رێنمایی تەندروستی
ڕژێنی (پیتویتەری) چییە؟

ڕژێنەکان بریتین لەو ئەندامانەی ناو لەش، کە ھەڵدەستن بە دروستکردنی ماددەیەک یان زیاتر (بۆ نمونە: ھۆرمۆنەکان، شیری مەمک، عارەقی لەش). پاشان ئەم ماددەیە دەڕژنە ناو خوێنەوە (وەک کوێرە ڕژێنەکان) لە وێشەوە بۆ شوێنی کارکردنی ھۆڕمۆنەکە ، یاخود دەیڕژنە ناو بۆریچکەی تایبەت بە ڕژێنەکەوە ( وەک دەرەڕژێنەکان). 

کوێرە ڕژێنی (پیتویتەری)، کە پێشی دەوترێت ڕژێنی (ھایپۆفیسس)، زۆر جار وەک "ڕژێنی سەرەکی" ئاماژەی بۆ دەکرێت ، چونکە کۆنتڕۆڵی زۆرێک لە چالاکییەکانی ڕژێنەکانیتر دەکات. قەبارەی ئەم ڕژێنە تەنھا ھێندەی قەبارەی دەنکە نۆکێک دەبێت و کێشی تەنھا (٠،٥) گرامە و دەکەوێتە بەشی بنەوەی مێشکەوە. لە سەروو ئەم ڕژێنەوە ڕژێنی (ژێر سالامۆس) ھەیە، کە ئیشوکاری ڕژێنی (پیتویتەری) لە ڕێگەی پەیامی ھۆڕمۆنی و کارەباییەوە ڕێک دەخات. 

لە وەڵامی پەیامە ھۆڕمۆنییەکاندا، بەشی پێشەوەی ڕژێنی (پیتویتەری) ئەم ھۆڕمۆنانە دەردەدات:
١-ھۆڕمۆنی گەشە: دەبێتە ھۆی گەشەی ئێسک و ماسولکە (کە ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادکردنی باڵای مرۆڤ-ھەتا تەمەنێکی دیاریکراو-).
٢-ھۆڕمۆنی ھاندەری پەریزادە: ھانی ڕژێنی پەریزادە دەدات بۆ ڕشتنی ھۆڕمۆنی (ت٣) و (ت٤) کە ھانی ڕمانەکردارەکان دەدەن لە خانەکانی تری لەش دا.
٤-ھۆڕمۆنی ھاندەری ھێلکۆکە: ھانی دروستکردنی ھێلکۆکە دەدات لە مێیینەدا، بەڵام لە نێرینەدا ھانی دروستکردنی تۆو دەدات. 
٥-ھۆڕمۆنی دروستکەری زەردەتەن: ھانی ھێلکەدانەکان دەدات بۆ دروستکردنی ھۆڕمۆنی ئیسترۆجین لە مێیینەدا، بەڵام لە نێرینەدا ھانی دروستکردنی تۆو دەدات.
٦-ھۆڕمۆنی پڕۆلاکتین: لە مێیینەدا ھانی خانەکانی مەمک دەدات بۆ بەرھەمھێنانی شیر، بەڵام ئیشی ئەم ھۆڕمۆنە لە نێرینەدا نەزانراوە.
٧-ھۆڕمۆنی ھاندەری سەرگورچیلەڕژێن: ھانی ڕژێنی سەرگورچیلەکان دەدات کە ھەندێک ھۆڕمۆنی (ستیرۆید)ی دەربدەن کە گرنگییەکی زۆریان ھایە بۆ ژیانی مرۆڤ.

بەڵام لە وەڵامی پەیامە کارەباییەکاندا، بەشی دواوەی ڕژێنی (پیتویتەری) ئەم ھۆڕمۆنانە دەردەدات:
١-ھۆڕمۆنی دژەمیز: ھانی گورچیلەکان دەدات کە ماددە شلەکان ھەڵبمژێتەوەو میزێکی کەمتر دروست بکات.
٢-ھۆڕمۆنی (ئۆکسیتۆسین): ھانی دەستپێکردنی کرداری منداڵبوون و کرژبوونی منداڵدان و دەرپەڕینی شیر دەدات لە ژنان دا.

دانا عەزیز مەولود
کتێبخانەی نیشتمانی پزیشکیی ئەمەریکا
زانستەکان

633 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/12/2017
زیاتر...