پیتی  ئـ
نائارامی

نائارامی
ئا/ د. زاھیر سوران

ئەوەی شایانی باسە رۆژانە ھەریەکێک لە ئێمە بەھۆی ھەلومەجێک یان چەند ھەلومەرجێکی تایبەتییەوە تووشی نائارامی Stress دەبێت . زۆرجاران بارەکە بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا تێدەپەڕێت و پاشتر مرۆ ھەست بە ئارامی دەکات . ھەندێک جار دەبێتە ھۆی نائارامی درێژخایەن (تولانی) ، پاشتر نەخۆشی ئۆرگانی ، دەروونی و لە قۆناخێکدا کە چیتر مرۆ بەرگەی ناگرێت لەوانەیە خۆی بکوژێت . نائارامی شێوەیان زۆرە و لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی دی وھاوکات لە نێرینە و مێوینەدا جیاوازە .بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٠توێژیاری نەمساوی Hans Selye  زاراوەی Stress ی بەکارھێنا ، پاشتر ئەم زاراوەیە لە دنیایی فیزیکەوە ھاتوەتە دنیایی دەروونزانی و پزیشکی یەوە .
لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ر ت ج رایگەیاند کە تولانییە نائارامی گیروگرفتێکی گەورەیە و لە زۆربەی وڵاتاندا لە گەڵ نەخۆشییەکانی دی وەک شەکرەی جۆری ٢ ، بەرزەپەستانی خوێن ، جەڵتەی مێشک ، خەمۆکی ، شێرپەنجە و خڵەفاوی دا دەبینرێت . ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە لەشی مرۆ بەرگەی دەرئەنجامی ئەو نەخۆشییانە و نائارامی بگرێت . لە زۆر ھەلومەرجدا نائارامی دەبێتە ھۆی خراپبوونی رێڕەوی نەخۆشی و باری تەندروستی مرۆ . کاتێک مرۆ تووشی نائارامی نێگەتیف دەبێت ، رێژەی تاریکی زێد دەبێت ئەوکاتە ھۆرمۆنی نائارامی کورتیسۆل (Cortisol) بەرزدەبێتەوە .
ھۆرمۆنی ناوبراو یاریدەی دڵ دەدات و کاری بەرگریکەری لە برین و رووداودا ھەیە . کاتێک رێژەی ئاستی ھۆرمۆنەکە بەرزدەبێتەوە وکاردەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری لەش لەبری ئەوەی دژی سووربوونەوە کاربکات دەبێتە دژە کۆئەندامی بەرگری .
لە نائارامییە نێگەتیفەکاندا واتە تاریکی، خەم و خەفەتباری پاش مردن ، تەنیایی ، نەبوونی کۆنترۆلکردن ، گرژی ، ترس ، نەبوونی کات ، نائارامی پاش رووداو ، سەرلێشێوان ، شپرزەبوون و پێڕانەگەیشن دا ھۆی ئەم جۆرە نائارامییە خەمۆکاویانە دەگەرێتەوە بۆ ترس . زۆرجار نائارامی کاردەکاتە سەر نەخۆشییەکانی پێست وەک زیپکە، خورشت و تیراوێ کە چارەسەرکردنیان ئاڵۆزدەکات .
لە توێژینەوەیەکی نوێدا روون بۆتەوە کە نائارامی دەبێتە ھۆی خراپ کارکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش و ئەمیش دەبێتە ھۆی زێدبوونی ژمارەی خرۆکە سپییەکان . لەبەرئەوەیە ئەو کەسانەی نائارامن کاتێک برینێک لەسەر لەشیان دەردەکەوێت نزیکەی لە ٤٠% ی برینەکەیان بە باشی چاک نابێتەوە . ھەروەھا ئەو کەسانەی نائارامن یان بە ئاسانی تووشی نائارامی دەروونی دەبن ، ھاوکات بە ئاسانی تووشی ھەوکردنیش دەبن . ئەنجامی چەند ئامارێک روونی دەکەنەوە کە زۆرجاران ژنان زێدەتر تووشی نائارامی دەروونی دەبن وەک لە پیاوان .
ئەو ژنانەی ماوەیەکی درێژ نائارامن ئەوا مەترسی ئەویان لێدەکرێت تووشی کاندیدەی گولینک ببن و نیشانەی سەرەکییان خوراندن و ئازاری گولینکە لە گەڵ نەمان یان کەمبوونەوەی زەوقی زایەندیدا (٨) .
ئەنجامی توێژینەوەیکی سوێدی کە لە زانکۆکاندا کراوە ئاماژەی پێدەکەن:‌ خوێنکارانی کۆلێژی پزیشکی فرە نائارامترن وەک لە خوێندکارانی کۆلێژەکانی دی . پاش پێوانی ، رێژەی ھۆرمۆنی نائارامی لە کچە خوێنکارەکاندا زۆر زێدەتر بووە وەک لە کوڕان تەنانەت ھەندێک خوێنکار نیشانەی دەروونی وەک بێ ھێوایی ، بێ مانایی ژیان ، ترس ، کۆنیشانەی سەرلێشێواوی ، توڕەیی و بێئارامییان تێدا تۆمارکراوە (١٠) .

ھۆکارەکانی دەرکەوتنی نائارامی
- ھۆکاری کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی نائارامی نێگەتیف .
- فەنکشەکانی ئۆرگانەکانی لەش .
- تەندروستی (جگەرەکێشان ، ئەلکھۆل ، وەرزش و خۆراک) .
- گاڵتە پێکردن ، پێڕابواردن و زێدکردنی بێھۆی بێ مانا  .
- لەم ساڵانەی دوواییدا ئەو راستییەش روون بۆتەوە کە بە ھۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای تەلەفۆنی مۆبایل و ئینتەرنێتەوە ئەو کەسانەی کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر SMS یان نامەی ئەلەکترۆنی دەنێرن زێدەتر تووشی نائارامی و بگرە خەمۆکیش دەبن .

نیشانەکانی نائارامی
- گرژی ، سەرئێشە ، سک ئێشە و بیرخراپی .
- تێکچوونی خەو(کەمی یان پێچەوانە) .
- نارێک لێدانی ریتمی دڵ .
- زۆرجار لە رۆژی پشودا مرۆ نەخۆشە .
- دەرکەوتنی خورشت و بیرۆی پێست  .
- ناتوانێت بیری خۆی کۆبکاتەوە ولە سەر بۆچوونەکەی  یان مەبەستەکەی سوور بێت .
- بە ئاسانی تووڕەبوون .
- بە ئاسانی دەگری و بەرگەی ھەندێک ھەلومەرج ناگرێ .
- کەمبوونەوە یان نەبوونی بیر و بۆچون .
- توانای لاواز لە کاتی چارەسەرکردنی گیروگرفتدا .
- ئەنجامدانی کارەکان لە پشوودا .
- ھەڵە زۆری .
- خەمۆکی ، بێتاقەتی و خەمباری .
- مرۆی نائارام حەز ناکات کەسانی دی ببینێت .
- دوورکەوتنەوە و نەچوون بۆ ئاھەنگ و بۆنە قەڵەباڵخییەکان .
- قژکەوتن (وەرین) و گیروگرفتی لەقبوونی ددان .
نائارامی رۆڵی گرنگی لە دەرکەوتنی ئەم نیشانە و نەخۆشیانەدا ھەیە
- ئازاری ماسولکە (ئازاری مل، دەفەی شان ، پشت و باڵەکان) ،سەر ئێشە.
- خورشت ، بەرھەنگ (ئەستما) و تیراوێ .
- برینی سەر نێوپۆشی گەدە ، گیروگرفتی ریخۆڵە .
- درێژخایەنە ماندوویەتی ، ھێز تیادا نەمان .
- گیروگرفتی سوڕدانی خوێنی دڵ و بۆریەکانی خوێن .
- گیروگرفتی خەو(خەوزراندن یان بێخەوی) ، ترس و ناڕەحەتی .
- تێکچوونی خۆراکخواردن .
- سووربونەوەی رۆماتیسمی .
- شەکرە ، قەڵەوی ، خەمۆکی ،شێرپەنجە ، پەستانی خۆێن .
- خۆراک نەخواردنی دەماری .
- گیروگرفتی زایەندی ، بێھێزی زایەند .
- جەڵتەی دڵ و مێشک .
- پوک ، نێودەمە سۆ و لەقبوونی ددانەکان .
- خۆکوشتن .
- لە توێژینەوەیەکی ئینگلیسەکاندا کە لە مانگی جەنیوەری ٢٠٠٦ دا و لە ماڵپەڕی گۆڤاری BJM دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی پێدەکەن کە کاری نائارام دەبێتە ھۆی زێدبوونی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە .
ئەوەی شایانی باسە کۆرتیسۆل دەبێتە ھۆی ھەستکردن بە ژانەسەر ، ھیشکبوونەوەی نێودەم ، ئازاری سنگ ، نارێکی ریتمی دڵ ، نائارامی ، بێزەوقی ، گیروگرفتی بیرکردنەوە ، ماندووبوون ، خەمباری و خەمۆکی .

ئەو خۆراکانەی دەبنە ھۆی کەمبوونەوەی نائارامی
نابێت ئەو راستییەشمان لەبیر بچێت کە زۆر خۆراک بە ھۆی بوونی ماددەی بە کەڵکەوە دەبنە ھۆی کەمبونەوەی نائارامی گرنگترینیان بریتین لە : تەماتە ، سەندەویچی نانو پەنیر ، ماست و میوە ، ماسی لاکس ، سەڵاتەی تێکەڵ ، ئەناناس ، مۆز، خەیار ، پرۆتین دەبێتە ھۆی گەشەکردنی دۆپامین و ئەدرێناڵین . کۆلیھیدرات دەبێتە ھۆی گەشەکردنی سێرۆتۆنین .

توێژیارانی زانکۆی مالموێ ی سوید دەبێژن :
کاتێک نێرینە نائارام دەبێت مرۆ تووشی گیروگرفتی دڵ دەبێت بەڵام مێینە باشتر بەرگەی بارە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێت ، کۆنترۆڵیان دەکات و ھەڵیان دەسەنگێنێت .

توێژیارانی ئینستیتوتی کارۆلینسکای ستۆکھۆڵم دەبێژن:
زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە تووشی تیراوێ دەبن ، پێشتر بە ٢-٣ مانگ فرە نائارامن و ژمارەیەکیان ئازاری جومگەکانیاشیان ھەیە . بەپێی توێژیارانی سوێد نائارامی نێو ماڵ و خێزان مەترسییەکی گەورەیە لە سەر تەندروستی ئافرەت . ھەر کاتێک پەیوەندی نێوان ژن و مێرد خراپ بێت ئەوا نائارامی دەبێتە ھۆی زێد بوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ ، جاری وا ھەیە نائارامییەکە ئەوەندە کاریگەرە ئافرەت بەرگەی ناگرێت و پەنادەباتە بەر خۆکوشتن (ئافرەتانی کورد زێدەتر خۆیان دەسووتێنن) .

توێژیارە ھەنگارییەکان دەبێژن :
نائارامی ناوماڵ گاریگەری لە سەر ژن و پیاو ھەیە و ھاوکات مەترسی ھەیە کە ھەردووکیان تووشی نەخۆشی بەرزە پەستانی خوێن بکات .

توێژیارە ئینگلیسەکان دەبێژن :
کاتێک مرۆ تووشی بارێکی نائارام دەبێت و پیایدا  تێپەڕدەبێت وەک ئەوە وایە لەشی مرۆ (مەشق) پرۆڤەی کردبێت و ئەمەش دەبێتە ھۆی باشترکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش .

توێژیارە کەنەدییەکان دەبێژن :
لەوانەیە نائارامی درێژخایەن ببێتە ھۆی تێکچوونی کۆئەندامی بەرگری لەبەرئەوەی بارەکە وا لە مرۆ دەکات بە ئاسانی تووشی ھەوکردن ببێت بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی زۆر خزمەت و یاریدەی نەخۆشی دی دەکەن یان دەدەن . لە توێژینەوەی دی دا ئەو راستییە دەرکەوتووە کە ھەموو کارێک کەم یان زۆر مەترسی ئەوەی لێدەکرێت مرۆ تووشی نائارامی بکات بەڵام گرنگ ئەوەیە کە مرۆ بتوانێت کۆنترۆڵی باری دەروونی خۆی بکات .

ھەندێک توێژینەوەی دی دەبێژن :
ئەو کەسانەی کە رۆژانە لە بەرێوەبەرایەتییەکاندا ، کۆمپانیاکاندا کاردەکەن نارێکوپێکی فایل و کاغەزو پێنووسی سەر مێزی کارەکەیان ھۆیەکی گرنگە و رێگاخۆشکەرە بۆ ئەوەی مرۆ تووشی نائارامی دەروونی ببێت.

جۆرەکانی نائارامی
پێشتر نائارامی پۆزەتیف و نێگەتیف دیاریکراوە بەڵام ئەمرۆ گرنگترینیان بریتین لە:
- نائارامی کۆمەڵایەتی .
- نائارامی دەروونی .
- نائارامی دەروونی- کۆمەڵایەتی .

ئامۆژگاری
ھەندێک توێژیار وای بۆدەچن کە رێزگرتن لەم خاڵانەی خوارەوە زۆر بەسوودەو مرۆ دەتوانێت ئاگاداری تەندروستی خۆی بێت تەندروستی جۆی خاس بکات ، لەم بارەیەوە توێژەری ناسراوی سوێدی تۆماس دانێلسۆن دەبێژێت (١) :
- ھەوڵبدە پۆزەتیف بە .
- وەرزش ، خوراک و خەو دەتوانن سنوورێک بۆ ئاستی نائارامی دیاری بکەن .
- ھەوڵبدە دڵخۆش بە یان دڵخۆشی بدۆزەرەوە .
- لەوە زێدتر خۆت نائارام مەکە کە خۆت نائارامی.
- پشویەک بە خۆت بدە و کەمێک بیربکەرەوە.
- بەراووردی خۆت لە گەڵ کەسانی دی دا مەکە .
- خۆت فێربکە (رابھێنە) کۆنترۆڵی خۆت بکە .
- بوێرو بە جورئەت بە ، بۆچوونی خۆت دەرببڕە و قسە بکە .
- ئاوات و داخوازییەکانت دیاری بکە بۆ ئەوەی کاتی کارو پشو لە یەکتری جودابکەیتەوە.
- بڵێ تۆ چەند باشیت بەڵام ددان بە کارە خراپەکانیشتا بنێ .

چارەسەرکردن
باشترین یارمەتیدەر یان شێوەی چارەسەرکردن بریتییە لە جوڵان و پیاسەکردن .
لەبەرئەوەی لەم بارەدا ھەردووکیان دەبنە ھۆی نزمبوونەوەی پەستانی خوێن ، کۆئەندامی ناوەندی دەمار باشتر کاردەکات ، رێژەی دەردانی ھۆرمۆنی نائارامی لە گورچیلەدا نزمدەبێتەوە . گەر مرۆی نائارام ھەفتانە ٣ جاران وەرزش و پیاسە بکات ئەوا باری دەروونی فرە خاس دەبێت و بەشێکی زۆری نائارامییەکەی دەڕەوێتەوە .
وەرزش (٩)
ئەوەی راستی بێت ھەردەم وەرزش لە بارە دەروونییەکاندا رۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە باشکردنی رێڕەوی نەخۆشییەکە . لە کاتی نائارامیدا ئەم مەشقانەی لای خوارە زۆر بە سوودن گەر مرۆ بە گشتی و نائارام بە تایبەتی پەیڕەوییان بکات .
 
رێک رابوەستە، چەند جارێک سەری پەنجەکانت بخەرە سەر شانەکانت ، چەند جارێک دووبارەی بکەرەوە .

 
بۆ ماوەی ٥-١٠ چرکە ھەردوو دەستەکانت بخەرە ئەملاولای پشتەوەی شانەکانت ، ٥-٦ جاران دووبارەی بکەرەوە .

 
لەسەرخۆ باڵەکانت بەرزبکەرەوە و پاشتر شۆڕیان بکەرەوە بۆ پشتەوە ، ٥-٦ جار دووبارەی بکەرەوە .

 
ھەوڵبدە بەم شێوەیە پاڵ بکەوە ، بە مەرجێک لەشت گرژ (رەق) بکەیت وپشتی سەروو ھەردوو لاقت کەمێک لە زەوی بەرزبکەرەوە (نزیکەی ٢-٣ ملم) و ماوەی ١٠-١٦ چرکە خۆت ڕاگرە ، لە کۆتاییدا ھەناسەیەکی قەڵ بدەرەوە و خۆشت شل بکەرەوە ، چەند جارێک مەشقەکە دووبارە بکەرەوە .


سەرچاوەکان


1.
Kaplan & Sandock. Comprehensive textbook of Psychatry, 8 th. Vol 1& 2 USA.2005 .

2. Aftobladet, Stockholm. 8 okt.2004 .

3. Tommy Wadebeck, stress livet krydda och plåga. Kompetens fabriken .Sverige.2001 .

4. Lennart Wetterberg: Psykiatri i fickformat, Stockholm. 1993 .

5. Vanja Blomkvist, Dan Hasson, Stressa med flyt !, 2004. Sverige .

6. Hypertension nr 10, december 2005; 12 .

7. www.expressen. se ©  060117

8. Cecillia Odlind. Långvarig stress ökar risken för kronisk svampinfektion.Medicinsk vetenskap, nr 3, 2005. sidan 23-24 .

9. www.infomedica.se (C) 050912

10.Läkartidningen , nr.11, Mars 2006 , vol 03 .

2132 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/09/2015
زیاتر...
1