خانمان
سێکس و ھۆرمۆن

سێکس و ھۆرمۆن
د.ئەفرام محەمەد حەسەن
پسپۆری نەخۆشیە دەروونییەکان

لەدێر زەمانەوە مرۆڤ لەو باوەرەدا بووە کە تاکی بەھێز و توندوتیژ لەرووی سێکسیەوە بە تواناوگەرمترە لە تاکی لاواز، ئەم بۆچوونە ھەڵەیە وای لە کۆمەلگەی عەرەبی کردبوو بۆ بوونی منداڵی بەھێز و منداڵی نێرینە رێگە بدەن خێزانەکانیان بچنە لای پیاوێکی بەھێز بۆ ماوەیەکی دیاری کراو تاکو دڵنیا دەبوون خێزانەکانیان سکیان ھەیە پاشان دەیانگەراندنەوە بۆ لای خۆیان. لای مێینەش ھەمان بۆ چوون ھەیە کە ئافرەتی قەلەو باشترە ، زۆر جار لە کۆمەلگە رۆژھەلاتیەکاندا لە کاتی ھاوسەر گرتندا خۆشەویستی و لێک گەشتن و رەفتاری شیاو و کەسێتی گونجاو گەلێ سیمای جوانی تر وەلاوە دەنرێ چەند کیلۆیەک گۆشتی زیادە دەکرێتە سەنگی مەحەک و لە بری عەقل ومەعریفەت تەنھا گۆشت مارە دەکرێ، بێگومان مەبەست ئەوەنیە کە قەلەوی نەنگی بێت بەلام لە کاتی بونی عەیبەشدا قەلەویەکە بۆی دەشارێتە بۆیە پیشینان ووتویانە کیلۆیە گۆشت ھەزار عەیبە دەشارێتەوە!! لە رۆژگاری ئەمرۆشدا ھۆکاری ھەزار نەخۆشیە !!

ئەمەش وای کردووە ھەردوو رەگەز ھەوڵ بدەن بۆ خۆ قەلەوکردن لەرێی بەکارھێنانی حەب و دەرزی ( تێستۆستیرۆن و ئەندرۆجین وئیسترۆجین و پرۆجیستیرۆن ) نرخی ئەم پێک ھاتانەش بە ھەموو شێوەکانیەوە لە بازارەکانی خۆماندا جێی گۆمانە) ، نێرینە بۆ گەورەکردن و بەھێزکردنی ماسولکەکانی زۆر جار پەنا دەباتە بەر بەکارھێنانی ئەم مادانە بۆ ریکۆرد کردنی ئەنجامێکی باشتر و رازی کردنی راھێنەرەکەی وخۆ ھەڵکێشان لە ناو ھاورێکانیدا و مێینەش بۆ خرکردنی روومەت وگەورەکردنی شان ومل و کەمەری زۆر چاک دەزانێ پیاوی رۆژھەلاتی دوای گۆرانی پورتوقالە حەز لەچی دەکات بە ئاسانی دەتوانێ لە چاوی دەستگیران وھاوسەرەکەیەوە رەوتی سێکسی ئەو بخوێنێتەوە!.( زۆر جار مێینە پەنا دەباتە بەر بە کارھێنانی حەبی دیکسۆن بۆ گەیشتن بەم مەبەستە کە ژمارەیەکی زۆر کاریگەری لابەلایی ھەیە)
ئەوەی جێی داخە تاک زۆر جار لە ژێر رێنمایی دکتۆردا یان لەرێی دەرمانخانەکانی لاکۆلانەوە ئەم حەب ودەرزیانە بەکاردێنی کە دەشێ بۆ ئەم مەبەستە بۆی بنوسرێ یان بۆ نەخۆشیەکی تر کە پێویستی بەم چارەسەرەیە .
لێرە ناکرێ باسی سەرجەم زیانەکانی ئەم پێک ھاتانە بکەین چونکە تەوەرێکی زۆر گەورەترمان دەوێ وەک لەم گۆشەیە بۆیە ھەوڵ دەدەم تەنھا چەخت بخەمە سەرکاریگەری ئەم مادانە لەسەر ھەردوو لایەنی سێکسی ودەروونی .
بێگومان بڕو ماوەی بەکارھێنان و پێکھاتەی مادەکە کاریگەریەکەی زۆرتر و کەمتر دەکات . کاریگەری ناراستەوخۆی ھەیە لەسەر کەمبونەوەی ئاستی ھەردوو ھۆرمۆنی تۆپەلە ھەژێن و لیوتینایزین. دەبێتە ھۆی پوکانەوەی گونەکان وکەمبونەوەی ژمارەی سپێرم و زۆربوونی ژمارەی سپێرمی نائاسایی ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمبونەوەی توانای منداڵ خستنەوە، زیاتر لە توێژینەوەیەک ئاماژە بەوە دەدات کە ئەم کۆرانکاریانە لەو وەرزشەوانانەی ئەم مادانە بەکار دێنن زیاترە وەک لە وانەی بەکاری ناھێنن.

ھەندێ جار تاک دووان یان زیاتر لەم مادانە بەکاردێنی ئەمەش ئەگەری زیانەکان زیاتر و خراپتر دەکات. یەکێکی تر لە زیانەکانی گەورەبوونی مەمک کە وەک مەمکی مێینەی لێدێت بەھۆی بەرز بوونەوەی ئاستی ھۆرمۆنی ئیسترۆجین ، بە شێوەیەکی گشتی ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ باری ئاسایی کەمە .(بێگومان گەلێ ھۆکاری تریش ھەیە بۆ گەورە بوونی مەمک لە نێرینەدا).
ھەروەھا دەبێتە ھۆی ووروژاندنی ئارەزووی سێکسی و توندوتیژی و ئەگەری دەستدرێژی سێکسی لێدەکەوێتەوە سەرەرای بوونی گرفت لە رەپبووندا ڕەنگە خوێنەر بلێ چۆن ئارەزوو زیاد دەکات وگرفتی رەپبوون و ئەو ھەموو زیانەی ھەیە لێرە دەبێ بزانین ئارەزووی سێکسی و توندوتیژی پەیوەستە بە ھۆرمۆنی ئەندرۆجینەوە بەڵام گۆراناریەکانی تر لەژێر کاریگەری ھۆرمۆنی تردا روودەدات .
لە مێیەنەدا ھەمان کاریگەری ھۆرمۆنی ھەیە و لەئەنجامدا دەبێتە ھۆی گرفت لە دروست بوونی تۆپەڵەو ھێلکە و تێکچوونی سوری مانگانە ئەوەی جێی ووتنە ئەم گۆرانکاریانە زیاتر لە سەرەتای تەمەندا روودەدات وەک لە بەتەمەنەکاندا. دەبێتە ھۆی وروژاندنی ئارەزووی سێکسی و گەورەبوونی قیتکەو پەیدابوونی زیبکەو دابەزینی دەنگ و پوکانەوەی سنگ و گەورەبوونی ماسولکەکان کەوەک ماسولکەی نێرینەی لێدێت .
لە ماوەی سکپریدا دەبێتە ھۆی دواکەوتنی گەشەی کۆرپە و رەنگە درۆزنە نێرەموک رووبدات و ھەندێ جار دەبێتە ھۆی مردنی کۆرپە .

لە ھەردوو رەگەزدا لەرووی دەروونیە دەشێ ببێتە ھۆی توندوتیژی و تێک چوونی مەزاج ( خەمۆکی یان شادی) و نائارامی و تێک چوونی خەو و دڵەراوکێ و ھەلوەسە( واتە گوێی لە دەنگێک دەبێت یان شتێک دەبینێت کە ووجودی نیە) لێرە جێی خۆیەتی بپرسین چەندن ئەوانەی بۆ شووکردن یان رازی کردنی مێردەکانیان پەنایان بردۆتە بەر بەکارھێنانی ئەم مادانەو توشی گرفتی دەروونی بوون ( خەمۆکی ، شادی ، سایکۆسس) بۆ ماوەیەکی زۆر یان ھەتا ھەتایە دەرمانی چارەسەرکردنی تەنگژە دەرونییەکان دەخۆن؟
چەندن ئەو نێرانە بۆ بەھێزکردنی خۆیان دەستدرێژیان کردۆتە سەر خوشک ودایکیان لەکاتێکدا ھیچیان دەست نەکەوتووە بۆ بەتاڵ کردنەوەی ئارەزوەکانیان؟
چەندن ئەوانەی بەھۆی بەکارھێنانی ئەم مادانەوە بونەتە میوانی بەندیخانەکان چونکە رەفتاری دژ بە یاسایان ئەنجام داوە؟
ئەی ئەو پزیشک و دەرمانساز و کارمەندی تەندروستیانە چەندن کە بێ وژدانانە بۆ دوور لە مەبەستی پزیشکی ئەم دەرمانانە بۆ تاک دەنوسن ، لە پێناو برێکی کەم پارەو باش راھاتنی تاک بە ئارەزووی خۆیان نرخەکەی زیاد دەکەن و لە تاوانەکانی تاک بەشدارن بەرامبەر بە خۆد یان کۆمەل.

سەرچاوە
ماڵپەڕی دەرونناسی

5222 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
31/05/2016
زیاتر...