رێنمایی تەندروستی
گرنگ ترین سوودە جەستەیەکانی ڕێ کردن

گرنگ ترین سوودە جەستەیەکانی ڕێ کردن

پێش ئەوەی بەرنامەی بەپێ ڕۆشتنت ھەبێت پێویستە سوودەکانی ئەم کردارە بزانیت و بزانیت ئەو کاریگەریانە چین کە دروستیان دەکات لەسەر لایەنی تەندروستی و توانای جەستەیەکانی تر ، بەردەوام بوون لەسەر ڕۆشتن بەشێوەیەکی وەرزشی و ڕێک و پێک یارمەتیت دەدات لە توش نەبوون بە نەخۆشی یە سەردەمی یەکان٠

سوودەکانی بەپێ ڕۆشتن

یەکەم/ کەم کردنەوەی چەوری جەستە:- زۆربەمان پێمان وایە زیاد بوونی کێشی ئاسایی جەستەمان کێشەیە بەڵام ئەمە گرنگێکی وای نیە ئەگەر بزانین کە کێشەی گەورە لەو کێش زیادیە بریتیە لە زیادبوونی ڕێژەی چەوری لە جەستەماندا و خۆشمان نایبینین ، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەھەندێک نەخۆشی وەک ( جەڵدەی دڵ و ، شەکرە و ، پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵسترۆڵ لە خوێن داو ، شێرپەنجەی جومگەکان و ، ڕۆماتیزم ) و ھەندێک نەخۆشی تر٠
بۆیە ڕۆشتن و ڕێ کردن چارەسەرێکی زۆرباشە بۆ ئەو گرفتانە و بەچەند ھەنگاوێکی سادە دەتوانیت کێشت دابەزێنیت چونکە تەنھا چەند ھەنگاوێک دەبێتە ھۆی سووتاندنی نزیکەی ( ٦٠ سوعرەی گەرمی ) بۆ ھەموو میلێک بە بەراوورد لەگەڵ سووتاندنی ئەو چەوریە لەکاتی ئاسایی دا ھەرچەندە خێرایی ڕۆشتنەکەت زیاد بکەیت ئەوا ووزەیەکی زیاتر سەرف دەکەیت و دواتر دەبێتە ھۆکاری لەدەست دانی ڕێژەیەکی زیاتر لە چەوری بۆ نمونە ئەگەر بە خێرایی (٥/٢ میل ) لە کاتژمێرێک دا بەپێی بڕۆیت ئەوا جەستە ( ٢٠٠ سوعرەی گەرمی ) دەسوتێنێت٠

دووەم/دابەزاندنی ئاستی لێدانی دڵ لەکاتی پشوودا :- لێدانەکانی دڵ لەکاتی پشوودا پێوەرە بۆ  تەندروستی باش مرۆڤ چونکە وەرزش و ڕۆشتن دەبنە ھۆی ئەوەی دڵ بەکەمترین لێدان زۆرترین خوێن بنێرێت بۆ جەستەی مرۆڤ٠

سێھەم/ دابەزاندنی ئاستی کۆڵسترۆڵ لە خوێن دا:-  بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵسترۆڵ لە خوێن دا دەبێتە ھۆی نەخۆشی ڕەق بوون و داخرانی خوێن بەرەکان چونکە کۆڵسترۆڵ پێکھاتەیەکی چەوری ھەیە و دەبێتە ھۆی گرتنی ڕێڕەوی ھاتووچۆکردنی خوێن بەتایبەت دەمارەکانی دڵ کە بەپێی تێپەڕبوونی کات بەتەواوەتی ئەو دەمارانە دادەخات و دەبێتە ھۆی لەکارکەوتنی دڵ بەشێوەیەکی یەک جاری٠
لەکاتی بەردەوام بوون لەسەر بەپێ ڕۆشتن و وەرزش کردن دا و بەکارھێنانی خواردنی تەندروست و بێ کۆڵسترۆڵ و چەور دا مەترسی تووش بوون بە نەخۆشی یەکانی دڵ زۆر کەم دەبێتەوە چونکە ڕێژەی کۆڵسترۆڵ کە ھۆکاری سەرەکی ئەو نەخۆشیانەیە دادەبەزێت ٠

چوارەم/ دابەزاندنی پەستانی خوێن:- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیش ھۆکارە بۆ نەخۆشیەکانی دڵ و وەستانی کتوپڕی مێشک بۆیە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری پزیشکی پێان وایە ڕێکردن بەپێی و وەرزش کردن بە شێوەیەکی بەردەوام یارمەتی مرۆڤ دەدەن بۆ دابەزاننی پەستانی خوێنی و پێویستی نەبوونی بە بەکارھێنانی دەرمان بۆ ئەو مەبەستە٠

پێنجەم/ چارەسەرکردنی کێشەی زۆر خۆری:- زۆر خۆری  بریتیە لە بەکارھێنانی خۆراک بە ھەموو شێوەکانیەوە بەو ڕێژەیەی کە جەستە پێویستی پێی نابێت  و لەکاتی چالاکیەکانی ڕۆژانەدا بەکارنایەت چونکە چەندە مرۆڤ خواردنی زیاد لە پێویست بخوات ئەوەندە کێشی زیاتر دەبێت و چەوری جەستەی زۆرتر دەبێت بۆیە وەرزش و رۆشتن دەبێتە ھۆی سەرف کردن و گۆڕینی ئەو چەوریە زیادەی جەستە بە ووزە و سەرف کردنی ٠

شەشەم/ ئەستورکردن و بەھێزکردنی ئێسقانەکان:- چەندە تەمەنی مرۆڤ بەرەوە پیری بڕوات ئەوەندە ئێسکەکانی جەستەی توانای ھەڵمژینی ( کالیسیۆم ) یان کەم دەبێتەوە و توشی نەخۆشی دەبن زاناکان پێیان وایە کە نزیکەی          ( ٢٠%) ی دانیشتووانی زەوی بە دەست ھەوکردنی ئێسقانەکان واتە ( بەبەرد بوونی ئێسقانەکان ) دەناڵێنن کە مەترسی زۆری شکانی ئێسقان بەھۆی ئەم نەخۆشی یەوە دەکرێت ، بەتایبەت لە نێوان کەسانی بەتەمەن دا بۆیە پزیشکەکان ئامۆژکاری ئەو کەسانە دەکەن بە خواردنی بڕی پێویست لە ( کالیسیۆم ) لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەوە کە دەوڵەمەندن بەو مادەیە لەوەش باشتر بۆ بەھێزی ئێسکەکان بریتیە لە ئەنجام دانی ڕۆشتن ەو وەرزش ٠

حەوتەم/ بەتوانا کردنی ھێزی ماسولکەکان:- چالاکی یە جەستەیەکانی وەک وەرزش ڕێکردن بەپێ کاردەکاتە سەر زیادکردنی توانای ماسولکەکان بۆ بونیاتنانی ڕیشاڵەکان کە ئەمەش ماسوکەکان بە بەھێزی و تۆکمەیی دەھێڵێتەوە و دەیانپارێزێت لە نەخۆشی یەکان و کاروباری ڕۆژانەی مرۆڤ باشتر ڕادەپەڕێنن٠ 

ھەشتەم/ سستی ماسولکەکان:- ڕێکردن و وەرزش کار لەسەر بەتوانا کرنی ھێزی ماسولکەکان دەکات بە باشترین شێوە ھەروەھا ئاستی کارکردنی ماسولکەکانی دڵیش زیارتر دەکات بەشێوەیەک کە دڵ توانای فڕێدانی خوێنی بۆ جەستە زیاتر دەبێت بەوەش توانای وەرگرتنی ھەوای زیاتر لە لایەن سیەکانەوە زیاد دەکات بەوەش راستەوخۆ ئەمەوش وادەکات کە ھەموو بەش و ئەندامەکانی تری جەستە بەباشی کارەکانیان ئەنجام بدەن ٠

نۆیەم/ زیادکردنی جوڵە:- بە ساڵاچوون و کەمی جوڵان لە و ھۆکارانەن کە دەبنە ھۆی نەخۆش کەووتنی جومگەکان و ڕیشاڵە ماسولکەیەکان کە ئەمەش کاردەکاتە سەر سستی و ڕەق بوونی ماسولکەکان، ڕۆشتن و وەرزش یارمەتی دەرن بۆ نەرمی و زیادکردنی چالاکی ماسولکەکان ٠

دەیەم / باش کردنی کۆئەندامی ھەناسەدان:- بەپێ ڕۆشتن یەکێکە لەو چالاکی یە وەرزشی یە گرنگانەی کە ماسولکە گەورەکانی جەستەی مرۆڤی تێدا بەکار دێت وەک و ماسولکەی قاچەکان و پشت و ناوچەی حەوز دەستەکان ئەمەش وادەکات کە دڵ بڕێکی خوێنی زیاتر فڕێ بدات بۆ ئەو ماسولکانە و بە پێچەوانەشەوە ٠

سوودە دەروونی یەکانی ڕێکردن

            رێکردن ھەندێک سوودی تری دەروونی و ژیری رۆحی ھەیە

١- کەم کردنەوەی گوشارەکانی ڕۆژانە:- چالاکی یە وەرزشیەکان بەتایبەت وەرزشی ڕۆشتن بەپێ یارمەتی جەستەی مرۆڤ دەدات بۆ دەرھاویشتنی جۆرێک لە ھۆرمۆن بەناوی ( اندورفین ) کە لە ڕووە کیمیاویەکەیەوە لە مادەی ( مورفین ) دەچێت کە وادەکات لە مرۆڤ ھەست بە ئارامی و خۆشحاڵی بکات ھەروەھا ڕیچکردن بەپێ یارمەتی جەستە دەدات بۆ ڕزگاربوونی لە لە دوودڵی و ماندوبوونی ڕۆژانە و باش نوستن لە شەودا٠

٢- چارەسەرکردنی گرفتەکانی ڕۆژانە: دوورکەوتنەوە لە سەرقاڵی و کێشەکانی ڕۆژانە بە یەکێک لە چارەسەرەکان  دادەنرێت کە بەھۆی وەرزشەوە مرۆ دەتوانێت بەدەستی بھێنێت چونکە عقلی مرۆڤ بە وەرزش و ڕۆشتن ڕزگاری دەبێت لەھەموو ئەو پەستانەی کە ڕۆژانە بەھۆی ئیش و کارەوە لەسەری دروست دەبێت٠
٣- تێگەشتن لە خود ( زات ) :- لە ڕێگەی وەرزشەوە بەتایبەتی ڕێکردن بەپێ مرۆڤ ھەست بە ئاسوودەیی و خۆشحاڵی دەکات وە دەگات بە ڕازیبوونێکی ئەرێنی لە خودی خۆی واتە لەخۆ ڕازی بوون لەڕووی دەروونی و جەستەیی یەوە٠
    لەکۆتایی دا و بەھۆی سوودە تەندروستی یەکانی جەستەیی و دەروونی وەرزشەوە پێویستە مرۆڤ ئەم پرسیارە                      لەخۆی بکات؟؟؟
  بۆچی بەپێ ڕۆشتن نەکەینە پیشەیەکی ڕۆژانە لەپێناو لەش ساغی و تەندروستیماندا؟؟؟؟؟؟

2653 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/01/2017
زیاتر...