ڤیتامینەکان
کاریگەری ڤیتامینەکان لەسەر جەستە

کاریگەری ڤیتامینەکان لەسەر جەستە
زانا ئەحمد قادر

‌ڤیتامینەکان ئەو مادانەن کە لەتێکڕای چالاکیەکانی لەشدا رۆڵی گەورە دەبینن‌و لە ١٣ جۆر پێکدێن.
جگە لەھەردوو ڤیتامینی (Kو D) کە لەجەستەدا دروستدەبن تێکڕای ڤیتامینەکانی دیکە تەنھا لەڕێی خۆراک‌و دەرمانی ڤیتامینەکانەوە پێماندەگەن.
‌پێداویستی مرۆڤەکان بەڤیتامینەکان لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازەو بەپێی تەمەن‌و تایبەتمەندی جەستەو لەژێر ھەندێک کاریگەریدا بەردەوام لەگۆڕاندایە.
بەگشتی جگەرەکێشان، خواردنەوەی ئەلکحول، پەستانی دەرونی‌و دڵەڕاوکێ، دوگیانبونی خانمان‌و لەکاتی شیرداندا، ھەندێک جۆر لەنەخۆشیەکانی ریخۆڵە، بەکارھێنانی ھەندێک جۆر لەحەب‌و دەرمان، لەکاتی نەخۆشکەوتن‌و ھەوکردندا، دوای ھەر جۆرێک لەنەشتەرگەری، زۆرماندوکردنی جەستە ...ھتد، لەو ھۆکارانەن کە پێداویستی جەستە بەڤیتامینەکان زیاتر دەکەن.
‌بۆ نمونە پێداویستی کەسانی جگەرەکێش بەڤیتامین (C)، لەسەدا ‌٤٠ لەو کەسانەی جگەرەناکێشن زیاترە، بەوپێیەی جەستە بڕێکی زۆر لەو ڤیتامینە بەکاردەھێنێت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ژەھراویبون بەھۆی جگەرەکێشانەوە.
‌خانمان لەکاتی دوگیانبون‌و شیرداندا پێداویستیان بەڤیتامینەکانی (A, B١, B٢, B٦ C،Folic acid) زیاددەکات.
‌زۆر خواردنەوەی ئەلکحول دەبێتەھۆی کەمبونەوەی رێژەی ڤیتامینەکانی (B١, B٦, C, Folicacid, Niacin) لەلەشدا. زۆرجار دروستبونی پەڵەی شین لەپێستدا پەیوەندی بەکەمی ڤیتامین K ھەیە لەلەشدا.
‌سودو سەرچاوەی ڤیتامینەکان:
‌١. ڤیتامین A یان (Retinol) : پێویستە بۆ چاو و توانای بینین‌و دابەشبونی خانەو تەندروستی پێست - لەخۆراکی وەک: جگەر، ماسی، گوێزەر، زەردێنەی ھێلکە..ھتد ھەیە.
‌٢. ڤیتامین (B١ Thiamin): پێویستە بۆ چالاکی مێشک‌و دەمارو غوددە، گۆشت، سەوزە، پەتاتە.
‌٣. ڤیتامین (B٢ Riboflavin): پێویستە بۆ نەشونمای جەستە، پێست، چاو، دەمار، گۆشت، پەنیر، ھێلکە، جگەر، قارچک، ماسی.
‌٣. ڤیتامین (B٣ Niacin) : پێویستە بۆ تەندروستی پێست، ھەڵسوڕانی پڕۆتین‌و کاربۆھیدرات‌و چەوری لەلەشدا، گرنگە بۆ چاکبونەوەی برین لەجەستەدا- گۆشتی سورو باڵندەو ماسی.
٤. ڤیتامین (B٥ Pantothenacid): پێویستە بۆ چاکبونەوەی برین، دژی روتانەوەو سپیبونی قژ، بەرگری سروشتی جەستە، تەندروستی دەمار- کنگر، گۆشتی سور، گوڵەبەڕۆژە، جگەر، سەوزە.
‌٥. ڤیتامین (B٦ Pyridoxin): پێویستە بۆ تەندروستی دەمار، پاککردنەوەی جەستە لەژەھراویبون، بەڕێوەبردنی پڕۆتین لەجەستەدا - پەتاتە، پاقلەی سەوز، گوێزەر، قەڕنابیت، جگەر، کێوی.
‌٦. ڤیتامین (B٧ Biotin): پێویستە بۆ قژو نینۆک‌و پاراستنی پێست لەھەوکردن، دروستبونی خانەکانی خوێن - کونجی، ھێلکە، ، سپێناغ، قەڕنابیت، قارچک، شیر، ئەڤۆکادۆ.
‌٧. ڤیتامین (B١١/B٩ Folic Acid): پێویستە بۆ پێست، دروستکردنی خڕۆکەسورەکان، چالاکی دەمار، نەشونماو دابەشبونی خانە - ناوکەکولەکە، قارچک، ماسی، جگەر، سپێناغ، ئەڤۆکادۆ.
‌٨. ڤیتامین (B١٢ Cobalamin): پێویستە بۆ چالاکی دەمار، دروستکردنی خڕۆکەسورەکانی خوێن، تەندروستی جگەر- ماسی، گۆشتی سور، جگەر، زەردێنەی ھێلکە.
‌٩. ڤیتامین (C Ascorbin Acid): پێویستە بۆ راگرتنی بەرگری سروشتی لەش، چاکبونەوەی برین، جێگیربونی باری دەرونی، پاککردنەوەی جەستە لەژەھراویبون -گێلاس، لیمۆ، پرتەقاڵ، لالەنگی، کێوی، بیبەر.
‌١٠. ڤیتامین (D Calciferol): پێویستە بۆ وەرگرتنی کالیسیۆم لەئێسکداو پتەوبونی ئێسک‌و نینۆک، پاراستنی قژ لەڕوتانەوە - ماسی، شیرو بەروبومەکانی، جگەر، زەردێنەی ھێلکە، ئەڤۆکادۆ، تیشکی خۆر.
‌١١. ڤیتامین (K١ Phyllochinone): پێویستە بۆ راگرتنی خەستی خوێن، دروستبونی ئێسک، دروستکردنی پڕۆتینەکانی جەستە- سپێناغ، گۆشت، ھێلکە، کەلەرم، سەوزە، کێوی.
١٢. ڤیتامین (K٢ Menachinon): لەلایەن بەکتریاکانی ناو ریخۆڵەوە دروستدەکرێت، رێگری دەکات لەدروستبونی کلس لەناو بۆری خوێندا، لەو رێیەوە پاراستنی بۆری خوێن‌و دڵ‌و کەمکردنەوەی ئەگەری توشبون بەچەندین نەخۆشی دڵ‌و مێشک‌و بۆری خوێن بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڤیتامینە، پاراستنی ئێسک لەپوکانەوە، پاراستنی خانەکانی لەش لەشێرپەنجە - جگەر، ماسی، زەردێنەی ھێلکە، برۆکلی، قەڕنابیت، تەرخون، ھەرمێ، سێو.
‌١٣. ڤیتامین (E Tocopherol): پێویستە بۆ بەرگری سروشتی جەستە، کەمکردنەوەی ھەوکردن، نوێبونەوەو پاراستنی خانەکانی جەستە، پاراستنی بۆری خوێن لەگیران‌و تەسکبونەوە بەھۆی دروسبونی کلسەوە، تەندروستی پێست - رۆنەکان بەگشتی، گوێز، ماسی، سپێناغ، مانگۆ، ئەڤۆکادۆ.

3251 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/06/2015
زیاتر...