خانمان
زیادبوونی کێشی لەش لەماوەی سکپریدا

زیادبوونی کێشی لەش لەماوەی سکپریدا 

پێویستە ھەموو ئافرەتێک پێش سکپڕی کێشی لەشی بزانێ تاوەکو لە ماوەی سکپڕیدا بزانێ کێشەکەی تاچەند زیاددەکات ,وەکو ڕوون ‌و ئاشکرایە کێشی ئافرەت لەماوەی سکپریدا زیاد دەکات ‌و شارەزایی دایکانی سکپڕ لەم گۆڕانکارییە کارێکی ئێجگار گرنگە.ھۆکاری زیادبوونی کێش بریتییە لە کێشی کۆرپەکە لە قۆناغە جیاوازەکان [بەجۆرێک دەکاتە کەمتر یان زیاتر لە (٣) کگم لەکاتی لەدایک بووندا] لەگەڵیشی وێڵاش کە دەگاتە نزیکەی نیوکیلۆ، زیادبوونی کێشی منداڵدان بەبڕی یەک کیلۆ لەسەرووی کێشە ئاسایەکەی خۆیەوە. سەڕەڕای ئەمانەش زیادبوونی کێشی مەمک ‌و لەگەڵیشیدا زیادبوونی قەبارەی شلەکانی لەش. 
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تایبەتی کۆلیژی ژنان ‌و منداڵ بوونی ئەمەریکی ئاماژە دەدات بە زیادبوونی کێشی ئافرەت لەماوەی سکپڕیدا بەبڕی[١١- ١٥]کغم ، ئەو ئافرەتانەی کە کێشیان کەمە پێش سکپڕی، کێشیان لە ماوەی سکپریدا بەبڕێکی زیاتر لەباری ئاسایی زیاددەکات بەجۆرێک دەگاتە [١٢.٥-١٨] کغم, بەڵام ئەگەر ئافرەتەکە خۆی کێشی لەشی زۆربوو پێش منداڵبون ئەوا کێشەکەی کەمتر زیاد دەکات لە ماوەی سکپریدا بەجۆرێک بڕەکەی بریتی دەبێت لە[ ٦.٥– ١١] کغم. 

لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە ئەو ئافرەتانەی کە بڕی کێشی لەشیان زیاتربێت لەباری ئاسایی لە ماوەی سکپریاندا ئەوا ئەگەری توشبونیان بەقەلەوی بەھێز دەبێت لە دەساڵی داھاتوودا.
پزیشکەکان گرنگی دەدەن بە کێشی لەش لە ماوەی سکپریدا لەبەر ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:-

١)گرانی دابەزینی کێش پاش لە دایک بوونی کۆرپەکەی, وەکو دەزانین کارێکی گرانە ‌و زیان مەندە ئەگەر دایکەکە بیەوێت کێشی خۆی داببەزێنێت پاش منداڵبون بەھۆی گرتنەبەری سسیتەمی دیاری کراو لە خۆراک چونکە ئەم کاتە ماوەی شیردانە و دایکەکە پێویستی بە خۆراکی جۆربەجۆر ھەیە.
لێرەوە پزیشکەکان ھەوڵدەدەن کە زیادبوونی کێش لەکاتی سکپریدا بەجۆرێکی زیاد لە پێویست نەبێت چونکە پاشتر ناتوانێت بەئاسانی خۆی لێ ڕزگار بکات.

٢)زیادبوونی زۆر و توندی کێش[زۆرتر لەباری ئاسایی] لەساتە وەختەکانی کۆتایی سکەکەیدا ھێمایەکە بۆ کۆبونەوەی شلەکان لەلەشدا زیاتر لەوەی ھۆکارەکەی کەڵەکەبوونی چەوری بێت لەلەشدا، ھەرجۆرێک لە زیادبوونی توندی لەم جۆرە بە نیشانەیەکی مەترسیدار دادەنرێت ‌و ئەگونجێت پەیوەندی بەبەرزبونەوەی فشاری خوێنەوە ھەبێت.

٣)گیروگرفتی کاتی لەدایک بوون ئەگونجێ زیاد بکات ئەگەر ھاتوو کۆرپەکە قەڵەوتر بێت بەڕادەیەکی زۆر لەباری ئاسایی.
ئەگونجێ کێشی ئافرەتەکە بەشێوەیەکی کەم لە ھەفتەکانی کۆتایی سکپڕیدا ڕووەو کەم بوونەوە بچێت بەھۆی ھەڵمژینی ئەو ئاوەی کە دەوری کۆرپەکەی داوە لەناو منداڵدانیدا[ئاویش کێشی ھەیە]بەجۆرێک بێت کە ھەڵمژینەکە زۆر زیاتر بێت لەبڕی دروست بونەکەی ‌و بەم جۆرەش قەبارەی کەم دەبێتەوە ‌و کێشی ئافرەتەکە کەم دەبێتەوە. ئەم کارە بەبارێکی ئاسایی دادەنرێت.

تێبینی/
زیادنەبوونی کێش لە ھەفتەی[٣٢-٤٠] ماوەی سکپڕی بارێکی نائاسایییە و پێویستی بە پشکنین ‌و بەدواداچونی پزیشکی ھەیە لەلایەن پسپۆڕی ژنان ‌و منداڵبونەوە چونکە ئەم بارە ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت کە گەشەی کۆرپەکە وەستابێت ‌و دوای گەشتن بەئەنجامی کۆتایی پزیشک بڕیار لەسەر ڕێگا چارەی پێویست دەدات.
دکتۆرە ھدی محی الدین محمد
پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆکی

1352 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
31/03/2018
زیاتر...