کانزاکان
گرنگی مەگنیسیۆم (Magnesium) بۆ جەستە

گرنگی مەگنیسیۆم (Magnesium) بۆ جەستە

مەگنیسیۆم ئەو مادە مینیراڵییە گرنگەیە، کەکاریگەری لەسەر تێکڕای جەستەو دەرونی مرۆڤ 
ھەیەو بەخۆراکی سەرەکی ماسولکەو دڵ ھەژمارد دەکرێت.
تێکڕای مەگنیسیۆم لەجەستەدا نزیکی ٢٠ - ٢٥ گرام دەبێت، لەو بڕە نزیکی ٥٠-٦٠٪ لەئێسکەکاندا، نزیکی ٣٠٪ لەدڵ و ماسولکەکاندا کۆدەکرێتەوە.
کارابونی ٣٠٠ ئەنزیم بەھۆی مەگنیسیۆمەوە گرنگیو کاریگەری ئەو مادەیە لەسەر تەواوی جەستە پیشاندەدات.
جەستەی مرۆڤ ھەمیشە لەھەوڵی ڕاگرتنی ئاستی پێویستی مەگنیسیۆمدایە لەئێسک، دڵ، ماسولکە، زۆرینەی خانەکانی دیکەی جەستەو ھەروەھا لەخوێندا بەبڕی ( ٠,٨ - ١,١ mmol/ Liter ).
بێگومان نزمبونەوەی ئاستی پێویستی مادەیەکی واگرنک لەتێکڕای جەستەدا ڕەنگدانەوەی دەبێت و بەچەند نیشانەیەکدا ھەستی پێدەکرێت، کەگرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

نائارامی و توڕەبون، ھەمیشە ھەستکردن بەماندوێتیو لاوازی، سەرئێشە، تێکچونی ڕیتم و لێدانی دڵ، 
گرژبونی ‌ماسولکەکانی شان و مل و پوزو بەشی پشتەوەی ڕان بەتایبەتی لەشەودا، خەمۆکی ( Depression )و شیزۆفرینیا، سڕبونو گرژبونی بەئازاری دەست و پێکان، چاوتروکاندنی زۆر، ھەستکردن بەسەرما لەپێکاندا، ھەندێک لەپسپۆڕانی ئەو بوارە پێیانوایە کە کەمبونەوەی بەرچاوی مەگنیسیۆم تەنانەت یەکێکە لەھۆکارەکانی توشبون بەجەڵتەی دڵ.

جەستەی مرۆڤ توانای دروستکردنی مەگنیسیۆمی نییە، ھەربۆیە تەنھا لەڕێی خۆراکەوە پێیدەگاتو
بڕی پێویست لەڕیخۆڵەباریکەدا لەخۆراک گلدەدرێتەوەو پاشان بەخانەکانی لەش دەدرێت، بڕی بەکارنەھاتوو لەڕێی گورچیلەوەو لەگەڵ میزدا فڕێدەدرێت.

پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤێکی پێگەیشتوی تەندروست بە ٣٠٠-٣٥٠ میلیگرام مەزەندە دەکرێت.
خانمی دووگیانو شیردەر، کەسانی وەرزشەوان، ئەو کەسانەی دڵەڕاوکێیان زۆرە ( Stress)، مرۆڤ لەتەمەنی پیریدا، توشبووان بەنەخۆشی شەکرەو دڵ و ھەروەھا ئەو کەسانەی ھەندێک جۆر لەدەرمانی وەک دژەمنداڵبونو دژەقەبزیو دەرمانی کەمکردنەوەی ئاو لەلەشدابەکاردەھێنن پێداویستییەکی ڕۆژانەی زیاتریان بەمەگنیسیۆم ھەیە.

ھۆکارەکانی دابەزینی بەرچاوی ئاستی مەگنیسیۆم لەجەستەدا:
١. نەخۆشی و لاوازی گورچیلە
٢. سکچون بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
٣. ھەوکردنی زکماکی یان درێژخایەنی ڕیخۆڵە 
٤. نەخۆشی شەکرە بەبێ خۆپاراستن و بەکارھێنانی دەرمانی پێویست لەلایەن نەخۆشەوە
٥. زۆرخواردنەوەی مادەکحولییەکان و کێشانی جگەرە
٦. بەدخۆراکی بەگشتیو کەمی بڕی مەگنیسیۆم لەخۆراکدا
٧. زۆربەکارھێنانی دەرمانی کۆرتیزۆن
٨. بەرزکارکردنی غوددەو تێکچونی سیستەمی ھۆرمۆن
٩. پەستانی دەرونیو دڵەڕاوکێی درێژخایەن ( قلق- Stress)

سودەکانی مەگنیسیۆم:
١. بەپێی توێژینەوەیەکی بڵاوکراوە لە American Journal of Clinical Nutrition ڕۆژانە پێدانی
١٠٠ ملگم لەپێداویستی ڕۆژانە زیاتر مەگنیسیۆم بەڕێژەی ١٣٪ ئەگەری توشبون بەشێرپەنجەی ڕیخۆڵە کەمدەکاتەوە. پێدانی ٢٠٠ ملگم زیاتر بەڕێژەی ٤٠٪ ئەگەری توشبون بەو نەخۆشییە کەمدەکاتەوە.
٢. بەپێی توێژینەوەیەکی دیکە ڕۆژانە پێدانی گیراوەی Magnesiumchlorid بەتوشبووانی ‌نەخۆشی
شەکرەی Typ ٢ ئاستی شەکر لەخوێندا دادەبەزێنێتو پێداویستی بەبەکارھێنانی ھۆرمۆنی (Insulin) کەمدەکاتەوە
٣. لەتوێژینەوەیەکی بڵاوکراوە لەساڵی ٢٠٠٨ دا کەتێیدا ٤٣ ھەزار نێرینە بەشدارییان کردبو زانایان سەلماندیان کەکەمی مەگنیسیۆم دەبێتەھۆی زیادبونی ئەگەری دروستبونی ‌بەردی زراو
٤. پاراستنی ماسولککەکان لەتێکچونی سوڕی خوێن، پوکانەوە، گرژی و ئازار
٥. مەگنیسیۆم گرنگترین مادەیە بۆ تەندروستڕاگرتنی دڵ و دەمار
٦. زانای ئەمەریکی Dae Jung Kim لەتوێژینەوەیەکی بڵاوکراوە لەساڵی ٢٠١٠ دا سەلماندویەتی کەکەمی مەگنیسیۆم دەبێتە ھۆی بەرزبونەوەی پێوەری ھەوکردنی جۆری CRP لەخوێندا ھەروەھا تێکچونی ڕەوشی گەیاندنی ھۆرمۆنی Insulin بەخانەکانی جەستە، کەدواجار نەخۆشی شەکرەی لێدەکەوێتەوە
٧. چەند پسپۆڕێکی وڵاتی ئێران لەتوێژینەوەی چەند ساڵی ڕابوردودا سەلماندویانە، کەپێدانی دەرمانی مەگنیسیۆم بەتوشبووان بەسەرئێشەی جۆری ( شقیقە- Migraine) ماوەو ڕادەی ئازارەکان کەمدەکاتەوە.

خۆراکی دەوڵەمەند بەمەگنیسیۆم:
مۆز، کێوی، ئەنەناس، شیلک، پرتەقاڵ، ماسی، پەتاتە، گوڵەبەڕۆژە، ناوکەکولەکە، گوێز، بادام، کاکاو، سپێناغ، برۆکلی

لەدۆخێکی ئاساییو لەڕێی خۆراکی ھەمەجۆرو تەندروستی ڕۆژانەوە پێداویستی جەستە بەمەگنیسیۆم 
دابین د‌ەبێت.
کەسانێکی زۆر بەھۆی بەدخۆراکی و ھەروەھا لەچوارچێوەی ھەوڵدان بۆ دابەزاندنی کێشی زیادە دوچاری کەمبونەوەی مەگنیسیۆم دەبنو دەتوانرێت لەبەکارھێنانی ئەو مادەیە لەشێوەی دەرماندا سودمەندبن. 
بونی ڕێژەی پێویست لەمادەی کالیۆم لەجەستەدا دەبێتەھۆی باشتر وەرگرتنەوەی مەگنیسیۆم.

2233 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/10/2015
زیاتر...