خانمان
پەشێویەکانی پاش منداڵبوون Postpartum Disorders

پەشێویەکانی پاش منداڵبوون Postpartum Disorders

سکبون و منداڵبوون دوو قۆناغی سروشتین لە تەمەنی مێینەدا ، ڕەنگە کەم مێ ھەبێت حەز بەم دوو قۆناغە نەکات. ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە تەنھا باس لە پەشێویەکانی پاش منداڵبوون دەکەین.
دەتوانین ئەو پەشێوی و حاڵەتانە بکەین بە چوار جۆرەوە:

١- دڵتەنگی پاش منداڵبوون:
ئەم بارە نزیکەی لە ٥٠% - ٧٠% مێینە ھەیەتی پاش منداڵبوون بە حاڵەتێکی نەخۆشی دانانرێت بەڵکو ئاساییە و لە چەند رۆژی پاش منداڵبوون بەتایبەتی پێنج رۆژی یەکەمی دوای منداڵبوون دایک ھەست بە دڵتەنگی دەکات و جارجار دەگری لەبەرخۆیەوە ، خەوێ تێکدەچێت واتە بە نارەحەت خەوی لێدەکەوێت یان ناتوانێ بە پێی پێویست لە خەودا بمێنێتەوە، ترسی ئەوەی دەبێت نەتوانێت کۆرپەکە بە خێوبکات،ھەست بە نائارامی دەکات.
ھۆکاری ئەم دڵتەنگیە بۆ گۆڕان لە ئاستی ئیسترۆجین و پرۆجیستیرۆن دەگەرێتەوە کە پاش منداڵبوون بە خێرایی دادەبەزێت.
ئەگەری ئەم حاڵەتە زیاترە لەوانەی:
* یەکەم جارە منداڵیان ببێت.
* پێشتر گرفتیان ھەبووە لە کاتی سوری مانگانە کە پێی دەڵێن نیشانەی پێش سوری مانگانە.
* لاوازی پاڵپشت و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی.

چارەسەر:
لەبەر ئەوەی ئەم بارە نەخۆشی نیە بۆیە پێویستی بە دەرمان نیە بەڵکو تەنھا برێک پاڵپشت کردن و دڵنیایی کردنەوەی دەوێ.لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا ئاسایی دەبێتەوە.
ئایندەی ئەم حاڵەتە:
زوربەی زۆریان دەگەرێنەوە باری ئاسایی و ھەندێکی کەمیان گەر دڵتەنگیەکەی زۆر بێت ڕەنگە ببێتە حاڵەتی خەمۆکی پاش منداڵبوون.

٢- خەمۆکی پاش منداڵبوون:
 لە ماوەی شەش ھەفتەی یەکەمی پاش منداڵبوون روودەدات ، ئەگەری سەرھەڵدانی لە ١٠% -١٥% دەبێت.

نیشانەکانی:
- ھەستکردن بە دڵتەنگی و گریان.
- بێخەوی و خەوی ناخۆش.
- کەمبونەوەی ئارەزووی خواردن.
- کەمبونەوەی تەرکیز و لاوازی توانای بریاردان.
- بیری سلبیانە سەبارەت بەخۆی کە ناتوانێت بایەخ بدات بە کۆرپەکەی.‌
- دڵەراوکێی زۆر سەبارەت بە تەندروستی کۆرپەکەی و گومان دەبات بەوەی کۆرپەکەی ناتەواوی ھەیە یان نەخۆشی ھەیە
- بیری خۆکوژی و تەنانەت بیری زیان گەیاندن بە کۆرپەکەی.
ئەگەری ئەم حاڵەتە زیاترە لەوانەی:
- ژیانیان برێکی زۆر تەنگژە و گرفتی ھەیە.
- تەمەنیان کەمە.
- پەیوەندی ھاوسەریان لاوازە.
- پاڵپشتی کۆمەڵایەتیان لاوازە.
- سکیان بووە بە بێ پلان دانان ،سکی نەخواستراو.
- شیری خۆیان نادەنە منداڵ.
- بێکارن.
- ھۆکاری ئەم حاڵەتە دەگەرێتەوە بۆ خێرا دابەزینی ئاستی ھۆرمۆنەکان پاش منداڵبوون.

چارەسەر:
بەپێی توندی حاڵەتەکە ڕەنگە پێویست بکات لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت، بە تایبەتی گەر مەترسی لەسەر ژیانی خۆی یان کۆرپەکەی ھەبوو.
بەکارھێنانی دەرمانی دژەخەمۆکی.دەبێت پزیشک ئەوە رەچاو بکات ئەم دەرمانانە برێکی زۆریان لە شیرەوە دێنە دەرێ بۆیە دەبێت ئەو جۆرەیان ھەڵبژێرێ کە مەترسی بۆ کۆرپە دروست ناکات یان کەمترین مەترسی ھەیە.

ئایندەی حاڵەتەکە:
زوربەیان لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا چاکدەبنەوە بە بەکارھێنانی دەرمان و رێنمایی پێویست ، گەر تاک چارەسەر وەرنەگرێت مەترسی ئەوەی ھەیە ببێتە حاڵەتێکی درێژخایەن و چەند توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەدەن ئەو تاکانەی چارەسەر وەرناگرن پاش ساڵێک لە منداڵبونەکە ھیشتا لە ٥٠% یان خەمۆکیان ماوە.

٣- سایکۆسسی پاش منداڵبوون:
ئەم پەشێویە لە ھەر ٥٠٠ مێینە پاش منداڵبوون بوون یەکێکیان توشی ئەم حاڵەتە دەبێت (٠,٢%) لە ماوەی چوار ھەفتەی یەکەمی پاش منداڵبوون روودەدات ، بەتایبەتی لە نێوان ھەفتەی ٢-٤ دا.

نیشانەکان:
- بێخەوی بەبێ ئەوەی کۆرپەکەی بگری .
- تێکەڵ کردن و گرفتی یادەوەری.
- گۆڕان لە بواری مەزاجدا بە ماوەیەکی زۆر کورت بۆ نمونە پێدەکەنێ و پاش ساتێکی کەم دەست دەکات بە گریان زۆرجار بەبێ ئەوەی ھۆیەک ھەبێ بۆ ھیچیان.
- بوونی وەھم سەبارەت بە کارمەندانی نەخۆشخانە یان کەسوکاری.
- بوونی وەھمی خۆبەگەورە زانین ڕەنگە خۆی بە کەسێک بزانێ کە سروش (وەحی) بۆ ھاتووە و داوابکات لە کەسوکاری شوێنی بکەون. --------  - زۆرئاخاوتن و خێرا ئاخاوتن
- بێ ئۆقرەیی و فرەجوڵەیی.
- ھەندێجار خەمۆکی و دڵەراوکێی زۆر.
- بیری خۆکوژی و کۆرپەکوژی ، تەنانەت لەم حاڵەتەشدا کە باری عەقلی و ھەڵسەنگاندن پەشێویەکی زۆری پێوەدیارە و زۆرجار تاک بەرپرس نیە لەوەی دەیکات ئەگەری خۆکوژی زیاترە لە کۆرپە کوژی ٥% ، ٤% .

چارەسەر :
بەپێی نیشانەکان دەگۆرێت لە بەکارھێنانی دەرمانی دژەسایکۆسس و دژەخەمۆکی و دەرمانی جێگیرکردنی مەزاج وھەندێجار گەر نەخۆش دەرمان نەخوات یان سوود لەدەرمانەکان وەرنەگری بە تەزووی کارەبا چارەسەردەکرێ.

ئایندەی تاک:
 زوربەیان چاکدەبنەوە بەڵام مەترسی دووبارەبونەوەی ھەیە لە کاتی منداڵبوونی ئایندەدا. بۆیە پێویستە رێنمایی تاک بکرێ سەبارەت بەو حاڵەتەو لە سکەکانی ئایندەدا کاری پێویستی بۆ بکرێت. بە ھیچ جۆرێ پێویست بەوە نەکات سەردانی بازرگانەکانی ئایینیان پێ بکەیت و بوونی حالەتەکە بۆ جنۆکە بگەرێننەوە و برێکی زۆر پارەکەت لێبسەنن.

٤-  دروست نەبوونی پەیوەندی:

 پاش منداڵبوون بە شێوەیەکی سروشتی و ئاسایی پەیوەندیەکی پتەو لە نێوان دایک و کۆرپەکەی دروست دەبێت و ھەریەکەیان ھۆگری ئەوی تر دەبێت، بەڵام لەم حاڵەتەدا ئەم پەیوەندیە دروست نابێت و لەبری خۆشەویستی رق دروست دەبێت دایک ھەست بە ھیچ سۆزێک ناکات بەرامبەر بە کۆرپەکەی و توند دەبێ لەگەڵیدا و ھەوڵ دەدات زیانی پێ بگەیەنێت.
چارەسەری ئەم حاڵەتە لە یەکەی بەیبی فرێند (ھاورێی منداڵ) وە دەست پێدەکات و چارەسەری ھەر پەشێویەک کە دایک ھەیبێت و ببێتە ھۆی ئەو ھەڵوێستە سلبیەی بەرامبەر بە کۆرپەکەی و چارەسەری دەرونی لەرێی چارەسەری سلوکی و ھزریەوە زۆر بەسودە

1872 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/01/2017
زیاتر...