خانمان
منداڵ نەبوون بەھۆی لەولەبەوە

منداڵ نەبوون بەھۆی لەولەبەوە

لەجیھانی ئەمڕۆدا ئافرەتان زۆر ڕێگە دەگرنەبەر بۆ بەرگرتن لەمنداڵ نەبوون یان بۆ (تنڤم النسل) وەک بەکارھێنانی (دەرزی، حەب، لەولەب،... ھتد)، وەک دەزانین ڕێگەگرتن لەمنداڵ بوون بەھۆی لەولەبەوە سلبیاتی کەمترە وەک بەرگریکردن بەھۆی (دەرزی، حەب...).

بەباشمان زانی  چاوپێکەوتنێک سازبکەین لەگەڵ دکتورە ناھیدە کەریم سەعید، پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژناندا، تاھەندێک زایاریمان دەربارەی لەولەب بۆ ڕوون ببێتەوەو ببێتە ڕێنمایی و رێپیشاندەرێک بۆ ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت لەولەب وەک بەرگری لەمنداڵ بوون بەکاربھێنن.

- لەولەب چیە؟
- تاچەندە بەکەڵکە؟
- چۆن کاردەکات؟
-لایەنەخراپەکانی لەولەب چیە؟
- ئایا ھەموو کەسێک دەتوانێت لەولەب دابنێت؟
- بەچی دەزانرێت کەلەولەب لەجێی خۆیەتی لەپاش دانانی؟
- ئایا دوای دانانی لەولەب سکپڕی ڕوودادات؟
- پاش منداڵ بوون بەچەند ڕۆژ لەولەب دادەنرێت؟

+د. ناھیدە: لەولەب دەزگایەکە لەمادەی پلاستیک دروستکراوە، بەئاسانی دەنوشتێتەوە، چەندین جۆری ھەیە داپۆشراوە بەجۆرێک ھۆرمۆنی بروجستیرون‌و جۆرێکی ترش ھەیە سادەیە، ئەم دەزگایە لەناو ڕەحمدا دادەنرێت بۆ بەرگری لەمنداڵ دروستکردن.
لەولەب سودبەخشە بۆ ئەو کەسانەی کەناتوانن جۆری تر بەرگری بەکاربھێنن وەک ئەوانەی کەتەمەنیان لەسەرو تەمەنی (٣٥) ساڵەو جگەرە دەخۆن یان جۆرە نەخۆشیەکیان ھەیە کەزەرەر مەند دەبن بەبەکارھێنانی حەب یان دەرزی.
لەولەب کاردەکات بەشێوەیەک کەڕێ بەتۆوی پیاو نادات بگاتە ناو ڕەحم یان لولەکان بۆدروستکردنی منداڵ، بەشێوەیەکی تر دەبێت بەڕێگر لەبەردەم منداڵ دروست بووندا.

لایەنەخراپەکانی لەولەب ئەمانەن:
  - زیادبوونی ھەوکردنی ڕەحم.
- ھەندێک جار زیادبوونی خوێن لەسوڕی مانگانەدا.
-ڕێک دەکەوێت ھەندێک جار ڕەحم کون ببێت لەکاتی دانانیدا.
-کەوتنی لەولەب یان ھاتنە خوارەوەی دەبێتە ھۆی سکپڕ بوون
ئەم کەسانە ناتوانن لەولەب دابنێن:
-ئەوانەی کەھەوکردنی ڕەحمیان ھەیە.
-سوڕی مانگانەیان زۆرە.
-گرێی ڕەحمیان ھەیە.
-ئەوانەی کەجۆرە ھەوکردنێکیان ھەیە کەبەھۆی سێکسەوە دەگوازرێتەوە.
ھەر لەولەبێک کەدادەنرێت بۆ ئافرەتان پەتێکی باریکی پێوەیە بەسەیرکردن دەتوانرێت بزانرێت لەجێی خۆیەتی یان نا یان دەتوانرێت سەردانی پزیشک بکرێت بۆ سەیرکردنی یان ھەست کردن بەئێش‌و ئازارو بێ تاقەتی.
لەکاتی زیادبوونی خوێنی سوڕی مانگانەدا بۆی ھەیە لەولەب لەجێی خۆی نەمێنێت‌و بکەوێتە ناو لەش، باش وایە لەدوای دانانی لەولەبەوە دوای مانگێک سەردانی پزیشک بکرێت پاش ئەوە شەش مانگ جارێک، ئەگەر زۆر باش بێت ئەوە ساڵی جارێک یان کاتی ھەر کێشەیەک ئەگەر ھەبوو.
بەڕێژەی ( ٠,٣ - ١) ژن لەکۆی (١٠٠) ژن ئەگەر لەساڵێکدا لەولەبیان دانابێت لەوانەیە منداڵ دروست ببێت.
لەگەڵ لەولەبدا دەتوانیت لەڕۆژی (١٢-١٨)ی عادەدا واتە لەیەکەم ڕۆژی عادەوە حساب بکرێت، لەو کاتەدا دەتوانرێت بەرگریەکی تر بەکار بھێنرێت بۆمنداڵ دروست نەبوون ئەگەر سوڕی مانگانە ڕێک بێت، چونکە لەم کاتانەدا ھێلکە دادەبەزێت.
واباشە کەدوای منداڵ بوون بەماوەی (٤-٦) ھەفتە دوای منداڵبوونی ئاسایی دابنرێت، ئەگەر بەنەشتەرگەری (عملیات) بوو ئەوا دوای (٨-١٠)ھەفتە کاتێکی گونجاوە بۆ دانانی لەولەب.

7834 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
28/12/2016
زیاتر...