رێنمایی تەندروستی
پێکانی ماسوولکەی دورخەری ڕان (فەتح)

پێکانی ماسوولکەی دورخەری ڕان (فەتح)
د.سەڵاح سۆفی

یەکێک لە باوترین پێکانەکانی ئەمڕۆ لە نێو زۆربەی وەرزشوانان ئەو پێکانەیە کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت ( Groin pull ) لە نێو ئێمەدا بە پێکانی فەتح ناسراوە . ئەم پێکانە لەگەڵ ئەوەی کە زۆر مەترسیدار نییە بەڵام زۆر جار ھۆی دوورکەوتنەوەی یاریزان بە ماوەی ۳ ھەفتە . بێگومان ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی ئاستی یاریزان دابەزێت ئەویش بە دابڕان لە یەکە مەشقییەکانەوە.
ھەر لەبەر گرنگی ئەم بابەتە تۆزێک بە وردەکارییەوە باسی لێوە دەکەین.
سەرەتا بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە ئەگەر بە شێوەیەکی کەمیش بێت چەند لایەنێکی توێکاری ڕوون بکەینەوە . ھەروەکو لای زۆربەمان ئاشکرایە ماسوولکەکان لە ڕیشاڵ پێکھاتوون و کاری سەرەکی ماسوولکە دابینکردنی ھێزە ئەویش لە ڕێگەی خاوبوونەوەو گرژبوونە وەیان ئەگەر سەیرێکی ماسوولکەکانی ڕان بکەین ئەوە چەند جۆرێکیان دەبینین ھەروەکو لە وێنەکەدا بە دیار ئەکەوێت ئەو ماسولکەی پێی دەوترێت ماسوولکەی دوورخەری ڕان کە کاری ئەو ماسوولکەیەش بریتییە لە جوڵانی قاچ بۆ لای دەرەوەی لەش لەگەڵ گروپی ماسوولکەکانی جومگەی سمت .

ھۆیەکانی ڕوودانی فەتح

بە گوێرەی پسپۆڕان و شارەزایانی جیھانی بواری نۆشداری وەرزشی فەتح لەبەر ئەو ھۆیانەی خوارەوە ڕوودەدات :
۱ـ کەم ئەنجامدانی لەش گەرمکردنەوە(الاحماء): پێش یاریکردن و ئەنجامدانی ھەر جوڵەیەکی بەھێز و خێرا ئەگەر ماسوولکەی دوورخەر بەباشی ئامادەو گەرم نەکرێت و چەند ڕاھێنانێکی تایبەت بە نەرمی لەش ئەنجام نەدرێت کۆئەندامی دەماریش کارەکەی خۆی بەباشی ناکات ، کۆئەندامی دەمار ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە پەیوەندی و ھەماھەنگی نێوان ماسوولکە و دەمارەکان ھەیە .
۲ـ بارکردنی ماسوولکە زیاتر لە توانستی خۆی : ھەروەکو ئاشکرایە ماسوولکەی دورخەری سمت بەرپرسە لە جێگیرکردنی قاچ لە کاتی ڕۆیشتن ، ڕاکردن ، و بازدان ...ھتد ئەوە فشاری زۆری ئەکەوێتە سەر و ئەو فشارەش تەنھا لە حاڵەتی ڕێکی قاچەکان نییە بەڵکو جوڵەی بازنەی و نیمچە بازنەییش دەگرێتەوە ، لەبەر ھەمان ھۆکاریش ئەبێت لە نێوان ڕاھێنانەکان یاریزان پشووی گونجاو وەربگرێت .
۳ـ دەرچوونی خێرایی لە ناکاو لە کاتی مەشق و بازدان و ھەروەھا گۆڕینی ئاڕاستەی لەش.
٤ـ پەیڕەو نەکردنی لایەنە ھونەرییەکانی کارامە(لایەنی تەکنیک) : ئەمەش ھۆکارێکی دیکەی ئەو پێکانەیە، چونکە ھەموو جموجۆڵێکی وەرزشی لایەنی تەکنیکی خۆی ھەیە ئەو تەکنیکەش بە ھەڕەمەکی نەھاتووە بەڵکو لەسەر بنەمای زانستەکانی توێکاری و میکانیکی و زانستی دیکە دانراون ، بۆیە فەرامۆش کردنی ئەم لایەنە دەبێت ھۆیەک لە ڕوودانی فەتح .
٥ـ بەرکەوتنی ناوەوەی ڕان بە شتێکی ڕەق: زۆر جار یاریزان بەھۆی بەرکەوتن یان پێکدادان لەگەڵ یاریزانی بەرامبەر ماسوولکەکانی تووشی داتلیشان ئەبێتەوە جا داتلیشانی ڕێژەیی بێت یان دتلیشانی تەواو ، ئەم ھۆکارەش بە ھۆکاری ڕاستەوخۆ ئەژمار دەکرێ .

نیشانەکانی

۱ـ ئازارێکی توند (کە زۆر جار کەسی پێکاو وا وەسفی دەکات وەکو لێدانی چەقۆ وایە ) ، جاری واش ھەیە یاریزانەکە گوێی لە دەنگی داتلیشانی ماسوولکەکە دەبێت وەکو کرتەیەکی توند وایە .
۲ـ پەککەوتنی یاریزان و وەستانی لە یاریکردن یاخود ھێواشبوونوەی جوڵەکانی ئەمە زیاتر پەیوەستە بە توندی پێکانەکە.
۳ـ دوای ۲٤ کاتژمێر شوێنی پێکاوەکە دەئاوسێت یان مۆر دەبێت ھەروا ئەگەر دەست لەسەر شوێنی پێکانەکە دابنرێ ئەوە ھەست بە گەرمییەک ئەکرێت
٤ـ ئێش و ئازار لە کاتی جوڵاندنی قاچە پێکاوەکە بۆ پێشەوە و لایەکان ھەروەھا لە کاتی جوتکردنی قاچەکان.
٥ـ ھەستکردن بە لاوازی ماسوولکەکانی ڕان لە کاتی ئەنجامدانی جموجۆڵەکان.

چارەسەر 
۱ـ دوای توشبوون بە فەتح ئەبێ یاریزان لە یاریکردن 
بوەستێت .
۲ـ دانانی شتی سارد لەسەر شوێنی پێکانەکە(وەکو سپرای سارد یا بەفر) بۆ ماوەی ۲٤ کاتژمێری بەردەوام بۆماوەی ۱٠ تا ۱٥ خولەک ھەموو ٦٠ خولەکێک.
۳ـ پێچانی ڕان بە باندجێک بە شێوەیەک نە زۆر توند بێت نە زۆر شل (مامناوەندی ) .
٤ـ ئەگەر پێکانەکە زۆر توند بوو ئەوە دەبێت یاریزان بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە، دکتۆری تایبەت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست بیبینێت .

وە لەدوای چارەسەر پێویستە ڕاھێنانی تایبەت بکرێت تا وەکو ھێز بۆ ماسولەکەکە بگەڕێتەوە.

سەرچاوە :کتێبی تەندروستی وەرزشوانان لە نووسینی (د.سەڵاح سۆفی)

1100 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
20/10/2018
زیاتر...