منداڵان
کوڕت دەوێت یان کچ؟

کوڕت دەوێت یان کچ؟

ڕەگەزی مناڵەکەت بەدەستی خۆت دیاریی بکە بەشێوەیەکی سروشتی.

خۆزگە خوا کوڕێکی دەدامێ! فڵانەکەس وەجاخی کوێرە کوڕی نییە! ئێستا ئەم قسانە لەلای زۆربەی ھەرەزۆری خەڵک بە پڕوپوچو بێمانا چاولێدەکرێن. بەڵام نابێت ئەوەمان لەیادبچێت کە لەپشت ئەو وشانەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە خۆی مەڵاسداوە نەک ھەر لە کۆمەڵگای کوردەواری ئێمەدا بەڵکو لە زۆرشوێنی دیکەی جیھانیشدا. چەندەھا ژن لەبەر ئەوەی کوڕیان نەبووە سەرگەردان و دەربەدەرکراون، ژنیان بەسەرھاتووەو یان ھەرنەبێت بە کەمنرخ و کەمتواناو بێبایەخ سەیریانکراوە. ژنان لەپێناوی کوڕدا پەنایان بردۆتە بەر فاڵچی و جادوگەرو شەخس و پیرو مشایەخان و تەنانەت نەوتەکەی کەرکوکیش ؛ لە م بوارەدا دەستەواژەی " بابەگوڕگوڕ بەگوڕ ھاتم بۆ کوڕ ھاتم" باشترین بەڵگەیە. 
خۆزگەی خەڵک بۆ کوڕ گەلێک پێشینەی کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئابوری ھەیە کە پێویستی بە باس و لێکۆڵینەوەی زیاتر ھەیەو لە ئاشکراترین ھۆکارەکانی پێویستی زیاتر بووە بە ڕەگەزی نێرینە لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا وەک نان پەیداکەرو جەنگاوەرو بەرگریکەر لە بوون و ژیانی خێڵ و تیرەو بنەماڵەکان. یان ھەر پێیان شەرم بووە کچیان ھەبێت و بە نیشانەی سوکایەتی و لاوازی خێڵەکەیان زانیوە؛ لەم نێوەندەدا زیندە بەچاڵکردنی کچان لە کۆمەڵگای عەرەبی پێش ھاتنی ئیسلامدا باشترین نمونەیە. 
بەڵام خۆ ئەم کێشەیە تەنھا تایبەت نییە بە لای خۆمان، بەڵکو کۆمەڵگا جیاوازەکان کێشەی جۆراو جۆریان خولقاندووە لەمەڕ ڕەگەزی کۆرپەکانیان. جەسینتا تەنھا تەمەنی دوازدە ساڵان بوو کە باوکی خۆی کوشت و پارچە کاغەزێکی لەپاش خۆی جێھێشتبوو کە تێیدا نوسرابوو: من کە خاوەنی پێنج کچم و ھەموویشیان خەریکە پێدەگەن، خۆم بە شەرمەزار دەزانم کەناتوانم پێویستی مارەیی و شوکردنی ئەوان مسۆگەربکەم. ھیوادارم مردنی من ببێتە ھۆی بنیاتنانی ھاوسۆزی لەدڵی مێردە چاوەڕوانکراوەکانی کچەکانمدا.١
ڕۆشنی کە ژنێکی ئاسیاییە٢ و دانیشتوی ووڵاتی بەریتانیایە بەم جۆرە سکاڵای دڵی خۆی بەیاندەکات: 
تکایە، ئەگەر دەتوانن یارمەتیم بدەن!
من زۆر دڵتەنگم و بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە. خێزان و شوکردنەکەم لە تەنگەشەدایەو تەنھا شتێک کە دەتوانێت بیپارێزێت ئەوەیە کە بتوانم کۆرپەلەیەکی کوڕ پێشکەش بە مێردەکەم بکەم. من خاوەنی کچێکم بەڵام زۆر پێویستم بە کوڕێک ھەیە. بەم زوانە خوشکەکەم نۆبەرەکەی کوڕ بوو، ئێستە مێردەکەم بەسەرمدا دەقیڕێنێت و دەڵێت تۆیش دەبێت کوڕێکت ببێت. ئەو بەردەوام دەمە دەمەم لەگەڵدا دەکات و دەڵێت دەمەوێت جێمبھێڵیت. ئێستە ئێمە لە ژووری جودادا دەخەوین. 
بەڵام من ھەر خۆشمدەوێت و زۆر پێویستم پێیەتی.

زۆر سوپاس
ڕۆشنی
ناتوانین ھەروا بەسادەیی و سانایی گلەیی لە خەڵک بکەین کە وەدوای ئەو بیروبۆچون و دابونەریتانە کەوتون کە بەدرێژایی چەندھا سەدە چین لەسەر چین کەڵەکە بوون. بەڵام خۆ کاتی ئەوە ھاتووە بە ڕابوردوی خۆماندا بچینەوەو بیر لە ھۆکاری دروستبوونی ئەو بیروبۆچونانە بکەینەوەو لە گۆڕانکارییەکانی دەورو بەری خۆمان بنواڕین و دەرک بەوە بکەین کە نابێت چیتر ببینە کۆیلەو شوێنکەوتەی نەزانی و تاریکی دوێنی. 
بەدرێژایی مێژوو گلەیی لە ژن کراوە کە کوڕی نابێت بەڵام زانستی نوێ ئەوە دەسەلمێنێت کە پیاو زیاتر لێپرسراوە بەرانبەر بەو مەسەلەیەو ئەوەش پەیوەندی ھەیە بە ژمارەی سپێرمەکانییەوە لەکاتی جوتبووندا. بەم جۆرە ئەوەش زوڵمێکی ترە کە نەزانی و پاشکەوتووی خستوییەتییە ئەستۆی ژنان.
لە کۆمەڵگای ھاوچەرخداو، خەڵکانی شایستەی ئەو کۆمەڵگایە لە ھەرکوێیەک بن، ئەو بیرو بۆچونە کۆن و گەندەڵانەی ڕابوردویان وەژێرپێناوەو چیتر وابەستەی نین. بەڵام خۆ ئارەزوی خەڵک بۆ کۆرپەلەی کوڕ یان کچ و خێزانی تێکەڵاو لە کوڕو کچ نە شەرمەو نە شورەییە و نە وابەستەی ھیچ دابونەریتێکی گەندەڵە ئەگەر بەشێوەیەکی لۆجیکیانەو زانستیانە ھەنگاوی بۆ بنرێت. 
پرۆسەی دروستبوونی خانەی سێکسی مێیینە کە پێیدەوترێت ھێلکە لەناو ھێلکەدانی مێیینەدا لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە قەبارەی کۆرپەلەکە لە دوو میلیمەتر کورتترە- نزیکەی ٢١ ڕۆژ دوای پیتاندنی. نزیکەی سەد دانەیەک لەو ھێلکە تازە دروستبوانە بە خێرایی بەرەو شانەکانی لەشی کۆرپەلەکە کۆچدەکەن و لەوێ ھێلکەدانەکان پێکدەھێنن. لێردەدا بەبەردەوامی چەند ئەوەندە زیاددەکەن. 
دوای گوزەراندنی تەنھا پێنج مانگ لەنێو مناڵدانا کۆرپەلەیەکی کچ خاوەنی دەوروبەری ٧ ملیۆن ھێلکەیە لە ھێلکەدانەکانیدا. زۆربەی ئەم ھێلکانە بەر لە لەدایکبوونی دەمرن و کاتێک لەدایکدەبێت تەنھا دوو ملیۆن دەمێننەوە. بە گەیشتنی بۆ قۆناغی ھەرزەکاری تەنھا نیو ملیۆن دەمێننەوە. لەمانەش تەنھا ٤٠٠-٥٠٠ دانەیەک دەپیتێن یان دێنە خوارەوە، مانگی ھێلکەیەک، لە سوڕی مانگانەی ژنێکی پێگەیشتودا. 
ئەو ھێلکانە کە پێیان دەڵێن Diploid Cell ژمارەی تەواوی سیما کرۆمۆسۆمییەکانی کەسێکی زیندوویان ھەڵگرتووە کەدەکاتە ٤٦ بەڵام کاتێک ھێلکەکە ھێلکەدان بەجێدەھێڵێت بەرەو پیتاندن، دەبێت بە خانەی Haploid Cell کە ھەڵگری تەنھا نیوەی کرۆمۆسۆمە جین ھەڵگرەکانە و دەکاتە ٢٣. ٢٣ جینە کرۆمۆسۆمییەکەی دیکە لەلایەن ئەو سپێرمی نێرینەیەوە دابیندەکرێت کە ھێلکەکە دەپیتێنێت. ئەم دوو گروپە جینە بڕیار لەسەر پێکھاتەی جینەتیکی کۆرپەلەکە دەدەن و ڕوخسارو سیما تایبەتەکانی دەستنیشان دەکەن. شایانی باسیشە کە لەشی مێیینە بۆیە ئەو بونەوەرە نوێیە وەردەگرێت و قوبوڵی دەکات چونکە نیوەی کرۆمۆسۆمەکانی لەخۆیەتی و پێیان ئاشنایە.  
ھێلکەکانی مرۆڤ لە ھێلکەدانی مێیینەدا دەپارێزرێن. ھەندێکیان لەوانەیە بۆ ماوەی چل ساڵ لەوێ بمێننەوە، بۆ ھەموو ماوەی سکوزاکردنی ژنەکە. ئەم ڕاستیەش پێدەچێت وەڵامدەرەوەبێت بە وەی کە ژنانی بەتەمەن کە لەدەمەدەمی کۆتایی ماوەی سکوزایاندا ھێلکەیەک دەپیتێنن زۆر لە مەترسی ئەوەدان کە مناڵێکی کەمئەندام و ناتەواویان ببێت لەلایەنی جینەتیکییەوە، کە پێدەچێت لە ھێلکەیەکی شێواوو پەککەوتووەوە دروستبووبێت. 
دوای ئەوەی کە ھێلکەکە ھێلکەدان جێدەھێڵێت بەرەو یەکێک لە بۆرییەکانی فالۆپی ٣ Fallopian Tubes دەکەوێتە ڕێ. لەکاتێدا کە بەنێو ئەو بۆریانەدا بەرەو مناڵدان گەشت دەکات لەوانەیە لەلایەن سپێرمێکەوە بپیتێت. لەھەمانکاتدا ھۆرمۆنێکی دیکە دەڕێژرێت لەلایەن گلاندێکی تایبەتەوە کە پێیدەوترێت Pituitary Gland  و لێپرسراوە لە دروستکردنی ھۆرمۆن و گەشەی سێکسی و لە بنکەی مێشکدایە. ھێلکەکان لەنێو ھێلکەداندا لەلایەن ملیۆنان خانەوە دەپارێزرێن کە پێیان دەوترێت Granulosa Cells و پێدەچێت ھەرھێلکەیەک ٧ ملیۆن خانەی پارێزەری ھەبێت. لەمکاتەدا خانەکانی Granulosa Cells ھۆرمۆنێکی دیکە بەرھەمدەھێنن کە پێیدەوترێت Progesterone . ئەم ھۆرمۆنە لێپرسراوە لە ئامادەکردنی دیوارەکانی مناڵدان بۆ کۆرپەلەکە، ئەگەر پیتاندنەکە بەسەرکەوتویی بەئەنجام گەیشت. 
کرداری دابەزینی ھێلکە لە مرۆڤدا دەکەوێتە ناوەڕاستی خولی مانگانەوە کە دەکاتە ڕۆژی ١٤ ھەمین لە خولێکی تەواوو نمونەیی ٢٨ ڕۆژیدا. ئەمەش ماوەی ١٤ ڕۆژ بۆ ھێلکەکە دەڕەخسێنێت کە بە بۆری Fallopian دا بێتە خوارەوە بەرەو مناڵدان. بەڵام ئاشکرایە کە کاتی ڕاستەقینەی دابەزینی ھێلکە لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی دیکەو ھەندێک جار لە خولێکی مانگانەشەوە بۆ خولێکی تر دەگۆڕێت. ھەر لەبەر ئەوەیە کە ھەر ژنە پێویستە خۆی خولی مانگانەو کاتی دابەزینی ھێلکەی خۆی دەستنیشانبکات. 
سپێرم واتە تۆوی پیاو لەنێو گوندا دروستدەبێت. جووتە گون لەنێو تورەکەیەکی تایبەتدا ھەڵواسراون لەدەرەوەی لەش- ئەمەش کارێکی وەھای کردووە کە ھەمیشە پلەی گەرمییان کەمێک لە پلەی گەرمی لەش کەمتربێت. بەمجۆرە سەلمێنراوە کە فێنکی ھاندەرە بۆ بەرھەمھێنانی سپێرمی زیاتر. 
جووتە گون لە تەمەنی ھەرزەکارییەوە( لە دەوروبەری تەمەنی ١٣ ساڵییەوە) دەستدەکەن بە بەرھەمھێنانی تۆو. ئەم پرۆسەیەش  کاتێک دەستپێدەکەن کە پەیامێکی ھۆرمۆنییان پێدەگات کە لەلایەن Pituitary Gland  ەوە نێردراوە و ئاگاداریان دەکاتەوە کە پێگەیشتون. سپێرمەکان بەھۆی چونەوەیەکی ڕێکوپێکەوە بەنێو بۆرییەکانی Epididymis دا دەگوێزرێنەوە کە ھەر لەنێو گوندان و لەوێ بۆماوەی ٢-٣ ھەفتە دەمێننەوە و دەبنە خاوەنی جوڵەو بزوتن. بەھۆی ھێزی تایبەتی خۆیانەوە بەمەلە دێنە دەرەوە بەرەو ئەو بۆرییەی کە پێیدەوترێت Vas Deferens و بەرەو نێو کۆئەندامی زاوزێی نێرینە درێژدەبێتەوە بەرەو دەرەوە، یان بۆ نێو کۆئەندامی زاوزێی مێیینە لەکاتی جوتبوندا. لەکاتی گەشتەکەیاندا سپێرمەکان دەبنە خاوەنی چەندەھا شلەمەنی کە لە Seminal Vesicles و پرۆستاتەوە دەڕێژرێن. ئەم شلەمەنیانەش خواردن دەدەن بە سپێرمەکان بۆ ئەوەی ووزەی بزوتنیان ھەبێت و ھەروەھا کار لە کارلێکە ترشەڵۆکییەکانی نێو کۆئەندامی زاووزێی مێینەش دەکەن. لەھەمانکاتدا ئەو شلەمەنییەی کە لەلایەن گلاندی Cowper ەوە دەڕێژرێت کە دەکەوێتە ژێر پرۆستاتەوە، بۆری میزکردن Urethra دادەخات و بەمجۆرە بۆری دەرچەی کۆئەندامی زاوزێی نێرینە بۆ سپێرمەکە ئاوەڵادەبێت. 

سپێرم وەک موشەکێکی زۆر بچوک وایەو لە سێبەش پێکھاتووە:
١.بەشی سەر  کە زانیارییە جینەتیکییەکانی سپێرمەکەی تێدایە کە بریتین لە ٢٣ کرۆمۆسۆم. بەشی سەر کڵاوەیەکی ھەیە کە تەنھا ماوەیەکی کەم پێش پیتاندن لادەچێت، وەکو کڵاوەی موشەکێکی جەنگی. 
٢.بەشی ناوەڕاست کە بەشێکی ئاڵۆزەو سوتەمەنی و سیستەمی کۆمپیوتەری تێدایە کە کۆنترۆڵی بزوتنەکانی دەکەن. 
٣. بەشی کلک یان Whiplash Tail کە پاڵ بە سپێرمەکەوە دەنێت بەروە پێشەوە. سپێرمەکە کاتێک لە ھێلکە نزیکدەبێتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دەکەوێتە جوڵان و وەرچەرخان. 
لەگوێرەی قەبارەوە ھێلکەو سپێرم تەواو پێچەوانەی یەکن؛ چونکە ھێلکە بەگەورەترین خانەی لەش ناوزەد دەکرێت کەچی سپێرم بە بچوکترین. 
سپێرمەکان دەبن بە دوو بەشەوە؛ جۆرێکیان مێیینە دروست دەکەن و پێیان دەوترێت X Gynesperm کە کەللەکەیان ھێلکەییەو گەورەترن و ھێواشتریشن و زۆرتریش دەژین. ھێزێکی بەرگری مانەوەی زیاتریان ھەیە دژی مەترسییەکانی نێو کۆئەندامی زاووزێی مێیینەو ھەندێکیان بۆماوەی ٥-٦ ڕۆژ دەتوانن لەناو لەشی ژنەکەدا بە زیندووی بمێننەوە. 
جۆری دووەم کە نێرینە دروست دەکەن پێیان دەوترێت Y Androsperm ؛ ئەم جۆرەیان کەلەکەیان خڕەو بچوکترن بەڵام کلکیان درێژترە کە وایانلێدەکات خێراترو بزێوتربن. بەڵام لەگەڵئەوەشدا زۆر بە زیندویی نامێننەوە، بەشێوەیەکی گشتی دوای دوو ڕۆژ دەمرن، بەڵام ئەوانەیان کە ھی ئەو پیاوانەن کەزۆر پڕبەرن زیاتر دەژین.
ژن مانگی جارێک ھێلکەدادەبەزێنێت و جۆرەکەی X ە کە دەتوانێت ببێتە نێر یان مێ. ئەگەر لەگەڵ سپێرمێکی Xدا یەکیگرت ئەوا مێیە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ Yدا یەکیگرت ئەوا دەبێتە نێر. 
قەوارەی سپێرمی پاوێکی ئاسایی لە یەکجار دەرچوندا ٢-٥ میلیلیترە ( کە دەکاتە پڕ کەوچکە چایەک)، ئەگەر لەوە کەمتر بوو ئەوا پێدەچێت پیاوەکە شلەمەنی بەڕادەی پێویست بەرھەمنەھێنێت و ئەگەر زیاتریش بوو ئەوا ڕەنگە شلەمەنییەکە سپێرمەکان زۆر ڕوونبکاتەوە. ژمارەی سپێرمەکان پێویستە لە ٤٠ ملیۆن زیاتر بێت لە میلیلیترێکدا. خۆئەگەر لە ٢٠ ملیۆن کەمتربێت ئەوا پێدەچێت کێشەی نەزۆکی دروستبکات. ئەگەرچی ھەندێک پیاو لەگەڵئەوەشدا کە ژمارەی سپێرمەکانیان کەمە ھێشتا ھەر بەبەرن. 
ژمارەی سپێرم لە پیاوێکەوە بۆ پیاوێکی دیکە دەگۆڕێت و لە تەنھا کەسێکیشدا بەبەردەوامی لە گۆڕاندایە بەپێی ھەلومەرجە جیاوازەکان. گەرماو چالاکی سێکسی ژمارەکە دادەبەزێنێت و بەپێچەوانەشەوە فێنکی و دابڕان زیادیدەکات. 

ڕێگای سروشتی دیاریکردنی ڕەگەز

دۆزینەوەی ڕێگایەکی سروشتی بۆ دیاریکردنی ڕەگەزی کۆرپە دژی یاساکانی سروشت نییە بەڵکو بەپێچەوانەوە دۆزینەوەو پەیڕەوکردنی ئەو یاسایانەیە کە پێدەچێت ھەموویان و بۆ ھەموو بوارەکانی ژیان و سروشت و کۆمەڵگا خۆیان لەخۆیاندا ھەبن و ئەرکی ئێمەی مرۆڤ دۆزینەوەیان بێت نەک دروستکردنیان.  
ھەوڵدان بۆ دیاریکردنی ڕەگەزی کۆرپەکەت بە ڕێگای سروشتی ھۆکارێکی دیکەشە بۆ بەرگرتن لە مناڵبوون یان بەرگرتن لە دروستکردنی خێزانی گەورە، چونکە گەلێک خێزان بە ئومێدی تاقە کوڕێک یان کچێک خێزانێکی قەرەباڵخ پێکەوەدەنێن و زۆر جاریش بە مەرام ناگەن. 
ڕێگای سروشتی دیاریکردنی ڕەگەز پشت بە دوو ھۆکار دەبەستێت کە ھەریەکەیان پەیوەندی ھەیە بە یەکێک لە ھاوسەرەکانەوە:
١. ژنەکە پێویستە کاتی لەبار دیاریبکات بۆ جووتبوون بە پێی زانیاری خۆی دەربارەی سوڕی مانگانەی.
٢. پیاوەکە دەبێت ژمارەی سپێرمەکانی بەشێوەی گونجاو ڕێکبخات. 
کاتێک ئەو دوو پێداویستییە بنچینەییە بەدەستھات، جووتبوون بەشێوەیەکی گشتی دەبێتە ھۆی بەدەستھێنانی ئەو کۆرپەیەی کە دڵت دەیخوازێت.
بەشێوەیەکی کورت

ئەگەر کچت دەوێت: 
پیاو: پێویستە لەسەرت جووتە گونت بە گەرمی ڕابگریت بۆئەوەی ژمارەی سپێرمەکان کەمبکەیتەوە بۆ ڕادەی گونجاو. ئەوەش دەکرێت بە لەپێکردنی پۆشاکی ناوەوەی گەرم و توند بەدەست بھێنرێت، یاخود بە ھەر ھۆکارێکی دیکەی وەک ئاوی شلەتێن و ھەرھۆکارێک کە پلەی گەرمی جووتە گونت بھێنێتە ئاستی پلەی گەرمی لەشت یان کەمێک زیاتر. 
پێویستە بزانیت کە لەشی مرۆڤێکی تەندروست ھەمیشە ھەوڵدەدات کە پلەی گەرمی خۆی لە ئاستێکی تایبەتدا بھێڵێتەوە جا ئیتر پلەی گەرمی دەوروبەر ھەرچەندێک بێت. بەڵام جووتە گون، ھەروەک پێشتر باسکرا لە تورەکەیەکدا ھەڵواسراوەو بەمجۆرە چەند پلەیەک لە خوار پلەی گەرمی لەشەوەیە. 
ّژن: پێویستە کاتی دابەزینی ھێلکەکەت بزانیت ئەوەیش بەھۆی زانینی ماوەی سوڕی مانگانەت و دیاریکردنی ناوەڕاستی ئەو خولە. ئەگەر بکرێت ھەوڵنەدەیت کە بگەیتە لوتکەی خۆشی Orgasm پێش پیاوەکەت لەپێناوی ڕاگرتنی کەشی ترشەڵۆکی ناوەوەت کە زەمینەیەکی باشە بۆ سپێرمی مێیینە دروستکەر X Gynesperm .
ھەردوکیان: لەپێناوی کەمکردنەوەی ژمارەی سپێرمەکاندا، زۆرتر جووتببن (ھەموو شەوێک یان ھەر شەو ناشەوێک)، ھەر لەگەڵ تەواوبوونی سوڕی مانگانەدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ، بەر لە کاتی دابەزینی ھێلکە. دوای ئەوە وازبھێنن یان ھۆکارێکی بەرگرتن بەکاربھێنن بۆ تەواوی ماوەی ئەو خولە.
ئەگەر دوای تێپەڕینی سێ مانگ لە پەیڕەوکردنی ئەم ڕێگایە سکپڕی ڕوینەدا، ئەوا ووردە ووردە سەریبخەن و مانگی ڕۆژێکی دیکەی بخەنە سەر؛ واتە بیکەن بە چوار ڕۆژو بەرەو سەر بە ئاراستەی ناوەڕاستی خولی مانگانەکە. بەڵام دەبێت ووریابیت و زۆر نزیک نەبیتەوە لە ناوەڕاستی ئەو خولە ئەگینا کوڕێکی دیکە وەبەر دەھێنیت!
ئەگەر ژنەکە  ھەستی کرد کە ئەو مادە لینجەی ھەیە کە تایبەتە بە کاتی دابەزینی ھێلکەوە، ئەوا باشترە لەو کاتەدا پەیوەندی خۆشەویستی (جووتبوون) نەکەن. 
بۆ ئەو پیاوانەی کەزۆر پڕبەرن و چەند کوڕێکیان ھەیە، واباشترە کە تا بۆیاندەکرێت ماوەی نێوان پەیوەندی خۆشەویستی و کاتی دابەزینی ھێلکەکە بە دووری ڕابگرن بۆئەوەی سپێرمەکانی تایبەت بە وەبەرھێنانی نێرینە ماوەی زیاتریان ھەبێت بۆئەوەی بمرن بەرلەگەیشتنی ھێلکە. 
ئەگەر یەکسەر سکتپڕنەبوو نائومێد مەبە. کارێکی ئاسان نییە بۆئەوەی خۆت بۆ کچ ئامادەبکەیت چونکە پێویستە لەسەرت لە لەبارترین کاتەکانی مانگەکەدا بۆ سکپڕی خۆت لە جووتبوون بپارێزیت. چونکە تا خۆشەویستی دوورتر بکەیت لە کاتی دابەزینی ھێلکە ئەوا ئەگەری سکپڕی دوورەو تا نزیکتریش ببیتەوە ئەگەری کوڕ زیاترە. پێویستە وەک پەرستیار ئیزابیل ئۆدڵی بە ئارام بیت کە ماوەی ھەشت مانگ ھەوڵیداو بە مەرامی دڵی گەیشت کە کچێک بوو.

ئەگەر کوڕت دەوێت:
پیاو: پێویستە جووتەگونت بە فێنکی بھێڵیتەوە، پۆشاکی تەنک و فراوان لەپێبکەیت و بواری ھەوای فێنک بدەیت کە بەدەوری گونتدا ھاتوچۆبکات. یان پێش جووتبون لەڕێگای مەلەکردن لە ئاوی سارددا یان فێنککردنەوەی گونت بە پارچە ئیسفنجێکی سارد ئەو مەبستە بەدەست بھێنیت.
ژن: پێویستە کاتی دابەزینی ھێلکەکەت بزانیت ھەروەک پێشتر باسکرا. ھەوڵبدە پێش پیاوەکەت بگەیتە لوتکەی خۆشی Orgasm؛ چونکە کاتێک ژن دەگاتە لوتکەی خۆشی ھەندێک شلەمەنی ئەلکالین Alkaline دەڕێژێت کە زەمینەیەکی باشە بۆ سپێرمی وەبەرھێنی نێرینە Y Androsperm. 
ھەردوکیان: لەو مانگەدا کەدەتەوێت مناڵەکە وەبەربێت ھەوڵبدە ژمارەی سپێرمەکان زۆر بکەیت. ئەویش بە خۆپاراستن لە جووتبوون تا ناوەڕاستی ماوەی خولی مانگانەکە، یان ئەگەر ئەو ماوەیەتان زۆر بە دوور زانی، لانی کەم ھەفتەیەک بەر لەکاتی دابەزینی ھێلکەکە خۆشەویستی مەکەن. چاوەڕوانی ئەو شلەمەنییە لینجە بکەن کە تایبەتە بە دابەزینی ھێلکەوەو کاتێک زانیتان ژمارەی سپێرمەکان لە ئاستێکی لەباردایە پەیوەندی خۆشەویستی بکەن. 
ئەگەر تا ماوەی سێ مانگ سکتپڕنەبوو ئەوا دەتوانیت سەردانی دوکتۆر بکەیت. پێدەچێت ژمارەی سپێرمی پیاوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبێت. 

زانیاری و لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ژمارەی کوڕو کیژ:
١. ھاوسەرە تەمەن گەورەکان بەزۆری کچیان دەبێت.
٢. تا مناڵت زیاتر بێت ئەگەری کچت زیاتر دەبێت.
٣. بەزۆری نۆبەرە کوڕە. 
٤. بەزۆری کوڕ لە ماوەی ١٨ مانگی یەکەمی پێکھێنانی خێزاندا وەبەردێن.
٥. لەماوەی جەنگ و دوای جەنگەکانیشدا ژمارەی لەدایکبوانی کوڕ زیاترە. 
٦. ڕەشپێستەکان کەمێک ژمارەی لەدایکبوانی کچیان زیاترە لە قەوقازییەکان. 
٧. ژمارەی لەدایکبوانی کوڕو کچ بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت؛ لە ئەمریکا مانگی حوزەیران مانگی لوتکەیە بۆ لەدایکبونی کوڕ.
٨. دوای ھەندێک کارەساتی سروشتی یان دیکە ژمارەی لەدایکبوانی کچ زیادیکردووە.
٩. فڕۆکەوانانی فڕۆکە جەنگییەکان بەزۆری کچیان دەبێت.
١٠. ئەوانەی کە کاری بەنجکردن دەکەن زیاتر کچیان دەبێت.
دەکرێت ئەم خاڵانە لەژێر ڕۆشنایی ھۆکارەکانی بەرزو نزمی ژمارەی سپێرمی پیاودا ڕونبکرێنەوە کەبەھۆی تەمەن، لێکدابڕان، گەرمی و فشاری ژیانەوە بەرزو نزم دەکەن. لێرەدا ئێمە یەک بەیەک وەڵامی ئەو خاڵانەی پێشوو دەدەینەوە. 
١. ئاشکرایە کە پڕبەری یان بەبەری مرۆڤ لەگەڵ بەساڵاچوندا دادەبەزێت.
٢. ئەو ھاوسەرانەی کە مناڵیان زۆرە دیارە زۆر چالاکن لەبارەی سێکسییەوە. سێکسی زیاتر ژمارەی سپێرمەکان دادەبەزێنێت و ئەگەری کچ زیاتر دەکات.
٣&٤.ئەو باوکانەی کە گەنجن و لە لوتکەی پڕبەریدان ئەگەری کوڕیان زیاترە چونکە ژمارەی سپێرمەکانیان زۆرە. 
٥. لەکاتی جەنگدا زۆربەی پیاوان دوورن لە خێزانەکانیان و بواری ئەنجامدانی کاری سێکسییان نییە. ژمارەی سپێرمەکانیان بەرزدەبێتەوەو کاتێکیش بەسەردان یان دوای تەواوبونی جەنگ ئەو بوارەیان بۆدەڕەخسێت ئەگەری کوڕیان زۆرترە. تەواوبوونی جەنگ و نەمانی فشاری دەرونی جەنگ ژمارەی سپێرم بەرزدەکاتەوە.
٦.من لەوباوەڕەدام کە کەش و ھەوا لەم مەسەلەیەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت. ڕەشپێستەکان لە ووڵاتی گەرمەوە ھاتوون و پێدەچێت دابونەریتی سێکسی زیاتریان ھەبێت، ئەمەش جارێکی دیکە دەبێتە ھۆی دابەزینی ژمارەی سپێرمەکان. 
٧.جارێکی دیکەش کەش و ئاووھەوا، ئەو کوڕە ئەمریکیانەی کە لە حوزەیراندا لەدایک دەبن دەبێت لە مانگی سێپتەمبەر/ئۆکتۆبەردا وەبەرھاتبن؛ ئەوکاتەی کە ھاوینێکی گەرم و دورودرێژ کۆتایی دێت.
٨. کارەسات دەبێتە ھۆی دروستکردنی فشاری دەرونی لە زۆربەی خەڵکدا. 
٩.فڕۆکەوانە جەنگییەکانیش ژیانێکی پڕ فشارو سەختیان ھەیە. 
١٠. پێدەچێت کارکردن لەگەڵ مادە سڕکەرو بەنجکەرەکاندا ببێتە ھۆی دابەزاندنی ئاستی سپێرم، ھەروەکو لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە ئەلکھول زۆر دەخۆنەوە. 
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەش بوترێت کە جیاوازییە کەسییەکان ھەمیشە ڕۆڵی خۆیان ھەیەو پێویستە ئەو جیاوازییانە بەباشی بگیرێنە بەرچاو لە پەیڕەوکردنی ھەر ڕێبازێکدا. ئەوەی بۆ کەسێک گونجاوە ڕەنگە بۆکەسێکی دیکە جودابێت و تەنانەت توندڕەویش بێت. بۆنمونە گەرمڕاگرتنی جوتەگون لەوانەیە لەھەندێک کەسدا ببێتە ھۆی دابەزینێکی ئەوتۆی ژمارەی سپێرمەکان کە لەو ماوەیەدا ئەگەری ھیچ جۆرە پیتاندنێک نەبێت نە بۆ کوڕ و نە بۆ کچ. لەمبارەداو لەدوای چەند مانگ ھەوڵدان پێویستە کاتی گەرمڕاگرتنی جووتەگون کەمتربکەیتەوە بەڵام نابێت بەھیچ جۆرێک لە کاتی دابەزینی ھێلکە نزیک ببیتەوە ئەگەر بەنیازی کیژۆڵە بیت. بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە ھەر بەرزبوونەوەو نزمبونەوەیەکی ژمارەی سپێرم بەھۆی ئەو ھۆکارانەوە کە لەم باسەدا باسکراون کاتین و نابنە ھۆی نەزۆکی ھەمیشەیی بەڵکو دوای چەند ڕۆژێک دەگەڕێنەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان. 


                                                               
ئامادەکردنی 
عەتا مەلا کەریم  
بەریتانیا
سەرچاوەکان:
 Philips, H., C., Choose the Sex of your Baby – the Natural Way. London: Bloomsbury Publishing Ltd. 
The psychology of gender- Nature vs. Nurture (online) University of Plymouth department of Psychology. 
Boy or Girl: Should You Choose the Sex of Your Child? By Virginia Gilbert. (online)
Which would you choose: boy or girl?  (online)   http://www.babycentre.co.uk/polls/٥٥٣٣٨٦.html

18155 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
24/12/2015
زیاتر...