پیتی  پ
پێكه‌نین

پێکەنین
ئا/ د. زاهیر سۆران 

ھەموو پسپۆران لە مەڕ ئەو راستییە کۆکن کە مرۆڤ یەکەمین گیانلەبەرە کە دەتوانێت پێبکەنێت (١). ئەوەی راستی بێت پێکەنینی ھەڵقوڵاو لە ناخی دڵەوە کاریگەرییەکی پۆزەتیفی لە سەر لەش و دەروونی مرۆ ھەس . ژمارەیەک کەس ھەڵدەکەون روویان خۆشە ، بە سەلیقەوە نوکتە بۆ کەسانی دی دەگێڕنەوە و ئەوەندە بە خۆشییەوە باسی دەکەن یان دەیگێڕنەوە زەردەخەنی خۆشی دەخەنە نێو ھەست و نەستی مرۆ وە . (لە کوردەواریدا پێیان دەڵێن: سەربەقوڕ دەھێنێتە پێکەنین) .

ھەرچەندە دوژمنانی کورد بە مەبەستی سەرکووتکردنی کورد بە چەندان شێوە ئەو زەردەخەنەیەییان لێ دزییوە ، شێواندووە ونەیان ھێشتوە بە ئاسوودەیی قاقایەکی پێکەنێن لێ بدات وساتێکی درێژ ئاسوودەو دڵخۆش بێت .

وەلێ ئێمەش وەک میللەتانی دی شێوازی خۆمانمان ھەیە بۆ پێکەنین مرۆ (نوکتەباز و قسەخۆش) ی وامان تیا ھەڵکەوتووە تا ئەمڕۆش نوکتە و قسەخۆشەکانیان خەندە دەخاتە سەر ئەو لێوە ھیشک ھەڵگەڕاوانەی چەندان ساڵە کوردی لێ بێ بەشە و بە رێکوپێکی توانیویانە گەر بۆساتێکی کورتیش بێت ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە دەروونییە بڕەوێننەوە و لە ناخەوە کەسانی دەوروبەر بھێننە پێکەنین . بەڵام ئەز لێرەدا لە مەڕ لایەنە زانستییەکەی پێکەنین دەدوێم کە چەند بۆ لەشی مرۆ پێویستە .

جۆرەکانی پێکەنین

١- پێکەنینی سروشتی .

٢- پێکەنینی دروستکراو (شانۆگەری ، فیلمی کۆمێدی ، کاریکاتێر، وێنەی دروستکراو، نووسین..تاد) .

لە ھەردوو بارەکاندا پێکەنین دەبێتە ھۆی ھەژاندنی ھەست و تەزووی ئەلەکتریکی و کیمیایی نێو لەش و تەنانەت مرۆ ھەست ناکات پێکەنین چەند کاریگەری لە سەر ئەو ئەنزیمە شلانەی نێو لەش ھەیە کە رۆڵیان لە ھەرس کردنی خۆراکدا ھەیە . ھەندێک لە پسپۆرانی ئەم بوارە گرنگەی ژیان ئاماژەی پێدەکەن کە پێکەنین لێدانی دڵ باشتر دەکات ، لە ماوەی ١٠ چرکەدا لێدانی دڵ دووجاران زێد دەکات . دڵوبۆریەکانی خوێن باشترو رێکوپێکتر خوێن دەگەیەننە ئەندامەکانی دی لەش . لە وڵاتە سەرمایەدارەکاندا زۆر کەس یان لایەن بایەخێکی تایبەتییان بە پێکەنین داوە بە تایبەتی خاوەن کۆمپانیاکان .ھۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی بتوانن لە رێگای پێکەنینەوە گیروگرفتەکانی رۆژانەی کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە و کەمێک ئاسوودەیی دەروونی بۆ دامەزراوانی کۆمپانیاکە دابین بکەن ئەویش بە مەبەستی :

- باشکردن و زێدبوونی بەرھەم .

- باشکردنی باری دەروونی ئەو کەسانەی توانای داھێنان ھەیە یان دەتوانرێت سوود لە بۆچوونە باشەکانیان وەربگیرێت .

- دڵودەروون خۆشکردنی کارمەندان .

- کەمبوونەوەی رێژەی نەخۆش بوون .

- زێدبوون و باشکردنی پەیوەندی لە نێوان کارمەندەکاندا .

- زێدبوونی باوەڕ بە خۆ کردن .

- کەمبوونەوەی رێژەی شەڕو بەربەرەکانێ .

- کەمبوونەوەی گیروگرفتی دەروونی سەرکار .

- باشترکردنی کاری رۆژانە و کەمبوونەوەی ماندوویەتی دەروونی کە لە ئەوروپادا زۆر ناسراوە .

- مرۆ زێدەتر لاو دەبێتەوە و زەوقی زایەندی چالاکتر دەبێت .

بە واتایەکی دی پاش قاقایەکی پێکەنین مرۆ (جەستەیی و دەروونی) ھەست بە باشی و پۆزەتیفی دەکات ، ھاوکات  زێدەترلە ژیان و کارو گوزەرانیشی رازی دەبێت ، لە ھەموو بارەکاندا پێکەنین سوودی زۆر زێدەترە وەک لە زیان .ئەوەی راستی بێت لەم ساڵانەی دوواییدا پسپۆران بایەخێکی زۆریان بە پێکەنین داوە وەلێ وەک شێوەیەکی نوێی کەمکردنەوەی گیروگرفت و ئازارو تەنانەت چارەسەرکردنیش سوودی زۆری لێوەرگیرراوە . لە سەرانسەری دنیادا توێژینەوەی جیاواز لە مەڕ ھەموو لایەنەکانی پێکەنین و کاریگەری بۆ سەر دەروونی مرۆی لەش ساخ و نەخۆشیش ئەنجام دەدرێت . لە دنیادا نزیکەی ٢٥٠٠ یانە- کلوب ی پێکەنین ھەیە، ژمارەیکی زۆری ئەو یانانە لە ھیندستاندایە ولەو وڵاتەدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان لە شوێنی کارکردندا ، بەندیخانەکاندا ، لە پارکی ئۆتۆمۆبیلەکاندا پێش دەستکردن بە کار زۆر کەس پێدەکەنن . شایانی باسە کە ئەو یانانە ژمارەیەکی زۆر ئەندامیان ھەیە و رۆژانە لە رێگای ئینتەرنێتەوە زانیاری بەسوودو نوێ لە مەڕ پێکەنین لە گەڵ یەکتریدا دەگۆڕنەوە . لە دنیادا چەندان ماڵپەڕ و بە زمانی جودا لە مەڕ پێکەنین دانراوە و رۆژانە بە ھەزاران کەس سەیریان دەکەن و خەم و ناخۆشییەکانی رۆژانەیانی پێ دەڕەوێننەوە .

ھاوکات ئەو کەسانەی کە زۆر پێدەکەنن ھەستییان بەو راستییە کردووە کە تەندروستییان زۆرباشترە و ئاسانتر لە ماوەیەکی کورتدا گیروگرفتەکانییان چارەسەردەکەن وەک لە کەسانی دی کە ھەمیشە مڕومۆچن و پێناکەنن .

ئەوەی شایانی باسە  Dr Madan Kataria و خێزانەکەی (ھیندوستانین) دوو کەسی ناسراوی جیھانین لەبواری پێکەنیندا ، ئەوان پێکەنییان لە گەڵ یوگادا تێکەڵکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم شێوە نوێیەی چارەسەرکردن رۆژانە بە دنیادا دەگەڕێن ، وانەی تایبەتی بە نێوی لە خۆوە پێکەنین (پێکەنینی بێ مەبەست) یان (ھەژاندنی پێکەنین) بە گوێگرەکانیان یان بینەرەکانیان دەڵێنەوەو کادیری نوێ  ئامادە دەکەن و پێدەگەینن تا ئەوانیش کەسانی تر فێربکەن چۆن دڵی خەڵکی خۆش دەکەن . بە پێی نێوبراو پێکەنینی بێ مەبەست دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لە ژیانی مرۆدا بە واتایەکی دی مرۆ لە ترس رزگاری دەبێت . بە ھۆی پێکەنینەوە مرۆ خەمەکانی دەڕەوێنێتەوە ، ئەوسا دەروونی خۆی بۆ خۆشەویستییەکی پڕ لە وزە دەکاتەوە کە دەبێتە ھۆی توانا و سووتەمەنی بۆ بەردەوامبوونی ژیانێکی ئاسوودەتر کە ھەر یەکێک لە ئێمە پێویستییەتی .

لە ساڵی ١٩٩٥ ەوە لە ھیندوستاندا تەکنیکی یوگا- پێکەنین پیادەدەکرێت ، لە ھەمان ساڵەوە ژمارەیەکی زۆر یانەی پێکەنین دامەزراوە ، لە ئامارێکدا زۆربەی زۆری بەشدارانی یانەکان دەبێژن کە بە گشتی:

- باشتر دەخەون (خەوتنیان باشتر بووە) .

- پەیوەندی کۆمەڵایەتییان باشتربووە .

- باوەڕ بە خۆبوونیان زێدەتر بووە .

- توانای بیرکردنەوەیان باشتر بووە .

- لەزەت و چێژ وەرگرتن لە ستایلی ژیان باشتر بووە .

ئەنجامی توێژینەوەیەکی ھیندوستان روونی دەکاتەوە کە :

١- لە ٧١% ھەڵسوکەوتی مرۆ لە گەڵ ھاوکارەکانیان باش بووە .

٢- لە ٦٩% ئاماژەیان کردووە کە نائارامییان کەمبۆتەوە .

٣- لە ٨٥% باوەڕیان بە خۆیان زێدەتر بووە .

٤- لە ٥٧% باشتر خەویان لێکەوتووە .

٥- لە ٨٣% ی بارەکاندا بۆتە ھۆی کەمبوونەوەی گیروگرفتێک یان نەخۆشییەکییان.

٦- لە ٧٤% پەیوەندی کۆمەڵایەتییان باشتر بووە .

٧- لە ٦٦% توانای بیرو بیرکردنەوەیان باشتر بووە .

٨- لە ٧٩% گۆڕانکارییان لە ستایلی ژیان و کارکردندا بەسەرداھاتووە.

٩- لە ٩٩% خوازیارن بەردەوام چارەسەرکردنی پێکەنین وەربگرن .

ئەمڕۆ زێدەتر لە ١٠٠ ھەزار ھیندوستانی بەیانیان بە دەم قاقای پێکەنینەوە روو لە کارەکانیان دەکەن لەبەرئەوەی دەزانن کە پێکەنین بۆ تەندروستی مرۆ باش و بە سوودە . لەو وڵاتەدا زێدەتر لە ٨٠٠ یانەی تۆمارکراوی پێکەنین ھەیە ، وەلێ لە ئەمێریکا زێدەتر لە ٣٠ یانە ھەیە .

نابێت ئەو راستییەشمان لە بیر بچێت کە لە ئینگلیستان و ئەمێریکادا کلینیکی پێکەنین دامەزراوە . لەوێدا ھەوڵ دەدرێت فلیمی کۆمێدی پێشکەش بکرێت ، باس یان بابەتی خۆش ، سەیر و بە چێژ بگێردرێتەوە ، گاڵتەجار (کڵاون) دەھێنرێت و بۆ لاسایی کردنەوەو نوکتە گێرانەوە بۆ ئەوەی باری دەروونی وجەستەیی نەخۆش باشتر ببێت . لە سوێد پرۆژەی پێکەنین لە کلینیکی شێرپەنجەکانی شارەکانی یۆتێبۆرگ و لینشۆپین دا ھەیە .

لە نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ وە لە سوێددا مێتودی یوگا- پێکەنین کەوتە کار لەبەرئەوەی زۆر کەس دەیان ویست بزانن ئەم مێتود ویانانە چین و کاریگەرییان لە سەر مرۆ چەندە .

لە رادوێی سوێددا پرۆگرمێکی پێکەنینیش پێشکەش دەکرێت بۆ ئەوەی گوێگرانی ئەو پرۆگرامە ماوەیەکی دیاریکراو پێبکەنن .

لە لایەکی ترەوە ئەنجامی توێژینەوەکان روونیان کردۆتەوە کە پێکەنین دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی گرژی ماسوولکەکان (کۆڵنج) ، کەمبوونەوەی ئازاری نەخۆش ، لە ژنی زەیستاندا دەبێتە ھۆی زێدبوونی چڕی ھۆرمونی لێپتین (Leptin) لە شیرەکەیدا ، ھاوکات کاریگەری باشیشی لە مەڕ دڵدا ھەیە . ھەندێک توێژیاری دی ئاماژەیان پێکردووە کە پێکەنین دەبێتە ھۆی درێژبوونی تەمەن . توێژینەوەیەکی نوێی توێژیارانی زانکۆی (Nashville) رایانگەیاند کە پێکەنین دەبێتە ھۆی بەرز بوونەوەی وزەی لەش .

ئەوان رێژەی وزەی لەشی ئەو کەسانەیان پێواوە کە دانیشتوون و سەیری کورتە شانۆگەری و فلیمێکی ڤیدیۆی کۆمێدی و یەکێکی خەمباری و مڕومۆچیان کردووە . پاش بینینی فلیمەکە وزەی پێوراوی گروپی یەکەم بە رێژەی ١٠-٢٠% دا بەرزتربووە وەک لە گرووپی دووەم . ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت گەر مرۆ رۆژانە پێبکەنێت ئەوا وزەی نێو لەش زێد دەکات و تەنانەت بەرزی رێژەی وزەکە دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی (ساڵانە) نزیکەی ٠,٥-٢ کگم کێشی لەشی مرۆ .

لە ساڵانی ھەشتاکانەوە Dr.Lee S Berk کە لە School of Public Health and Medicine at Loma Linda University in South California کاردەکات ، لە ئەنجامی دوا توژینەوەدا ئاماژەی پێدەکات کە پێکەنین دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی ھۆرمۆنی نائارامی وەک  (cortisol) و (adrenalin)  وھاوکات دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی ھەستی ناخۆش ، نێگەتف ، نائارامی و خەمۆکی .

پێکەنین وەک دەرمان

بە پێی پسپۆرانی دەروونی و پێکەنین ھەرچەندە دەرمان چارەسەری گەلێک گیروگرفت یان نەخۆشی دەروونی مرۆ دەکات وەلێ سەلمێنراوە کە پێکەنینیش شانبەشانی دەرمان رۆڵی باش و بەسوودی ھەیە یان وەک تەواو کەرێک بۆ دەرمان سوودی لێوەرگیرراوە ، بۆ ژیان پێکەنین مانای لەش ساخی و باشترکردنی تەندروستیی لەشی مرۆڤە .

ژمارەی پێکەنین

توێژیارانی ئەمێریکا ئاماژەی پێدەکەن کە ١٠٠ جاران پێکەنین وەک ئەوە وایە مرۆ ٣٠ خولەک جومناستیک بکات .

بە پێی توێژیارانی سوێدی لە ساڵانی ١٩٥٠ دا رۆژانە مرۆ نزیکەی ١٨ خولەک پێدەکەنی وەلێ ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە نزمبۆتەوە بۆ ٦ خولەک . ھاوکات منداڵ رۆژانە نزیکەی ٤٠٠ جاران پێدەکەنێت بەڵام گەورە تەنیا نزیکەی ١٥ جاران .

بۆچی پێدەکەنین

- لەبەرئەوەی پێکەنین لە یەکێکەوە دەگوێزرێتەوە یەکێکی دی (کەسانی دەوروبەر تووش دەبن) .

- بۆ زەوق و چێژی دەروونی باشە.

- بۆ ئەوەی مرۆ بێتوانای بشارێتەوە .

- لەوانەیە مرۆ ختوکە بدرێت .

کاتێک رۆژنامەنووسی ئەمێریکایی(Norman Cousins) تووشی ئازاری پشت دەبێت ، ساڵی ١٩٧٨ نێوبراو بۆی روون بۆوە کاتێک رۆژانە ٢ کاژێر سەیری فیلمی کۆمێدی دەکرد تێبینی کرد کە لەو ماوەیەدا ئازارەکانی وندەبوون .

سوودەکانی پێکەنین

١- دەبێتە ھۆی کەمبوونەوە یان رەوینەوەی ئەو نائارامییە دەروونییەی رۆژانە تووشی مرۆ دەبێت جا گرنگ نییە لە سەرکار، لە دەرەوە یان لە ماڵەوە تووشی دەبێت.

٢- جۆرێکە لە ئازارشکێنی سروشتی لەبەرئەوەی لە کاتی پێکەنیندا مرۆ رێژەیەکی بەرز لە ھۆرمۆنی endorfin دەردەکات و ئەمیش وەک مۆرفین وایەو رۆڵی ئازارشکێنی ھەیە .

٣- کۆئەندامی بەرگری بەھێز دەکات ، توێژینەوەکان ئاماژەی پێدەکەن کە ھەستی نێگەتیف کاریگەرییەکی خراپی لە سەر کۆئەندامی بەرگری لەشی مرۆ ھەیە و رێگاخۆش دەکات بە ئاسانی مرۆ تووشی ھەوکردن ببێت . وەلێ پێکەنین دەبێتە ھۆی زێدبوونی خرۆکە سپییەکانی نێوخوێن و ئەمەش دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی کۆئەندامی ناوبراو .

(توێژیارانی ئەڵمانیایی و ئەمێریکایی ئاماژەیان پێکردووە کە پێکەنین دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش ، ھاوکات  لە سوێدیش ھەمان ئەنجام روون بۆتەوە).

٤- توانای سییەکان باشتر دەبێت ، پێکەنین دەبێتە ھۆی ئەوەی مرۆ باشتر ئۆکسجین ھەڵمژیت و بیگەیەنیتە نێومیزەڵدانە ھەواییەکانی نێو سییەکانەوە .

ئەو کەسانەی کە بەرھەنگدارن (ئەستما) زۆر باشە گەر رۆژانە مەشق لە سەر پێکەنین بکەن لەبەرئەوەی بەو جۆرە دەتوانن توانای سییەکانیان باشتر بکەن وھاوکات رێژەی ئۆکسجینی نێو خوێن زێدەتر بکەن .

٥- پێکەنین دەبێتە ھۆی جوڵاندنی ئەندامەکانی نێو لەش بە تایبەتی دڵ و سییەکان ، بە مانایەکی دی وەرزشکردنێکی نێوخۆیی لە نێو لەشدا ئەنجام دەدرێت ، ماسولکەکان بە ھێزو توانایەکی باشترەوە کاردەکەن و ھەرس کردن ئاسانتر دەبێت .

٦- مرۆ ھەست بە گەنج بوونەوە دەکات ، رووخۆش و دەم بە زەردەخەنە دەبێت لەبەرئەوەی پێکەنین دەبێتە ھۆی وەرزشکردن و جوڵاندنی ماسولکەکانی رووخسار ، سووربونەوەی روومەتەکان دەگەڕێتەوە بۆ گەیشتنی خۆراکی بەسوود بۆ ئەو بەشەی رووخسار .

٧- زێدبوون یان باشبوونی توانای داھێنان ، ژمارەیەک توێژینەوە ئاماژەیان پێکردووە کە پێکەنین دەبێتە ھۆی باشبوون یان زێدبوونی توانای فێربوون ئەمەش دەبێتە ھۆی زێدبوونی بیرکردنەوە و پاشتریش داھێنان .

٨- باشبوونی باری دەروونی مرۆ ، پێکەنین لە ناخی دڵەوە دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی ھەستی خۆشی لە نێو لەشدا .

ماسوولکەکان خاودەبنەوە و ئەوسا مرۆ زێدەتر پۆزەتیفە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی و بە پێچەوانەشەوە بە ئاسانی لە کەموکوڕی یان گیروگرفتەکان زوویر نابێت .

ئەوەی راستی بێت لە پراکتیکدا پێکەنین خۆشی ژیانە لەبەرئەوەی زۆربەی پسپۆران لەو باوەڕەدان کە پێکەنین خۆشییەکی تایبەتی دەداتە لەشی مرۆ و ئەوخۆشییەشە کە دەبێتە ھۆی دابینکردنی وزە و بوژانەوەی ئەندامەکانی دی نێو لەش .

گرنگی پێکەنین

١- توڕەیی و مڕومۆچی کەم دەکاتەوە .

٢- لە نائارامی مرۆ رزگار دەکات .

٣- ئازاد دەبیت بۆ جوڵاندن یان وەرزشکردن .

ئامۆژگاری

پاش خوێندنەوە و تێگەیشتن لەم بابەتە خوازیارین و پێشنیار دەکەین کە رۆژانە و بە پێی ھەلومەرجی کار ، ستایلی ژیان و توانا ھەریەکێکمان لە ناخی دڵەوە چەند دەتوانێت و بۆی دەلوێت پێبکەنێت بۆ ئەوەی کاریگەری پۆزەتیفی پێکەنین لە سەر لەشی زێد بکات  ئەمەش دەبێتە ھۆی ئاسانتر و خێراتر چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان .

سەرچاوەکان

1. Stephan Rössner, Förlänger ett gott skratt livet?, Läkartidningen, nr.37.vol.102. 2547, stockholm 2005

.

2. www.flina.se ©

                                                                                                                                                                                                    3.www.web9.se ©

4. www.skrattorlivet.se ©

5. www.hnu.edu ©

6. www.langhteryoga.org ©

7. www.giraffenskratt.se ©

8. www.drleeberk.com © 

3108 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/09/2015
زیاتر...
1