
نەخۆشی کۆلێرا
زۆربەی زۆری توشبون بەکۆلێرا بەشێوەیەکی سوکە، توشبوان لەوانەیە ھیچ نیشانەیەکیان لێ دیاری نەدات یان تەنھا سکچونێکی کەم بگرن، بەڵام لەڕێژەیەکی کەمی توشبواندا سکچونێکی ناوەکی زۆرو رشانەوە دەردەکەون کە دەبنەھۆی لەدەستدانی بڕێکی زۆر لەشلەمەنیو خوێی لەشی نەخۆشەکە. نەخۆش ھەست بەتینویەتی دەکات، میزکردنی نامێنێ بەخێرایی ھەست بەبێ ھێزی دەکاتو لەشی وشکدەبێتەوە. ئەوانەی توشی شێوەی سەختی نەخۆشیەکە دەبن ھەست بەئازار دەکەن لەگەدەو ماسولکەکانی قاچو بازوەکانیاندا. پێویستە ھەموو نەخۆشیەکی کۆلێرا بەزوترین کات چارەسەر بکرێت، ئەگەر چارەسەر دوابخرێت یان ناتەواوبێت، نەخۆش بەھۆی لەدەستدانی شلەمەنیو دابەزینی خێرایی پەستانی خوێنەوە لەوانەیە گیان لەدەست بدات... مرۆڤ توشی کۆلێرا دەبێت بەھۆی قوتدانی ژەمێکی توشکەر لەبەکتریای کۆلێرا ئاوی ئاڵودە بەپاشەڕۆ سەرچاوەی توشبونە بەم نەخۆشیە. راستەوخۆ بەخواردنەوە یان بەئالودەکردنی خواردنێک کە پێی دروست بکرێت. رەنگە خۆراکیش بەھۆی دەستی ئاڵودەی کەسێکی نەخۆش یان ھەڵگری نەخۆشیەوە ببێتە ھۆیەک بۆ گواستنەوەی نەخۆشی.
باوترین سەرچاوەکانی توشبون:
• ئاوی خواردنەوە ئاوێک کە لەسەرچاوەوە پیسبوبێت بۆ نمونە ئاوێک پیسبوبێت بەپیسایی مرۆڤو تێکەڵ بێت بەئاوی بیرێک کە بەباشی نەپارێزرابێت. یان لەکاتی ھەڵگرتنی ئاودا بەھۆی دەستی پیسەوە یان بەھۆی سەھۆڵێکی دروستکراو لەئاوێکی پیسبوو بە بەکتربای کۆلێراوە.
• خۆراکی پیسبوو لەکاتی ئامادەکردن یان پاش ئامادەکردندا: بۆ نمونە شیر، برنج، نیسک، پەتاتە، پاقلە، ھیلکەو مریشک.
• خواردنە دەریایەکان: بەتایبەتی ئەو ئاوەی کە پیسبوو بێتو راوی تێدا بکرێت، پاشان دوای راوکردن بەباشی نەکوڵێنرێت.
خۆپاراستن لەکۆلێرا:
تاقە رێگای کاریگەر بۆ بەرگری لەبڵاوبونەوەی پەتای کۆلێرا بریتیە لەدابینکردنی بڕی تەواو لەئاوی پاک لەگەڵ سیستمێکی باشی کۆکردنەوەو لەناوبردنی پاشەڕۆ.
دابینکردنی ئاوی پاک: بونی ئاوی پاک بنەمایەکی سەرەکی تەندروستیە ئەمەش لەکاتی سەرھەڵدانی کۆلێرادا گرنگی زیاتری ھەیە لەبەرئەوەی ئاوی پیسبوو سەرچاوەی سەرەکی توشبونە بەپەتای کۆلێرا. پێویستە ھەموو تواناکان بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوەو ئامادەکردنی خۆراکو پاکوخاوێنی رۆژانە بخرێتەگەر، ئاوی دابینکراو پێویستە پاک بێتو بەردەوامو بەبری پێویست ھەبێت بۆ ھەموو شێوەکانی بەکارھێنان، لەشارەکان پێویستە ئاوی پاکژ دابین بکرێت بۆ ھەموو دانیشتوان لەڕێگەی تۆڕی دابەشکردن، پێویستە رێنمایی دانیشتوان بکرێت بۆ پاکژکردنەوەی ئاوی خواردنەوە بەھۆی کوڵاندنەوە یان بەکارھێنانی ئەو مادە کیمیانەی کلۆر دەکەنە ئاوەوە .. ئەگەر لەناوچەیەکی دیاریکراودا لەڕێگای تاقیگەیەوە سەلمێنرا ئاوی پیس ھەیە، پێویستە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی توشبونو بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە ھەموو رێگایەک بگیرێتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە.. ئەو رێنماییانە دەبێ بکرێنە پەیامێکی گونجاو بەبەکارھێنانی ئەو پێوەرو مادانەی دەستدەکەون. ھەروەھا بۆ ئەو رێنمایانەی کە لەناوماڵیان دامەزراوەکاندا بەکاردێن، بۆ پاکژکردنەوەی ئاو بۆ خواردنەوەو بەکارھێنانی تر پێویستە ئاو بەباشی بکوڵێت بۆماوەی یەک خولەک. ئەمە دەبێتەھۆی لەناوچون یان وەستاندنی چالاکی بەکتریای کۆلێراو زۆربەی زۆری ئەو میکرۆبانەی کە مرۆڤ توشی سکچون دەکەن. پاراستنی خۆراک رێگایەکی گرنگە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی کۆلێرا، بۆیە پێویستە ھەموو وڵاتێک خاوەنی سیستمێکی باشی کۆنترۆڵکردنی خۆراکو دروستکردنی بێت ئەوەش بەدابینکردنی بەرنامەیەکی نیشتیمانی بۆ پاراستنی خۆراک، رزگاربون لەپاشەڕۆ دابینکردنی شوێنی گونجاو بۆ فڕێدانی دروستی پاشەڕۆی مرۆڤ لەپێداویستیە سەرەتاییەکانی ھەر کۆمەڵگایەکە، نەبونی سیستمی گونجاو مەترسی بڵاوبونەوەی کۆلێرا زیاد دەکات.