دەربازبوونیش لە ئەسپ ئاسانترە وەک لە باوک. واتە تۆقین لە ئەسپ سەرچاوەکەی لە ترس و ڕق و کینەی باوکەوە ھەڵدەقوڵێت.
مرۆڤ لە ئەنجامی ڕووداو یان کارەساتێکی دڵتەزێنی سەردەمی منداڵی تووشی فۆبیا دەبێت یان لە ئەنجامی کۆبوونەوەی کۆمەلێک ترسی سروشتی وەک (گومان, نەبوونی دڵنیایی و ئارامی, ھەڕەشەکردن) مرۆڤ تووشی تۆقین لە شوێنی بەرز و کەوتنە خوارەوە دەبێت, ئەو مرۆڤە بە خەیاڵ و نەستی خۆی ئەگەر لە شوێنە بەرزە دوورکەتەوە ئەوە لە گومان و نائارامی و دڵنیایی و ھەڕەشە, ڕزگاری دەبێت.
ھەروەھا لەوانەیە تۆقین رێگا و ئامڕازێک بێت بۆ خۆپاراستن لە ھەندێک حەز و ئارەزووی نەگونجاو و کپ کراوی نەستی مرۆڤ, وەک ئەو ئافرەتەی کە ئاڵۆشی سێکسی کپ کراوەی ھەیە و لە ڕێگەی تۆقین لە شوێن و جێگای چۆڵ, یان قەڵەباڵغ یان تاریک, خۆی لەمەترسی کەوتنە ناو چڵپاوی سێکسەوە دەپارێزێت, دەتوانرێت نەخۆش لە ڕێگەی چارەسەرکردنی دەروونی و ڕەوشتی و بەکارھێنانی داودەرمانی خاوکەرەوە (مھدئات) لە فۆبیان ڕزگار بکرێت ئەوەش پێویستی بە ئارامی و ماوە و پشوویەکی درێژ ھەیە.
فۆبیای کۆمەڵایەتی
فۆبیا مانای ترسی نەخۆشی و نائاسایی دەگەیەنێ کە جیاوازە لە ترسەکانی تر کە سروشتین و لە لای ھەموو کەسێک ھەیە بەڵام فۆبیای کۆمەڵایەتی یەکێکە لە ئەو نەخۆشییە دەروونیانەی کەھەندێک کەس بەدەستییەوە دەناڵێنن, ئەم نەخۆشییە جۆرە ترسێکی نائاساییە لە کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی, واتە کۆمەڵ و خەڵک پێویست بە ئەو ھەموو ترس و ناڕەحەتیانە ناکات کە ئەو کەسانەی توشی ئەم نەخۆشییە دەبن لێیان دەترسن.
ترس وەک دیاردەیەکی دەروونی و یەکێکە لە ھەڵچوونەکانی مرۆڤ پێویستە و یارمەتی مانەوەی مرۆڤ دەدات, واتە دەبێت ھەموو کەس لەئاگر و ئاژەڵی دڕندە و شەڕ و کارەسات و دیاردە مەترسیدارەکانی تر بترسن, چونکە ئەگەر نەترسن ئەوا ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە, بەڵام کاتێک ترس لە ڕێژەی ئاسایی خۆی دەردەچێت و بەردەوام دووبارە دەبێتەوە و کێشە بۆ خانەوادەکەی دروست دەکات و ناھێڵێت خۆسازاندنی دەروونی و کۆمەڵایەتی پێویستی ھەبێت ئەو کاتە دەبێت بە نەخۆشی و گرفتێکی دەروونی و پێویستی بەچارەسەرکردن دەبێت.
بەڵام ئەو ترسەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە ئەو جۆرە ترسەیە کە ئاسایی نییە و ھەموو کەس نییەتی, بەڵکو ھەندێک کەس ھەیانە و بە ترسی نەخۆشی (خوف مرڤی) ناو دەبرێت, ئێمە زۆربەمان دەچینە ناو کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی (خوێندنگە و فەرمانگا و مزگەوت و بازاڕ و ماڵە خزم و کەس و کار و ھاوڕێ و پارک و شوێنە گشتییەکانی تر) بەڵام ھەندێک کەس ناوێرن بچنە ئەو جێگایانە یان کاتێک دەچن ھەست بە ناڕەحەتی و بێزاری و گرژی دەکەن ئاواتە خوازن یەکسەر لەو جێگایە نەمێنن یان زەوی قوتیان بدات و لەو کۆڕ و کۆبوونەوانە ڕزگاریان بێت, ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو کەسانە توشی نەخۆشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بوون.
زۆربەی دەروونزان و کۆمەڵناسان لەو بڕوایەدان کە مرۆڤ کۆمەڵایەتییە و بەبێ کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی ناتوانێت ژیانی ئاسایی خۆی بژی, لەبەرئەوەی منداڵانی مرۆڤ لاوازترین بوونەوەرە بەبەراورد بە بێچووی بوونەوەرەکانی تر, واتە زۆربەی ئاژەڵ و باڵندەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دوای لەدایک بوونیان ئەوا دەتوان پشت بەخۆیان ببەستن و پێویستیان بە دایکیان نەمێنێت, بەڵام تەنھا منداڵی مرۆڤە کە ماوەی چەند ساڵێک پێویستی بە دایک و باوک و کەسانی چواردەوری ھەیە و بەبێ ئەوان ناتوانێت بژی, چونکە خواردن و ئاو و خەو و دابینکردنی پێداویستیە سەرەکییەکانی تری پەیوەستە بە کەسانی تر و ئەگەر ئەوان بۆی دابین نەکەن ئەوا دەمرێت.
زۆربەی منداڵان تا تەمەنی شەش مانگی لەھیچ کەسێک ناترسن و ھەر کەسێک بانگیان بکەن, ئەوا دەچن بۆ لایان, بەڵام دوای تەمەنی شەش مانگی ئیتر وردە وردە منداڵ کەسانی نزیکی (دایک و باوک و خوشک و برا) لە کەسانی نامۆ(غریب) جیادەکاتەوە و دەزانێت ئەو کەسە نامۆیە و نایناسێت, بۆیە ئەگەر چوون بۆ ماڵێک کە نەیانناسن ئەوا لەباوەشی دایکی دادەنیشێ و لەو کەسانەی کە نایان ناسێ نزیک نابێتەوە, وەئەگەر زۆریشی لێبکەن ئەوا دەست دەکات بە گریان و زیاتر خۆی بە دایک و باوک و کەسە نزیکەکانی دەنووسێنێ و لێیان دوورناکەوێتەوە, بەڵام ئەگەر کەسە نامۆکان ڕوویان خۆشبێت و بە دەنگێکی ھێمن و لە سەرخۆ بانگی منداڵەکە بکەن و لە ھەمان کاتیشدا دایک و باوکی ھانی بدەن ئیتر وردە وردە منداڵ ھۆگری کەسانی تر دەبێت و پەیوەیندی کۆمەڵایەتی لەگەڵیان دادەنێت.
لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئەو کەسانەی کە مامەڵە لەگەڵ منداڵ دەکەن, دەبێت ڕوویان خۆشبێت و رێزی ھەست و نەستی منداڵ بگرن و نەیان ترسێنن و گاڵتە بە منداڵ نەکەن بۆ کات بەسەر بردنی خۆیان بەکاری نەھێنن, لەبەرئەوەی منداڵ لەو تەمەنەدا زۆر ھەستیارە و بە ئاسانی لە ڕێگەی تۆنی دەنگ و گۆڕانکاریەکانی دەم و چاو و ھەڵس و کەوتی کەسی بەرانبەرەوە, ھەست بە توڕەبوون و گرژی و توندوتیژیەکانیان دەکات و بەردەوام لێیان دوور دەکەوێتەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە گەڵیان دانانێت و بۆ لای ئەو کەسانە دەچێت کە خۆشیان دەوێت و مامەڵە و ڕەفتاریان نەرم و نیانە.
لەلایەکی تریشەوە کاتێک مرۆڤ لە ناو کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی ڕوو بەڕووی بێبەشبوون و لێدان و ئازار و سووکایەتی پێکردن دەبێتەوە و پێداویستیە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی بۆ دابین ناکرێت, ئەوا وردە وردە لە کۆمەڵ و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دوور دەکەوێتەوە و لە ناو کۆمەڵ و خەڵکیدا ھەست بە ئارامی و دڵنیایی ناکات, ئا لێرەوە سەرەتای نەخۆشی و گرفتە دەروونیەکان دەست پێدەکات, ئەمەش مانای ئەوەیە کە ترس لە خەڵک و کۆمەڵ و کۆڕ و کۆبوونەوەکان دیاردەیەکی بۆماوەیی نییە و ھەر لەکاتی لە دایک بوونەوە لەگەڵ مرۆڤدا بێت, بەڵکوو ھۆی سەرەکی تووش بوون بە ئەو نەخۆشیە بۆ ژینگە و دەور و بەر و ڕووداو و کارەساتەکانی ژیان بە تایبەتیش ڕووداوەکانی سەردەمی منداڵی دەگەڕێتەوە.

نیشانەکانی فۆبیای کۆمەڵایەتی
فۆبیای کۆمەڵایەتیش وەک زۆربەی زۆری ھەڵچوونەکانی تر لە ڕێگەی کۆمەڵێک نیشانەوە دەناسرێتەوەی و دەست نیشان دەکرێت, لە گرنگترین نیشانەکانی تووش بوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- زوو زوو چوون بۆ ئاودەست. ٢- دەست و قاچ لەرزین. ٣- ئارەقکردنەوەی زیاد لە پێویست.
٤- دەم و لێو وشک بوون. ٥- ھەندێک جار لە ھۆش خۆچوون. ٦- زیاد بوونی پاڵەپەستۆی خوێن و لێدانی دڵ. ٧- دەم و چاو و ڕوومەت زەرد ھەڵگەڕان. ٨- تەنیایی و گۆشەگیری. ٩- سەرگێژ بوون و نزیک بوونەوە لە حاڵەتی ڕشانەوە. ١٠-کێشە و گیروفتی قسەکردن لە ناو خەڵک. ١١- ئارەزوو و حەزکردن بە بەجێھێشتنی ئەو جێگایەی خەڵکی لێیە.
ئەمانەی سەرەوە زۆربەی زۆری ئەو نیشانانەن کە لەلای ئەو کەسانە دەردەکەون کە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بوون, بەڵام مەرج نییە ھەر ھەموو ئەو نیشانانە لە یەک کاتدا لەلای ھەموو ئەو کەسانە دەربکەون, بەڵکو زۆربەیان دەردەکەون و ھەندێکییان دەرناکەون یان لەلای ھەندێک دەردەکەون و لەلای ھەندێکی تر دەرناکەون.

ھۆکارەکانی تووش بوون بە ئەم نەخۆشییە
ھیچ کەسێک لە خۆیەوە تووشی فوبیای کۆمەڵایەتی نابێت, بەڵکو لە ئەنجامی یەکێک یان زیاتر لە ئەم ھۆکارانەی خوارەوە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت:-
١- پەروەردەی ھەڵە:-
بە زۆری منداڵانی ئەو خێزانە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی دەبن کە لێدان و سووکایەتیکردن لەگەڵیان بەکاردەھێنرێت, یان نازدار بەخێودەکرێن و ھەموو پێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکرێت و چاوپۆش لە ھەڵەکانیان دەکرێت.
٢- کاتێک منداڵ ھەر لە تەمەنی منداڵیەوە دەترسێندرێت و چیرۆک و حکایەتی ترسناک و تۆقێنەری بۆ باس دەکرێت یان ھەڕەشەی لێدەکرێت و بە دکتۆر و پۆلیس و خودا و دێو و درنج و شەولەبان دەترسێندرێن یان بە زۆری سەیری فیلمی شەڕ و کوشتار و دزی دەکات, ئەوا لە ئەنجامی ئەو ھۆکارانەوە تۆوی ترس و دڵەڕاوکێ بە شێوەیەکی گشتی و ترسی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی تایبەتی لە دڵ و دەروونیدا دەچێندرێ و وای لێدەکات کە لەلایەنی دەروونیەوە ئامادەباشیەکی بۆ ترس ھەبێت و دوور نییە بچووکترین ڕووداو و ناخۆشی ببێتە ھۆی دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ.
٣- ھەندێک جار ئەو کەسانە لە ئەنجامی ڕووداو و کارەساتێکی ناخۆشی منداڵیەوە تووشی ئەو فۆبیای کۆمەڵایەتیە دەبین:-
بۆ نممونە کاتێک منداڵ لە ناو کۆمەڵ و ھاوڕێکانی یان لە ناو جێگایەکی قەرەباڵغ تووشی لێدان یان سووکایەتی پێکردن دەبێت, یان لە ناو خەڵکی دەست درێژی دەکرێتە سەر, ئینجا لەبەرئەوەی ئەو ڕووداو و کارەساتە ناخۆش و بە ئازارە, ئەوا ھەوڵدەدات لە ڕێگەی میکانیزمی دەروونی خەفەکردن و کپکردنەوەی ئەو ڕووداوە بە ئازارە لە بواری ھەستی دووربخاتەوە و ڕەوانەی سەرداب و ژێرزەمینی نەستی (لاشعور) بکات و بەمەش لەبیر خۆی بباتەوە.
چونکە مانەوەی ئەو ڕووداوە ناخۆشە لە بواری ھەستی, بەردەوام ئەو کەسە تووشی ئازار و ناڕەحەتی دەکات, ئینجا کاتێک ئەو ڕووداو و کارەساتە ناخۆشە لە بواری نەستی کۆت و بەند دەکرێت, ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئیتر بۆ ھەتا ھەتایە لە بیر دەچێتەوە, نەخێر بە ھیچ شێوەیەک لەبیر ناچێتەوە بەردەوام بە دوای دەرفەت و بواری گونجاودا دەگەڕێ و ھەرکاتێک بواری دەست کەوت ئەوا دزە دەکات و دەگەڕێتەوە بواری ھەستی و ئەو کەسە و تووشی ھەمان ئازار و ناڕەحەتی یەکەمجاری دەکات کە لە ناو کۆمەڵ و لەسەر دەستی خەڵکی تووشی بووە.
لەلایەکی تریشەوە ئەو ڕووداوانەی سەردەمی منداڵی کۆن دەبن و لە بیر دەچنەوە, بەڵام کاتێک ئەو کەسە دەچێتە ناو کۆمەڵ و کۆڕ و کۆبوونەوە, ئەوا ئەو خەڵک و قەرەباڵغیە دەبن بە کۆد و ھێمایەک و ئەو کارەسات و نەھامەتیەی سەردەمی منداڵی بەبیر دەھێننەوە و تووشی ھەمان ئازار و ناڕەحەتی یەکمجاری دەکەن, لەبەرئەوە ئەو جۆرە کەسانە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵدەدەن کە لەناو خەڵکی و کۆڕ و کۆبوونەوە و قەرەباڵغی دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی ئەو کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانەیان بیر نەکەوێتەوە و دووبارە تووشی ھەمان ئازار و نارەِحەتی یەکەمجار نەبنەوە.
٤- تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی:-
ئەوەی جێگەی داخە ھەندێک خێزان بە بیانووی ئەوەی منداڵەکانیان لە کۆڵان و شوێنە گشتیەکان ڕووبەڕووی لێدان دەبنەوە یان لە منداڵانی ترەوە فێری جنێو و قسەی ناشرین دەبن, ئەوا ڕێگا لەمنداڵەکانیان دەگرن و ناھێڵن وەک پێویست تێکەڵ منداڵانی تر ببن, بەڵام کاتێک ئەو منداڵانە گەورە دەبن و تەمەنیان دەبێت بە شەش ساڵ, ئەوا بە ناچاری ڕەوانەی خوێندنگایان دەکەن و بۆ یەکەمجار بە ئەو شێوە بەفراوانیە تێکەڵاو بە ئەو ھەموو منداڵانە دەبن, کە ئەمەش بەو ئەو جۆرە منداڵانە وەک زەبر و ھێدمەیەک (ێدمە) وایە و تووشی ترس و دڵڕاوکێیەکی زیاد لە پێویستیان دەکەن.
ئینجا لەبەر ئەوەی پێشتر ڕانەھێنراون و بۆ ئەو جۆرە ژینگەیە ئامدە نەکراون و نەھێڵدراوە کە تێکەڵ بە منداڵانی تر ببن, بۆیە ناتوانن بە ئاسانی خۆیان لە تەک ئەو ژینگە نوێیەدا بسازێنن و ڕووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێ دەبنەوە, لەبەرئەوە ھەندێکیان تەنیایی و دوورە پەرێزی ھەڵدەبژێرن و حەز بە ناو کۆڕ و قەرەباڵغی و خەڵکی ناکەن و لە دەستیان ڕادەکەن.

٥- ڕێزلێنەگرتنی منداڵ و گوێ لێنەگرتنی:-
کاتێک منداڵ لە ناو خێزان و قوتابخانە و کۆڵان و ھاوڕێ و شوێنە گشتیەکان گوێی لێناگیرێ و پشتگوێ دەخرێ و ھیچ بەھا و نرخێکی بۆ دانانرێ, ئەوا لە ناو خەڵکی ھەست بە خۆشی و دڵنیایی ناکات و متمانەی بە خەڵکی نامێنێ و لە ناو دڵ و دەروونیدا ھەست و بیر و باوەڕێک دروست دەبێت کە نزیک بوونەوە و چوونە ناو خەڵکی دەبێتە ھۆی تووش بوون بە ئازار و ناخۆشی, لەبەرئەوەی لە سەردەستی نزیکترین کەس کە دایک و باوکە ھەستی بە ئازار و ناڕەحەتی کردووە, ئیتر چۆن لە ناو کەسانی تر کە نامۆن و نایان ناسێت ھەست بە ئارامی و کامەرانی دەکات, ئەمەش وای لێدەکات کە لە خەڵکی دوور بکەوێتەوە و ترسێک لە ناو دڵ و دەروونی دەربارەیان دروست ببێت.

کاریگەریە خراپەکانی تووش بوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی
کاتێک کەسێک تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی دەبێت, ئەوا مانای ئەوەیە کەلە کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی دوور دەکەوێتەوە, ئەم دوور کەوتنەوەیەش کۆمەڵێک کێشەی بۆ دروست دەکات, لە گرنگترین ئەو کێشە و دەرئەنجامە خراپانەی کە فۆبیای کۆمەڵایەتی دروستی دەکەن ئەمانەی لای خوارەوەن:-
١- دوور کەوتنەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان.
٢- زۆرجار لە ئەنجامی ئەو ترس و فۆبیایەی کە ھەیەتی مافی دەخورێت و ناتوانێت وەک کەسانی تر داوای بکات, لەبەرئەوەی کە مافەکانی پێشێل کردووە مرۆڤە ئیتر ئەو مرۆڤە دایک و باوک بێت یان ھاوڕێ و مامۆستا و کەسانی تر بێت. کە ئەمەش دەبێتە ھۆی دروست کردنی زۆر کێشە بۆی سەرەڕای بێبەشبوونی لە زۆر لە مافەکانی.
٣- دوورنیە لە ئەنجامی ئەو فۆبیای کۆمەڵایەتیەوە زیانی زۆر بە خوێندنی بگات و لە زۆر چالاکی بە کۆمەڵی ناو قوتابخانە و تاقیکردنەوەی زارەکی بێبەش ببێت و وەک پێویست خۆی بۆ تاقیکردنەوە ئامادە نەکات.
٤- یەکەم کێشەی ئەو منداڵانە لە کاتی چوونە خوێندنگایان لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی دەردەکەوێت و بەردەوام بەزۆر دەبرێن بۆ خوێندنگا و بە گریان و ھاوار دێنەوە و لە ناو قوتابخانە تێکەڵی منداڵانی تر نابن و زۆر بەزەحمەت لەگەڵ مامۆستا و خوێندکارەکان خۆیان دەسازێنن و بەردەوام تەنیایی و گۆشەگیری ھەڵدەبژێرن, کە بەردەوام بوونی ئەو حاڵەتەش کێشەی زۆریان لە ناو خوێندنگا بۆ دروست دەکەن.
٥- ژمارەیەک لە ئەو کەسانەی کە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بوون لە ناو کۆمەڵ و ژیانی واقیعی دوور دەکەونەوە و ھەوڵدەدەن دوور لە کۆمەڵ و ژیانی واقیعی جیھانێکی خەیاڵی نموونەیی خۆش بۆ خۆیان دروست بکەن و ھەر خۆشیان پاڵەوان و سەرکردەی ئەو جیھانە خەیاڵیەن, بەردەوام بوونی ئەو حاڵەتەش وایان لێدەکات کە لە واقیع ڕابکەن و بەردەوام لە خەو و خەیاڵدا بژین و کێشە و گیروگرفتە واقیعیەکانیان بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە و ھەندێک جاریش بەھۆی خووگرتن بە مەوادی ھۆشبەر و خواردنەوە و دوور لە کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەسەر دەبەن, کە سەرجەم ئەو ڕەفتار و ھەڵس و کەوتانە ھەڵە و نادروستن و کێشە و گیروگرفتی زیاتریان بۆ دروست دەکەن.
٦- زۆر کەس بە ھۆی ئەو نەخۆشیەوە لە بەرپرسیاریەتی و وەرگرتنی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی ڕادەکەن, لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسیاریەتی و پلە و پایەی کۆمەڵایەتیە دەبنە ھۆی ئەوەی کە تێکەڵاو بە خەڵک ببن, ئەوانیش لە ترسی تێکەڵاوبوونی خەڵکی ئەو بەرپرسیاریەتی و وەرگرتنی پلە و پایەی کۆمەڵایەتیانە ڕەتدەکەنەوە. ھەندێک جاریش ھەر بۆ ئەوەی لە خەڵکی و ھەندێک کار و چالاکی کۆمەڵایەتی دووربکەونەوە ئەوا خۆیان نەخۆش دەخەن و پەنا بۆ جۆرەھا فرت و فێڵ دەبەن.
٧- بەردەوام لەو کاتانەی کە ڕووبەڕووی خەڵکی دەبنەوە تووشی ترس و خەم و خەفەت و ناڕەحەتی دەبنەوە, بۆ نموونە لە کاتی نانخواردن لە چێشیخانە و شوێنە گشتیەکان یان لەکاتی قسەکردن و دانیشتن لەگەڵ خەڵکی و وانە وتنەوە, یان کاتێک خەڵکی سەیری دەکەن, واتە بەردەوام لە چاوی خەڵکی دەترسێت و ناتوانێت لە کاتی قسەکردن چاو ببڕێتە چاوی کەسی بەرانبەر, لەبەرئەوەی لە سوکایەتی و گەڵتە پێکردن دەترسێت.

خۆپاراستن
دایک و باوکی بەڕێز ئەگەر دەتانەوێت منداڵەکانتان تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی نەبن و لە داھاتوو کەسێتیەکی سەرکەوتویان ھەبێت, ئەوا دەبێت لە ھەموو ئەو ھۆکارانەی کە دەبنە ھۆی تووش بوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی دوور بکەونەوە و ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:-
١- ھەتا دەتوانن لە توند و تیژی و سزا و ئازاردانی منداڵەکانتان دوور بکەونەوە و نازدار بە خێویان مەکەن و کاتێک ھەڵە دەکەن لەکاتی خۆیدا ھەڵەکانیان بۆ ڕاست بکەنەوە و ئەگەر ھەر لەسەریشیان بەردەوام بوون, ئەوا سەرزەنشت و گلەییان لێبکەن و لە پاداشت و ئەو شتانەی کە حەزیان لێدەکەن بێبەشیان بکەن و لەکاتی گلەیی و ناڕەزاییەکانتان دەست نیشانی ھەڵس و کەوت و ڕەفتارە نادروستەکان بکەن و ڕێگاچارەی گونجاویشیان بۆ دیاری بکەن و بە ھیچ شێوەیەک ھێرش مەکەنە سەر کەسێتی و ناسنامە و بوونی منداڵ و ھەرزەکار و خوێندکارەکانتان, بە پێچەوانەوە ھێرش بکەنە سەر ڕفتارە ھەڵە و نادروستەکە.
٢- نەکەن منداڵ بە حکایەت و چیرۆکی ترسناک و تۆقێنەر بترسێنن و ھەوڵبدەن لە بینینی فیلمی شەڕ خوازی و خوێن ڕشتن دووریان بخەنەوە.
٣- ئەگەر خوانەخواستە منداڵەکەتان ڕووبەڕووی ناخۆشی و کارەسات بووەوە و لەسەر دەستی کەسانی تر تووشی ئازار و سزا و سووکایەتی پێکردن بوو, ئەوا دەبێت بە زووترین کات دڵخۆشی بدەنەوە و لە ناو ئازار و دڵشکاندنە ڕزگاری بکەن و نەھێڵن بە دەست ئەو سووکایەتی پێکردن و ئازارە دەروونیانەوە بتلێتەوە و بەبێ چارەسەر و خاڵیکردنەوە بمێننەوە و دواتر لە رێگەی میکانیزمی دەروونی (چەپاندن) و خەفەکردنەوە ڕەوانەی سەردابی نەستی بکات, چونکە تا ماوەیەکی زۆر ئازاری دەدات و ئەگەر دواتریش چارەسەر نەکرێت, ئەوا بەردەوام بێزاری دەکات و ھەرکاتێک بوار و دەرفەتی گونجاوی دەست کەوت ئەوا بۆ بواری ھەستی دەگەڕێتەوە و وەک یەکەمجار ئازاری دەدات.
٤- دەبێت منداڵ لە دوای تەمەنی دوو ساڵیەوە تێکەڵ بە منداڵانی تر ببێت و لەگەڵیان یاری بکات, بۆ ئەوەی بتوانێت لە داھاتوو, کاتێک کە دەچێتە خوێندنگا خۆی لەگەڵیان بسازێنێ و تووشی ترس و گۆشەگیری نەبێت و لە ھەمان کاتیشدا شارەزای فرت و فێڵ و ڕەفتارەکانیان بێت و لە کاتی پێویستدا پارێزگاری لە خۆی بکات و نەکەوێتە داوی کەسانی تەڵەکەباز و فرت و فێڵچی.
٥- زۆر پێویستە گوێ لە منداڵ بگیرێ و ڕێز بۆ ڕاو بۆ چوونەکانی دابنرێ و بە چاوی نزم سەیر نەکرێ و خاڵە لاوازەکانی گەورە نەکرێت, بە پێچەوانەوە دەبێت گرنگی بە خاڵە بەھێزەکانی ژیانی بدرێت و لە سەر کار و چالاکیە باشەکانی ھانردرێت و پاداشت بکرێت بۆ ئەوەی بڕوای بە خۆی ھەبێت و بە چاوی نزم سەیری خۆی نەکات.
٦- زۆر گرنگە ھەندێک جار ھەر لە تەمەنی منداڵیەوە دایک و باوک لە کاتی چوونە دەرەوەیان منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان بەرن, بۆ ئەوەی شارەزای کۆمەڵ و داب و نەریت و بەھا کۆمەڵایەتیەکانی ببێت و ھەر لە منداڵیەوە تێکەڵی خەڵکی و کۆڕ و کۆبوونەوەکان ببێت, کە ئەم گەڕان و چوونە دەرەوەیە وا لە منداڵ دەکات کە تێکەڵاوی جۆرەھا کەس ببێت و پەیوەندی لەگەڵ ھەندێکیان دابنێت و دواتر ترسی لە کەس نەبێت و بە ئاسانی تێکەڵاوی کۆڕ و کۆبوونەوەکان ببێت.
٧- نابێت ئێمەی گەورە بەردەوام منداڵەکانمان تەریق بکەینەوە و لە ناو خەڵکیدا بیان شکێنینەوە, یان تووشی ترس و گومانیان بکەین و بەردەوام پێیان بڵێین (کوڕم کچم عەیبە مەچۆرە ناو گەورەکان, کاتێک گەورە قسە بکات نابێت بچووک دەنگی لێوە بێت, ھەتا گەورە دانەنیشێ نابێت منداڵ دابنیشێ, لاچۆ لێرە یەڵا بچۆرە دەرەوە, نەچیتە دەرەوە تووشی بەڵایەک دەبیت, ئاگات لە خۆت بێت تووشی دەردێکت نەکەن, خەڵکی وەک گورگ وایە متمانەی پێناکرێ, ھەقی ھیچت نەبێ دەست بەکڵاوەکەی خۆتەوە بگرە و بانەیبات, کەسێک نەناسیت قسەی لەگەڵ نەکەیت, ئاگات لە خۆت بێت نەت ڕفێنن …ھتد) کە سەرجەم ئەو ھەڕەشە و بەئاگا ھێنانەوە و ڕێنماییانە منداڵا تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکات و تۆوی گومان و دوودڵی لە ناخیدا بەرانبەر خەڵکی دروست دەکات.

چارەسەر
ئەگەر ڕەچاوی خاڵەکانی تایبەت بە خۆپاراستن بکرێت و دایک و باوک و مامۆستا لەو ھۆکارانەی کە دەبنە ھۆی تووش بوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی دووربکەونەوە, ئەوا منداڵا و قوتابیەکانمان لە بەڵا و پەتای فۆبیای کۆمەڵایەتی بە دوور دەبن, بەڵام ئەگەر ڕەچاوی ھیچ یەکێک لە ئەو ھۆکار و فاکتەرانە نەکراو منداڵا و فێرخواز تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بوون, ئەوا دەبێت بە ناچاری پەنا بۆ چارەسەرکردن ببەین و ڕەچاوی ئەم فاکتەرانەی لای خوارەوە بکەین:-
١- ھەندێک کەس لە ئەنجامی ئەو ترس و فۆبیای کۆمەڵایەتیەوە تووشی ھەڵچوون و حاڵەتی زۆر ناخۆش دەبن, ئا لەم کاتەدا ھەندێک لە ئەو کەسانە وەک ھەنگاوی یەکەم پێویستیان بە چارەسەر بەدەرمان ھەیە, بۆئەوەی کەمێک لە ئەو ھەڵچوون و گرژیە ڕزگار بکرێن و وایان لێبکرێت کە بتوانرێت لە گەڵیان دابنیشی و قسەیان بۆ بکرێت.
٢- یەکێک لە ئەو شێوازانەی کە زۆر گونجاوە بۆ چارەسەری فۆبیای کۆمەڵایەتی, شێواز و چارەسەری عەقڵی – ھەڵچوونیە, کە چەند دانیشتنێک بۆ ئەو کەسانە تەرخان دەکرێت و لە میانەی ئەو دانیشتنانەوە ھەوڵی گۆڕینی ئەو ڕا و بۆچوون و بیر و باوەڕە نامەنتیقیانە دەدرێت کە ئەو کەسە نەخۆشانە ھەیانە دەربارەی کۆمەڵ و داو و دەزگا کۆمەڵایەتیەکانی, تا وایان لێدەکرێت کە وردە وردە بچنەوە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان و لە ئەو ترسەی کە ھەشیانە ڕزگار دەکرێن ھەروەھا دەبێت ئەو کەسانەی لەئەو گشتاندنە ھەڵانەی کەدەربارەی خەڵکی ھەیانە ڕزگار بکرێن و تێبگەیەندرێن کە ھەموو کەس وەک یەک نین و لە ناو کۆمەڵ و داو و دەزگاکانی کەسانی باش و کەسانی خراپ ھەیە, واتە ئەگەر یەکێک بەرانبەریان خراپ بووە ئەوا مەرج نییە کەسانی تریش وەک ئەو خراپ بن, بە پێچەوانەوە لە وانەیە زۆر باش بن و ئەگەر مامەڵیان لەگەڵ بکرێت ئەوا وەک خوشک و برا و دایک و باوکی ھاوکاری دەکەن.
٣- یەکێکی تر لە شێواز و ڕێگاکانی چارەسەرکردنی فۆبیای کۆمەڵایەتی چارەسەری ڕەفتارییە (العلاج السلوکی) واتە ئەو کەسە نەخۆش و خاوەن گرفتانە لەسەر تێکەڵاوکردنی خەڵکی و چوونە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان ھان دەدرێن و ھەر کاتێک بۆ ماوەیەکی کەمیش تێکەڵاوی خەڵک بوون ئەوا ھان دەدرێن و پاداشت دەکرێن. سەرەڕای ئەوەش بەردەوام ھەوڵیان لەگەڵ دەدرێت و ئەگەر بۆ کەمترین ماوەش بێت دەبرێنە ناو خەڵکی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی گونجاویان بۆ دەستەبەر دەکرێت و وایان لێدەکرێت کە لە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان ھەست بە خۆشی و کامەرانی و ڕێزگرتن بکەن, بەم شێوەیە لە ڕێگەی ھاندان و پاداشتکردن و دووبارە چوونە ناو کۆمەڵەوە, لە ئەو فۆبیای کۆمەڵایەتیە ڕزگار دەکرێن و ئەو بیروباوەڕە نادروستانەی کە وای لێکردوون نەچنە ناو کۆمەڵ و خەڵکیەوە دەسڕێنەوە.
٤- زۆر گرنگە کە قەناعەت لەلای ئەو کەسانە دروست بکرێت کە کێشە و گیروگرفتێکی دەروونیان ھەیە و دەبێت بەدوایی چارەسەردا بگەڕێن و بەھیچ شێوەیەک ھەست بە شەرم و عەیبە نەکەن و شتەکە ئاساییە و چۆن ئەندامەکانی لەش تووشی نەخۆشی دەبن بە ھەمان شێوەش مێشک و کۆئەندامی دەمار تووشی دەبێت, بە پێچەوانەوە شەرم و عەیبە ئەوەیە کە کەسی خاوەنی گرفت و نەخۆشی دەروونی بە دوای چارەسەردا نەگەڕێ و نکۆڵی لە نەخۆشیەکەی بکات.
٥- دەبێت کەسی نەخۆش و خاوەن گرفتی دەروونی ئەو ڕاستییە بزانێت, کە ئەو حاڵەتەی ھەیەتی نەخۆشییە و دەکرێت چارەسەر بکرێت و دوای ماوەیەک لێی ڕزگار بێت و ژیانی ئاسایی خۆی بژی و واتێنەگات ئەوە بەشێکە لە کەسێتی ئەو و چارەسەری نییە و ھەتا ھەتایە لەگەڵی دەمێنێتەوە.

دەست نیشانکردنی ئەو کەسانەی کە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بوون
دەتوانین لە ڕێگای زانینی نیشانەکانی نەخۆشی فۆبیای کۆمەڵایەتیەوە دەست نیشانی ئەو کەسانە بکەین کە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بوون یان مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت کە تووش ببن, ئەم پرسیار و بڕگانەی لای خوارەوە بەشێکن لە ئەو ڕاپرس و کەرەستانەی کە لە ڕێگایانەوە کەسانی تووش بوو بە فۆبیایی کۆمەڵایەتی دەست نیشان دەکرێت,

تۆی بەڕێزیش دەتوانیت بیان خوێنیتەوە و بزانە تا چەند ئەو خاسیەت و نیشانانە لەلات ھەیە:-
١- لە ئەو کەسانە دەترسم کە وەک (مامۆستا, لێپرسراو, بەڕێوەبەر, باوک …ھتد) دەسەڵاتیان بەدەستە.
٢- کاتێک لە ناو خەڵکی دەبم زۆر بێزار دەبم و چاوم سوور ھەڵدەگەڕێت.
٣- ئامادەبوونم و چوونم بۆ ئاھەنگ و بۆنەکان تووشی ترسێکی زۆرم دەکات.
٤- توانای ئەوەم نییە کە لەگەڵ کەسانی غەریب و نامۆ قسە بکەم.
٥- بەزۆری لە ڕەخنە و گلەیی و گازندەی خەڵکی دەترسم.
٦- بۆیە ناتوانم لەبەردەم خەڵکی قسە بکەم, چونکە تووشی شڵەژان و ڕاڕایی و ترس دەبم.
٧- ئارەقکردنەوەم لە کاتی چوونە ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان تووشی گرژی و بێزاریم دەکات.
٨- حەزناکەم بچم بۆ شایی و بۆنە و ئاھەنگەکان.
٩- لە ئەو کار و چالاکیانە دوور دەکەومەوە کە خەڵکی لێبێت.
١٠- ئامادەم ھەموو شتێک بکەم بە ئەو مەرجەی ڕەخنەم لێنەگیرێ.
١١- ناتوانم لە ناو پۆلدا بەشداری قسە و گفت و گۆکردن بکەم.
١٢- کاتێک بچمە ناو خەڵکی, ئەوا لێدان و ترپەی دڵم زۆر زیاد دەکات.
١٣- لە ئەو پیشە و کارانە دوور دەکەومەوە کە ڕووبەڕووی خەڵکیم دەکەنەوە.
١٤- کاتێک مافم دەخورێت, ئەوا ناتوانم بەرگری لە خۆم بکەم و داوای ئەو مافە خوراوانەم بکەمەوە.
١٥- لەکاتی چوونم بۆ ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان, وا ھەست دەکەم کە ھەموو گیانم وەک شۆڕە بی دەلەرزێت.
١٦- ناتوانم قسە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەم کە دەسەڵاتدارن.
١٧- کاتێک لە ناو خەڵکی و قەرەباڵغیدا دەبم, وا ھەست دەکەم کە خەریکە دەخنکێم.
١٨- کاتێک دەمەوێت بچم بۆ ناو خەڵکی, ئەوا وا ھەست دەکەم کە ھەردوو قاچەکانم دەلەزن و لە دووم نایەن.
١٩- حەز ناکەم چواردەورم قەرەباڵغ بێت و چاوپێکەوتن لەگەڵا خەڵکی بکەم.
٢٠- کاتێک شوێنێک قەرەباڵغ بێت (ھۆڵی کۆڕ و کۆبوونەوەکان و شایی و ھەڵپەڕکێ, ھۆڵی کتێبخانە یان پۆل) ئەوا حەزدەکەم یەکەم کەس بچمە ژوورەوە و دواھەمین کەسیش بێمە دەرەوە.
٢١- لە ناو قەرباڵغیدا پرسیارم لێبکرێت, ئەوا یەکسەر لێو و قوڕگم وشک دەبێت و ناتوانم وەڵام بدەمەوە.
٢٢- زۆر بە زەحمەت دەتوانم لە ناو خەڵکیدا شت بخۆم.
٢٣- کاتێک میوانمان بێت, ئەوا توانای بە خێرھاتن و قسە لەگەڵ کردنیانم نییە.
٢٤- زۆر لە چوونە ناو مزگەوت و نوێژکردنی بە کۆمەڵ دەترسم.
٢٥- ھەست دەکەم لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانمدا سەرکەوتوو نیم.
٢٦- ھاوڕێی زۆر کەمم ھەیە و زۆر بە زەحمەت دەتوانم ھاوڕێ بۆ خۆم پەیدا بکەم.

وەڵامەکان:-
زۆر ڕاستە( ) ڕاستە( ) تاڕادەیەک وایە( ) ڕاست نییە( )
بۆ ھەر وەڵامێکی زۆر ڕاستە (٣) نمرە, ڕاستە (٢) نمرە, تاڕادەیەک وایە (١), ڕاست نییە (ێفر) .
ھەڵسەنگاندن:-
١- (٥٢ بۆ ٧٨) نمرە مانای ئەوەیە ئەو کەسە تا ڕادەیەکی زۆر بە دەست فۆبیای کۆمەڵایەتیەوە دەناڵێنێ.
٢- (٢٦ بۆ ٥١) نمرە مانای ئەوەیە ئەو کەسە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی بووە بەڵام مام ناوەندییە و ئەگەر چارەسەری نەکات ئەوا ئەگەری زیادبوونی ھەیە.
٣- (ێفر بۆ ٢٥) نمرە مانای ئەوەیە ئەو کەسە بە ڕێژەیەکی کەم فۆبیای کۆمەڵایەتی ھەیە و ترسی نییە.

تێبینی/ وەرگیراوە لە ماڵپەڕی derunnasy
4691 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/05/2015
زیاتر...
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1