رێنمایی تەندروستی
ئێسک و بڕبڕەی پشت/ د.ئەریوان محمد

گفتوگۆیەک لەگەڵ د.ئەریوان محمد پسپۆری نەشتەرگەری ئێسک و بڕبڕەی پشت لەبارەی ئازاری شان و چۆنێتی خەوتن و چارەسەر

#تەندروستی:شان ، بریتیە لەو جومگەیەی کە دەکەوێتە نێوان بڕبڕەی پشت وقەفەزەی سنگ و ئێسکەکانی باسک و بازوەوە ، جومگەی شان لەسێ بەش پێک ھاتووە ئەوانیش ( دەفەی شان لەگەڵ ئێسکی باسک جەڵەمە لەگەڵ قەفەزەی سنگ )

د.ئەریوان ھۆکارەکانی توشبوون بەئازاری شان و ڕێنمایی و چارەسەری پزیشکی بۆ سایتی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی " dohsuli " دەخاتە ڕوو .

Dohsuli: ھۆکاری تووشبوون بە ئازاری شان چیە ؟
د.ئەریوان: ئازار لەشاندا بەھۆی نەخۆشییەوە لەشان خۆیدا یان بوونی نەخۆشی لەبڕبڕەکانی مل و قەفەزەی سنگ و مەچەک وادەکات شان تووشی ئازار ببێت واتا بەشێوەیەک بوونی نەخۆشی لە جومگەو ھەندێک لە ئەندامەکانی لەش شان ڕووبەڕووی ئازار دەکاتەوە .

Dohsuli: خەوتن لەسەر ( لا ) ی راست یاخوود چەپ چی زیانێکی بۆ شان ھەیە ؟
د.ئەریوان: خەوتن لەسەرشان وەک ئەوە وایە تەنێک بە جومگەی شانی ئەو مرۆڤەوە بێت بەمەش ھەوکردن و کلس و ھەندێک جار زبری لەناو جومگەدا دروست دەبێت ، خەوتن بەلای راست یان چەپدا ھیچ زیانێکی نییە بەڵام ئەگەر بەردەوام لەسەر یەک لا بوو ئەوا زیان دروست دەکات ، باشترین جۆری خەوتنیش بۆ مرۆڤ ئەو خەوتنەیە کە لەسەر پشت بێت .

Dohsuli: لە کاتی بوونی ئازاری شاندا چارەسەرکردنەکانی چین ؟
د.ئەریوان: کەوتۆتە سەرجۆری نەخۆشییەکە چەندەھا نەخۆشی ھەیە لەشان ئازار دروست دەکات پێویستی بە چارەسەری سروشتی ھەیە ھەندێک جار نەشتەرگەری و بەکارھێنانی دەرمان واتا بەپێی نەخۆشی چارەسەرەکان بۆ نەخۆش دادەنرێت
.
Dohsuli: چۆن مامەڵە لەگەڵ شان بکرێت لە کاتی وەرزش کردندا ؟
د.ئەریوان: پێویستە لە کاتی وەرزشکردندا بەوریاییەوە لەژێر سەرپەرشتی کردنی کەسانی شارەزا وەرزش بکرێت و مامەڵە لەگەڵ جوڵاندنەوەی شان بکرێت بەتایبەت لە ڕووی ئەنجامدانی زنجیرە وەرزشییەکان کە مرۆڤەکان ھەڵدەستن پێی واپێویست دەکات لە سەرەتادا پەناببرێتە بەر وەرزشە سادەکان تا ماسولکەکان دەکرێنەوە دواتر بۆ قۆناغەکانی وەرزشکردن ھەنگاو بنرێت ، چونکە ئەگەر بەوریاییەوە وەرزش نەکرێت ئەوا لەکاتی جوڵانی نا دروست زیان بە ماسولکەی شان دەگەیەنێت .

Dohsuli: ئایا ئازاری شان پەیوەندی بە ئاستی تەمەنەوە ھەیە لە کەسەکاندا ؟
د.ئەریوان: ئێسکە نەرمەو زبربوونی جومگە لە گەڵ ئاستی تەمەندا دروست دەبێت ، ھەروەھا لاوازی ماسولکەکان زۆردەبێت بەڵام لە کەسانی گەنجدا کەوتن یان زەبر کاریگەری ھەیە بەجیاواز لەکەسانی بەتەمەندا .

Dohsuli پشتگوێ خستنی ئازاری بەردەوامی شان چ زیانێکی دەبێت ؟
د.ئەریوان: ئازاری شان لە ڕەقبوونێکی ئاسایی ماسولکەوە دەست پێ دەکات تا نەخۆشی دڵ ، پشگوێ خستنی ئازاری شان لەوانەیە لە کۆتایدا دەرکەوێت ئەو کەسە نەخۆشی دڵی ھەیە ئەگەری ئەوەشی ھەیە ماسولکەکان رەق بوبێتن بەھۆی زەبرەوە ھەرئازارێک ئەگەر پێنج ڕۆژی خایاند یان چەند جارێک دوبارە بۆوە زیاترلەمانگێک ئەواپێویستی بە پشکنین و سەردانی پزیشک ھەیە .
د.ئەریوان محمد ێاڵح ، پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و بڕبڕەی پشتە و لە ساڵی ( ١٩٨٠) قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە . ساڵی ( ١٩٩٠) لە کۆلێژی پزیشکی لە بەغداد وەرگیراوە و ساڵی ( ١٩٩٦) کۆلێژی پزیشکی تەواوکردووە ، لەساڵی ( ٢٠٠٤)دا بڕوانامەی پزیشکی وەرگرتووە ، لەئێستاشدا لە کلینیکی ڕاوێژکاری نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی خزمەت دەکات .

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی

973 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/01/2018
زیاتر...