کانزاکان
Coenzym Q10

مادەی Coenzym Q10

یەکێکە لەپێکھاتەکانی خانەکانی جەستە، کە لەگەڵ خۆراکدا بەجەستە دەگات، لەھەمان کاتدا لەجەستەشدا دروستدەکرێت. 
لەڕوی زانستیەوە پێشگری (یاریدەدەری ئەنزیم - Coenzym)ی بۆ دادەنرێت، بەو پێیەی ئەنزیم نیە، بەڵکو یاریدەدەرە بۆ ئەنزیمەکان.
لەڕوی پێکھاتەی کیمیاییەوە جۆرێکە لەمادەی Ubichinon کە لەجەستەی مرۆڤدا، بەتایبەتی لەدڵ‌و جگەرو گورچیلەدا، بەچڕییەکی زۆر بونی ھەیە، سەرەڕای ئەوەش بەشێکە لەپێکھاتەی زۆرینەی خۆراکە روەکی و ئاژەڵییەکان.
مادەی Q١٠ لەگۆڕینی خۆراک بۆ وزەو پاککردنەوەی جەستە لەژەھراویبون رۆڵێکی گەورە دەبینێت.
یەکێک لەئەرکەکانی دیکەی Q١٠ دوبارە دروستکردنەوەی ڤیتامین E بەکارھاتوە، کەبەھەمان شێوە وەک Antioxidant ( دژە ژەھراویبون) کاریگەری لەسەر جەستە ھەیە.
لەئێستادا توێژینەوەی زانستی زۆر لەبەردەستدایە، کە تێکڕا ئاماژە بەکاریگەری گەورەی سودبەخشی ئەو مادەیە لەسەر جەستە دەکەن. 

کاریگەریەکانی Q١٠:
١. نزمکردنەوەی پەستانی بەرزی خوێن.
٢. باشکردنی سوڕی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە، بەتایبەتی لەجەستەی کەسانێکدا کە نەخۆشی شەکرەیان ھەبێت، ھەروەھا زیادکردنی ئاستی دەردانی ھۆرمۆنی Insulin.
٣. کەمکردنەوەی ئازاری سەرئێشەی جۆری ( شقیقە-Migraine) ھەروەھا کەمکردنەوەی ماوەی سەرھەڵدان‌و بەردەوامبونی.
٤. پاراستنی دڵ لەجەڵتەو لاوازبون. بەپێی پسپۆڕانی ئەو بوارە کەمی Q١٠ لەجەستەدا ئەگەری توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ زیاددەکات، بەپێی توێژینەوەکان تازەتوشبوان بەجەڵتەی دڵ زۆرجار ئاستێکی نزم لەو مادەیە لەجەستەیاندا پێوراوە.
٥. پاککردنەوەی جەستە لەژەھراوی بون‌و باشکردنی گەیاندنی ئۆکسجین بەخانەکانی لەش.
٦. توشبوان بەنەخۆشی MS بەپێی توێژینەوەیەک کەتێیدا رۆژانە ٥٠٠ میلیگرام Q١٠ یان پێدراوە، زۆر لەبەکارھێنانی ئەو مادەیە سودمەند دەبن. 
٧. لەپاڵ مادەی Zink و ڤیتامین E دا مادەی Q١٠ یەکێکە لەو مادانەی مرۆڤ لەئەگەری توشبون بەخەمۆکی ( Depression) دەپارێزێت.
٨. لەپاراستن و تەندروسڕاگرتنی پێستدا رۆڵێکی گەورەی ھەیەو لەئێستادا یەکێکە لەپێکھاتە سەرەکییەکانی کرێمێکی پێستی بەسودو کاریگەر.
٩. کەمکردنەوەی ھەمیشە ھەستکردن بەلاوازی‌و ماندویی.
١٠. پێدانی Q١٠ بەتوشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە دڵیان لەزەرەرمەندبون بەچارەسەری تیشک‌و کیمیایی دەپارێزێت.
١١. بەپێی توێژینەوەیەک لەوڵاتی یابان، توشبووان بە Fibromyalgy لەبەکارھێنانی ئەو مادەیە زۆر سودمەند دەبن. بەشداربوانی توێژینەوەکە بۆ ماوەی ١٢ ھەفتە رۆژانە ١٠٠ میلیگرامیان پێدراوە.
١٢. توشبووان بەنەخۆشی Parkinson لەبەکارھێنانی Q١٠ سودمەند دەبن. بەپێی کۆتا ئەنجامی چوار توێژینەوە کەتێیدا ٤٥٢ توشبوو بەو نەخۆشییە بەشدارییان کردبوو، رۆژانە پێدانی ١٢٠٠ میلیگرام بۆ ماوەی ١٦ مانگ بەتوشبوانی نەخۆشی Parkinson زۆر بەسودە.
١٣. بەکارھێنانی Q١٠ زۆر بەسودە بۆ ئەو نێرینانەی بەھۆی لاوازی و خراپی پێکھاتەی تۆوەکانیانەوە توشی نەزۆکی دەبن. لەمیانەی توێژینەوەیەکدا کەتێیدا ٢٢٨ نێرینەی نەزۆک بەشدارییان کردبوو، رۆژانە پێدانی ٢٠٠ میلیگرام Q١٠ بۆ ماوەی ٢٦ ھەفتە بەبەشداربوان بۆتەھۆی زۆربونی ژمارەی تۆوەکان‌و خێرابونی جوڵەیان‌و باشبونیان لەڕوی پێکھاتەییەوە.
١٤. Q١٠ یەکێکە لەو مادانەی بەرگری سروشتی جەستە بەرزدەکاتەوەو کەمبونەوەی لەلەشدا ئەگەری توشبون بەھەوکردن زیاددەکات.

لەچوارچێوەی توێژینەوەیەکدا، کەتێیدا ٤٢ توشبوو بەسەرئێشەی جۆری (شقیقە) بەشدارییان کردبو، بۆ ماوەی ٣ مانگ ٣ جار لەڕۆژێکدا بڕی ١٠٠ میلیگرام Q١٠ بەھەر بەشداربویەک دراوە، شایەنی باسە رێژەی ٤٧٪ لەبەشداربوان بەڕێژەی ٥٠٪ ھەستییان بەباشبون کردووە لەڕوی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە، ھەربۆیە پسپۆڕانی ئەو بوارە رێنمایی بەکارھێنانی ئەو مادەیە بەتوشبوانی ئەو جۆرە لەسەرئێشە دەدەن.
خۆراکی دەوڵەمەند بە Q١٠
لەپاڵ وەرگرتنی ئەو مادەیە لەشێوەی گولاج و دەرماندا ھەندێک خۆراکی وەک (گۆشت، ماسی، برۆکلی، پاقلەی سەوز، سپێناغ، کەلەرم، گوێز، بایام) سەرچاوەی باشن بۆ وەرگرتنی Q١٠.
لەکۆتاییدا جێی ئاماژەپێدانە، کە ماندوبونی زۆری جەستە، دڵەڕاوکێی زۆر( قلق - Stress)، جگەرەکێشان‌و ئەلکحول لەو ھۆکارانەن کەئاستی پێداویستی جەستە بە Q١٠ بەرزدەکەنەوە.

1931 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
29/07/2015
زیاتر...